ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیی، لە ساڵیادی ئەنفالدا لەپێناو ڕێگریی کردن لە کۆمەڵکوژی گەلی کورد داوای یەکێتی نەتەوەیی دەکات.
جینۆسایدی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان کە یەکێک لە پاکتاوکارییەکانی گەلی کوردە بە ئەنفال ناودەبرێت، یەكێكه لە گەورەترین ئەو تاوانانەی لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە لەدژی گەلی کورد ئەنجامدرا، ئهنفال پرۆسهیهكی نهخشه بۆداڕێژراوی رژێمی بهعس بوو بۆ سڕینهوهو لەناوبردنی نهتهوەی كورد بوو و گشت ئاسەوار و شوێنهوارێكی كۆمهڵایهتیی و مرۆڤایهتیی و ئابوریی و کولتوریی كۆمهڵگهی كوردیی کرایە ئامانج، ئهم پرۆسهیه له شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دهستی پێکرد و لە هەشت قۆناغدا کۆتایی هات، شەش ناوچهی جوگرافیای جیاوازی کوردستانی گرتەوە و تیایدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار هاوڵاتی کورد ئەنفال کران.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ١٤ی نیسان ٢٠٢٣، لە ٣٥هەمین ساڵڕۆژی پرۆسەی مەرگەساتی ئەنفال، ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بارەگەی خۆی لە شارەکە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازدا، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا عومەر حاجی حوسێن بەناوی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادییەوە قسەی کرد.
“دڕندەترین و نامرۆڤایەتیترین کۆمەڵەکوژی بەرامبەر کورد ئەنجامدراوە”
عومەر حاجی بەناوی تەڤگەری ئازایی هەرێمی کەرکوک وتی: “لە ٣٥هەمین ساڵیادی پرۆسەی بەدناو ‘ئەنفال’ لەم رۆژەدا گەلەکەمان ڕووبەڕووی دڕندەترین و نامرۆڤانەترین کۆمەڵەکوژی بووەوە، لەم رۆژەدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ شەهیدانی تەواوی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان، بەداخەوە کە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان کوشتنی گەلی کوردیان بە ڕێگەپێدراو(حەلال) بینیوە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ئیستاش کۆمەڵکوژی گەلی کورد نابینن لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان کە ئەمەش شەرمەزارییەکی گەورەیە بەنێوچاوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە کە بێدەنگە لە بەرامبەر بەردەوامی کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد“.
“حکومەت لە ئاست مافی قوربانیان کەمتەرخەم بووە”
هەروەها سەبارەت بە کەموکوڕییەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئاستی مافی قوربانیان ئەنفال، عومەر حاجی حوسێن ڕایگەیاند “ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادیی ڕەخنەی کەموکوڕییەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین کە کەمتەرخەم بوونە لە ئاست مافی قوربانیان ئەنفال، کە بەجدی هەوڵیان نەداوە روفاتی قوربانیان بەگەڕێندرێنەوە کوردستان، وەکو پێویست هەوڵی بەجینۆساید ناساندنی کەیسی ئەنفال نەدراوە و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان فشار بخاتەسەر حکومەتی عێراق تا ببێتە ئەندام لە دادگای نێودەوڵەتی تا جارێکی دیکە کۆمەڵکوژی بەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە“.
“لەپێناو بەرژەدەوندییەکانیان زلهێزەکان ڕێگە بە کۆمەڵکوژی کورد دەدەن”
هەروەها سەبارەت بە بەردەوامی کۆمەڵکوژییەکانی داگیرکەرانی دژ بە گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەر ڕایگەیاند: “کۆمەڵکوژی سەر گەلی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە بەردەوامە و بەشیوەی جۆراوجۆر گەلی کرد کۆمەڵکوژ دەکرێت، بەداخەوە لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە کڕین و فرۆشتن بەخوێنی رۆڵەی کوردەوە دەکرێت و ڕێگە بە کۆمەڵکوژی کورد دەدرێت، گەلی کورد کە رۆڵی سەرەکی هەبووە لە شارستانیەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ کۆمەڵکوژ دەکرێت“.
“بە هزری نەتەوەی دیموکرات پێش لە کۆمەڵکوژی گەلان دەگرین”
هەروەها ناوبراو ووتیشی: “بە گەلی کورد و گەلانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگەیەنین کە تاکە ڕێگە بۆ دووبارە نەبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکان، خۆ ڕێکخستنە لەچوارچیوەی هزر و فەلسفەی کۆنفیدراڵزمی دیموکراتی لەپێناو بۆ خۆبەڕێوەبردنی دیموکراسی، ئەمە چارسەرییەکی گونجاوە بۆ سارێژبوونی برینەکانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەسەر بنەمای هزر و فەلسفەی ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئۆجەلان لەچوارچیوەی هزری نەتەوەی دیموکرات کیشەکان چارەسەر دەبن و برینەکان سارێژ دەبن، وە پێش لە کۆمەڵکوژی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت“.
“ڕێککەوتنە ژێر بەژێرەکانی داگیرکەران شەرمەزار دەکەین”
لەکۆتایدا عومەری حاجی حوسێن باسی لە گرنگی یەکێتی گەلی کورد کرد بۆ ڕێگری لە کۆمەڵکوژی و وتی: “لە کۆتایدا جارێکی دیکە ئەم کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەی گەلی کورد شەرمەزار دەکەین، وە سەری ڕێزو نەوازش بۆ تەواوی شەهیدان دەداەنوێنین، داواش لە گەلەکەمان دەکەین یەکێتی گەلی کورد دروست بکەن، وە تەواوی ڕێکەوتنە ژێر بەژێرەکانی داگیرکەران ئیدانە و شەرمەزار دەکەین کە ئەو ڕێکەوتنانە چارەسەر نیە، تەنها ڕێگە بۆ چارەسەری دۆزی ڕەوای گەڵی کورد و گەلانی ناوچەکە ئاشتی و پێکەوەژیانە”.