ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی رایگەیاند: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری فاشیستی تورکیا، کە لە هەر شوێنێک دەستکەوتێکی کورد هەبێت چاوی پێدا هەڵنایەت و هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی دەدات.
چرۆ شوانیی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند: ێستا ئەو خۆبەڕێوەبەریەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، بووە بە کێشە بۆ دەوڵەتی تورکیا، ئەویش بەردەوام هێرشەکانی چڕ دەکاتەوە، نەک بۆ سەر ڕۆژئاوا بەڵکو بۆسەر باشووری کوردستانیش، وتیشی: تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ ژێرخانی ئابوورییەکەی بەرەو داڕووخان دەڕوات، چونکە هەموو ئابوورییەکەی تەرخان کردووە بۆ لێدان لە کورد.
“تا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بێت کورد بەهێزتر دەبێت”
ئەوەشی روونکردەوە، دەوڵەتی تورکیا بۆ شاردنەوەی شکستەکانی دەست دەکاتەوە بە هێرشەکانی بۆ سەر کورد، ئەوەش جێگەی ئاماژەیە هێرشەکانی ئەم چەند ڕۆژەی پێشووی بۆ سەر ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان بووە، لە هێرشەکانیشیدا هەموو بوارەکان دەکات بە ئامانج، تەنانەت لایەنی ڕۆشنبییریی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت دەوڵەتی تورکیا بە هیچ شێوەیەک پێشکەوتن و بوونی کوردی ناوێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بێت، زیندوو بوونەوەیەک لەناو کورددا هەیە، بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو خۆبەڕێوەبەریی و دەستکەوتەی کورد بەهێزتر دەبێت، بۆیە هێرشەکانیشی بۆ سەر ڕۆژئاوا شتێکی نامۆ نییە بە لای ئێمەی کوردەوە، تەنانەت ئێستا هێرشەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ناو جەرگەی شارەکانی باشووری کوردستان.
“بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکان دەبێت کورد یەکدەنگ بێت”
شوانیی باسی لەوەشکرد، “ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، چەندێک هێرشەکان چڕتر بێتەوە حکومەتی هەرێم و عێراقیش نایەنە دەنگ لەسەری، کە ئەو هێرشانە سنوری خاکیان بەزاندووە، ئەم بێ هەڵوێستیەش جێگەی پرسیارە، ئێمە چاوەڕێ لە کورد خۆی دەکەین بەرگریی لە خۆی بکات و خاوەن هەڵوێست بن و یەک بگرن، بۆ ئەوەی دەنگیان بگاتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، ئەو ناتەباییەی لەناو کوردا هەیە، پێویستە کۆتایی پێ بهێنرێت، ئەمەش بە هاتنە لای یەکی لایەنەکان دەبێت و دەبێت کورد هەڵویستی هەبێت بەرامبەر بە داگیرکارییەکان.