ساڵانە لە بناری قەندیل ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوە دەچێت و لەوبارەوە ئەندامێکی کۆمیتەی ئامادەکاریش ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان تەواوبوون و خۆراک و شوێنی حەوانە دابین کراوە و ئاسایشی هاوڵاتیانیش پارێزراوە.
٢٠ی ئەم مانگە کوردستانییان دەگەنە چیا سەرکەشەکانی قەندیل و بۆ ئەوەی ڕۆژی نەورۆز، کە دەکاتە ٢١ی ئەم مانگە بەشداربن لە نەورۆزی قەندیل.
ئازاد عومەر ناسراو بە هەڤاڵ حاجی، ئەندامى کۆمیتەی ئامادەکارێ ئاهەنگی نەورۆزی بناری قەندیل رایگەیاند: نەورۆز پیرۆز دەکەین لە گەلەکەمان، نەورۆزی ئەمساڵ هاوڵاتیان ڕۆژێک پێشتر دەچنە قەندیل و لەوێ دەمێننەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیەکانی وەک خواردن و شەو مانەوە ئامادەکراوە.
حاجی ئازاد ئاماژەی بەوەشکرد: ئاهەنگی نەورۆزی ٢١ی مانگ لە کاتژمێر ١١ی پێشنیوڕۆ دەست پێ دەکات و لە هەموو شار و شارۆچکەکان پاس بۆ بەشداربوان ئامادەکراوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بە ئاسانی بگەنە قەندیل و بەشداری ئاهەنگی نەورۆز بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە شاری سلێمانی کاتژمێر ٦ی بەیانی پاسەکان لە بەردەم هۆڵی تەوار ئامادە دەبن لە نزیک پاسەکانی بازیان، هەموو ئاسانکارییەکمان ئەنجام داوە، لە شوینی ئاهەنگەکەش ڕێوشوێنی پاراستنی هاوڵاتیان و ئاهەنگگێران گیراوتەبەر.