گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی سەر ڕێبەر ئاپۆ لە شاری سلێمانی شەرمەزارکرا

 

 

کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا لە ٢٤مین ساڵیادی دەستپێکردنی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان.

لە ٩/١٠/٢٠٢٢ لە پارکی ئازادیی  شاری سلێمانی بەبۆنەی تێپەربوونی ٢٤ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان، بەدەستپێشخەری کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان  گردبونەوەیەک ئەنجام درا. لە گردبوونەوەکەدا چرۆ شوانی، بەیاننامەی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالانی خوێندەوە. ئەمەش دەقی بەیاننامەکە.

لە ٢٤مین ساڵوەگەڕی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیدا

دەستبەجێ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئۆجەلان بۆتە مەرجی بەدیهێنانی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی

لەکاتێکدا ٢٤ ساڵ بەسەر پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ٩ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٨ دژ بە رێبەر و بیرمەندی ئازادی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، و دژ بە گەلی کورد و تێکۆشانە ئازادیخوازەکەیدا تێدەپەڕێت، کە بەدەستگیرکردنی رێبەر ئۆجەلان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا گەیشتە ترۆپکی دڕندەیی خۆی، ئەوا ئەو پیلانگێڕییە و سەرجەم دەوڵەت و هێزە بەشداربووەکانی پیلانگێڕییەکە بەتوندی شەرمەزار و ریسوا دەکەین، سڵاو لە بەرخۆدانی بەڕێز ئۆجەلان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی کوردستان و گەلە ئازادیخوازەکەمان دەکەین، کە لەئاستێکی بەرزی بەرخۆدانیدا، ئەو پیلانگێڕییەیان بێکاریگەر و بێ ئەنجام کرد، کە دەیانخواست رێبەر ئۆجەلان بێکاریگەر بکەن و گەل و تێکۆشانە ئازادیخوازەکەی بێ ئیرادە و بێ رۆڵ و بێ پێگە و داهاتوو بکەن. بەڵام بە درووشمی”کەس ناتوانێت خۆری ئازادییمان تاریک بکات” بەیەک رۆح و جەستە ئەڵقەی ئاگرینی بەرخۆدانییان لەدەوری رێبەرەکەیان و بەهاکانیان بەست و مێژووێکی نوێیان لە تێکۆشان و بەرخۆدانی تۆمار کرد.

رێبەر ئۆجەلان، کە ئامانجی یەکەم و سەرەکی ئەو پیلانگێڕییە بوو، هەر زوو دەرکی بە ئامانجە شاراوەکانی پیلانگێڕییەکە و رۆڵی هەر یەک لە هێزە پیلانگێڕەکان کرد، بەمەش لەمیانەی بەرخۆدانێکی درێژخایەن و دژوارەوە، پیلانگێرییەکەی بێئاکام هێشتەوە. بۆئەوەی ئەو پیلانگێڕییە بەتەواوی بێ ئەنجام ببێت، پارادیگمایەکی نوێی هێنایەئاراوە و قەڵەمبازێکی فەلسەفی، فیکری، سیاسی و گەریلایی مەزنی هاویشت. لەوکاتەوە تائێستا هەم رێبەر ئۆجەلان و هەمیش گەلەکەمان و تێکۆشانە ئازادیخوازەکەی، توانیان بە کاریگەرتر و مەزنتر لە گۆڕەپانی تێکۆشاندا بەرەوپێشەوە بچن و لەرووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، فراوان و بەهێزتر ببن. ئەمڕۆ رێبەر ئۆجەلان و تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلەکەمان بۆتە گەورەترین کارەکتەری فیکری و سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتی لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا، گەلێک دەستکەوت و بەهای مەزنی بۆخۆی و گەلانی ئازادیخواز ئافراندووە. ئەگەر ئەمڕۆ درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بۆتە وێردی سەرزمانی ملیۆنان ئازادیخواز لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین و جیهاندا، ئەوا ئەمە یەکێک لە بەرهەمە هێژاکانی ئەم بەرخۆدان و قەڵەمبازەی شۆڕشی کوردستانە.

دوای ئەوەی پیلانگێڕییەکە و پیلانگێڕان نەیانتوانی لەو پیلانگێڕیییەی دایانڕشتبوو بەئەنجام بگەن، لەوکاتەوە چەندین ئەڵقەی تری پیلانگێڕییان بۆ هەمان ئامانج و بەرژەوەندییەکانیان، دژ بە رێبەر ئۆجەلان و تێکۆشانە ئازادیخوازەکەی گەلەکەمان داڕشتووە و پیلانگێڕی بەدوای پیلانگێڕیی بەڕێوەدەبەن. لەلایەکەوە؛ لە زیندانی ئیمراڵیدا گۆشەگیرییەکی توند و رەهایان بەسەر رێبەر ئۆجەلان و هەڤاڵانیدا سەپاندووە و نە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و نە کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوروپا، هەڵوێست وەرناگرن و بێدەنگن و بێباکانە لەم دۆخە نزیک دەبنەوە. لەلایەکی تریشەوە لەمیانەی هاوکاریکردن و پڕچەککردنی سوپای فاشیستی تورکیا لەلایەن دەوڵەتانی ناتۆوە، شەڕێکی سەرتاپاگیر و قڕکاریان دژ بە گەریلاکانی ئازادی و خۆبەڕێوەبەرێتی دیموکراتی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان هەڵگیرساندووە و بەهاوکاری هێزە نۆکەر و بەکرێگیراوانی کوردیشەوە دەیانەوێت بەئەنجام بگەن و کورد قڕبکەن. هەروەها لەمیانەی سیخوڕکردن و بەکرێگیراوێتییەوە، رۆژانە هێرش و پەلاماری ئازادیخوازانمان لە باشووری کوردستان دەکەن و چەندین چالاکوان و شۆڕشگێڕ و نووسەر و ئەکادیمیسێنیان تیرۆر کردووە، کە هەرە دواییان تیرۆرکردنی نووسەر و مێژووناسی گەورەی گەلەکەمان مامۆستا شەماڵ لە شاری کفری، ژنە نووسەر و ئەکادیمیسێنی شۆڕشگێڕ، ئەندامی ناوەندی ژنۆلۆژی ناگەهان ئارکەسەلیان لە شاری سلێمانی تیرۆرکردووە.

ئێمە لەکاتێکدا ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە بەر نەفرەت دەدەین. جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ئەمڕۆ رێبەر ئۆجەلان بۆتە کلیلی بەدیهێنانی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد و گەلانی ناوچەکە، بۆیە دەستبەجێ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئۆجەلان و زیندانیانی تر بۆتە کلیلی بەدیهێنانی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی و بەیەکەوەژیانی گەلان، گەلی ئێمەش بە پێشەنگایەتی ژنانی ئازادیخواز بوونەتە مەشخەڵی شۆڕشێکی لەبننەهاتووی مەزنی گەلان، بۆیە دەبێت ئەو راستییە ببینرێت کە ژنانی ئازادیخواز، گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە، چیتر بێ رێبەرێتی و بێ فیکر و بێ پارادیگمای تێکۆشان نین، بەڵکو ئەمڕۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەڵقەکانی پیلانگێرییەکانی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەت-نەتەوە داگیرکارەکان کە دوو سەدساڵە ئەڵقە ئەڵقە بەڕێوەی دەبەن، هەروەها لەپێناو گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد، یەکسان، دادپەروەر، دیموکراتی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان و بونیادنانی سیستەمی کۆنفیدڕاڵی دیموکراتیدا، لەنێو جۆشوخرۆشی شۆڕشگێڕانەی مەزن دان و دەست لە ناودەسەت بەرەو سەرکەوتن و ئازادیی هەنگاودەنێن و چیتر هێزە پیلانگێڕەکان ناتوانن لە پیلانگێڕییەکانیان سەربکەون و بەردەوام بن. مسۆگەر ئیرادەی ئازادیی ژنان، گەلی کورد، گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین سەردەکەوێت.

کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان – باشووری کوردستان

9.10.2022

 

 

 

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *