دوای ئەوەی هە*پە*گە شەهید بوونی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ، لە سلێمانی مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ شەهید زەردەشت باشوور لە پێش ماڵیان بەرێوەچوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی رایگەیاند ئەبێت هەموو بەیەک دەنگ ڕووبەڕووی داگیرکەران ببینەوە.
ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئەمڕۆ پێنجشەممە، شەهدیبوونی زەردەشت باشووری ئاشکراکرد، ئاماژەی بەوەکردوە کە شەهید خەڵکی شاری سلێمانییە، لە گەڕەکی بەکرەجۆی شارەکە سەدان کەس لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهیدیان کردو مەراسیمێکی ڕێزلێنانیان بەڕێوەبرد.
بەشداربووان بە ڕێپێوان بەرەوماڵی شەهید بەڕێکەوتن و درووشمی”شەهید نامرن، زەردەشت نامرێ، بمرێ خیانەت”-یان وتەوە، روویان لە ماڵی شەهید کرد.
ئاگری محەمەد برای شەهید، وتەیەکی پێشکەشی ئامادە بووان کرد و سوپاسی ئەو هاووڵاتییانەی کرد کە بەشداریی مەراسیمەکەیان کردوە و رایگەیاند: زەردەشت باشوور تەنها کوڕی ئێمە نییە، بەڵکوو کوڕی هەموو کوردێکی بەشەرەفی چوار پارچەی کوردستانە.
وتیشی: ئەبێت تۆڵەی شەهید زەردەشت بکرێتەوە و چەکی ئەو هەڵبگیرێت بۆ تۆڵکردنەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا داوا لە هەموو کچ و کورانێکی بنەماڵەکەمان ئەکەم کە بەشداریی ڕیزی گەریلا بکەن بۆ تۆڵکردنەوەی شەهید زەردەشت.
هەڤاڵ حاجی ئازاد ئەندامی دەستەی بەرێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پەیامێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: بۆ ئەوەی چیتر خوێنی رۆڵەکانمان نەڕژێت، ئەبێت گەلی باشوری کوردستان خۆی بە ڕێکخستن بکات، هەموو بەیەک دەنگ ڕوو بە ڕووی داگیرکەران ببینەوە پێش لە هێرش و لەشکرکێشەکانیان بگرین.