دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان، بەبێ ئامادە بوونی پارێزەر و کەسوکاری شەهید شەماڵ، دانیشیتووە بڕیاری لە ئازادکردنی ئەو کەسانە داوە کە لەسەر دۆسییەکەی دەستگیرکراون وتەبێژی تەڤگەری ئازادییش دەڵێت: گوومانمان لە بڕیارەکە هەیە و دانیشتنەکە پێش وەختکراوە.
ئەمڕۆ، دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەسەر دۆسییەی شەهید شەماڵ دانیشتووە، بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر و کەسوکارەکەی، بڕیاڕی داوە ئەو کەسانەی لەسەر دۆسییەکە دەستگیرکراون، ئازاد بکرێن.
جومعە کەریم، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی رایگەیاند: دەبوایە دۆسییەی شەهید شەماڵ لە دادگا یەکلایی بکرایەتەوە، کە دۆسییەکی گرنگە، دەبوایە ئەمڕۆ دادوەر بە دادپەروەرانە ئەو کارەی بکردایە، بەڵام بە خێرایی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بەڕێوەبرد، تەنانەت ڕێگەی نەدا خانەوادە و پارێزەرەکەشی لە دانیشتنەکەدا ئامادە بن، بۆیە تێپەڕاندنی ئەم دۆسییەیە گوماناوییە.
وتیشی: داواکارین لە دادوەرەکانی ئەم سنوورە بە بەرپرسیارێتی زیاترەوە پێداچوونەوە بە دۆسییەکەدا بکەن و لێکۆڵینەوەی جدیتر لەو بابەتە بکەن، چونکە بابەتێکی هەستیارە، تیرۆرکردنێکی ئاسایی نییە و بەرپرسێکی باڵای پارتەکەی ئێمە بووە، ئەگەر ئەم دۆسییە بەم شێوەیە دابخرێت، لە داهاتوودا کاری تیرۆرستی تر ئەنجام دەدرێت و هیچ بەرامبەر تاوانبارەکانیش ناکرێت.
جومعە کەریم ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەر دوێنێ پارێزەرەکەمان پێی وتین دۆسییەکە کەم و کورتی تێدایە، ئەمڕۆش پێش ئەوەی پارێزەرەکەمان بگاتە دادگا ئەوان کۆتاییان بە هەموو شتێک هێناوە و پارێزەرەکەشمان سەری سوڕماوە، کە کاتەکەی پێشخراوە، بۆیە گومانمان هەیە و داوا دەکەین سەر لە نوێ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە بکرێت