*رووبار یوسف
هەموو ٨ی مارس، لە هەموو جیهاندا ڕۆژی ژن وەک دانپێدانانێک بە دەستکەوتەکانی ژنان و شەڕی یەکسانیی و ڕەنگدانەوەی ئەو ڕێگایەی کە هێشتا پێویستی بە گرتنەبەری هەیە، پیرۆز دەکرێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ناوچەیەکی خاوەن کولتووری دەوڵەمەند و پێکهاتە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکان، ڕۆژی ژن مانایەکی تایبەت وەردەگرێت، دەبێتە دەربڕینێکی بەهێز و تەماحی ژنان. بەتایبەت کە ژنانی کورد، لەرۆژ هەڵاتی ناوەڕاستدا توانیان هاوکێشەی یەکسانیی تەواو بگۆڕن و هەموو جیهان شاهیدی شۆڕش و قارەمانییەتی ژنی کوردبوو، شاهیدی هەرەنزیک شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی” بوو.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە ڕووی مافەکانی ژنانەوە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت دوای شۆڕشی ژن، بینمان لە یەمەن چۆن ژنان سەرقافلەی شۆڕش بوون، لە سوریا ژنانی کورد نمونەی قارەمانانەیان هەیە، لە ئەفخانستان دەیان چالاکوان پێشنگ بوون و بوون بە قوربانیی. ژنان دژی سنووردارکردنی تەقلیدیی وەستاونەتەوە و لە زۆر بەرەدا خەباتیان بۆ یەکسانیی کردووە. لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندنەوە تا بەشدارییکردن لە هێزی کار و شۆڕش دا، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادەییەکی باوەڕپێنەکراویان بۆ شکاندنی بەربەستەکان نیشانداوە.
ڕۆژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەکۆیەک دەڕەخسێنرێت بۆ ئاهەنگگێڕانی ژنانی پێشەنگ کە لە سیاسەت، زانست، هونەر و چالاکیی کۆمەڵایەتییدا سەرکەوتوو بوون. لەو رۆژەدا بەدەیان راپۆرتی نوسراو چاوپێکەوتن و دیکۆمینتاریی و فیلم و دەیان جۆری تر نمانیش دەکرێن. ناوەکانی، ژینا ئەمینیی لە کوردستان و پێشنگ و مشخەڵی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی”، یان هودا شەعراویی، پێشەنگ لە پرسی ژنانی میسر دا، هێمای هێزی ئەو ژنانەن کە ڕێگەیان بۆ ئەوانی دیکە خۆش کردووە.
ئێمەی ژن لە کوردستان دا، خاوەنی میراتێکی دەوڵەمەندی کولتووریین، ڕۆژی ژنیش دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ گرنگییدان و بەبییر هێنانەوەی ئەوان، هونەرمەندانی وەک (هۆزان موزگین، مەرزییە رەزاریی، ئایشە شان). نووسەرانی عەرب وەک “نەوال سەعداویی” بەشدارییەکی بەرچاویان کردووە، بە ڕۆشنکردنەوەی ئەزموونەکانی ژن و تەحەدای بییری کۆنەپەرستانەیان کردوە.
هەرچەندە پێشکەوتنی بەرچاو ڕوویداوە، بەڵام ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی ئاستەنگە بەردەوامەکانی پەیوەست بە یەکسانیی رەگەزیی دەبێتەوە. بۆیە ڕۆژی ژنان دەبێتە کاتێکی گرنگ بۆ بییرکردنەوە لەم تەحەددایانە و کۆکردنەوەی پشتیوانیی بۆ تێپەڕاندنیان. بابەتەکانی وەک یەکسانیی مووچە، دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا، لە بەرنامەی کاردایە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی دادپەروەرانە، ئەوە جگە لەدیاردەی کوشت و بی بەشکردنیان لە مافەسەرەتاییەکانیان لە کوردستان، بەشێکی زۆری ژن دەناڵین بەدەست ئەم دیاردانەوە.
هەروەها ڕۆژی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرفەتێکە بۆ نیشاندانی هاودەنگیی لەگەڵ ژنان لە هەموو جیهاندا. هاوکاریی نێودەوڵەتیی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان تا دێت گرنگتر دەبێت بۆ بەهێزکردنی مافەکانی ژنان لەسەر ئاستی جیهان دا. هەربۆیەش ئیمەی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە دەوەری وەڵات، خۆمان بەرێکخستن کردوە و بەردەوام پەیوەندیی دیبلۆماسییمان لەگەڵ ریکخراوەکانی ژنانی ئەوروپا هەیە و بەشداریی هەموو چالاکییە کانی یەکتر دەکەین. هاوخەم و هاوخەباتی یەکترین. هەرئەوەشە وای کردوە کە کورد لەهەموو دونیا و بەتایبەت ژنی کورد بناسرێت، وێنەکانی کچانی گەریلا بکرێن بە سومبوڵی جل و بەرگەکانیان و شاڵەرەنگاو رەنگەکانیان لەمل بکەن.
لەم ڕۆژەدا ژنان، بە هیوا و ئیلهامەوە خەبات بۆ یەکسانیی دەکەن. ژنان لە ڕێگەی زیادکردنی هۆشیاریی و پەروەردە و خۆڕێکخستن و بەشدارییکردنی لە کۆمەڵگە دەتوانێت داهاتوویەک دابڕێژێت کە ژنان تێیدا گەشە بکەن و بەشداریی هەموو کایەکانی ژیان لە کۆمەڵگەبکەن بە شێوەیەکی یەکسان لەگەڵ پیاوان.
لەکۆتایدا بەهیواوە ئەم رۆژە پیرۆز دەکەم، لە هەموو ژنانی دونیا، لەهەموو دایکە شەهیدێک و لەهەموو ژنێکی زوڵملێکراو شەڕڤانانی سەرچیاکانی قەندیل، ٨ مارس پیرۆزبێت. ژن ژیان ئازادیی
* رووبار یوسف: وتەبێژی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە دەرەوەی وڵات