ڕێکخراوی میزۆپۆتامیا ڕایگەیاند، تورەلی لەلایەن میتی تورکەوە شەهیدکراوە، داواش دەکەن حکومەتی هەرێم بە ئەرکی هەستێت و بکوژانی وڵاتپارێزان دەستگیربکەن و بارەگاکانی میتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دابخەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩/٤/٢٠٢٣ لە نوسینگەی خۆی لە شاری سلێمانی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، دژی تیرۆرکردنی حسێن تورەلی پەنابەری سیاسیی لە ناو فامیلی مۆڵی شاری دهۆکدا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیی سازدا.
موسا خالید، نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە سلێمانی و نوێنەری ڕێکخراوی میزۆپۆتامیا بە مێدیاکانی رایگەیاند: ١٧ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٨:٣٠ی شەو، حسێن تورەلی لە شاری دهۆک لە ناو فامیلی مۆڵدا لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن میتی تورکەوە تەقەی لێکرا و شەهیدیان کرد، ساڵێک لەمەوبەریش بەهەمان شێوە تەقەی لێکرا و برینداربوو، ئاسایشی دهۆک داوایان لێکردبوو ئەم هێرشە بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکات، هەڤاڵ حسێن وەک ئێمە پەنابەری سیاسییە و لەبەر زەبر و زەنگ و فشارەکانی دەوڵەتی تورک ڕووی کردووەتە باشووری کوردستان و ماوەی نۆ ساڵ بوو لە دهۆک دەژیا.
ئەوەشی وت: ماوەی دوو ساڵە میتی تورک بە ڕێگای تەلەفۆن یەک بەیەک، تەلەفۆن بۆ ئەندامەکانمان دەکات و هەڕەشەمان لێدەکات و هێرشمان دەکاتە سەر و ئەندامەکانمان تیرۆر دەکات، هاوڕێمان فەرهاد لە سلێمانی هەوڵی تیرۆرکردنی درا، هاوڕێمان شەهید زەکی چەلەبی لە سلێمانی تیرۆرکرا، هاوڕێمان شەهید یاسین بولوت لە ناو شاری سلێمانیدا تیرۆرکرا، تائێستا بکوژەکان نەدۆزراونەتەوە و دەستگیرنەکراون، هەموو بکوژەکان لەدوای ئەنجامدانی تاوانەکانیان هەڵهاتوون بۆ هەولێر لەوێ داڵدە دراون.
ئەوشی ئاشکراکرد: ساڵی پار لەناو گەنجان سیتی لەشاری هەولێر وڵاتپارێزێک تیرۆرکرا و تائێستاش لە میدیاکان باس نەکراوە و هیچ بەدواداچوونێکی بۆ نەکراوە، ئەوەتا تیرۆرکردنی شەهید حسێن تورەلیشی هاتە سەر، لەناو فامیلی مۆڵدا جێگەیەکی ئەوەندە پارێزراو، کە بە پاسەوان و کامێرا و ئامێری پشکنین تەندراوە.
نوێنەرکەی هەدەپە دەشڵێت: داواکاریمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بە ئەرکی خۆیان هەستن و بکوژەکان دەستگیربکەن و ئەوانەشی دەستگیرکراون بدرێنە داداگا و سزا بدرێن، هەروەها داواکارین بارەگا و ناوەندەکانی میتی تورک لە ناو شارەکانی باشووری کوردستان دابخەن، ئەوانەی ئەمڕۆ ئێمە دەکوژن سبەی ئێوەش دەکوژن ئەم هێرشانە بەتەنها بۆسەر ئێمە نییە بەڵکو بۆسەر هەموو کوردێکە لێرە.