ئەسعەد عەزیمی: دەبێت لە پێناو ئازادیی ئۆجالان و سەرجەم زیندانیانی سیاسیی دەنگ هەڵبرین

ئەسعەد عەزیمی چالاکوانی سیاسی داوا دەکات گەلی کورد خاوەنداری لە زیندانیانی سیاسی، بە تایبەتی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەن و لە پێناو ئازادکردنیاندا دەنگ هەڵبرن.

لە پەیامێکدا ئەسعەد عەزیمی چالاکوانی سیاسی کوردی دانیشتوووی وڵاتی هۆڵەندا بە ئاماژەدان بەپیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گۆشەگیری رەها کە ماوەی  نزیکەی ٢٥ ساڵە بە سەریدا سەپێندراوە وتی: ” ئەم ڕەفتارەی دەوڵەتی تورک دژی مافی مرۆڤ و تەنانەت دژی قانونی مافی زیندانیەکانە لە نێوخۆی تورکیەشدا”.

داواشی کرد: “ئێمەی کورد دەبێ خاوەنداری لە زیندانیانی سیاسی خۆمان بکەین کە لەزیندانی حکومەتە دیکتاتۆڕ و فاشێستەکانی تورک و ئێراندان. ئەو حکومەتە و ڕەفتارەکانیان لە دژی ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی گەلەکەمان ڕسوابکەین و بە هەموو هێزمانەوە مەحکومیان بکەین”.

دەقی پەیامەکە

من ئەسعەد عەزیمی، خەڵکی سەقز، نیشتەجێی وڵاتی هۆڵەندا، بەم بۆنەوە دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز لە دژی حکومەتی فاشیستەکان لە تورکیا و داوای ئازادی  ڕێزدار ئۆجالان، ڕێبەری جوڵانەوەی ئازادیخوازی گەلمان لە باکوری کوردستان دەکەم. ڕێزدار ئۆجەلان لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ (بەرامبەر بە ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٧٧) بە پیلانێکی هاوبەشی پێشوو داڕشتراو لە لایەن دەزگا سیخوڕییەکانی سی ئای ئەی، موساد و میت ەوە بە هاوکاری هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپایی بە تایبەت یونان ئەو پیلانەیان جێبەجێ کرد. باڵیۆزخانەی یونان لە کێنیا بەو بیانووە کە ئەوروپا ڕێگایەکی بۆ پاراستنی ئەمنی ئەو بەڕێزە دۆزیوەتەوە ئۆجەلان بەڕێدەکەن بۆ فرۆکەخانەی نایڕۆبی بەڵام لە ڕێگادا چەتەکانی سەر بە ڕێکخراوە سیخوڕییەکان ئۆجالان دەڕفێنن و ڕادەستی ڕێکخراوی جاسووسی میت ی دەکەن. لەو ڕۆژەوە بەڕیز ئۆجالان دەکەوێتە بەر گەورەترین ئەشکەنجەکانی جەستەیی و  دەرونی و لە دادگای سەربازیدا کە مافی ئەوەی نەبووە دۆسیەکەی خۆی ببینێ، مافی ئەوەی نەبووە لە پارێزەرێکی سەربەخۆ سودمەند بێت، دادگایی دەکرێت. بەڕێزیان لە دادگای بێدادگای سەربازییەوە، سەرەتا بە لەسێدارەدان و پاشان سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا دەسەپێت. ئێستا بۆ ماوەی ٢٤ ساڵە لە زیندانی تاکەکەسیدا لە دوڕگەی ئیمڕالی بەڕێزیان لە یەک ساڵ لەمەوبەرەوە هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵ دەرەوە لێ قەدەغە کراوە تەنانەت ئەندامانی بنەماڵەکەیشی نەیانتوانیوە چاویان پێیبکەوێ. ئەم ڕەفتارەی دەوڵەتی تورک دژی مافی مرۆڤ و تەنانەت دژی قانونی مافی زیندانیەکانە لە نێوخۆی تورکیەشدا. هەر ساڵی ٢٠٠٥ دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا و هەروەها دەوڵەتانی ئەوروپایی ئەو دادگاییکردنە و پڕۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە دژی مافی مرۆڤ ڕاگەیاند و داوایان کرد لە حکومەتی تورک پێویستە پێداچوونەوەیەک بکات بەسەر ئەودادگاییکردنە و مافی مرۆڤ ڕەچاو بکات. هەروەها وڵاتانی ئەوروپایی و ڕوسیەش رەخنەیان لەو پڕۆسە دادگاییکردنە گرت و داوای پیداچوونەوەیان کرد بە پڕۆسەکەدا. بەڵام حکومەتی تورک ئەو داوایەی وەک دەستوەردان لە کای ناوخۆ لەقەڵەم دا و بایەخێکی بە بیر و ڕای نیونەتەوەیی نەدا. شاڵاوێکی گەورەی گەلی کوردمان سەبارەت بەو ستەم و بێدادە زەرورە و پێویستە. ئێمەی کورد دەبێ خاوەنداری لە زیندانیانی سیاسی خۆمان بکەین کە لەزیندانی حکومەتە دیکتاتۆڕ و فاشێستەکانی تورک و ئێراندان. ئەو حکومەتە و ڕەفتارەکانیان لە دژی ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی گەلەکەمان ڕسوابکەین و بە هەموو هێزمانەوە مەحکومیان بکەین. ڕێبەڕی شۆڕشگێڕ، بیرمەند و نووسەری گەلی کوردمان لە باکوری کوردستان؛ زیندانی تاکە کەسی نەیتوانیوە گەلی کوردمان لە ڕێنوێنی و ئامۆژگارییەکانی بێبەش بکات. تیۆری کۆمەڵگەی ئازاد و دێموکڕاتیکی گەلان وەک ڕێگا چارەیەکی ئەرێنی بۆ دەرباس بوونی گەلی کورد و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو کۆسپەی نێئۆلیبڕالیزمی سەردەم تووشی ئەم خەڵکانەی کردووە، وەک ڕێگە چارەیەکی عەینی لە لایەن هۆگرانی دادپەروەری کۆمەڵایەتییەوە و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانەی گەلان وەک ئاڵتێرناتیوێک بە جدی کەوتۆتە بەر سەرنجی هەموو ئازادیخوازان. کۆمەڵگەی دادپەەروەر، پلۆڕالیسمی سیاسی، پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان سێ کۆڵەکەی ئەو ئاڵتێڕناتیوەن. تیۆری ژنۆلۆژی کە پیاوسالاری دەخاتە بەر ڕەخنەیەکی مێژوویی بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی توانیویەتی نەک هەر وڵاتانی ئێران و تورکیا بهەژێنێت بەڵکوو سرنجی هەموو ئازادیخوازانی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. بۆیە ئێمەی کورد دەبێ سەبارەت بەو زوڵم و زۆرە کە لەزیندانی سیاسی ئێمە دەکرێت بە توندی دەنگ هەڵبرین و بۆ ئازادی ڕێزدار ئۆجالان و هەروەها هەزاران زیندانی سیاسی کورد لە تورکیا و ئێران کە تاوانیان نییە جگەلەوە کە داوای مافی مرۆڤ کە ئەو وڵاتانە بۆخۆیان جاڕنامەی مافی مرۆڤیان واژۆکردووە دەکەن و هەروەها ئەو وڵاتانە بێشەرمانە ئەو جاڕنامەی بۆخۆیان واژۆیان کردووە پێشێل دەکەن”.

هەروەها چێکی بکە

سەرهەڵدانی ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت  

سەرهەڵدانی گەل لە ۱۹ تەمموز لە ڕۆژئاواو باكوری سوریاو گەلی كوردو مرۆڤایەتیی پیرۆزبێت بەناوی ئەندامانی …