تارا حسێن: کۆیلەکردنی ژنان نە ڕێسای ژیانە نە چارەنووسە

سیمینارێک لە درێژەی چالاکییەکانی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بۆ تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کلوردستان بەڕێوەچوو، تیایدا ئاماژەی بە سیستەمی کۆنفیدارڵیزمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی کرد و وتی: ژن دەتوانێت لە ڕوانگەی ئەو سیستەمەدا پێشەنگایەتی خۆی بکات.

ئەمڕۆ لە بارەگای سەرەکی ڕێکخراوی ڕژاک لە شاری سلێمانی، لە درێژەی چالاکییەکان تایبەت بە ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سیمینارێک لە لایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان-ڕژاک، بۆ تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بەڕێوەچوو.

سیمینارەکە وەک نەریتێکی هەمیشەیی بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدان دەستی پێ کرد، پاشان تارا حسێن شیکردنەوەی خوشکانی میراباڵ کرد، کە بە تێکۆشانیان بوون بە هێمای ئازادیی ژنان، دواتر ٢٥ی نۆڤەمبەر کرا بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

لە درێژەی سیمینارەکەیدا تارا حسێن وتی: لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە کار لەسەر بە کۆیلەکردنی ژنان کرا، لێرەوە یەکەمین شکانی ڕەگەزیی لە کەسایەتی ژندا دەست پێ دەکات، کۆیلەکردنی ژنان نە ڕێسای ژیانە نە چارەنووسە، لە مێژوودا کۆمەڵگە لە دەوری دایکدا بەڕێوە چووە، کە خۆی دەبینییەوە لە کشتوکاڵ و بیناکردن و پەروەردە کردن.

وتیشی: شامانەکان جۆرێک لە ئیرەیی بە توانای ژنان دەبەن، بۆیە دەکەوێتە پیلانگێڕی لە دژی ژندا، پیاوان هێزیان دەکەنە یەک بەرامبەر ژن، لەمەوە گەورەترین لادان لە کۆمەڵگەدا دروست دەبێت، هەموو ئەو قەیرانانەی ئێستاش لە کۆمەڵگەدا هەیە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ژن لە توانا و هێزی خۆی دوور خراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت “دەبێت کەسێتی پیاوێتی تێک بشکێنین، پێویستمان بەوەیە کە جارێکی دیکە ناسنامەی ژن و پیاو دابڕێژینەوە، لە ئەتمۆسفیرێکداین کە کۆمەڵگە ژنی دابڕیوە لە هەموو کایەکانی ژیان، بۆیە هەر تاکێک دەبێت جارێکی دیکە پێناسەی خۆی بکاتەوە، ئەگەر ئەوە نەبێت ناتوانین بە خۆمان بڵێین مرۆڤ، چونکە دەبێت لەو قاڵبە بێینە دەرەوە کە سیستەم بۆی دروست کردووین”.

لە کۆتاییشدا وتی: دەبێت ژنان و پیاوان، لە دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە خۆیان ڕێکخستن بکەن، چونکە تەنیا کار لەسەر ڕەگەز گەرایی و پیاو سالاریی دەکات، بە سیستەم پەروەردەیەکی دروست کردووە لە دەرەوەی ئیرادەی ژن، ئێستاش تەنیا ژن نییە لە ڕەگەزی خۆی دەرچووە، بەڵکوو پیاویش لە ڕاستەقینەی خۆی دوور خراوەتەوە.

جەختی لەوە کردەوە، بۆ چارەسەری پرسی ژن، ڕێبەر ئۆجالان سیستەمێکی جێگرەوەی بنیات ناوە، تەنیا کادیرێکی بە دیسپلین دەتوانێت لەناو ئەو سیستەمەدا کاری خۆی بکات، لەناویشیدا سیستەمی هاوسەرۆکایەتی پێش خستووە، کە ڕۆڵ و توانای ژنان بە دەردەخات و ڕێبەرایەتی دەنگ و ڕەنگ و بوونی خۆی دەکات، ژن دەتوانێت لە ڕوانگەی ئەو سیستەمەدا پێشەنگایەتی خۆی بکات.

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …