بۆ ڕا‎ی گشتی و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق

‎هەموو لایەک ئاگادارن ناوچەکەمان بە دۆخێکی ئاڵۆز و سەختدا تێ دەپەڕێت هۆکاری سەرەکیش سیاسەتی نا دیموکراتی و شەڕانگێزی و پاوانخوازی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ناوچەکە و هێزە بەرژەوەند خوازەکانە، دەوڵەتە سەرکوتکەرەکانی تورکیا و ئێران لە کاتێکدا ناتوانن وەڵامی کێشە و ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ناوخۆیان بدەنەوە دەیانەوێت بە کێشە و قەیران لە دەرەوەی سنوورەکان و دروستکردنی سیناریۆ و بیانووی بێ بنەما شەڕ و ئاژاوە و داگیرکاری لەسەر گەلی ئێمە جێبەجێ بکەن، دەوڵەتی نەتەوە پەرستی تورکیا بە هاوکاری و هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی زلهێزان لە یەک کاتدا هەڕەشەی هێرشکردن دەکەن بۆسەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، دوای ئەوەی سوپاکەی شکستی هێنا لە ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ گەریلای ئازادیدا لە چیاکانی کوردستان کەوتە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەخەکراو کە بووە هۆی ناڕەزایەتی لەئاستی هەرێمی و جیهانی، بۆ داپۆشینی ئەو ئابڕوو چوونەی جارێکی تر دەوڵەتی فاشیستی تورکیا کەوتە داتاشینی سیناریۆی تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ وەک بیانوویەک بۆ تاوانبارکردنی هێزە کوردییەکان و بەوەش شەوی ڕابردوو زنجیرەیەکی سەرتاسەری هێرش و بۆمببارانی لەسەر شار و شارۆچکەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێ کرد کە بە داخەوە کۆمەڵێک شەهید و. برینداری لێکەوتەوە کە لەناویاندا جگە لە سڤیل ڕۆژنامەوانێکی ڕاگەیاندنی ئازادیش شەهید بوو.

‎لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆ ماوەی دوو مانگە سەرهەڵدانێکی سەرتاسەری بە دروشمی ژن ژیان ئازادی بە پێشەنگیەتی ژنان و گەنجانی گەلی کورد و گەلانی ئێرانی دەستی پێکردووە و خۆسەریانە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر و فراوانتر دەبێت، دەوڵەتی ئێران لەجیاتی ملکەچکردن بۆ ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێران دێت هێرش دەکاتە سەر کەمپی هێزە نیشتەجێبووەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان بەو بیانووە دەیەوێت کێشەکانی ناوخۆی بهێنێتە دەرەوەی سنوور – هێرش و بۆمببارانەکانی ئێران و هێرشەکانی تورکیا لە کۆبانێ وە تا دەگاتە قەندیل و چیای ئاسۆس پەیامێکی دوژمنکارانەیە، بێدەنگی و بێ هەڵوێستی لەبەرامبەریدا دەچێتە قاڵبی خیانەت – هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتەکەی باشووری کوردستان لە لایەک لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانەدا هەڵسوکەوت دەکات و لە لایەک غەرقی گەندەڵی حوکمڕانی و پەرتەوازەیی سیاسی و سەربازییە لە لایەکی دیکەش لەو دۆخە هەستیارەدا ناکۆکی و دووبەرەکی بووەتە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر کۆی قەوارەی هەرێم و دەستکەوتەکانی گەل – بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ئەو هێزانە بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن لەو سیاسەتە وابەستەیی و خۆسەپێنی و پاوان کاریانە هیچیان دەست ناکەوێت جگە لە لاوازی و بێ هێزی و بچووکبوونەوە، پلانی داگیرکەران زۆر لەوە گەورەترە بەبێ دەنگی و بێ هەڵوێستی و خۆ سپاردنە هێزی بێگانە خۆی لێ بە دوور بگرن، ئاگرێکە هەمووان پێکەوە دەسووتێنێت – بۆ یە پێویستە هەرچی زووە لەئاستی نیشتمانی نەتەوەیدا ئاشتەوایی و دیالۆگی دیموکراتیانە دەست پێ بکات و پاراستنی کوردستان لە ڕۆژئاوا تا باشووری کوردستان بخرێتە ڕۆژەڤی گەل و هەموو هێزە سیاسییەکان.

‎ئەو دۆخە سیاسی و ئابووری و پەرتەوازەییە با بەس بێت گەلەکەمان تا سەر بە هەدەردانی دەستکەوت و خوێنی شەهیدەکانی قبووڵ ناکات و خاوەن داری لە خاک و سەروەری و کەرامەتی خۆی دەکات.

‎لەو چوارچێوەیەدا پێویستە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و عێراق پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵ، ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان جددیتر ڕۆڵی خۆیان ببینن لەبەرامبەر ئەو هێرش و پێشێلکارییانەی دەکرێتە سەر خاک و سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی

٢٠٢٢/١١/٢٠

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *