سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی (ڕۆژ نیوز) لە دەروازەی فیشخابوور بەبێ هیچ هۆکارێک ڕفێنرا و ماوەی ١٧ ڕۆژە بێسەروشوێنە، لە پاش شەش ڕۆژ درەنگانی شەوی ٣٠ی مانگی ڕابردوو، ئاسایشی دهۆک سیناریۆیەکی چەندبارەی پڕ لە چەواشەکاریی و ناڕاستی بڵاو کردەوە و دانی پێدا نا کە ڕفاندوویانە. ئەم ڕەفتارە فاشیستیانەیەی پارتیی دژ بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، کردەوەیەکی ناقانوونییەو دژ بە پرەنسیپەکانی کاری مێدیاییە و پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤە.
ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، دژی بنەماکانی کاری مێدیایی و پێشێلکردنی قانوونەکانی ڕۆژنامەنووسیی هەرێمی کوردستان و عێراقە، لە هەمانکاتدا ڕفاندن! ڕەفتارێکی ڕێکخراوی تیرۆریستییە نەک حکومەت؟! هاوکات پێشێلکردنی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤە.
لە سایەی دەسەڵاتە ستەمکارییەکەی حکومەتەکەی بارزانیی-دا، هەرێمی کوردستان، بووەتە زیندان بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتەکەی بارزانییەوە کراوەتە پەناگە و مۆڵگەی سیخوڕ و داگیرکەران، ئاسانکاریی و هاوکاریی دەکرێن بۆ تیرۆرکردنی ئازادییخوازان، بەڵام ڕۆژنامەنووسێک کە بۆ بژێویی خێزانەکەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە دەڕفێنرێت.
لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبێت لە کوێی دونیادا هەبووە، ڕۆژنامەنووسی ئازاد و چالاکوانانی گەلەکەی خۆت بڕفێنیت و زیندانییان بکەیت، بەڵام بۆ سیخوڕان و داگیرکەران پێشڕەویی بکەیت بۆ داگیرکردنی نیشتمانەکەت؟!
ئێمە وەک دەستەی ڕاگەیاندنی تەڤگەری ئازادیی، ئەم ڕەفتارە قێزەونە پۆلیسییەی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان/عێراق شەرمەزار دەکەین، پێویستە هەرچی زووە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و گیراوانی تری بادینان ئازاد بکرێن و بە پارێزراویی بگەڕێنەوە و ئەرکی پاراستنیشیان لە ئەستۆی ئەوانە.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی ڕاگەیاندن
١٠/١١/٢٠٢٣