ئامینە کاکە باوە بۆ سوید: چۆن ڕێگەدەدەن تیرۆرستێک بڕیاربدات، کە کێ تیرۆرستە!

ئامینە کاکە باوە ڕەخنەی توند سەرۆک وەزیرانی سوید دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت، ئەستەمە بتوانن بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە کاتێک ڕیگەدەدەن بە تیرۆرستێک بڕیاربدات، کە کێ تیرۆرستە!، هەروەها داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەکات، وردەکاریی تەواوی پێبدەن، لەبارەی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکیا و بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ.

دوێنێ، لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا هەریەکە لە یێنس ستۆڵتنبێرگ، سەرۆکی ناتۆ و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند و مەگدەلینا ئەندەرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید و ئەدۆغانی سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر بە ئەندامبوونی سوید و فینلاد لە ناتۆ.

ئامینە کاکەباوە، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلامنی سوید، دوای ئەو ڕێککەوتنە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی فەیسبووک نووسیوتی:”سوید و فینلاند مەرجەکانی تورکیایان پەسەندکردووە بەرامبەر بوون بە ئەندامیان لە ناتۆ، ساولی نینیستۆی سەرۆکی فینلاندیش دەڵێت کە هەردوو وڵاتەکە “ڕێگەچارەسەری باش”یان دۆزیوەتەوە و ڕێککەوتوون لەسەر ئاڵوگۆڕی چەک و زیادکردنی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”.

ئامینە نیگەرانیی دەربڕیوە لەوەی”سوید ڕادەستی داخوازییەکانی تورکیا دەبێت و ڕێگەی پێدەدات سیاسەتی دەرەوەی سوید کۆنترۆڵ بکات، لەکاتێکدا تورکیا دەوڵەتێکی دیکتاتۆرێکی ئیسلامییە و ڕێزی بۆ مافەکانی مرۆڤ نییە و لەڕێگەی دەستدرێژییە سەربازییە نایاساییەکانی و داگیرکردنی سوریا یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە”.

ڕاشیگەیاندووە:”جێی نیگەرانییە ک،ە حکومەت بەتەواویی پێچەوانەی هێڵەکانی سیاسیەتی دەرەوە کاردەکات، لەکاتێکدا ئەو سیاسەتە لە گەورەترین ناوەندی بڕیاردانی سوید پشتیوانیی لێکراوە”.

ئەوەشی نووسیوە”ئەستەمە بتوانن بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە کاتێک ڕیگەدەدەن بە تیرۆرستێک بڕیاربدات، کە کێ تیرۆرستە!”.

ئامینە جەختیکردووەتەوە، یەپەگە و یەپەژە شەڕڤانی ئازادیین، ئەوان بوون کە جیهانیان لە خەلافەتی داعش ڕزگارکرد، سوید و هەموو وڵاتانیان کردە جێیەکی ئارام بۆ مرۆڤایەتی.

بەبیریشیهێناوەتەوە”ئەوە ژنانی کوردبوون کە پێشەنگیی ئەو خەباتەیان کرد، سوید بە دانوستان لەگەڵ تورکیا خیانەت لەو ژنانە دەکات و بەدەستهێنانی ماف بۆ کەمەنەتەوایەتییەکان پشتگوێ دەخات”.

هەروەها ڕایگەیاندووە:”هێزە دیموکراسییەکان لە باکووری سوریا بەهەمان شێوە پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ناتۆیان هەیە، بەڵام پێدەچێت جێنس ستۆڵتنبێرگ بیری لەم خاڵە نەکردبێتەوە”.

ئەوەشی وتووە”سیاسەتێک کە هێزی کارکردنی نەبێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی و دیموکراسیی و چارەسەرێکی ئاشتەواییانە بۆ داواکارییە ڕەواکانی کورد، ئەوا بەڕاستی سیاسەتێکی تاوانبار و شایەنی بەزەییە”.

وەک خۆی ڕایگەیاندووە، ئامینە ئەمڕۆ داواکارییەکی نووسراو پێشکەشی وەزارەتی دەرەوە دەکات و داوای وردەکاریی تەواو لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە دەکات، دەشڵێت: پارت و ئەندامانی پەرلەمان پێویستە بانگهێشتی وەزیری کاروباری دەرەوە بکەن و بیخەنەوە سەر ڕێگاری دروست، هەروەها حکومەت پێوستە بۆ هاوڵاتیانی سوید ڕوونبکاتەوە، بەدیاریکراوی سوید چ دەستکەوتێکی دەبێت لە بوون بە ئەندامی ناتۆ!

هەروەها چێکی بکە

شاندی شەنگال لە بەغداد: پێویستە عێراق ڕێگە بە تورکیا نەدات

شاندێکی شەنگال کە پێکهاتبوو لە میر نایف، دەستەی عەشایەری، دەستەی ئایینیی و کۆردیناسیۆنی هێز و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *