JINHAGENCY

مەراسیمی یادی ژنانی شۆڕشگێڕ بەڕێوەچوو

ژنانی ئازادییخواز لە شاری سلێمانی، یادی ٤٩ ساڵەی لە سێدارەدانی لەیلا قاسم و ژنانی شەهید و سۆڕشگێڕیان کردەوە و ئەندامانی تەڤگەر بەشداری مەراسیمەکە بوون.

ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٣/٥/١٣ لە شاری سلێمانی لە بارەگای ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان(ڕژاک)، ژنانی ئازادییخواز مەڕاسیمێکیان بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهید و شۆڕشگێڕان لەیلا قاسم، شیرین عەلەمهولی، غوربەت ئایدن سازدا      ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بەشداریی مەراسیمەکە بوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ رێزگرتن لە شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان بانوو هەڵەبجەیی، ئەندامی ڕژاک، بەیاننامەی ڕێکخراوەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بە خەباتی ئەو سێ ژنە تێکۆشەرەی کرد کە چۆن هەوڵیان داوە بۆ ئازادیی ژن و خاکەکەی، بەڵام بە دەستی ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق و ئێران و تورکیا و نەیارانی کورد شەهید کران.

هاوکات لە درێژەی مەراسیمەکەدا سینەفزیۆنێک لەبارەی ژیانی ئەو ژنانە تێکۆشەرانە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

ئەو ژنە پێشەنگانە کێ بوون؟

لەیلا قاسم، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواوكردووە، ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە، ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەکەیەوە پەیوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ڕیزەکانی “یەکێتیی قوتابیانی کوردستان” خەباتی کردووە، لەیلا وەکو ژنێکی گەنجی کورد بڕیاریدا لە ناو شاردا دژی ڕژێمی بەعس دەستبکات بە خەبات، بەڵام لە ٢٨ی نیسانی ١٩٧٤ لەگەڵ چوار هاوڕێیدا لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە لە سێدارەدرا، چونکە ڕژێم دەترسا لەیلا قاسم ببێت بە پێشەنگی شۆڕش.

شیرین عەلەمهولی، لە ڕۆژی ٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١، لە گوندی دیم قشڵاقی سەر بە شاری ماکۆی پارێزگای ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٨دا لە تاران لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکرا، لە ٢٥ ڕۆژی سەرەتای دەستگیرکردنیدا لە شوێنێکی نادیار بە توندوتیژترین شێوە ئەشکەنجەدرا، پاشان نێردرا بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەوینی تاران، شەش مانگ دواتر گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەو زیندانە.

لە ڕۆژی ١٩ی ١٢/ ٢٠٠٩ دادگای شۆڕشی تاران بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند، سەرئەنجام لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لەگەڵ هاوڕێیانی لە زیندانی ئەوینی تاران (فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلیی، عەلی حەیدەرییان و چالاکوانی شیرازیی مەهدی ئیسلامییان) سزای سێدارەکەی جێبەجێکرا.

غوربەت ئایدن، ناسراو بە مزگین لە ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی بیلەیدەر نزیک شاری ئیلح لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە بزووتنەوەی ئازادییەوە کرد و بە پەیوەست بوون بە بزووتنەوەی ئازادییەوە، هونەر و شۆڕشی خۆی یەکدەخات و لە ڕێگەی شۆڕشەوە خەباتی خۆی بەڕێوە دەبات، بەرهەمی زۆر لەسەر نیشتمان و خەبات و ئازادی ژنان بەرهەم دەهێنێت، هۆزان مزگین بە ئەم بەرهەمانە و شۆڕشەکەی بووە یەکێک لە پێشەنگەکانی خەبات بۆ ئازادیی ژنان.

غوربەت ئایدن ناسراو بە هۆزان مزگین، لە ١١ی ئایاری ١٩٩٢ لە شاری تاتوان، بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی سوپای تورکیا، چالاکی گیانفیدایی کرد و دوای شەهیدبوونی هۆزان مزگین، لە تاتوان کاریگەری گەورەی لەسەر گەلی کورد بەجێهێشت.

JINHAGENCY
JINHAGENCY
JINHAGENCY
JINHAGENCY
JINHAGENCY

هەروەها چێکی بکە

چرۆ شوانیی: پارتی ئەو حیزبە دەسەڵاتدارەیە هیچ کاتێک لە خزمەت و بەرژەوەندیی گەلەکەیدا نەبووە

هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی رایدەگەیەنێت، پەرلەمان چی بۆ هەرێمی کوردستان کردوە؟ دەسەڵاتێک زاڵە بەرسەر …