لە ئەنقەرە هێرشێکی تری نەژادپەرستانە کرایە سەر گەنجێکی کورد

لە ئەنقەرە گروپێکی نەژادپەرست بە ساتۆر، کێرد و دار هێرشیان کردە سەر ڤۆڵکان تەمەل-ی کورد. ئەوانەى هێرشیان کردە سەر ڤۆڵکان تەمەل وتویانە، “کوردی پیس، تورک ئۆزۆ دەبێتە گۆڕی ئێوە”.

لە گەڕەکی تورک ئۆزۆی ناوچەى ماماک لە ئەنقەرە ٣ کەس بە ناوەکانی د.گ، س.گ و کەسێکی تر، کە ناوەکەى نازانرێت هێرشیان کردە سەر ڤۆڵکان تەمەل. ئەوە دووەم جارە نەژادپەرەستەکان هێرش دەکەنە سەر بنەماڵەی تەمەل.

“ئەوە دووەم هێرشە”

مزگین تەمەل خوشکی ڤۆڵکان تەمەل لەبارەی ئەو هێرشەوە ڕایگەیاند، ٣ کەس هێرشیان کردووەتە سەر ڤۆڵکان تەمەلی برای وتویانە: “ئێرە تورک ئۆزۆیە، دەبێتە گۆڕی کوردان. دەبێت کوردی پیس و گڵاو لێرە دەربکرێن”.

 تەمەل وتی، هەر ٣ کەسەکە بە ساتور، کێرد و دار هێرشیان کردووەتە سەر ڤۆڵکانی برای و وتیشی، هەر ئەو کەسانە ساڵی ڕابردووش  هێرشیان کردووەتە سەریان و ئەوەشی وت: “ئێمە خەڵکی شرنەخین. ئەوە ساڵێکە ئەو هێرشە نەژادپەرستانەمان دەکرێتە سەر و دەیانەوێت لێرە بڕۆین. بە ئێمە دەڵێن، ‘کوردی پیس و هێرش دەکەنە سەرمان’ براکەم هێشتا تەمەنی ١٧ ساڵە. ئێوارەی دوێنێ کاتێک براکەم لە ماڵ رۆیشتووەتە دەرەوە دیسانەوە پێیان وتوە، ‘کوردی پیس، ئێرە تورک ئۆزۆیە، دەبێتە گۆڕی کوردەکان’ و پەلاماری براکەمیان داوە”.

“سکاڵامان تۆمار کرد، بەڵام پۆلیس وتی، بار بکەن و لێرە بڕۆن، ئێمە ناتوانین هیچ بکەین”

تەمەل ڕایگەیاند، براکەم بەهۆی هێرشەکەوە تووشی تەنگیی نەفەس بووە و وتی: “سەروچاو و لوتیان شکاندووە. بە زۆر هەناسە دەدات. چووین بۆ نەخۆشخانە و ڕاپۆرتیشمان وەرگرت و سکاڵامان تۆمار کرد”.

تەمەل ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشبەرەکان دەستگیرنەکراون و وتی: “ئێمە راپۆرتەکەمان وەرگرتووە. دوێنێ رۆیشتین بۆ بنکەى پۆلیس و سکاڵامان تۆمار کرد، بەڵام هێرشبەرەکان دەستگیر نەکراون. پۆلیس پێی وتین: ‘لێرە بار بکەن پێش ئەوەی شتێکتان بەسەر بێت. ئێمە ناتوانین ئەوانە دەستگیر بکەین، تەنها دەتوانین سزای داراییان بۆ دەر بکەین’. ئەی باشە ئەوە دادپەروەرییە؟”.

چەند هێرشێکی تری تورکە نەژادپەرەستەکان لە دژی کوردان

ساڵی رابردوو لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لە ئەنقەرە گروپێک لەتورکە فاشیستەکان هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد بە ناوی بارش چاکان و کوشتیان. هۆکاری هێرشکردنە سەر ئەو گەنجە ئەوە بوو، کە گوێی لە گۆرانیی کوردی گرتبوو.

هەروەها لە رۆژی ٢١ی تەممووزی ٢٠٢١ لە ناوچەى مەرامی قۆنیا  تورکە فاشیستەکان هێرشیان کردە سەر حەکیم داڵ و کوشتیان. لە ٣٠ی تەممووزدا تورکە فاشیستەکان جارێکێتر لە ناوچەى مەرامی قۆنیا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەیەکەی کورد بە ناوی بنەماڵەى دەدە ئۆگیۆولاری ٧ ئەندامی ئەو بنەماڵە کوردەیان کۆمەڵکوژ کرد.

بە گشتی تەنها لە ماوەى ئەم دوو ساڵەدا لە شارە تورکییەکاندا زیاتر لە ١٥ هێرشی نەژادپەرەستی کراوەتە سەر هاوڵاتیانی کورد، کە ٢ لەو هێرشانە بۆ سەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بوون.

هەروەها چێکی بکە

زیندانەكانی سروشت و ژینگە لە هەرێمی كوردستان

ئەبوبەكر مەجید چەند ناشیرین و جێگەی داخە! ئەو هەموو دار و گوڵ و گەڵا و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *