لە ئەنجامی تەقەی هێزەچەکدارەکانی دەوڵەتی ئێران، لە ماوەی چوار رۆژدا لە سنووری شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی ٢٠ کۆڵبەر برینداربوون.
ماڵپەری کۆڵبەرنیوز بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی سەقز و مەریوان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت بریندارکراون.
رۆژی شەممەش لە هەمان خاڵی سنووری بەتەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەت ٧ کۆڵبەر برینداربوون، کە لانیکەم باری تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.
لەنێوان ٩ بۆ ١١ ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبر لە خاڵی سنووری هەنگەژاڵ هێزەکانی دەوڵەتی ئێران چەندین جار کۆڵبەرانیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە ١١ کۆڵبەر برینداربوون.
بە گوێرەی ئەو ئامارانە لە نێوان مانگەکانی ئادار و ئەیلول دا ١٣ کۆڵبەر لەناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و ٧٢ کۆڵبەریش برینداربوون، کە زۆرینەیان بە تەقەی راستەوخۆ هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کرابوونە ئامانج