٣١ی ئاب و دوو جۆر کوردایەتیی

کامیار سابیر
١- پارتییەکان و ماڵباتی بارزانیی، پێیانوایە کە ئەوان قائید، رابەر و شێخی گەورەی کوردایەتیین. پێیانوایە ئەوان تەنیا دڵسۆز، غەمخۆر و پەرۆشی کوردایەتیین. هەموو مێژووی کوردایەتیی، لە سیی و چلەکانەوە تا ئێستا، لە مێژووی خەباتی سیاسیی و عەسکەریی خۆیاندا فۆرمەلە دەکەنەوە وخۆیان بە واریثی سیاسیی سەرجەم کەینونەی ناسیۆنالیزمی کوردیی دەزانن کە لە کوردایەتییدا، باڵاتریین فۆرمی ئەم ناسیۆنالیزمە ئێثنیکییە، بەرجەستە بووە. رای شەخصیی خۆم، ١٠٠٪ لەگەڵ ئەو تێگەیشتنەی پارتییدام و ئەو مافەیان دەدەمێ کە ئەم لافە وەطەنیی، قەومیی و نەژادییە لێ بدەن و بەڕاستییش هەر لە خۆیان دێت. ئارگیومێنتی من بەمشێوەیەیە: کوردایەتیی جگە لەو بیزنس و تیجاڕەتە گەورەیەی بە خوێنی صەدان هەزار ئینسانی کوردەوە کراوە لەسەردەمی مەلا موصطەفای بارزانییەوە تا کوڕو کوڕەزاکانی، شتێکی تر نییە. جگە لەم چەتەگەریی و تاڵانچییەتییەی کوردستان، جگە لە زەلیلکردنی ئینسانی کورد، جگە لە سووککردن و زەلیلکردنی ناوچەکانی سلێمانیی، باڵەکایەتیی( کە تەسلیمی پارتیی نابێت)، گەرمیان و کەرکوک ( هەولێریان داگییر کردووە) جگە لە کاری موخابەراتیی و عەمالەتی ئیقلیمیی، جگە لە دزییکردن لە سامانی نیشتمانیی ئەم گەلە سیاچارەیەی ناوی کوردە، شتێکی تر نە بووە و نە دەبێت.
٢- تێگەیشتنی بەرەکەی تر کە تێکەڵەیەکە لە ئەنتی پارتییەکان، پرۆ پارتییەکان( بەڵام بە دڵشکاویی)، هەروەها بەشێکی بەریین لە نەتەوەیی و نەژادییەکانی کورد، لە طائیفیی و قەومییەکانی کورد، لە فاشیستە نەژادییەکان و ئەکادیمیستە نەتەوەپەرستەکانی کوردستان و تاراوگە، تێگەیشتنی بەشێکی زۆر لە یەکێتییەکان، گۆڕانەکان( بەوانەی لە گردەکەیش دابەزیون)، نەوەی نوێ، نەتەوەییەکانی ناو هێزە ئیسلامییەکان( یەکگرتوو و کۆمەڵ)، شیوعییەکان( ئەوانەی چەپی نەتەوەیین) لەگەڵ ئەو کۆمیونیستانەی کەوتنە ناو پاقلەکەی ریفراندۆمەوە و بەڵێیان بۆ ئەجێندا موخابەراتییەکانی ئەردۆغان کرد، لەسەروو هەموویشیانەوە ئەو سیاسیی و شەهادەدارانەی، ئەو پاپارازیی و موبایەعەچییانەی لەبەرامبەر ئەم هەموو دزیی و پیاوکوشتن و مێژووە رەشەی کوردایەتییدا، بەهەموو عەقڵی ناسەلیمی خۆیانەوە داوای یەکێک لەم دوو لێکدانەوەیەی خوارەوە دەکەن:
ئەلف- پێیانوایە کە ئەو کوردایەتییەی لە ٣١ی ئابدا، پێش دەبابەکانی حیزبی بەعث و سوپاکەی صەدام کەوت، ئەوە کوردایەتییەکی موزەیەفە و پێویستە کوردایەتیی بخرێتەوە سەر رێگە راستەکەی خۆی، بۆ ئەوەی باڵاپۆشیی و ئەخلاقبەرزیی بدەنەوە بە نەهجی کوردایەتیی و سەرەنجام رەسەن و رووسپیی بکەنەوە. ئەمانە خۆیان لە جەلالییەکان، موعجیبیینی رێکخەری گشتیی کۆچکردووی گۆڕان، ئەو چەپ و ئیسلامییانەی کێرڤی نەتەوەپەرستییان بەرزبووەتەوە و وێڵن بە دوای بەدییلێکی تر کە جیاوازتر بێت لە کوردایەتییەکەی پارتیی…تاد، دەبییننەوە.
بێ- ئەو نەتەوەیی و نەژادییانە دەگرێتەوە کە پێیانوایە، ستراکتۆری ناسیۆنالیزمی کوردیی بە هۆی کوردایەتییەکەی پارتیی، یەکێتیی، دێمۆکراتییەکانی ئێران، کۆمەڵەکانی ئێران ، هەروەها ئەنەکەسە، حسک، گۆڕان و نەوەی نوێوە، لە مەترسییەکی گەورەدایە، پێویستە رۆحی نەتەوەییبوون زیندوو بکرێتەوە و حیزبی نەتەوەیی نوێ دابمەزرێ و گیانی حەماقەتی کوردایەتیی بەهێز بکرێتەوە. لەناو ئەمانەشدا، کەسانی تر هەن، رادیکاڵانەتر دەڕۆن و بە شوێن خورافەی ناسیۆنالیزمی مەدەنییەوەن کە مافەکانی کورد، تەعالا و تەجەلا(تَعَالَى و تَجَلَّى ) دەکەن، بەڵام گوێ بەو هەموو کەڵەگایی و چەتەگەرییە، بەو هەموو دزیی و هەژموونگەرییەی مەرجەعی ئەصیڵ( پارتیی و بارزانیی) نادەن، چونکە پێیانوایە، هەرچۆنێک بێت هەر کوردن، هەرچۆنێك بێت هەر ئەوان بیدزن و بیبڕن باشترە لەوەی عەرەب! بیدزن و بیبڕن.
بە باوەڕی من، بە تەنیا هەر ٣١ی ئاب، خیانەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی نییە، بەڵکو کوردایەتیی( بە هەموو جۆرەکانی ناسیۆنالیزمە تاڵانییەکەیەوە، بە مێژووی هەموو پیاوکوژە شۆڕشگێڕەکانی شاخەوە، بە ئەیلول و نوێ و گوڵانەوە، بە دزیی و تاڵانیی هەموو فۆرمەکانی کوردایەتییەوە) خیانەتە لە گوتاری سیاسیی کورد، خیانەتە لە ئەخلاقی سیاسیی و لە تێگەیشتنی ئینسانی کورد بۆ هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و بۆ خودی ژیان و کەرامەتی ئینسانی کورد.
ئاخر چۆن دەبێ، ٣١ ی ئاب، بە تەنیا خیانەت بێت لە کاتێکدا خودی چەمک و مەفهومی کوردایەتیی( بە جەڕاندنی زمانییەوە، کوردییەت= الکردیة، لەسەر وەزنی عەرەبییە= القومیة العربیة) لەسەر لاساییکردنەوەی فاشیزمی عوروبیی و قەومییەی عەرەبیی، هەروەها بەکارتێکردنی کولتووریی ناسیۆنالیزمی ئیتیحادوتەرەقیی( ناسیۆنالیزمی تورکیی)، گغوگاڵی دەست پێکردووە؟ کوردایەتیی، لە ئەربابەکانیەوە، لە کۆماری کوردستانەکەی قازیی محەمەدەوە( عەمالەت بۆ سۆڤێتییەکان و بە چاولێکەریی لە کۆماری ئاذەربایجان) بۆ شۆڕشە چەتەگەریی و عەمالەتەکەی ئەیلول، تا بە ٣١ ی ئاب دەگات، هەمووی خیانەت، عەمالەت و پرۆکسیی وڵاتانی ئیقلیمیی بوونە. لە ٣١ی ئابیشەوە، بۆ چۆڵکردنی شەنگال بۆ مەئمورەکانی ئەردۆغان( داعش)، بۆ حەماقەتی ریفراندۆمە پڕ لە عەمالەتەکە و سەرەنجامیش خۆدزیینەوە لە بەرکەوتەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و تەخوینکردنی بەرامبەرەکانیان، وێڕای دزیینی صەدان میلیارد دۆلار لە خەڵکی کوردستان، هەمووی بەسەریەکەوە، عەمالەت، پرۆکسییبوون و خیانەت، بوونە.
کەواتە، خیانەتی ٣١ی ئاب، خیانەتی کوردایەتیی چەواشە و کوردایەتیی درۆیینە و ناڕەسەن نییە، بەڵكو خیانەتی سەرجەم کەینونە و مەنظومەی کوردایەتییە. ئەها دەنگە دەنگێکی پاپارازیی پەیدابووە و دەڵێ بۆچی زۆریینەی یەکێتییەکان، گۆڕانەکان، یەکگرتووەکان، شیوعییەکان، بەشێکی کۆمەڵ و نەوەی نوێ و چەپەکانیش، هەروەها فوقەها و نوبەلا ئەکادیمییەکانی کورد، نوخبە موبایەعەچییەکان و رۆشنبییرە نەژادییەکان، بە رییز و بە جوملە دەبنەوە بە پارتیی؟ هۆکارە فیکریی و مادییەکانی، لەم دوو خاڵەی خوارەوەدان:
١- پارتیی، خاوەنی گوتاری کوردایەتییە، جا با بێ تێکست بێت و بە حیسابی هەندێ قەرەقۆزی ئەکادیمیی، گوتاری کوردایەتیی فۆرمەڵەی سیاسیی و فیکریی نەبووە، پارتیی ،خاوەنی ئەم گوتارەیە و هەموو جۆرەکانی تری کوردایەتیی، لە ژێر باڵەکانی خۆیدا کۆدەکاتەوە. کەمپەینی تەخوینەکەی بە هێزە و هەموویان لە کون دەنێت. ئەها، کوڕ و برازاکانی تاڵەبانیی، جورئەتی سیاسیی و فیکرییان( مەبەستم لە مێدیاکان و کادیرەکانیانە) نییە کە داکۆکیی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بکەن، هەروەکو تاڵەبانیی، عەلی عەسکەریی، شێخ شەهاب و شەهید ئارام و نەوشیروانیش، جورئەتی سیاسیی و فیکرییان نەبوو، دیفاع لە ٦٦ بکەن؟!
لە کاتێکدا، جاشایەتییەکەی ئەیلول، عەمالەتێکی ئیقلیمیی بوو بۆ دەسگای موخابەراتیی ئێرانیی، ئیسرائیلیی و جیهانیی دەکرا، بەڵام ئەوەی ٦٦ بۆ حکومەتی عێراق بوو کە کوردستانی عێراق، جیۆگرافیایەک لە سیادەی خۆی بوو. لەبەرامبەردا، کوردایەتیی ئۆریجناڵ، دیفاع لەو جاشایەتییە دەکات کە بۆ شاهەنشای ئێرانیی کرد، بۆ رژێمی ئیسلامیی ئێرانی کرد کە کوردەکانی ئێرانی راوەدوو دەنا، تێرۆری دەکردن قۆنتەراتی کۆنترۆڵکردنەوەی کوردستانی ئێرانی بۆ ئێران، دەکرد. دیفاع لەو جاشایەتییە ئیقلیمییە دەکات بۆ صەدام و ٣١ی ئاب و ئێستایش بۆ تورکیای ئەردۆغانیی دەکات. تەنانەت، ٣١ی ئاب، وەکو گەورەتریین شکۆ و مەفخەرەی کوردایەتیی لە بازاڕ دەنێت. لە بەرامبەرییشدا کامپەکەی تر، واقیان وڕماوە و هەر خەریکی هەڵماقۆکردنن بە کوردایەتییەکی پاک و بێگەردی شاعیرانەوە. خەریکی وڕێنەی نەژادیی و طائیفیین بە فۆرمە لیبڕاڵییەکەی ناسیۆنالیزمە نەرم و نییانەکەی خەیاڵدانی خورافیی خۆیانەوە.
٢- پارتیی، دەستی بەسەر شادەماری ئابووریی و دیپلۆماسییدا گرتووە و یەکێتیی ئەوەندە بچووک کردووەتەوە، منداڵ و تەواڵ بە رابواردنەوە دەڵێن” کوڕەکانی تاڵەبانیی خەریکی بازرگانیی هێلکە و پەنیری ئێرانیین، پارتیی هەموو کوردستانی دزیی” . لە کاتێکدا پارتیی و ماڵی بارزانیی، نەوت و غازی چەمچەماڵ، گەرمیان و شوێنەکانی بن دەسەڵاتی یەکێتییش بە ناوی پرۆژەی ئیستیحماری ئابوورییەوە( سەربەخۆیی ئابووریی ) بە تورکیا و کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان دەفرۆشێت. لە رەهەندی ئابووریی و ئیقتیصادی سیاسییدا، لێکدانەوەی ئەمە بەمجۆرەیە”rentierism should not be under any serious challenge” بە واتای ئەوە دێت کە ویلایەتە رەیعخۆرەکەی( رێنتایەریزم)پارتیی و کوردایەتیی موحەقەق ئەصیڵ، نابێ بکەوێتە ژێر هیچ تەحەدایەکی جدییەوە”. بە واتایەکی تر، بەو رەیعە زۆرەی پارتیی لە دزیینی سامانی نیشتمانیی دەستی دەکەوێت، هەروەها بە کەمپەینی تەخوین لە تۆپخانەکەی کوردایەتییەوە، زۆریینەی هەرە زۆری ئەوانەی سەرەوە بەلای پارتیی و ماڵی بارزانییدا دەهێنێت، بە گێزەری رەیع بێت، یان بە حەسیرمەیدانی تەخوینی کوردایەتیی بێت. جا با هەر قییڕەقییڕی ناسیۆنالیزمی نەژادیی و مەدەنیی و مۆدێرن بکەن و بڵێن پارتیی گوتاری کوردایەتیی حەقیقیی، بەلاڕێدا بردووە. سەرەنجامیش هەر ٣١ ئی ئاب بە تەنیا خیانەت نییە بەڵکو سەرجەم فۆرمەکانی کوردایەتیی؛ خیانەتن.
ئەو وتارەی سەرەوە ساڵی ٢٠١٩ نووسراوە.

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *