وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی لە بارەی سەردانی مەسرور بارزانیی بۆ تورکیا رایگەیاند، هیچ سیفەتێکی فەرمیی بۆ سەردانەکەی بارزانیی نییە، ناوەڕۆکی سەردانەکەی مەسرور بارزانیی بۆ تورکیا ئاشکرا نەکرێت بە زیان بۆ خەڵکی کوردستان ئەشکێتەوە.
جومعە کەریم وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە ماڵپەڕی تەڤگەری راگەیاند: دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای عێراق سەبارەت بە ناشەرعیی درێژکردنەوەی وادەی پارلمانی کوردستان و کۆتایی هاتنی ئەم خولەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە مەسرور بارزانیی سەرۆکایەتیی ئەکات، هیچ سیفەتێکی فەرمیی بۆ مەسرور بارزانی نییە؛ بەگوێرەی یاسا دەبێتەحکومەتی کار بەڕێکەر، واتا ناتوانی هیچ گریبەست و ئیتیفاقیاتێکی سیاسیی ئابوریی واژۆ بکات.
جەختیکردەوە: ئەمسەردانەش لە دەرەوەی سەردانێکی کاری نهێنیی و هاوبەشیی ئەردوغان و مەسرور بارزانیی زیاتر هیچی تر نییە، دەرئەنجامیشی بەخراپ ئەشکێتەوە لەسەر خەڵکی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم سەردانەش هیچ گرنگییەک یان دەستکەوتێکی سیاسیی و ئابوریی و دبلۆماتی نییە، چونکە بەتەنها رویشتووەو هیچ کەسێکی لە حکومەتەکەی نەبردوە، ئەوەش لەبەهای سەردانەکە کەم ئەکاتەوە، هەم لە ناوخۆی هەرێم و هەمیش لەدەرەوەی هەرێم.
جومعە کەریم باسی لەوەشکرد: سەردانەکە نەک دەستکەوتی سیاسیی و ئابوریی نابێت، بەڵکو بەزیانیش ئەشکێتەوە سەر خەڵک و هەرێمی کوردستان، چونکە ناچێتە هیچ چوارچێوەیەکی پەیوەندیی دبلۆماسیی و عادات و عورفی سەردانی نێودەوڵەتیی و شاندی فەرمییەوە.
وتیشی: لەبارەی هەرچی شتێکیش رێککەوتن بکرێت لەسەری و ئەگەر ئاشکرا نەکرێت، واتا زیانی بۆ خەڵکی کوردستان هەیە؛ خاڵێکی تری ئەمسەردان و سەردانەکانی تری مەسرور بارزانیی ئەوەیە، ناوەڕۆکی هیچ سەردانێکی بۆ رای گشتیی خەڵکی کوردستان ئاشکرا ناکرێت و هەر بەنهێنیی ئەمێنتەوە. ئەوەی وای کردوە خەڵک زیاتر متمانەی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەمێنی و بەگومانەوە بروانێتە کارەکانی، بەتایبەت لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، عێراقیش بەگومانەوە بڕوانێتە بۆچون و حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان.
وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی هێمای بۆ ئەوەشکرد، بەهۆی سەردانی مەسروبارزانیی بۆ تورکیا، ناکۆکیی لە ناو بنەماڵەی بارزانییدا دروست بووە و رایگەیاند: تەنانەت ئیستا کێشە کەوتووەتە نێوان سەرۆکی حکومەت و سەۆکی هەرێم، کامیان بچن بۆ تورکیا، بە تایبەت بۆ مەسەلەیەکی واگرنگ کە ئەویش دۆسێی نەوتە.