لە باکووری کوردستان رێژەی قسەکردن بە کوردیی بۆ لەسەدا ٧ دابەزیوە

هاوسەرۆکی ئەیتم سەنی وان موراد ئاتابای رایگەیاند، کە کوردەکان لە ساڵانی ١٩٢٠ لە ناو ماڵ و دەرەوە بە رێژەی لەسەدا ٩٠ بە کوردیی قسەیان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ لەسەدا ٧ دابەزیوە.

لە کوردستان و تورکیا ساڵی خوێندن دەستیپێکردووە. وەک هەموو ساڵێک ئەمساڵیش میلیۆنان منداڵی کورد بە زمانی دایکی خۆیان دەست بە خوێندن ناکەن؛ هاوسەرۆکی لقی وانی ئەیتم سەن موراد ئاتابای ئاماژەی بەوەکرد، منداڵانی کورد ناچارن جیا لە زمانی دایکی و زگماکی خۆیان زمانێکی دیکە بناسن و بەو زمانە پەروەردەدەکرێن.

ئاماژەیبەوەشکرد، بە بە داتا و ئاماری زانستی سەلمێنراوە کە ئەو منداڵانەی بە زمانی دایکی پەروەردە ناکرێن تووشی چەندین کێشە دەبن و روونیکردەوە: “کاتێک منداڵان بە زمانێک کە نایناسن یاخود کەم دەیناسن پەروەردە دەکرێن، ناتوانن بە ئاسودەیی هەست بە خۆیان بکەن یاخود گوزارشت لە خۆیان بکەن. ئەمەش لە ئێستادا لە بواری پەروەردەدا کێشەیەکی گەورەیە. لە تورکیا چەندین زمانی جیاواز بوونیان هەیە. کوردی وەک یەک لەو زمانانەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەکاری دەهێنن. هەربۆیە زۆر گرنگە کە کوردی بکرێتە زمانی پەروەردە و دەبێت لەمپەر و بەربەستەکانی بەردەم زمانی کورد هەڵبگیرێن.

‘خۆتواندنەوەی کولتوری بەرچاو بوونی هەیە’

ئاتابای رایگەیاند کە لە ساڵانی دواییدا خۆتواندنەوەی کولتوریی بەشێوەی بەرچاو زیادی کردووە و وتی، “بنەماڵە و دایکوباوکان لە ساڵانی رابردوودا بە شێوەی بەرچاو خۆتواندنەوەی کولتوری بەکاردەهێنن. بنەماڵەکان زۆر کەمتر بە زمانی کوردی قسە دەکەن. هەربۆیە هێندەی ئەوەی رەخنە لە سیاسەتی تواندنەوەی کولتوری دەوڵەت دەگرن، دەبێت لە خۆشمان بڕوانین. بۆچی خاوەنداری لە زمانی دایکی خۆمان ناکەین، لەپێناو زمانی دایکی خۆمان خەبات ناکەین؟ یاخود بۆچی ئێمە لە ماڵ، شوێنی کار، شەقام و بازاڕ بە زمانی دایکیمان قسە ناکەین. دەبێت رەخنە لە خۆمان بگرین. بەهۆی قەیرانی ئابووریەوە لە ساڵی خوێندندا کێشەیەکی گەورەیە کە منداڵان بە برسێتی دەچنە خوێندنگەکان، بەڵام گەورەترین کێشە ئەوەیە کە منداڵان بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە ناکرێن”.

‘ناکرێت کە دەوڵەت یەک زمانی هەبێت’

راشیگەیاند ” لە دەستووری هەمیشەیی تورکیادا هاتووە کە زمانی فەرمی دەوڵەت تورکیە. لە راستیدا لە دامەزراندنی دەوڵەت و نوسینەوەی دەستوری هەمیشەییدا کێشەی زۆر گەورە هەیە. ناکرێت کە دەوڵەت یەک زمانی هەبێت. دەکرێت زمانی فەرمی دەوڵەت بوونی هەبێت، بەڵام ئێمە تێدەگەین کە ئەوان دەیانەوێت لە بڕگەکانی دەستوری هەمیشەییدا چی بکەن. سیاسەتی تواندنەوەی زۆر جددیی لە سەر زمانی کوردیی پەیڕەو دەکرێت. لە ساڵانی ١٩٢٠دا کوردەکان بە رێژەی لەسەدا ٩٠ لە ماڵ و دەرەوە و بە کوردیی قسەیان دەکرد. بە داخەوە ئێستا ئەو رێژەیە بۆ بۆ نێوان رێژەی لەسەدا ٧ بۆ لەسەدا ٨ دابەزیوە. لەسەردەمی دەسەڵاتداری ئاکەپە سیاسەتی تواندنەوەی کولتوری لەسەر زمانی کوردی گۆڕدرا بۆ خۆتواندنەوەی و بەشێوەی بەرچاو بەردەوامە. ئەوە سیاسەتێک نییە کە تەنیا لە سەر شارەکانی کوردان جێبەجێ دەکرێت، بەڵکوو لە سەر هەموو زمانەکان لە تورکیا پەیڕەو دەکرێت، بەڵام لە هەموویان زیاتر بە سەر زمانی کوردییدا دەسەپێندرێت”.

ئاتابای ئەوەشی خستەڕوو کە دەبێت گرنگی زمان بۆ گەل روونبکرێتەوە و وتی، “ئەو رێکخراوانەی لەو چوارچێوەدا چالاکی دەکەن، دەبێت خولەکانی پەروەردە ببەنە گۆڕەپانەکان و وانەی زمانەکەمان بە گەل بڵێنەوە”.

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …