دوای ئەوەی چوار ڕۆژ پێش ئێستا، سوپای تورك دوو هاوڵاتی خەڵكی برادۆستی ڕفاند، لەئێستادا ئەو دوو هاوڵاتییەی گواستووەتەوە بۆ سەربازگەیەك لە هەرێمی شەمزینانی باكووری كوردستان.
سوپای دەوڵەتی داگیرکەری تورک، كۆتا ڕۆژەكانی ساڵی ٢٠٢١، لە گوندی دایلای لە ناوچەی برادۆستی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی “ئەکرەم خەلیل زکری و زێدان نەبی مستەفا”ی ڕفاند.
بەپێی زانیارییەكان ئەو دوو هاوڵاتییە دوای ڕفاندنیان، بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا ڕەوانەی سەربازگەی ڕووبارۆك لە هەرێمی شەمزینان لە باكووری كوردستان كراون، كە سەربازگەیەكی گەورەی دەوڵەتی توركە.
هەرچەندە چوار ڕۆژ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕبووە، بەڵام تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر ئەو پێشێلكارییەی دەوڵەتی توركدا هیچ هەڵوێستێكی نەبووە و هەروەها، هیچ ڕوونكردنەوەیەك لەسەر هۆكاری ڕفاندنیان بڵاونەكراوەتەوە.