چوارەمین کۆنفرانسی “بەگژدا چوونەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی” کە لە ژێر رۆشنایی فیکریی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالاندایە بەردەوامی هەیە، تیایدا ڕێگەچارەی قەیرانەکانی ژینگە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها بیرۆکەکانی ئەوە رێبەرە مرۆڤایەتی بەرەو ڕێگای ڕزگاریی ئاڕاستە دەکات خرانە بەر باس.
کۆنفرانسی زانستی “بەگژداچوونەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی” لە ساڵانی ٢٠١٢، ٢٠١٥ و ٢٠١٧ ئەنجامداراوە، لە جیهانی زانستی جێگرەوەدا دەنگدانەوەیەکی بەهێزی هەبووە، ئەمساڵیش چوارەمین زنجیرەی کۆنفرانسەکە بە ناونیشانی “ئێمە جیهانەکەی خۆمان دەوێتەوە” سەرباری ڕێگرییەکان، لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی هامبورگ بەڕێوەدەچێت.
لەژێر ڕۆشنایی فیکر و تێزەکانی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان، بە دروشمی “لەدژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی” زنجیرە پانێڵێک لەژێر ناونیشانەکانی “دەمانەوێت جیهانەکەمان ڕزگاربکەین”، “بەرەنگار ببەوە، بەدەستی بهێنە و دووبارە بنیادی بنێرەوە” و “خۆت پەروەردە و بەڕێکخستن بکە” لە دووەم ڕۆژدا بەردەوامی هەیە.
پانێڵی قڕکردنی ژینگەی کوردستان تا دێت زیاتر دەبێت
باسکردنی پرسی قڕکردنی ژینگەی کوردستان، یەکەم بابەتی کۆنفرانسەکە بوو، کە لەلایەن وتەبێژی جوڵانەوەی ئیکۆلۆژی میزۆپۆتامیا، دێریا ئاکیۆل، باسکرا، تێیدا سەرنج خرایە سەر قڕکردنی ژینگەی باکووری کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی دوژمنایەتی دەوڵەتی تورکیا، لەناوچوونی سروشت لە کوردستان خێراتر و زیاترە بەراورد بە وڵاتانی دیکە، وتی: دەوڵەتی تورکیا پڕۆژەیەکی ١٠٠ ساڵەی بۆ قڕکردنی ژینگە و سروشتی کوردستانی هەیە، کە دروستکردنی بەنداو، هەڵکەندنی کان و لەناوبردنی دارستانەکان لەخۆدەگرێت.
باسی لەوەکرد، ئەو پڕۆژە دوژمنکارییەی دەوڵەتی تورکیا، نەک تەنها ژینگە و سروشت لەناودەبات، بەڵکو فەرهەنگ و مێژووی کورد و مرۆڤایەتیش قڕ دەکات و نمونەی شاری مێژووی حەسەن کێف کە لە لیستی کولتووری یونسکۆدا تۆمارکرابوو.
ئاماژەی بەوەکرد ڕاستە سیاسەتی قڕکردنی ژینگە، سروشت و شوناسمان بەردەوام لە زیادبووندایە، بەڵام ئەوە ناگاتە ئەنجام، بە تێکۆشانی ژینگە دۆستان و ژنان بە فیکر و تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان لە دژی ئەو سیاستە دەوەستنەوە و کۆتایی پێدەهێنن.
نەجمەتین تورک، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی هامبۆرگ، بەناوی بزووتنەوەی ئیکۆلۆژیی میزۆپۆتامیا قسەی کرد و سەرنجی خستەسەر کردەوە سیستماتیکییەکانی دەوڵەتی تورک لەدژی جوگرافیای کوردستان و وتی: دەوڵەتی تورکیا دەیان ساڵە لەژێر ناوی پیشەسازی و گەشەپێدانی کوردستان سروشت قڕدەکات، ئاماژەی بەوەدا لەناوبردنی سروشت بووەتە قازانجی چەند کۆمپانیا و کەسانی دەوڵەمەند لە تورکیا.
هەروەها نەجمەدین تورک هەڵسەنگاندنی بۆ بەکارهێنانی سیستماتیکی چەکی کیمیایی لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان کرد و وتی، “چیاکانی کوردستانیش کورد لە بەرامبەر جینۆساید دەپارێزن”، دەوڵەتی تورک دەیەوێت پێکهاتەی کورد و خاکی کورد قڕ بکات.”
لە لایەکی دیکەوە، ئیکۆلۆژیست و چالاکوانی مافی مرۆڤ، داوید گراسوو، دەربارەی کارەکانی لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا، زانیاری لەسەر قەیرانی کەشوهەوا دا و ڕایگەیاند، کە بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد ئۆجالان دژی لەناوبردنەکانی “سیستەمی سەرمایەداریی” دەتوانێت ڕێگایەک بێت بۆ ڕزگاربوون و گەڕانەوە بۆ سروشت.
گراسوو باسی لەوە کرد ئەو ڕێبازە فەلسەفی و فیکرییەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پەرەی پێداوە، دەتوانێت جێگرەوەیەک بێت بۆ “مۆدێرنیتی سەرمایەداریی“.
گراسوو ئاشکرایکرد بە خەباتێکی هاوبەش لە سەر بنەمای تێزەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشان لە دژی “مۆدێرنیتی سەرمایەداریی” دەگاتە ئامانج.
قڕکردنی کۆمەڵگە، لەناوبردنی زانست و قڕکردنی ژن
لە پانێڵی دووەمدا هاڤین گونەسەر، یەکێک لە وتاردەرانی دەستپێشخەری نێودەوڵەتی ئازادیی بۆ ئۆجالان – ئاشتی لە کوردستان سەرپەرشتی پانێڵەکەی کرد، لە سەرەتادا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئەو کەسانە دەربڕی، کە سەرباری ڕێگرییە جدییەکان و داخستی هۆڵی کۆنفراس، پاشەکشەیان نەکرد و لە کۆتا ساتەکاندا کۆنفرانسەکەیان کردە واقع هەروەها سوپاسی وتاردەران، ئەنجوومەنی گەلی کورد، ئەنجومەنی ژنانی ڕۆژبین و کۆمیتەی گشتی خوێندکارانی زانکۆی هامبۆرگی کرد، کە بەشداربوون لە سازدانی کۆنفرانسەکەدا.
لە نێو وتاردەرەکاندا ڤیرۆنیکا مایۆ خوێندکاری فەلسەفە و خەڵکی شاری تۆرینۆ بوو، ئەو بە وتارەکەی “پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرەتایی لە کۆمەڵگەی سۆمەریدا” وەڵامی بانگەشەی توێژینەوەکانی کۆنفرانسی دایەوە، ڤیرۆنیکا بە ئاماژەدان بە فێمینیزمە ماتریالیستەکان و فۆکۆییەکان، وتی کە پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرەتایی تەنیا کەڵەکەبوونی سەرمایە نەبووە، بەڵکو کەڵەکەبوونی جیاوازی و دابەشبوونەکانیش وەک بنەمای پلەبەندی بووە، دەتوانرێت ئەوە بگەڕێتەوە بۆ میزۆپۆتامیا کۆن، کاتێک گەشەسەندنی کشتوکاڵ دەستی پێکرد- و دەسەڵاتی پیاوسالاری گەشەیسەند، دواتر بەدامەزراوەییکردنی پلەبەندی لە شێوەی دەوڵەتدا ڕێکخرا، مایۆ ئەم پرۆسەیەی بە باسکردنی نموونەی ئوروک لە میزۆپۆتامیای خوارەوە زیاتر شیکردەوە، باسی لەوەکرد داهێنانی کشتوکاڵی ئاواکردنی شار بەدوای خۆیدا هێنا، کە لەبەرامبەریشدا سیستەمێکی ئیداری ناوەندی، پەرستگا و دەسەڵات پێکدێت.
بۆیە بەبنەما گرتنی زانستی ژنناسی “ژنۆلۆژی” وەک چارەسەری ئەو گرفتانە و کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە توندڕەوە، پیاوسالارییەی پێشنیارکرد.