بەشێک لە هاووڵاتییان و چالاکوانانی مەدەنیی و سیاسیی و وڵاتپارێزان، سەردانی شوێنی بۆردومانەکەی دوێنێی ناحیەی ئاغجەلەریان کرد کە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردومان کرا، لەوێدا پەیامێکیا پێشکەشی رایگشتیی کرد.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، بەشێک لە هاووڵاتییان و چالاکوانانی مەدەنیی و سیاسیی و وڵاتپارێزان، سەردانی ئەو شوێنەیان کرد کە دوێنێ لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەربە قەزای چەمچەماڵ بۆردومان کرا.
و روناک مەجید چالاکوانی سیاسیی پەیامێکی بۆ رایگشتیی پێشکەشکرد و رایگەیاند: ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆدەربڕینی هەڵوێستێک بەرامبەر بە ئەو پێشێلکاریانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەنجامیدا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ڕاستیی بۆ شاردنەوەی شکستەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە باشووری کوردستان، هێرشەکانی چڕ کردووەتەوە و لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا بە بەدەیان جار هێرش و بۆردوومانی کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان کە ناوچە مەدەنییەکانی وەک نەخۆشخانە و شوێنە خزمەتگوزارییەکان و شوێنی پزیشکانی بێسنوورە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆردوومانکردنی هەموو ناوچەکانی باشووری کوردستان لە پێنجوێنەوە بگرە هەتاکوو دەگاتە زاپ و قەندیل و ناوچەی چەمچەماڵ و هەموو ناوچەکانی تر.
ئەو چالاکوانە سیاسییەم داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و هەموو ئەوانەی کە لە خەمی ماف و ژیانی مرۆڤەکاندان، بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەنجامی دەدات بەرامبەر بە گەلی کورد.
عومەر حاجی حسێن وڵاتپارێز لەسەردانی شوێنی بۆردمانەکەدا وتەیەکی پێشکەشکرد: دیارە ئەمڕۆ ئێمە بە مەبەستی شەرمەزارکردنی دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان لێرەین، ئێمە ئەو دەستدرێژییانە شەرمەزار دەکەین، دیارە دەوڵەتی تورک لە دوێنێوە چەندین هێرشی بۆ ناوچەکانی باشووری کوردستان وەک پێنجوێن و شارباژێڕ و چەمچەماڵ ئەنجام داوە.
وتیشی: دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەم هەڵوێستانەی دەیەوێت ئەو شکستانەی کە لە بەرامبەر شەڕی گەریلا تووشی بووە، بەم شێوەیە قەرەبووی بکاتەوە، لە لایەک لە ڕۆژئاوای کوردستان هێرش دەکاتە سەر شوێنە مەدەنییەکان و نەخۆشخانە و سەرچاوە ئابوورییەکان، دیارە ئەمەش بۆ ئەم هێرشانەی ئێمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرپرسیار دەبینین بەرامبەر بەم دەستدرێژیی و هێرشانەی دەوڵەتی تورک دەیکاتە سەر گەلی کورد بە گشتیی.
داواشی لە تەواوی خەڵکی وڵاتپارێزی باشووری کوردستان و خەڵکی عێراق دەکات، هەڵوێستی جددییان هەبێت بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک، جەخت دەکاتەوە ئەو هێرشانە مەترسییە بۆ سەر مرۆڤایەتیی و هاوشێوەی هێرشەکانی داعشە.