بەرهەم هێنانی چەکی کۆمەڵ کوژ و بەکار هێنانی لە دژی خەڵکی سڤیل لوتکەی زوڵم و زۆر و بێ ڕەوشتیە، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە لوتکەی سیستەمی سەرمایەدارییە ھیچ پێوانەیەکی مرۆیی و دیموکراتی ناناسێت تەنها قازانجی تایبەت نەبێ هێزە کوردیەکانیش کە بونە هۆکارێک بۆ دەستکراوەیی ڕژێمی صدام لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بونە ڕێگر لە بەردەم ڕزگار بونی خەڵکی هەڵەبجە و نەیانتوانی هیچ هاوکارییەکی ئەو خەڵکە لێقەوماوە بکەن لە ڕوی سیاسی و دیبلوماسیشەوە نەیانتوانی بچوکترین فشار بۆسەر ڕژێم دروست بکەن.
دوای ڕاپەڕینیش لە ساڵی ١٩٩١ خەڵکی باشور ڕزگاری بوو لە دەست صدام بەڵام کارەساتی هەڵەبجە تەنها وەک کارتێکی بازرگانی بەکار ھێنرا لە هیچ ڕویەکەوە نەیانتوانی ئەو برینە قوڵە ساڕێژ بکەن، بە پێچەوانەوە برینەکە زیاتر قوڵو بە ئازار بوو گەرچی باشترین دەرفەت کەوتە دەستی هێزی کوردی کە لە ڕوی نێو دەوڵەتی و ژیانی و تەندروستی و ئیدارییەوە باشترین کاری بۆ بکرێ ببێتە پشتیوانیەکی باش بۆ پاراستنی هەمو گەلی کورد بەڵام ئەم هێزە کوردیانە هەر لە بنەماوە خاوەنی ئیرادەیەکی ئازاد و سەربەخۆ نەبون و نەیانتوانی ڕوبەڕوی سیاسەتی نێو دەوڵەتی ببنەوە کاتێکیش دەسەڵاتیان کەوتە دەست دەستیان بە گەندەڵی و فشارو هەرەشە بۆ سەر خەڵکی کوردستان بونەوە سەروەت و سامانی کوردستانیان بەتاڵان برد و لەسەر دەسەڵەڵاتی حیزبی گەورەترین زەرەریان لە پرسی کورد دا.
کاتێک یادی کیمیا بارانی هەڵەبجە دەکرێتەوە لە هەرشت گرنگتر پیویستە ئەو لایەنانەی بانگەشە بۆ هەڵەبجە دەکەن پێش هەر شتێک دەست بەرداری بەرژەوەندی حیزبایەتی تەنگ و بنەماڵە بن ئەم برینە قوڵە مێژووییە تەنها بە هەڵوێستێکی نەتەوەی دیموکرات ساڕێژ دەبێ هەڵەبجە پێویستی بە ئیرادەیەکی ئازاد و پاک هەیە کە دەست بخاتە سەر ئەو برینە و دەبێ وەکو پرسێکی نەتەوەیی سەیر بکرێت نەوەکو سیاسەتێکی تاک لایەنەی حیزبی.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان کە بە ئیرادەیەکی نەتەوەیی و دیموکراتی دەست بۆ هەمو پرسەکان دەبات. خاوەنی ھەڵوێستێکی ڕادیکاڵانەیە لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا داوا لە هەمو هێزو لایەن و تاکێکی کورد لە هەمو پرسە نەتەوەییەکاندا بە یەک ڕێبازو یەک گووتاری نەتەوەیی خاوەن دەرکەوین سازش لە سەر هیچ مافێکی خومان نەکەین و پشت بە هێز و توانای گەلەکەمان ببەستین و واز لە سیاسەتی پاشکۆیەتی بۆ دەوڵەتان بهێنین ئەمە باشترین وەڵامە بۆ کەس و کاری شەهیدان و خوێنی شەهیدان.
نەفرەت لە خیانەت و دوژمنکاری
بژی ئیرادەی ئازاد و ھەڵوێستی نەتەوەیی
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
١٦/٣/٢٠٢٢