ماڵپەڕێکی ئەمریکیی رایدەگەیەنێت، تورکیا بێشەرمانە و بەشێوەی چڕوپڕ ناوچەی نیشتەجێی دانیشتوانی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بۆردومان کرد، بەڵام هیچ بەرپرسێکی یەکیتیی و پارتیی و حکومەتی عێراق نەهاتنە دەنگ و لەو هێرشانەدا جگە لەئاوارە و دەربەدەرکردنی هەزاران خێزان، خەڵکی مەدەنییش دەکوژرێن.
ماڵپەڕی فەیر ئۆبزێرڤەری ئەمریکیی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە، لە چەند ڕۆژێکدا تورکیا بەشێوەیەکی بێ شەرمانە و بەشێوەیەکی چڕوپڕ چەند ناوچەیەکی نیشتەجێی دانیشتوانی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بۆردومانکرد، بەڵام هیچ یەک لەبەرپرسانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانو هیچ بەرپرسێکی عێراقییش لەبەغداد ئیدانەی ئەو هێرشانەیان نەکرد.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، تورکیا بەردەوام سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەبەزێنێت و دێتە ناو قوڵایی ناوچەکە وەک ناوچەی مەخمورو شەنگال، ئەوەش بەپاساوی بەرەنگاربونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵام بەردەوام لەو هێرشانەدا کەسانی مەدەنیی بوونەتە قوربانیی، بەشێوەیەک بەگوێرەی زانیاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەساڵی 2015وە لانیکەم 129 مەدەنیی کوژراونو 180 کەسی تریش بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە برینداربون، تەنانەت ساڵی 2022 لەنێوان 18 بۆ 20 کەس کوژراون کە شەشیان منداڵن، جگەلەوەی لەنێوان 57 بۆ 58 کەسیش برینداربون.
ماڵپەڕە ئەمریکییەکە دەشڵێت: لەبەرامبەر هێرشەکانی ئەمدواییەی تورکیاو کوشتنی کەسانی مەدەنیی دا، بەرپرسانی یەکێتیی و پارتیی و بەرپرسانی عێراقیی لە بەغداد بێدەنگییان هەڵبژاردوە کە پێدەچێت ئەو بێدەنگییە دەستەجەمعییە بەهۆی سەردانەکەی ئەمدواییەی هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیاوە بێت بۆ بەغداد.