داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەرخاکی هەرێم بەردەوامیی هەیە، ناوشارەکانی هەرێمی گرتووەتەوە و هاووڵاتییانی مەدەنییش شەهید و بریندار ئەبن، ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادییش رایئەگەیەنێت بۆ وەڵامدانەوەی داگیرکارییەکان ئەتوانین بایکۆتی کاڵای تورکیا بکەین کاریگەریی لەسەر ئابوورییەکەی دابنێین.
ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکیدا ئەوەی بڵاوکردەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٩دا دەوڵەتی تورک ٢٩ بنکەی سەربازیی لە خاکی عێراقدا هەبووە، بەڵام هەتا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەکە بۆ ٨٧ بنکەی سەربازیی بەرزبووەتەوە.
سوپای داگیرکەری تورکیا، لە زۆر ناوچەی هەرێمی کوردستان، لە سنورەکانەوە بە قوڵایی ١٥٠ کیلۆمەتر هێزی هێناوەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و بنەکەی سەربازیی دروستکردەوە.
رێکخراوی (سی پی تی) لە مانگی چواری ئەمساڵ لە راپۆرتێکدا ئەوەی ختسەڕوو، کە لە ساڵی (٢٠١٥- ٢٠٢٣) نزیکەی ١٥٠ هاووڵاتیی بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان، شەهید بوونەوە و زیاتر لە ٢٦٠ هاووڵاتییش برینداربوونە، ئەوە بێجگە لە زیانە ماددیی و ژینگەییەکان.
هەروەها لەبەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا و پێشێلکردنی سەروەریی ئاسمان وخاکی هەرێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان و هیزە سیاسییەکان، هەڵویستێکی جددیی و کردارییان نەبووە و لە باشتریین دۆخدا تەنها بەیاننامەیەکیان بڵاوکردوەتەوە بۆ دڵنەوایی دەوڵەتی تورکیا هاتوون بزوتنەوەی ئازادیی کوردییان لە باکووری کوردستان تاوانبارکردوە.
هەرچەندە حکومەتی هەرێم چەند کارتێکی لەبەردەستە ئەتوانێت بەکاریان بهێنێت، لەوانە: بریاری ژمارە ۳۸ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا لەسەر خاکی هەرێم، بڕیارە ١١ خاڵییەکەی پەرلەمانی هەرێم کە لە رۆژی ١٥ی مانگی ١٠ی ٢٠١٩ بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کە تیایدا پەرلەمانتاران داوای دەرکردنی سوپای تورکیایان لە خاکی هەرێم کرد.
هەروەها چەندین جار، لە هەرێمی کوردستان واژۆ لەلایەن چین و توێژەکانی کۆکراونەتەوە بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا لەسەر خاکی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی هەرێم ئەتوانێت لەرێگەی حکومەتی عێراق-ەوە، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی سکاڵا بکات بۆ فشار خستنە سەر تورکیا.
ئاژانسە جیهیانییەکان لەمساڵدا ئەوەیان راگەیاند، لەسەر ئاستی جیهانیش گرنگییەکی کەمتر بە هەژموون و سنوربەزاندنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئەدرێت بە بەراورد بە هەژمون و دەستێوەردانەکانی تورکیا لە سوریا.
دەوڵەتی تورک خەونی گەڕانەوەی هەیە بۆ سەردەمی عوسمانیی، کە بە گوێرەی ئەوە بێت ئەیەوێت لە چوارچێوەی “میساقی میلیی”، نەخشەی سیاسیی خۆی بە داگیرکارییەکانی لە ناوچەکدا فروان بکات. لەمەشدا هێزێکی کوردیی وەک پارتی دیموکراتیی کوردستان هاوکاریەتی لە جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندایەدا.
چرۆ شوانیی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە ماڵپەڕی تەڤگەری ئازادیی راگەیاند، تورکیا مەبەستیەتی کە تەواوی ئەو ناوچانەی پێش پەیماننامەی لۆزان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیی بوون بیگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، باشووری کوردستانیش ناوچەیەکی ستراتیژییە و وەک دەروازەیەکە بۆ گەیشتن بەو ناوچانە.
وتیشی: بۆیە ئەم لەشکرکێشییانە بە بەردەوامیی بۆ سەر باشوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستانە، چونکە لەو دوو رێگەیەوە بەربەستی بۆ دروست کراوە، لە لایان بزوتنەوەی ئازادییەوە و ئەو بزوتنەوەی ئازادیی وەکو بەربەستێک راوەستاوە لەبەرامبەر ئەو هێرش و داگیرکارییە، هەربۆیە تورکیا بە تەواویی هێزی خۆیەوە هەموو چەکێکی قەدەغەکراو بەکاردێنێت دژی بزوتنەوەی ئازادیی و جیهانیش لێی بێدەنگە.
ئاماژەی بەو پێشێلکردنی مافە دەستوریی و یاساییەکان کرد و رایگەیاند: ئەو هێرشانەی کە بۆسەر خاکی کوردستان ئەکرێ سنوربەزاندنە، هێرشکردنە سەر سیادەی وڵاتێکە چونکە هەرێمی کوردستانیش سەر بە خاکی عێراقە و هێشتا لە ژێر سیادەی حکومەتێکی فیدڕاڵی داین، هەرچەندە ئێستا رۆژئاوای کوردستانیش حکومەتێکی سەربەخۆ و خۆسەری هەیە، بەڵام هێشتا لە چوارچێوەی سیادەی سوریا-یە، بۆیە کاتێک تورکیا سیادەی ئەم وڵاتانە پێشێل ئەکات، ئەوا پێچەوانەی هەموو یاسا و ڕێسا و مافە دەستورییەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتییشە.
ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی هێمای بۆ ئەوەشکرد”پیوستە گەل دەنگی خۆی یەک بخات و وابکات فشار بخاتە سەر لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێم و ناوەندیش بەرامبەر ئەو لەشکرکێشییانە بوەستنەوە، چونکە ئەوەی ئەکرێت هێرشە بۆ سەر سەروەریی عێراق، ئەتوانین لە رێگای بایکۆتی کاڵای تورکییەوە کاریگەرییمان هەبێ لەسەر ئابوریی ئەو داگیرکەرە، بۆ ئەوەش پێویستە جێگرەوەی ئەو کاڵایانەمان هەبێ کە ئەمەش کەمتەرخەمیی حکومەتە کە سەرەڕای ئەوەی ئەو هەموو داهات و خاک و ئاوە بەپیتەمان هەیە، بەڵام ئەو حکومەتە نەیتوانیوە ئابورییەکی وا پێشکەش بکات کە بتوانێت بە کاڵای خۆمان جێگرەوە بۆ کاڵای تورکیی دابین بکات.”