لەپێش نوسینگەی كەركوكی پارلمانی عێراق، ژمارەیەك لە مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەران لە بەشی كوردیی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای كەركوك، گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دژی رەتكردنەوەی گواستنەوەی راژەكانیان بۆسەر حكومەتی فیدڕاڵی دەستپێكرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تەڤگەر پرێس مامۆستایانی دژی ئەو هەوڵەی کە شكستیهێنا بۆ گواستنەوەیان بۆسەر حكومەتی فیدڕاڵیی گردبوونەوەو ناڕەزایەتییان دەربڕی.
مامۆستایان و فەرمانبەران، لە گردبوونەوەکەدا داوادەكەن، مووچەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمەوە بگوازرێتەوە سەر حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە بەغداد.
نوێنەرانی گردبوونەوەکە لە یاداشتێكیاندا ئاماژەیان بەوە کردوە، رێڕەوە هەڵەكەی پارلمانی عێراق راستبكرێتەوە كە مامۆستایانی ناوچە جێناكۆكەكانی كردوەتە ئامانج و رێگریی لەگواستنەوەی موچە و راژەكانیان بۆسەر حكومەتی فیدڕاڵیی دەكات.
لە یاداشتەکەدا ئەوەش هاتووە “ئەمە سەرەتایەك دەبێت بۆ پەیامەكەمان بۆ پارلمانتاران و حكومەتی عێراق، ئەگەر گوێمان لێنەگیرێت و داخوازیەكانمان جێبەجێنەكرێن، ناچارین پەنا ببەنە بەر رێگەی دیكە”.