د.تۆرۆس کۆرکماز دەڵێت، دەوڵەتی تورک بەر لە ١٠٠ ساڵە لەسەر بنەمای نکۆڵیی لە کەمەنەتەوە و کورد دامەزراوە و بێ پچڕان سیاسەتی قڕکردنی پەیڕەوکردووە، بەهۆی سیاسەتەکانی چەند ساڵی رابردوویەوە بووەتە دەوڵەتێکی مەترسییدار.
١٠٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری تورکیا دا تێپەڕ دەبێت، لەماوەی ئەو سەد ساڵەی رابردوودا دەستبەرداری سیاسەتی قڕکردن و پاکتاو نەبووە؛ لە ئەڵمانیا – زانکۆی زوریخ مێژووناس، توێژەر-نووسەر د. تۆرۆس کۆرکماز لەو باریەوە ئاژانسی هەواڵی فورات ئەدوێت.
تۆرۆس کۆرکماز باسی لەوەکرد، دەوڵەتی تورک لە سەر میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی دامەزراوە، درێژەی بە سیاسەتەکانی ئیحاد تەرەقی داوە کە لە ساڵی ١٩٠٨ و دوای ئەوەی هاتنە سەر حوکم دەستیان بە جێبەجێکردنی سیاسەتی یەکدەستکردن، تواندنەوەی کولتووریی و سەپاندنی نەتەوەپەرستیی تورک بە سەر گەلانی هەرێمەکەدا کرد.
جەختیشی کردەوە، شەپۆلی نەتەوەپەرستیی لە عوسمانییەوە دەستیپێکرد و لە رێگەی کۆماری تازە دامەزراوەوە لە ساڵی ١٩٢٣ درێژەی پێدرا. ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کۆمارەی کە عوسمانییەکانی رەتدەکردەوە، بە هەمان شێوەی ئیمپراتۆری یەکدەستکردن، تواندنەوەی کولتووریی و نەتەوەپەرستیی تورکیی کردە ئایدیۆلۆژیای فەرمیی کۆمار.
روونیشی کردەوە، “کۆماری تورک لە پاڵ نەتەوەپەرستیی، پێودانگی مسوڵمانێتیشیی بۆ فەرمانڕەوایی بە بنەما گرت و بەم جۆرە سێنتزی تورک-سوننە-ئیسلامی هاتە ئاراوە. ئەمەش سیاسەتێکی دەوڵەت بوو کە لە رووی نەژادییەوە تورک، لە رووی ئایینییەوە مسوڵمانی سوننەی دەکردە چینی باڵادەست، ئەو سیاسەتەی دەوڵەت لە سەد ساڵی رابردوودا باڵادەستبوو، هێشتاش بەرکارە”.
هێمای بۆ ئەوەش کرد کە رێگەی سازکردنی پەیوەندیی ئەرێنیی دەوڵەتی تورک لەگەڵ کوردان بە سەرلەنوێ دانانەوەی مێزی ئاشتیی مسۆگەر دەبێت و بۆ ئەوەش دەبێت “لەگەڵ سەرۆکی شکۆمەندیی بزوتنەوەی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەیوەندی ساز بکەن، بە هەزاران نوێنەری سیاسەتی دیموکراتیک کە بە شێوەی ناڕەوا زیندانی کراون، ئازادبکرێن، ئەو کەسانەی ناچاربوون وەک پەنابەر رووبکەنە دەرەوەی وڵات بتوانن لە تورکیا بە شیوەیەکی ئازاد سیاسەتی دیموکراتیک بەڕێوەببەن، ئەو شارەوانییانەی قەیومیان بۆ دانراوە بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکانی، بەڵام رژێمی ئێستا لە بری ئەوە لەم بوارەدا هەنگاو بنێت لە هەوڵی ئەوەدایە کە لەسەر دەستی نوێنەری سیاسیی حزبوڵا واتە هوداپار هەڕێمی کوردان پەرت و دابەش بکات. بۆردومانی رۆژئاوا دەکات و دەبێتە مایەی مردنی بە دەیان مەدەنیی”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانییدا ئەوەی خستەڕوو، کە تورکیا لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا لە رووی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسییەوە پاشەکشێی کردووە و لەلای وڵاتانی جیهان و وڵاتانی دراوسێ بووەتە دەوڵەتێک کە ناتوانرێت متمانەی پێبکرێت و “ئازادیی بییروڕا، راگەیاندن و ئەکادیمیا لەناوبراوە. هەر بییرکردنەوەیەکی رەخنەگرانە لە دەسەڵات بە تاوان دادەنرێت و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دادو و جێبەجێکردن نەماوە. تورکیا بە گشتیی لە نیسانی ٢٠١٧ەوە پەڕیوەتەوە بۆ رژێمێکی تاکەکەسی. جگە لە سیاسەتی دیموکراتیکی کورد، پارتە سۆسیالیستەکان، چەپەکان و دامەزراوەکانیان هەموو هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن لە چوارچێوەی سنوورەکانی دەسەڵاتدا سیاسەت دەکەن. لەبەر ئەوەش پەیماننامەی ئیستەنبوڵ هەڵوەشێندرایەوە و کەشێکی سیاسیی لە دژی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو خوڵقێندرا.
لەوەشدەدەوێت، “جگە لە سوننە-ئیسلامیی گوشار لە سەر هەموو ئایینەکانی دیکە هەیە و بە دەستوەردانەکانی لە بەرنامەی ئایینیی پەروەردەش مەترسیی بۆ سەر لایەک دروست کردووە”.
ئەو توێژەر و نووسەر لە زانکۆی زوریخ لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە دەوڵەتی تورک بۆ خۆرزگاکردن لەو قەیرانانەی تێیکەوتووە هەوڵدەدات سەرلەنوێ خۆی لە وڵاتانی رۆژئاوایی نزیک بکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو وڵاتانە تورکیا بە وڵاتێک دادەنێن کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری بهێنن. تورکیا جگە لەگەڵ ئازەربایجان پەیوەندی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دراوسێ نییە کە لە سەر بنەمای متمانە بونیادنرابێت. تا ئاکەپە-مەهەپە لە سەر حوکم بن وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی جیهان متمانەیان بە تورکیا نابێت، بە جەختکردنەوە لەوەی تورکیا بووەتە مەترسیی بۆ سەر ناوچەکە، وتی، “یەکەم هەنگاوی هاتنەئارای سیاسەتێکی یەکسانیی گەلان لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رووخان و کەوتنی دەسەڵاتی فاشیستی جەمسەری ئاکەپە-مەهەپە دەستپێدەکات”.