ئەبوبەكر مەجید
سیستەمی تەندروستیی بابەتێکی گرنگە بۆ مرۆڤ، بە درێژایی مێژوو مرۆڤ لە گەڕاندابووە بۆ چارەسەر كردنی پرسە تەندروستییەکانی، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم پرسە پەیوەندیی بە زانستەوە هەیە، سەیرەكە لەوەدایە چەندە زانست و تەكنەلۆژیا پێشکەوتووە ئەم پرسە ئاڵۆزتر بووە، هۆكارەكە باگراوندێکی سیاسیی هەیه، لەگەڵ پێشکەوتی زانست و تەكنەلۆژیا دا سیستەمی دەسەڵاتدارییش پێشكەتووە، ئەمەش زیاتر كۆمەڵگەی لەناو قەیرانەكاندا نقوم کردووە، سیستەمی دەسەڵات تایبەتمەندییەكەی وەهایە لەبەر ئەوەی ناكۆكیی چینایەتیی پێکهاتەكان زیاتر قوڵ دەکاتەوە، ئەمەش كاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە دروست دەكات، بە تایبەتیی چینی هەژار و نەداران، تەندروستیی مرۆڤ كاریگەریی لە سەر هەموو كایەكانی ژیان هەیە، لە كاركردن و بەڕێوەبەرایەتیی و سیاسەت كردنەوە چینی سەردەستی كۆمەڵگەش سودی لەلاوازیی و قەیرانی چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵگە وەرگرتووە.
دەوڵەتە داگیركەرەكان، زیاد لە پێویست كۆمەڵگە ژێردەستەكانیان چەساندووەتەوەو دووچاری كێشە و گرفتی تەندروستیی كردون، هەر كۆمڵەگەیەك سیستەمە سیاسییەكەی لە قەیراندا بوو، بێگومان هەموو رەهەندەكانی ژیانی دەكەوێتە ناو قەیران و بێچارەییەوە.
سیستەمی سیاسیی و ئابوریی هەرێمی كوردستان، هەر له دایك بونییەوە بە قەیران وگەندەڵیی و شەڕو برا كوژییەوە لە دایک بوو، ئیتر چاوەڕێی قەیران و بێ چارەیی زیاتر، چاوەڕێی هیچی تری لێ ناكرێت. لە لایەكی ترەوە ئەم هەرێمە لە ژێر کاریگەریی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیادایە، ئاستەمە خۆی سیاسەتی دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستاندان جێبەجێنەکات، ئەو دەوڵەتەش سیستەمێكی شۆڤێنیی و سەركوتكارانەی هەیە، چاوەڕێی چی سستەمێکی تەندروستیی باش لەهەرێمی کوردستان ئەكرێت.
لەوەش زیاتر ئەم دەسەڵاتەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كاریگەریی دەوڵەتان هەر بە ناكامڵیی لە دایك بووە كە وێنەی كەمە لە جیهاندا ئەوەندە گەندەڵە نە كەسی گونجاو لە شوێنی گونجاو دادەنێت، نە ددان بەدەزگادامەزراوەییەکانی سەردەمدا دەنێت. زۆربەی زۆری بەڕێوەبەرایەتی و دام دەزگاکان، لەسەر بنەمای عەقڵی حیزبایەتیی تەسک و خێڵەكیی بنیات نراوە، ئیرادەی ئازاد و كەسی داهێنەر لەم هەرێمەدا جێگەی نابێتەوە، بە جۆرێك كاربەڕێوە دەچێت لە هیچ سەردەمێكدا نموونەی كەم بووە.
ئەگەر بە گوێرەی سیستەمی ستانداردی تەندروستیی جیهانیی، سەیری سیستمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بكرێت، ئەوا زۆر لە خوار ئەو ستانداردەوەیە و زۆربەی زۆی كاروبارە تەندروستییەكان بووە بە بازرگانیی.