کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان لە سەر مەزاری شاعیر شێرکۆ بێکەس، لە شاری سلێمانی رایگەیاند لە ٢٣یەمین ساڵیادی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی سەر رێبەری گەلی کورد زنجیرەیەک چالاکی بەڕێوەدەبەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٥/٢/٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی لە پارکی ئازادیی و لە سەر مەزاری شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان لە باشووری کوردستان لە ٢٣یەمین ساڵەی پیلاگێڕی نێودەوڵەتیی لەسەر رێبەری ئۆجەلان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسییدا چالاکییەکانی خۆی ئاشکراکرد و محەمەد بەکر، ئەندامی کۆمیتەکە رایگەیاند: چەند رۆژێکی دیکە پێدەنێینە ٢٤مین ساڵی گەلەکۆمە و پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات، لە سەر رێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، وەک کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان لە چەند رۆژی داهاتوودا چەند چالاکییەک ئەنجام دەدەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، پیلانگێڕییەکە لە کەسێتی عەبدوڵا ئۆجەلاندا، گەلی کورد و تەواوی گەلانی ناوچەکەی کردوەتە ئامانج، ٢٣ ساڵە بیر مەندی ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان، لە ناو زینداندا لە ناو دۆخێکی هەرە سەختی گۆشەگیریی و ئەشکەنجەی نا مرۆڤانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا ژیان بە سەر دەبات.
جەختیشکردەوە: وەک چۆن زیندانی ئیمڕاڵی لە کەسێتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلاندا بۆتە شوێنی ئەشکەنجە و ستەمی سەر گەلان، هاوکات بەرخۆدانی رێبەر ئۆجەلانیش لە ئیمڕاڵی وەک بەرخۆدانی گەلان لەپێناو ئاشتی و ئازادیی و دیموکراسی ناوزەد دەکرێت.
ئەوەشی وت: سیستمی سەرمایەداریی و دەوڵەتانی سەردەست دەخوازن سیستمی ئیمراڵی وەکو ئەوەی هەیە بمێنێتەوە.
ئەندامەکەی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان وتیشی: داوا لە گەلەکەمان و سەرجەم ئازادییخوازان دەکەین، قۆڵی خەبات و چالاکیی مەدەنیی لێ هەڵماڵن، بە چالاکیی جۆراوجۆر ئەم رۆژە رەش و قێزەوەنە شەرمەزار و مەحکوم بکەن. ئێمە وەکو کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان رایدەگەیەنین، لە رۆژانی ئاییندە هەڵدەستین بە ئەنجامدانی کۆمەڵێ چالاکیی و لێرەوە داوا لە خەڵکی ئازادییخواز دەکەین، پێکەوە بەشداریی بکەین، هەروەها دووپاتی پابەند بوونمان بە بیرمەندی گەلەکەمان دەکەینەوە.