پڕۆژەی هەرەوەزیی لە شەهبا سیستمێکی نوێی گەشەپێدانی ئابووریی کۆمەڵایەتییە

لە شەهبا ئامانجی سەرەکیی لە پڕۆژەکانی هەرەوەزیی، گەشەپێدانە بە ئابووریی کۆمەڵایەتیی لە رێگەی کولتوری هاریکارییەوە. لەسایەی ئەو پرۆژانەدا لەماوەی ساڵێکدا بە رێژەی لەسەدا ٣٥ بێکاریی لە شەهبا کەمبووەتەوە.

خەڵکی عەفرین کە لەبەر دەوڵەتی داگیرکاری تورک، بە ناچاریی وەک کۆچبەر روویان لە هەرێمی شەهبا کردووە، لەپێناو گەڕانەوە بۆ زێد و ماڵوحاڵیان لە ناو هەلومەرجی قورسی کۆچبەریدا خۆڕاگری دەکەن.

کۆچبەرانی عەفرین لە شەهبا شان بە شانی دانیشتوانی ناوچەکە شەش ساڵە لە بەرامبەر گەمارۆی حکومەتی دیمەش و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر خۆڕاگریی دەکەن. لە دۆخێکی دژواری ئابوورییدا کە بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی سورییەوە ناهەموارتر بووە، هەوڵ دەدەن بژێوی خۆیان دابین بکەن.

بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی کۆمەڵایەتیی کۆچبەرانی عەفرین و خەڵکی شەهبا، دەستەی ئابووریی کانتۆنی عەفرین و شەهبا ‘پرۆژەکانی هەرەوەزیی’ دەستپێکرد.

لە پێشەنگانی ئەو پڕۆژانە یەحیا حەسەن قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کردوە و ئاماژەی بەوەکرد کە هەرێمی شەهبا بەر لە رزگارکردنی، لە لایەن چەتەکانەوە وێران کرابوو، ژێرخانەکەی داڕمابوو، هەربۆیە خەڵکی عەفرین و دانیشتوانی شەهبا لە ناو هەلومەرجی دژواردا دەستیان بە ژیان لەم ناوچەیەدا کرد.

ئەوەشی خستەڕوو کە دەستەی ئابووری کانتۆنی عەفرین و شەهبا سەرنجیدا کە نزیکەی ٢٥٠٠ هێکتار (١٠ هەزار دۆنم) زەوی بێ خاوەنیان هەیە کە بەکارناهێندرێن و وتی، “بەهۆی تایبەتمەندی کاری هاوبەش و هۆگری خەڵکی عەفرین بە کاری کشتوکاڵەوە، ئێمە پڕۆژەی هەرەوەزیمان بۆ خەڵکی کۆچبەر و خەڵکی رەسەنی شەهبا پێشنیاز کرد، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بکەونە ناو کارەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو دوای ئەوەی پرۆژەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە لە رێگەی کۆمۆن و ئەنجومەنەکانی گوند و ناوچەکانەوە ناوی ئەو کەسانەی توانا و ئارەزووی کارەکەیان هەبووە کۆکراوەتەوە و دواتر کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئارەزوومەندانی ئەو کارە سازکردووە.

یەحیا حەسەن راشیگەیاند، بۆ وەرگرتنی هەر پڕۆژەیەک دەبوایە پێنج بنەماڵە یاخود زیاتر کۆببونایەوە و ئامادەییان بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە بە هاوبەشی هەبوایە و هەر پڕۆژەیەکیش نوێنەرێکی دەبوو. هەر نوێنەرێک دوای ئەوەی زەویەکی بە رووبەری یەک هێکتار (٤ دۆنم) دەدۆزیەوە لەگەڵمان کۆدەبووەوە و دیاری دەکرد کە بەنیازن چی لەو زەویەدا بچێنن. بۆ هێنانەدی خۆبژێوی لە هەرێمەکە ئێمە ١٠ جۆر تۆ و دانەوێڵەمان دیاری کرد و وەک پێشنیاز خستمانە بەردەم خاوەن پرۆژەکان، کە تۆوەکان بریتیبوون لە گەنم، جۆ، نیسک، نۆک و چەندین جۆری دیکە، کە بەردەوام خەڵکی هەڕێمەکە پێویستیان پێیانە. دوابەدوای ئەوەش خاوەن زەوییەکان چوونە سەر زەویەکان و دەستیان بە کێڵان و بژاری زەویەکان کرد و ئێمەش بنەتۆ و دەرمان و پەینی کیمیاییمان بۆ دابینکردن و چاودێریمان دەکردن و راوێژمان پێشکەش دەکردن بۆ ئەوەی تووشی زیان نەبن. لە وەرزی دروێنە و کۆکردنەوەی بەروبومیشدا هاریکاری جوتیارانمان دەکرد. لە دوای کۆکردنەوەی بەروبومەکە ئەو بنەتۆ و دەرمان و پەینە کیمیاییە کە بە جوتیاران درابوو بۆمان گەڕێندرایەوە بۆ ئەوەی بۆ ساڵانی داهاتوو بەکاریان بهێنینەوە. لە کۆتاییشدا لە کۆی داهاتەکە ئەگەر زەویەکە دێمەکار بێت لەسەدا ١٠ی داهاتەکەی بۆ سەندیکای گەشەپێدان بە پرۆژە هەرەوەزیەکان و لە سەدا ٩٠ی بۆ خاوەنی پرۆژەکانە، بەڵام ئەگەر بەرئاو بێت، لەسەدا ١٥ی داهاتەکەی بۆ سەندیکا دەبێت و لەسەدا ٨٥ی بۆ خاوەن پڕۆژەکانە.

هاوسەرۆکی پڕۆژەکانی هەرەوەزی یەحیا حەسەن ئەوەشی خستەڕوو، کە جگە لە پرۆژەی کشتوکاڵی پرۆژەی پیشەسازیشمان هەیە. پەسەندکردنی پرۆژەکانی پیشەسازی هەمان مەرجی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی هەیە و پێداویستیەکان بۆ خاوەن پرۆژەکان دابین دەکرێت، بەڵام تەنیا لەسەدا ٥ی داهات لە پڕۆژە پیشەسازییەکان بۆ سەندیکای گەشەپێدان بە کاری هەرەوەزی دەبێت.

روونیشیکردەوە لە شەهبا پڕۆژە پیشەسازییەکان خۆیان لە دروستکردنی فڕن و کارگەی تایبەت بە لەوەڕی مەڕوماڵات و کارگەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی دەبیننەوە. هەروەک باسی لەوەشکرد، کە بە هۆی گەمارۆکانی حکومەتی دیمەشق و هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە پڕۆژە پیشەسازییەکانیان وەک پێویست گەشەیان نەکردووە”.

یەحیا حەسەن جەختیشی کردەوە کە یەک لە ئامانجەکانیان بۆ پەرەپێدان بەو پڕۆژە هاوبەش و هەرەوەزیانە بەرەنگاربوونەوەی بێکارییە و تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا بێکاری بە رێژەی لەسەدا ٣٥ کەمبووەتەوە و جگە لەوەش رێگە لە بەردەم کۆچبەربوون و ئاوارەبوونی دانیشتوان دەگیرێت کە پاڵنەرێکی سەرەکی کۆچکردنیان دۆخی ئابووریە و بەشێکی زۆری کێشە ئابووریەکانی بنەماڵەکانیش چارەسەر بوون.

لە کۆتاییشدا ئەحیا حەسەن هاوسەرۆکی پڕۆژەکانی هەرەوەزی لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا وتی، “گەمارۆی حکومەتی دیمەشق و هێرشە داگیرکەرییەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکە بەردەوام لەمپەر و ئاستەنگن لەبەردەم پەرەپێدان بە پڕۆژەکانمان. بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی کشتوکاڵ بەردەوام لە دژواریدان. جیالەوەش هێرشە داگیرکەرییەکانی تورکیا دەبێتە مایەی زیانگەیاندن و سوتاندنی زەوییەکانی پرۆژەکانمان، سەرباری هەموو ئەوانەش ئێمە و خەڵک و کۆچبەرانی هەڕێمەکە پێداگرین لەسەر بەئەنجام گەیاندنی پرۆژەکانمان و بەڵگەش لەسەر ئەوە بریتیە لەوەی ساڵی رابردوو ٢٥٠ پڕۆژەی هەرەوەزیمان هەبوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ٣٠٠ پڕۆژەمان هەیە و تادێت ژمارەیان روو لە زیادبوونە”.

 

هەروەها چێکی بکە

حسێن کەرکوکی: سەردانەکەی ئەردۆغان سووکایەتیی کردنە بە گەل و دەوڵەتی عێراق

بەرپرسی نووسینگەی بەغدادی  تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق سووکایەتیی کردنە بە …