شاندی ڕۆژئاوای کوردستان بەسەرۆکایەتى ئیلهام ئەحمەد، سەردانی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کرد و لەبارەی ئاستی ئامادەیی ژنانی باشوور بۆ پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی ژنان و چەند تەوەرێکی تر گفتوگۆیان کرد.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە ٥/٤/٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی، ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات سەردانی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستانی كرد، لەلایەن تارا حسێن هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادیی و بانوو هەڵەبجەیی ئەندامی ڕێكخراوی ژنانی ئازادیی كوردستان پێشوازی لێكرا.
ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات، رایگەیاند: لەسەردانەکەماندا بۆ ئێرە ئامانجمان زانینی ڕەوشی ژنانی باشوور و ئاستی ئامادەییانە بۆ پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی، ژنان نزیکی یەکن تەنیا پێوتسمان بە میکانیزمێکە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانمان، تا بتوانین تێکۆشانێكی هاوبەش بۆ ژنان بەڕێوەببەین.
وتیشی: باری ژنان قورسە، بەڵام لە باشوور قورسییەکە دوو ئەوەندەیە، ڕۆژەڤە گرێدراوەکان بە ژنەوە وایانکردوە پێویست بە دروستکردنی حزبێکی ژنان بکات، لەبەر ئەوە ئەم بابەتەمان لەگەڵ ئەو ژنانە تاوتوێکرد کە سەردانمان کردون، بینیمان ژنان هەیەجان و خواستیان بۆ ئەو پێشنیارە هەیە و کێشەکانی خۆشیان دەزانن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵێک ڕێگری هەیە لەبەردەم یەکبوونی ژنانی هەرچوارپارچەی کوردستان و هەنگاوی جدی بۆبەشداربوونی ژنان لە سیاسەت و پایەکانی دیکەی ژیان، ئەو هێرش و دەستێوەردانانە دەرەکییانەی لەسەر باشووری کوردستان هەیە بەشێکن لە ڕێگرییەکان.