تارا حسێن و سەلام عەبدوڵلا هاوسەرۆکانی گشتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان داوایەکی بەپەلە لە هێزە ئەمنییەکان دەکەن.
ڕۆژی هەینی ١٠/٢/٢٠٢٣ لە تەکییەی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، لە ژێر دروشمی “وەرنە جەنگی ئازادی، کات کاتی ئازادییە، گەنجان فیدای ڕیبەر ئاپۆنە” ڕیپێوانێکیان بۆ ئیدانەکردنی پیلانگێڕی ۱٥ی شوباتی دژی ڕێبەر ئۆجالان ئەنجامدا. پاشان لە لایەن هێزێکی ئەمنیی هێرش دەکرێتە سەر خۆپیشاندەران و بە وتەی ڕێکخەرانی چالاکییەکە نۆ گەنجیان دەستگیرکردووە و تا ئێستا بێ سەروشوێنن. هەر بەم هۆیەوە هاوسەرۆکانی گشتی تەڤگەری ئازادیی ئازادیی تارا حسێن و سەلام عەبدوللا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و داوایان کرد هەرچی زووە دەستگیرکراوان ئازاد بکرێن.
ئەمەس دەقی بەیاننامەکە…
داوای هەرچی زووە ئازادی بۆ گەنجان دەكەین
ئەم ڕۆژانە بەرەو ڕۆژی ڕەش پازدەی شوبات دەچین ٢٤ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە سەر ڕێبەری ئاشتیخوازمان، ئەم ڕۆژانە بۆ گەلی كورد و ئازادیخوازان و بزوتنەوەی ئازادی یادێكی تاڵ و ڕەشن و ساڵانە بە هەزاران چالاكی جیاجیا لەم ڕۆژانەدا بەڕیوەدەچێت، سەدان كەس خۆیان كردە قوربانی بۆ ئەم ڕۆژە و ئامادەی گیان بەخشینن، ئەوانەی لەم ڕۆژانە ئاستەنگی بۆ چالاكیەكان بكەن هەمیشە تەنها شەرمەزاریان بۆ ماوەتەوە لە هەر كوێیەكی كوردستان یان دەرەوەی وڵاتیش بوبن، چونكە ئەم ڕۆژانە ڕۆژی سازش و پاشگەز بونەوە نین و. باجەكەی هەرچی بێت ئازادیخوازان دەیدەن، ئومێدەوارم چالاكیەكانی ئەمساڵ بە باشی وبێ گرفتی بەڕێوەبچێت، هێزە ئەمنیەكانیش چ لە باشور چ لەهەر شوێنێكیتر هاوكار بن نەك دژبەر، چونكە دژبەرایەتی ئەم ڕۆژانە تەنها خزمەت بە داگیركاران و دوژمنان دەكات، دژی هێڵی پێكەوەیی و بەرژەوەندی گەلەكەمانە ،
دوێنێ شەو كە گەنجان چالاكی بە مەشخەڵیان لە شارۆچكەی تەكیە كردووە، لەلایەن ئاسایشی چەمچەماڵەوە هێرشیان كراوەتە سەر و ئەوەی دیارە تا ئێستا (٩) نۆ گەنج بێ سەروشوێنن، هەر ئێستا ئازادی بۆ ئەو گەنجانە داوا دەكەین، چونكە چالاكیەكی مەدەنی دیموكراتی بێ كێشە وگرفتیان كردووە، هێشتنەوەیان لە زیندانەكاندا بێ واتایە و خزمەت بە دۆزی ڕەوامان ناكات.
هاوسەرۆكانی گشتی تەڤگەری ئازادی
سەلام عەبدوڵا
تارا حسێن