بۆ شەمەزارکردنی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات و بە مەبەستی ئازادیی رێبەر ئۆ.جالا.ن، کۆمیتەی ئازادیی ئۆ.جالا.ن لە شاری سلێمانی بەبەشداریی ژمارەیەک لایەن دوو ڕۆژ مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢/٢/٢٠٢٣، لە شاری سلێمانی لە بارەگای تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان، بە بەشداری تەڤگەری ئازادیی، ژنانی ئازادیی کوردستان- ڕژاک، گەنجانی وڵاتپارێز، هەندێک لە چالاکوانانی ڕۆژئاوای کوردستان، چالاکییەکی مانگرتن لە خواردنیان ڕاگەیەند، ئەم چالاکییەش بەشێکە لە زنجیرە چالاکییەکانی دیکەی تایبەت بە ١٥ شوبات و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
نەورۆز فازیڵ، ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لە کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا وتی: ئەمە بەشێکە لە زنجیرە چالاکی ١٥ی شووبات و پەیوەندیدارە بەو گەلەکۆمەکێ نێودەوڵەتییەی بەرامبەر بە ڕێبەرەکەمان کراوە، کات کاتی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆیە، بانگەواز لە گەل و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە پشگیری لە ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان بکەن، ئەو گۆشەگیرییەی کە لەسەرییەتی ڕەتبکەبەنەوە.
ئەندامەکەی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان وتیشی: ماوەی٢٣مانگی ڕابردوودا گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان توندکراوەتەوە و ڕێگەنادرێت کەس بیبینێت و سەردانی بکات، سیاسەتێکی توند لەسەر ڕێبەری گەلی کورد پەیڕەو دەکرێت، ئێمە بەم چالاکییە پشگیری ڕەوای خۆمان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ دووپات دەکەینەوە، پەیامی ئێمە لە باشووری کوردستانەوە بۆ هەموو هاوڵاتییەکی وڵاتپارێز و هەموو ئەوانەیە بڕوایان بە ئازادیی گەلی کورد و ڕبێبەر ئۆجالان هەیە.
س-ع