پرۆفیسۆر گیۆرگ ئورنهایمەر رایگەیاند، بە گوێرەی بنەما نێونەتەوەییەکان گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەشکەنجەیە. ئورنهایمەر ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە دەوڵەتی تورک بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان و وتی، “وەک یەکەم هەنگاو پێویستە ئۆجالان ئازاد بکرێت”.
نزیکەی چوارساڵە هیچ هەواڵ زانیارییەک لەبارەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان-ەوە نازانرێت. لە بەرامبەردا گۆشەگیریی لە ئیمراڵی رێکخراوە و دامەزراوە پەیوەندییدارەکان بەتایبەتیی کۆمیتەی رێگریی لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) بێدەنگە.
پرۆفیسۆر گیۆرگ ئورنهایمەر، تا کاتی خانەنشینی وەک مامۆستای پەیوەندییە کولتورکییەکان لە کۆلێژی زانستە مرۆییەکانی زانکۆی کۆڵن کاری کردووە، قۆناغی گۆشەگیریی لە ئیمراڵی وەک ‘ئەشکەنجە’ ناو دەبات، گیورگ ئورنهایمەر ئەوەی خستەڕوو کە گۆشەگیریی رەها لە ئیمراڵی ‘بەهیچ جۆرێک ناتوانرێت رەوایەتیی پێبدرێت’ و وتی، پێویستە رێبەری گەلی کورد ئازاد بکرێت.
ئورنهایمەر ئەوەی خستەڕوو، کە ژمارەیەکی زۆر لە داواکارییەکانی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان رەتکراونەتەوە، یاخود وەڵامنەدراونەتەوە و ورایگەیاند، “دەسەڵاتی دادوەری تورک بە دەیان ساڵە عەبدوڵا ئۆجالانی لە ژوری تاکەکەسییدا راگرتووە، بە گوێرەی پێوەر و بنەما نێونەتەوەییەکان ئەوە ئەشکەنجەیە و مایەی قەبوڵکردن نییە. ئەوەندەی دەزانم عەبدوڵا ئۆجالان لایەنگری ئەوەیە کە لە نێوان کورددان و تورکاندا ئاشتیی بچەسپێت، بەڵام ئەگەر تائێستاش ئۆجالان پشتیوانیی لە خەباتی سەربازیی لەپێناو مافەکانی گەلی کورد بکات، دیسانیش گرتن و زیندانییکردنی ئەوە ناحەقیی و ناڕەوایە”.
پرۆفیسۆر ئورنهایمەر ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت گۆشەگیریی کۆتایی پێبهێندرێت و دانوستانەکانی ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ی بەبیرهێنایەوە. ئورنهایمەر باسی لەوەکرد، کە دەبێت تورکیا بگەڕێتەوە بۆ سەر رێگەی دانوستان و وەک هەنگاوی سەرەتاییش دەبێت ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکات. پرۆفیسۆر گیۆرگ ئورنهایمەر وتی، “رژێمی ئێستای تورکیا دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەر رێگەی ئەو دانوستانانەی بەر لە چەند ساڵێک لەگەڵ نوێنەرانی کورد ئەنجامیدابوون. هەنگاوی یەکەم و سەرەتاییش بۆ ئەوە ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالانە”.