دایک و باوکی ژینا ئەمینی: لە سەر گڵکۆکەی مەراسیمی ساڵیادی کچەکەمان بەڕێوەدەبەین

سەرباری گوشارەکانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە سەر بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’، بە تایبەتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، کە هێمای سەرهەڵدانەکەیە، دایک و باوکی رایانگەیاند، مەراسیمی یەکەم ساڵیادی گیانلەدەستدانی کچەکەیان بەڕێوەدەبەن.

موژگان ئیفتیخاری و ئەمجەد ئەمینی دایک و باوکی ژینا ئەمینی لە راگەیەندراوێکدا، کە ئاراستەی رایگشتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان کردووە، ئاماژەیان بەوەکردووە، “وەک هەموو بنەماڵەیەکی جەرگسوتاو و کۆست کەوتوو، لە ساڵیادی شەهیدبوونی جگەرگۆشەکەمان ژینا (مەهسا) ئەمینی لە سەر گڵکۆی ئەو ئازیزە کۆچکردووەمان کۆدەبینەوە و رێورەسمی نەریتی و ئایینی یەکەم ساڵەی کۆچکردنی بەڕێوەدەبەین”.

لەو راگەیەندراوەی بنەماڵەی ئەمینیدا کە لە سەر هەژماری ئینستاگرامی ئەمجەد ئەمینی بڵاوکراوەتەوە، داوا لە سەرجەم ئەو کەسانە کراوە کە بەشداری لە مەراسیمەکەدا دەکەن، کە خۆیان لە هەموو جۆرە کردەوەیەکی توندوتیژانە و کاردانەوە بەرامبەر بە توندوتیژی بپارێزن.

بنەماڵەی ژینا ئەمینی هەر لە سەرەتای کوژرانی کچەکەیانەوە لە ژێر گوشاری توندی هێزەکانی دەوڵەتی ئێراندابوون، بەوەی رایبگەیەنن کچەکەیان بە هۆی نەخۆشی درێژخایەنەوە گیانی لەدەستداوە. لە درێژەی ئەو گوشارانەدا لە رۆژانی رابردوو سەفا عائیلی، خاڵی ژینا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردوانی ئەو سەرهەڵدانە زیادی کردووە بەوەی خۆیان لە بەڕێوەبردنی مەراسیمی ساڵیادی گیانبەختکردنی رۆڵەکانیان بەدووربگرن و لەو چوارچێوەدا دەیان ئەندامی ئەو بنەماڵانە دەستبەسەر و بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون.

رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەسەردانێک لەگەڵ بنەماڵەکەی لەتاران بوو، بە پاساوی رەچاونەکردنی پێوانەکانی حکومەت بۆ حیجاب لەلایەن پۆلیسی بەناو ئەخلاقەوە دەستبەسەرکرا و بەهۆی ئەشکەنجەوە کەوتە دۆخی کۆماوە و پاش سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

لە کاردانەوەی کوژرانی ئەو کچە کوردەدا، خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە، کە بە بەرفراوانترین و درێژخایەنترین سەرهەڵدانی تەمەنی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت و لە ئەنجامی توندوتیژی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران، زیاتر لە ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزاران کەسیش بریندار و دەستبەسەر کران.

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …