ئەندازیار حسێن ساڵح لە بەنداوی دەربەندیخان رایگەیاند، بە گوێرەی بەدواداچونی تیمی ھایدرۆلۆجی بەنداوی دەربەندیخان لەسەرەتای مانگی ئایارەوە ئێران یەک دڵۆپ ئاوی بەرنەداوەتەوە ئەوەشی ھەیە تەنھا ھی کانیاو و چەمەکانی گریانەو ھاوارو ھەندێ گوندی تری ھەرێمی کوردستانە.
هاوکات، ئاماژە بە لێکەوتەکانی وشک بونی سیروان دەکات و دەڵێت، لە ئەنجامی وشکبوونی رووبارەکە:
یەکەم: پیسبونی ژینگەی ئاویی روبارەکە و کاریگەری لەسەر سامانی ماسی و سەدان جۆر باڵندە
دووەم: کاریگەری ڕاسەوخۆی لەسەر پرۆژەی ئاوی پارێزگای ھەڵەبجەو قەزای سەیدسادق کە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا کەمتر لە مانگێک ٢٥٠ ھەزار کەس بێ ئاو دەبن.
سێیەم: کەمبونەوەی داھاتی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان و دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەکە چونکە رووباری سیروان نزیکەی لە ٧٠٪ داھاتی بەنداوەکە پێک دەھێنێت.
چوارەم: پیسبونی ئاوی دەریاچەکە چونکە ئەو ئاوەی ئێستا لە رووباری تانجەرۆوە دەڕژێتە دەریاچەکە نزیکەی سێ ھێندەی رووباری سیروان و زمکانە و لەبەرئەوەی تانجەرۆ پاشماوەی ئاوەڕۆی سلێمانی و سەدان کارگەیە بەبێ فلتەرەیشن.
پێنجەم: کەم بونەوەی ئاوی خواردنەوەو کشتوکاڵ لەسەر زیاتر لە یەک ملیۆن لە دانیشتوانی خواروی بەنداوی دەربەندیخان.
ئەندازیار حسێن ساڵح داوا لە دڵسۆزان و خەمخۆران و رێکخراوەکانی ژینگەو ئاو کە لەھەموو ئاستەکاندا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بکەونە جوڵە بۆ گفتوگۆکردن و قەناعەت پێھێنانی ئێران بە بەردانەوەی بەشە ئاوی عێراق بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەئاو چونکە روبارێکی سنور بڕە.
رووباری سیروان یەکێکە لە رووبارە گرنگەکانی کوردستان و سەرچاوەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و بە سنوری پارێزگای هەڵەبجەی شەهیدا تێپەڕدەبێت و دەڕژێتە رووباری دەربەندیخانەوە. سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵییە.