خواکورک ههنگاوێکی تره به‌ره‌و داگیرکردنی کوردستان
ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
دوژمنانی گەلی کوردستان لە پێش ھەموویانەوە رژێمی رەگەزپەرست و شۆڤێنیستی تورکیا رۆژانە سنووری باشووری کوردستان ئەبەزێنن و به تۆپ و فرۆکه‌ی جه‌نگی تۆپ بارانی چیا‌و دۆڵ و ئاوایی و شارۆچکه‌و هه‌موو ناوچەکانی ئەکەن و، پاشان ئاره‌زوومه‌ندانه و به‌بێ ترس له ناو خاکی کوردستان ته‌راتێن ئه‌که‌ن.
تورکیا له ساڵی 1992 توانی به هاوکاری راسته‌وخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان له سنوری پاریزگای دهۆک وهه‌ولێر چه‌ندان بنکه‌ی سه‌ربازی و باره‌گای سیخوری دابمه‌زرێنێت و، له 19 خاڵی جیاجیای خاکی باشووری کوردستان خۆی قایم وجێگیر بکات و، وا نزیکه‌ی مانگێکه له خواکورک هێرشێکی به‌رفراوانی به پانی 50 کیلۆمه‌تر و، به قولایی 30 کیلۆمه‌تر ئه‌نجامئه‌دات.
تورکیا به هۆێ ئه‌و بنکانهو، بردنی نه‌وتی کوردستان به‌بێ به‌رامبه‌ر، بووه‌ته خاوه‌ن ماڵ و، بەرپرسەکانی لای خۆمان بە گەرمی پێشوازییان لێئەکەن و، هه‌ستیان ئه‌پارێزن، نه‌وه‌ک زویر ببن، بۆ نموونه له رۆژی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی ڤالا فه‌رید سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان برگه‌کانی به‌رنامه‌ی رێ و ره‌سمه‌که‌ی خوێنده‌وه‌و، له یه‌کێک له برگه‌کان په‌یوه‌ست بوو به سرودی ئه‌ی ره‌قیب به‌ڵام له به‌ر خاتری چاوش ئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا پرگهی : ئه‌ی ره‌قیب لابرا، نه‌وه‌ک په‌رده‌ی گوێی "" قه‌رداش"" بدرێ.
ئه‌وه‌ی زانراوه ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌کاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌که‌ی ساڵی 2017 که مافێکی سه‌ره‌تایی و ئاسایی و یاسایی گه‌لی کوردستانه، هه‌ڵوێستێکی دوژمنانه‌ی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی کوردستان نواند، له داخستنی ده‌روازه سنوریه‌کان و، قه‌ده‌غه‌کردنی هاتووچۆ له نێوان هه‌رێم و تورکیا‌و، راگرتنی گه‌شته ئاسمانییه‌کان و، به‌و کرده‌وه‌یه‌ش شۆڤینییه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی ئیخوان ئه‌لموسلمین، له گه‌ڵ شۆڤینییه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی دژ به گه‌لی کوردستان یه‌کیان گرته‌وه.
له‌م دواییهداو، له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق دووجار سه‌ردانی تورکیای کرد‌و، له گه‌ڵ ئه‌ردۆگان کۆبووه‌وه‌و، له پاش گفتوگۆکانی رژێمی تورکیا به ئۆپراسیۆنێکی چه‌په‌ڵ ناوی (چنگ) ی لێناوه هێرشی کرده سه‌ر خواکورک و، بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه له ساڵی 2011 به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک وه‌زێران بوو له کاتی هاتنی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان رایگه‌یاند :
ئه‌وه سه‌ردانێکی مێژووییه ئه‌ردۆگان دێته فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێرو له‌وێوه له زۆرێک له بواره‌کانی وه‌ک ( وزه‌و نه‌وت و گازه ) وه چاوپێکه‌وتن ئه‌نجامده‌ده‌ین و خۆشم به خۆشحاڵ ده‌زانم که من به‌شێکم له‌م قۆناغه، لێره‌دا روون و ئاشکرایه گفتوگۆکان له سه‌ر سه‌روه‌ری وڵات نییه، به‌ڵکو له سه‌ر وزه‌و و نه‌وت و گازه‌و، ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌یه سه‌دام حوسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی و چڵکاوخۆره‌کانی به تۆپ و فرۆکه‌ی جه‌نگی و که‌ره‌سه‌ی سه‌ربازی مۆدێرن، نه‌یانتوانی بێنه خواکورک به‌ڵام له‌مرۆدا ئه‌ردۆگان و رژێمی تورکیا به هۆی ئاسانکاری و پێشوازی گه‌رم له لایه‌ن به‌رپرسانی پارتی، سوپای تورکیا سه‌ربه‌ستانه خواکورک داگیر ئه‌کات بۆ ئه‌وه‌ی کوردستان بکه‌وێته ژێر رکێف و ده‌سه‌لاتی دوژمنانی کوردستان.
له پاش تێکۆشانێکی سه‌خت و، قوربانییه‌کی زۆر‌و، به یارمه‌تی هێزی ده‌ره‌کی کوردستان له چنگی عروبه و به‌عس و رژێمی دیکتاتۆری به‌غدا رزگاری بوو، به‌ڵام له سه‌ره‌تای شه‌رێ خۆبه‌زێنی دوو حزبه زلهێزه‌که‌ی کوردستان پارتی و یه‌کێتی و، ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی، تورکیا توانی له ناو خاکی کوردستان چه‌ندان بنکه‌ی سه‌ربازی و باره‌گای سیخوری دابمه‌زرێنێت و، جێپێی خوی قایم بکات و، هه‌موو خه‌یرو به‌ره‌که‌ت و سامانی کوردستان بۆ گه‌روی که‌مالیستییه‌کان بروات.
هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر خواکورک زۆر مه‌ترسیداره چونکه له لایه‌ک حکومه‌تی عێراق و حکومه‌تی کوردستان کر که‌وتوون و بێده‌نگن و، له لایه‌کی تره‌وه تورکیا که‌نترۆڵی ناوچه‌کانی ده‌هۆک و هه‌ولێری کردووه‌و، هه‌وڵ ئه‌دات بنکه‌و موڵگه‌کانی پێکه‌وه ببه‌ستێته‌وه‌و، ئه‌و کات به‌رپرسانی تورکیا له کوردستان ئه‌بن به باڵاده‌ست و، له خاوه‌ن ماڵ ئه‌بن به ئاغا‌و میرو به‌گ.
جێی رێسوایی و شه‌رمه‌زارییه هه‌رێمی کوردستان هیچ وه‌ڵامێکی نییه‌و ، بێده‌نگه‌و، هیچ کوردستانییه‌کی خاوه‌ن شه‌ره‌ف و که‌رامه‌ت حه‌ز به ملکه‌چی ناکات و، کاتی ئه‌وه هاتووه به ده‌نگی دلێرو زوڵاڵ بڵێن: تورکیا بۆ ده‌ره‌وه.