هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پێشتر دوو کۆنفرانسی ئاسایی خۆی ئەنجامدابوو، ئەمە سێیەم کۆنفرانسە کە بەبەشداریی ١٠٠ ئەندام بەڕێوەچوو و تێیدا سەرلەنوێ هاوسەرۆک و ئەنجومەنی سلێمانی هەڵبژێدرایەوە و پەیڕەوی ناوخۆیی خرایە بەر ڕەخنە و پێشنیاز.
وەهاب ئەحمەد، وتاری کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنفرانسەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نە خۆیان کار و خزمەتی کۆمەڵگا دەکەن، نە ڕێگا بە هیچ لایەنێکیش دەدەن کار و خزمەت بکەن بە کۆمەڵگا، هەروەها کار و خەبات و چالاکییەکانی ئێمە ئاستەنگ دەکەن و دەیانەوێت تەڤگەری ئازادیی ببێتە هێزیک لە خزمەتی ئەواندا، بەڵام تەڤگەری ئازادیی بە خەباتی خۆی بووەتە هیوا بۆ کۆمەڵگا، هەمیشە پشتمان بە کۆمەڵگا خۆمان بەستووە و ڕادەستی دەسەڵات نەبووین، ئەم کۆنفرانسە ڕێگا لەبەرەدەم کار و خەباتی زیاتر دەکاتەوە لە داهاتوودا.
دواتر تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکانی گشتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: بەستنی ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکی وەهادایە، کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و مەترسیدار تێپەڕدەبێت، ئەمڕۆ هێزە هەژموونگەرا و دەسەڵاتخوازەکان لە سەر خوێنی گەلان شەڕێکی فراوان بەڕێوەدەبەن لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان، هێزە سەرمایەدارەکان هیچ هەوڵ و هەنگاوێکیان لە پێناو چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگادا نییە، لەهەمان کاتدا ئەگەر بیانەوێت دەتوانن کۆتایی بە هەموو کێشەکان بهێنن و ئاشتی بەرقەراربکەن لە ناوچەکەدا، چونکە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەوانە، سەرچاوەی هەموو شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە هێزە دەسەڵاتخوازەکان و سیستمی سەرمایەدارییە، کوردستانیش بەشێکە لەو ئاڵۆزییانە، بۆیە هەموو گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا کاریگەریی خۆی دەبێت، بۆیە پێویستە تێکۆشان فراوانبکەین.
تارا حسێن ئاماژەی بەوەشدا: بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە و ئاڵۆزییانە دەبێت تێکۆشان و خەباتێکی فراوان و کاریگەربکەین، هەروەها ببینە خاوەن پرۆژە و تێڕوانینی خۆمان، هەروەها تاکە چارەسەریی و سیستمی بەدیل بۆ ئەم دۆخە و ئەم سیستمە جیهانییە، سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسییە، بە جێگیربوونی ئەم سیستمە کێشەی ژن و کۆمەڵگاش چارەسەردەبێت.
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا ڕاپۆرتی سیاسی و ڕاپۆرتی پراکتیکی کار و خەباتی سێ ساڵی ڕابردوو و گفتوگۆ خوێندرایەوە و دواتر لەلایەن ئامادەبوانی کۆنفرانسەوە تاوتوێکران و خرانە بەر ڕەخنە و پێشنیار.
حاجی ئازاد، هاوسەرۆکی پێشووی هەرێمی سلێمانی ڕاپۆرتی سیاسیی کۆنفرانسەکەی خوێندەوە و تێیدا ئاستەنگیی و ڕێگرییەکانی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو لەبەردەم تەڤگەری ئازادیی و کار و خەباتی تەڤگەری ئازادیی لە پێناو ئازادیی کۆمەڵگادا و وتی: بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە و قەیرانە دروستکراوەکانی سیاسی، سەربازیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، پێویستە خۆمان پەروەردە بکەین و کۆمەڵگا هۆشیار بکەینەوە و لەسەر بنەمای فکرێکی ئازاد کۆمەڵگا بە ڕێکخستن بکەین.
پاشان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی هاوسەرۆکان و ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی هەرێمی سلێمانی کرایەوە، بەزۆرینەی دەنگیش هەریەک لە کەمال عومەر و شەهێن محەمەد بە هاوسەرۆکانی نوێی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی هەڵبژێردران، هەروەها ١٨ کەس بە ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردران.
لەکۆتایی کۆنفرانسەکەشدا هاوسەرۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی، لەسەر بنەمای پابەندبوون بە گەل و نەتەوە و خاک و درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی، پەیمانیان دووپات کردەوە.