وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەوڵەتی تورک بەدرۆدەخاتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە عێراق ڕایدەگەیەنێت، داگیرکارییەکانی تورکیا بۆسەر سەروەریی خاکی عێراق هیچ بنەمایەکی نییە، هەر ڕێککەوتنێکیش لەوبارەیەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: تورکیا زۆرجار باس لەوە دەکات، کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ عێراق هەیە، بەڵام ئەوە ڕاست نیە.

 ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بارەی چەند دۆسییەیەکی تایبەت بە سەروەریی خاکی عێراق و دەستدرێژییەکانی ئێران و تورکیا قسەی کرد.

ئەحمەد سەحاف، لەبارەی بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران بۆسەر ناوچە سنورییەکانی هەرێم وتی: هەڵوێستمان ڕوون و دیار و ڕاشکاوە لەبارەی ئیدانەکردنی هەموو ئەو دەستدرێژیانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی هەرێم کە کۆمەڵێک شەهید و قوربانی لێکەوتوەتەوە و بووەتە هۆی ئاوارەبونی هەزاران کەس، هەموو جارێکیش وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵوێستی فەرمیی خۆی لە چوارچێوەی ڕاگەیەنراوێک بە ئیدانەکردن ئەو هێرشانە دەخاتەڕو، بەڵگەنامەی ناڕەزاییش بە دەمیی و ونوسراوی فەرمیی پێشکەش بەو لایەنانە دەکەین.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە عێراق ڕەتیدەکاتەوە هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان عێراق و تورکیادا هەبێت، کە ڕێگە بە هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بدات بۆناو خاکی عێراق و دەڵێت: هیچ ڕێککەوتنامەیەک بەهیچ شێوازێک لە نێوان عێراق و تورکیا بونی نیە، کە ڕێگە بەدەستدرێژییەکانی تورکیا بدات بۆ لەشکرکێشیی و مەترسی بۆسەر یەکێتی خاکی عێراق و ببێتە هەڕەشە بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی عێراقی لە هەرێمی کوردستاندا.

دەشڵێت: تورکیا زۆرجار باس لەوە دەکات، کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ عێراق هەیە، بەڵام ئەوە ڕاست نیە، ئەوەی هەیە تەنها کۆنووسی کۆبوونەوەیەکە لە نێوان تورکیا و عێراق لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو، کە ڕێگە دەدات بە سوپای تورکیا بۆ ماوەی پێنج کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە، بەڵام ئەوەش بە ئاگاداری و ڕەزامەندی عێراق دەبێت.

سەحاف دوپاتی کردەوە، ئەو کۆنووسە پێش ساڵی ٢٠٠٣ ئەنجامدراوە و تەنها کۆنووسێکی کۆبونەوەیەک بووە نەک ڕێککەوتنێکی نێوان عێراق و تورکیا، بۆیە حکومەتی عێراقی دوای ٢٠٠٣ پابەند نیە بە جێبەجێکردنی ئەو کۆنەسەی کە پێشتر ڕژێمی بەعس نوسیویەتیو وتیشی: ئێمە ڕێگە بەهیچ لایەک نادەین سەروەری عێراق پێشێل بکات.

هەروەها باسی لە هێرشی موشەکی ئێران بۆسەر هەولێر کرد و وتی: کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران بەبیانووی بنکەی ئیسرائیلی هەرێمی بۆردوومان کرد، راستەوخۆ ڕاگەیەنراوێکمان بە زمانێکی توند بڵاوکردەوە و ئیدانەمان کرد، ئێمە داوای بەڵگەمان کردووە، بەڵام لایەنی ئێرانی بەڵگەیان پێشکەش نەکردووە.

هەروەها چێکی بکە

زیندانەكانی سروشت و ژینگە لە هەرێمی كوردستان

ئەبوبەكر مەجید چەند ناشیرین و جێگەی داخە! ئەو هەموو دار و گوڵ و گەڵا و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *