کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کە*جە*کە راگەیاندراوێکی لەبارەی تیرۆرکردنی حسین ئاراسان-ەوە بڵاو کردەوە و رایگەیاند، ئەندامی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا حسێن ئاراسان، بە هاوبەشیی لە لایەن میت-پاراستنی پارتییەوە تیرۆرکراوە.
ئەمرۆ شەممە، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆماجڤاکێن کوردستان(کەجەکە) لەبارەی هێرشە چەکدارییەکەی دوێنێی شاری سلێمانی، کە تێیدا حسێن ئاراسان، پەنابەری سیاسیی باکوری کوردستان شەهیدبوو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
کەجەکە رایگەیاندووە، ماوەیەکی زۆرە ئەندامانی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا کە خەڵکی باکوری کوردستانن، رووبەرووی هەڕەشەیەکی سیستەماتیک دەبنەوە.
جەختیش ئەکاتەوە، کە شاری هەولێر بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ بکوژانی گەلی کورد و رایگەیاند: هەتا ئێستا یەک بکوژیش دەستگیرنەکراوە، کە هەڵهاتووە بۆ هەولێر، ئەوەش رۆڵی پەدەکە لەو هێرشانەدا نیشان دەدات، پەدەکە و سیخوڕ و هاوکارەکانی گەورەترین دوژمنایەتیی کوردایەتیی ئازاد و وڵاتپارێزیی کوردستان دەکەن، ئەو خیانەتکارانەی لەلایەن پەدەکە و میتەوە کۆدەکرێنەوە، ئەو کەسانە شەهید دەکەن، کە بەشەرەفی خۆیانەوە دەژین و رەنج بۆ گەلەکەمان دەدەن
ئاماژەی بەوکرد کە میتی تورک تەنها خۆی ناتوانێت تۆڕی سیخوڕیی لە باشوری کوردستان دروست بکات، بەڵکو زۆر روونە کە بەبێ هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان و پاراستن، ناتوانێت هەنگاوێکیش بنێت، پارتی یەک بەیەکی کەسەکان بۆ میتی تورک ئامادە دەکات و هەندێک جاریش خانەوادەیەک دەخاتە خزمەتی میتەوە.
راشیگەیاندووە، کە ئەوان زانیارییان لەبارەی ئەو کەس و خانەوادانە هەیە، کە کار بۆ میتی تورک دەکەن و رێکاری پێویسیان لەبەرامبەر دەگرنە بەر.
راشیگەیاندووە، بەرەی تورکمانیی لە کەرکوک ناوەندی دووەمە کە لە هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دژی گەلەکەماندا بەکاردەهێندرێن، ئێمە لەبارەی ئەو تۆڕە سیخوڕیی و تیرۆرانەوە هۆشداریی دەدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق، پێویستە عێراق ئەو کەسانە بە تاوانی سیخوڕییکردن بۆ وڵاتی بێگانە دەستگیربکات.
دەشڵێت: ئێمە دەمانەوێت بەبیری بهێنینەوە کە وەڵاممان دەبێت بۆ ئەو کارە تیرۆریستیی و سیخووڕییانەی کە بەناوی دەوڵەتی تورکەوە دەکرێن
کەجەکە داواش لە دەزگا ئەمنییەکان و هەموو کەسێک دەکات، کە رێکار و هەڵوێست دژی شەهیدکردنی وڵاتپارێزانی کورد بگرنەبەر و رایدەگەیەنێت: ئێمە سەری ڕێز بۆ شەهید حسێن ئاراسان دادەنەوێنین، بەدڵنیاییانەوە تۆڵەی لە داگیرکەران و ئەو تیرۆریستان دەکەینەوە، کە ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە، پێویستە سەرجەم گەلی کورد بەشێوەیەکی بەهێز خاوەنداریی لە حسێن ئاراسان بکات.