عەلی کەریمی: رەگوڕیشەی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ بۆ تێزەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەگەڕێتەوە

عەلی کەریمی ڕایگەیاند، دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادیی‘ وەک بورکانێک بڵاوبوویەوە و ئاستی ناوچەیی تێپەڕاندووە و بە جیهاندا بڵاوبوویەوە، لە ساڵیادی ئەو شۆڕشەشدا جارێکی دیکە پێشەنگایەتیی بکرێت و تا سەرکەوتنی درێژەی پێبدەن.

دەربارەی ساڵیادی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناوەڕۆکی ئەو شۆڕشە عەلی کەریمی نووسەر و سیاسەتمەداری کورد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

‘جوانترین و باشترین درووشم بوو بۆ دۆخی ئێران’

عەلی کەریمی سەبارەت بە پێناسەی شۆڕشەکە وتی: “ئەو شۆڕشەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی ناشتنی تەرمی شەهید کچە لاوی کورد ژینا ئەمینی لە مانگی ئەیلولی ساڵی پار لە شاری سەقز دەستیپێکرد، درووشمێک بوو بە تەواوەتیی لە جێی خۆی بوو، جوانترین و باشترین درووشم بوو بۆ دۆخی ئێران، ئەو درووشمە بە تەواوەتی پێناسەی شۆڕشەکە و مافەکانی ژنانی دەکرد، وشەی یەکەمی درووشمەکە (ژن) بوو، لە دەوڵەتێکی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، کە ماوەی ٤٤ ساڵە ژنان خاوەنی هیچ مافێك نین، بۆیە ئەو درووشمە جەختی لە مافەکانی ژنان دەکردەوە، هاوکات وشەی دووەمی درووشمەکە (ژیان) باسی ئەو دۆخە دەکات وا پاش گۆڕینی ڕژێمی پاشایی و هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران شتێک لەو وڵاتە نەماوەتەوە بە ناوی ژیان، بە تایبەتیش بۆ گەنجان و ژنان. بۆیە لە کاتی بە خاکسپاردنی تەرمی ژینا لە مەڕاسیمەکەدا جوامێرێک هاواری کرد (ژن، ژیان، ئازادیی)، بە جارێک ئەو درووشمە وەک بورکانێک لە تەواوی ئێران بڵاوبوویەوە، کەس نەما ئەو درووشمە نەڵێتەوە، تەنانەت بنەماڵەی شای پێشووتری ئێرانیش ئەو درووشمەیان وتەوە”.

“ئەو درووشمە لە تێزەکانی ڕێبەری گەلی  کورد، عەبدوڵا ئۆجالانەوە سەری هەڵداوە”

دەربارەی ناسنامەی درووشمی شۆڕشەکە، عەلی کەریمی وتیشی: “دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ درووشمێک بوو لەلایەن ئەو هێز و لایەنانەی وا باوەڕیان بە خەباتی ژنان و مافی ژنان هەیە، ئەو هێزانە پێیان وایە دەبێت ژن هاوبەشی ژیان بێت، ژن هاوسەرۆک بێت و ژن گەریلا بێت. ئەم بابەتەش گفتوگۆی لە سەر نییە، کە لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە تەڤگەری ئازادی سەری هەڵداوە، من بۆ خۆم ئاگادارم لە پراکتیکدا پاش تیزەکانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان چەندین ساڵە کاری لە سەر دەکرێت و لە نێو تەڤگەری ئازادیی سەرەتای لە تێکۆشانی باکووری کوردستان و دواتریش لە ڕۆژئاوای کوردستان زۆر بە چڕی کاری لەسەر کرا، لە سەر ئەو بنەمایە سیستەمی هاوسەرۆکییان لە سیستەمی ئۆرگانەکانیان پێکهات و سەرچاوە و ئیلهامی شۆڕشەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش هەر تەڤگەری ئازادییە.”

“ناوەندی هاوکاریی هەموو شتێک بوو بەس هاوکاریی نەبوو”

دەربارەی بە جیهانیبوونی شۆڕشی ژنان بە پێشەنگایەتی کوردان و دۆخی ناوخۆی کوردان، ئەو نووسەرە ئاماژە بەوە کرد: “درووشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ ئاستی ناوچەیی تێپەڕاندووە و بە جیهاندا بڵاوبوویەوە و درووشمەکە دەوترێتەوە، لە زۆربەی وڵاتانیش هەر بەزمانی کوردی دەوترێتەوە، بێگومان ئەوەی کە پەیوەندیی بە ناوخۆی خۆمانەوە هەیە لە کوردستان ئێمە هەر لەسەرتاوە داوامان کرد، دەبێت بەرژەوەندی گەلەکەمان لە پێش هەموو بەرژەوەندیەکان دابنرێت، بۆ ئەوە مەبەستەش پێویست بوو لە هەموو پارت و لاینە سیاسیەکانی کوردستان بەرەیەکی یەکگرتوو درووست بکرێت بۆ بەرنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرخستنی ئەو شۆڕشە، هاوکات بە هەموو دونیاشی بسەلمێنین ئێمە وەک گەلی کورد لە جیهاندا پێشەنگایەتی شۆڕشی ژنان دەکەین و ئەوە ئێمەن ئەو شۆڕشەمان بونیات ناوە. بە داخەوە هەندێک لە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە خۆشیان بە ڕەسەن دەزانن و پێیان وایە دەبێت قسە هەر قسەی خۆیان بێت، نەهاتنە سەر ئەو تەوازوعەی کە پێکەوە کار بکەین و شتێکیان درووست کرد بە ناوی (ناوەندی هاوکاریی)، بەڵام ناوەندی هاوکاریی هەموو شتێک بوو بەس هاوکاریی نەبوو. ئەوە ناوەندە هاوکارییەش تەنها بریتی بوو لە دوو هێزی سیاسی بە ناوی کۆمەڵە و دیموکرات. کە هەر کەسەو لە جێی خۆیەوە ئەسپی تاو دەدا و هەندێکیان دەچوون لەگەڵ کوری ڕەزا شا کۆبوونەوەیان دەکرد، کە ئەو خێزانەی شا زیاتر لە چل ساڵە بێدەنگ بوون و هیچ ڕۆڵێکیان لە گۆرەپانی سیاسی ئێراندا نییە، کوڕی شاش هەندێک لومپەن و چەقۆکێش و موعدادی نارد بۆ شەقامەکانی پاریس بۆ ئەوەی شۆڕشەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و چەواشە بکات و ئیسفادەی نامەشروع لەو پرۆژەیە بکەن، بە داخەوە بەشێک لە هیزە سیاسیەکانی کورد چوونە ژیر سایەی ئەو سیاسەتەی کوڕی شای ئێران و بوونە بەشێک لەو پرۆژە گڵاوە، دەبوو ئەوەیان نەکردایە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەبوو هاوپەیمانیان لەگەڵ هێزگەلێکی دیکە درووست بکەن کە خاوەنی ئەو درووشمەن و پێکەوە دەستی یەکمان بگرتایە و هێزێکی هاوبەشی چەکدارییمان درووست بکردایە.

عەلی کەریمی هەڵوێستی پەژاکی لەبارەی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز نرخاند و وتی: “لە سەرەتای شۆڕشەکە بیرمە کاتێک خەریکی کۆکردنەوەی حزبەکان بووین بۆ ئەوەی هەماهەنگ و پەیوەندیمان هەبێت و یەکگرتوویی بپارێزن، من پەیوەندیم بە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی بەشداریی یەکڕێزیی و یەکگرتوویی بن، ئەوان بە هەموو شێوەیک پشتگیریی خۆیان ڕاگەیاند بۆ هەموو ڕێککەوتن و هەماهەنگییەک، کۆمەڵەی کاک سەید ئیبراهیش بە هەمان شێوە، سەرەتا کارەکان زۆر باش بەڕێوە دەچوون، بەڵام دواتر هەندێک هێز و لایەن هاتنە ناومان کارەکەیان لێ خراپ کردین.”

‘پێشەنگایەتیی سەرهەڵدان بکەن و تا سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە درێژەی پێ بدەن’

کەریمی لە کۆتایشدا وتی: دەربارەی گەلی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێت ئێمە سوپاسی تایبەتیان بکەین، چونکە فیداکاریی و پێشەنگایەتیی گەوریان بۆ ئەو شۆڕشە کرد، بە هیواین لە ساڵیادی ئەو شۆڕشە جارێکی تر شارەکانی سەقز، پاوە، کرماشان، سنە و مەریوان و… هتد، پێشەنگایەتیی بۆ سەرهەڵدان بکەن و تا سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە درێژەی پێ بدەن. 

 

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …