لەپەنا دیواری ئەکادیمییەوە؛سێرەگرتن لەتێکۆشانی ئازادیی

کرتەبکە بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە

لەپەنا دیواری ئەکادیمییەوە؛

سێرەگرتن لەتێکۆشانی ئازادیی

(گرفتە زیهنی- دەروونییەکانی د.بورهان یاسین)

وەڵامنامە

نووسینی:

دیار سیروان بیلال

1. دوو وتە
2. سەبارەت بە پێشەکییەکەی د.بورهان
3. لەپەنا دیواری ئەکادیمیبوونەوە سێرەگرتن لە تێکۆشانی ئازادییدا
4. سەبارەت بە تێکۆشانی گەلی فەلەستین و ئەزموونە شکستخواردووەکەی فەتح
5. سەبارەت بە ئەزموونی تێکۆشانی گەریلایی پەکەکە
6. سەبارەت بە چەمکی لوبنانیکردن
7. دەرئەنجامەکەی د.بورهان
8. دەرئەنجام

1. دوو وتە

-١-

لە مێژوو و ئەمڕۆشدا؛ بە ژمارە کەم نین ئەو ناوەندە ئاکادیمیی و زانستیی و ئەو کەسە ئەکادیمسیێن و نووسەرانەی کەوا خزمەتێکی بێسنووریان بە سیستەمی دەسەڵاتگەرا و دەوڵەتگەرا و رەوتە فاشیستی و شۆڤێنیستی و رەگەزگەرا و نەژادپەرستەکان و داگیرکارانی وڵاتەکەیان کردووە و لەمیانەی توێژینەوەی بەناو ئەکادیمی و زانستییەوە رەوایەتیان پێداون و بەهێزیان کردوون و پشتیوانیان لێکردوون. هەروەها لە ئاستی کوردستانیشدا لە مێژوو و ئەمڕۆشدا کەم نین ئەو رۆشنبیر و نووسەرانەی لەخزمەت داگیرکاریی و چینە باڵادەستە خائین و بەکرێگیراو و ستەمکار و گەندەڵ و پاشڤەڕۆییەکەی کورددا بوونە و هێشتاش بێ شەرمانە دەیکەن. ئەمە پەتا و دەردێکی کوشندەی ئەنتلێنجێسایە (رۆشنبیرە) کە بەدرێژایی مێژوو تا بە ئەمڕۆ دەگات رۆڵیان لە هێشتنەوە و بەهێزکردن و خۆسەپاندنی ئەو سیستەم و رەوت و چینە پاوانخواز و دەسەڵاتخوازانەدا بینیوە. بەمەش ئەنتلێنجێسا و ناوەندە ئەکادیمیا و زانستییەکان چەندە بەرگی پیرۆزیی و ئەقڵانییەتیان پۆشیبێت و دەمامکی رۆشنبیربوون و ئەکادیمیبوون و زانستیبوونیان لە رووخساریان دابێت، بەڵام دواجار هەر لەگەڵ داڕووخان و لەناوچوونی ئەو سیستەم و رەوت و چینەدا ئەو کراس و دەمامکانە لەبەر ئەو توێژەدا داماڵراون و راستینەیان ئاشکرا بووە و کەوتوونەتە بەر خۆری راستیی و حەقیقەتەکان. ئەگەر ئەمە لەئاستی مێژوودا، لەپانتایی جیهاندا راستییەک بووبێت، ئەوا لە کوردستانیشدا ئەمە پێویستی بە هەوڵێکی زۆرترە تا ئەو کراس و دەمامکە لە جەستە و رووخساری ئەو توێژە مفتەخۆر و مشەخۆر و بێویژدان و بێ پرەنسیپە داماڵرێت. مسۆگەر ئەمەش تەنیا لەرێگەی کردنەوەی کۆدەکانی ئەقڵییەت و دەروونی ئەو توێژە و شیکردنەوەیان دەتوانرێت هەوڵەکان ئەنجامگیر ببن.

گرنگە بپرسین؛ ئەم توێژی رۆشنبیرە، بۆچی بەو ئاقارەدا ئاراستەگیر دەبن، کە دژ بە گەل و کۆمەڵگەکەی خۆیان و شۆڕش و بزاڤە ئازادیخوازەکانی بن؟ چ هۆکارێک لەپشت ئەم ئاراستەگیربوونەیانەوە هەیە؟ ئایا هەر تەنیا بەرژەوەندیخوازیی و ئیمتیازخوازیی  شەخسی و تایبەت دەکرێ ببنە هۆکاریی سەرەکی رۆیشتنیان بەو ئاقارەدا؟ یان دەکرێ گرفتێکی زیهنیش هەبێت تا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان یەکانگیر ببنەوە و ببنە پاڵنەریان؟ بەم ئاراستەگیربوونەیان بەرەو کوێ دەچن و لە چ سەنگەرێکدا خۆیان دەبیننەوە؟ لەبەر ئەوەی ئەمە بابەتی بنچینەیی ئەم نووسینەم نییە، نامەوێ بە فراوانی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە، بەڵام ئەگەر زۆر بە پووختی بێت، ئەوا دەتوانم بڵێم؛ غەفڵەت و غەفڵەتبوون سەرچاوە و هۆکاری بنچینەیی ئەو ئاراستەگیربوونەیە. غەفڵەت چییە؟ گرفتێکی زیهنییە، دەرکنەکردنە بە راستینەی مێژوویی و ئێستایی کۆمەڵگە و گەلەکەی خۆی، دەرکنەکردن بەوەی کۆمەڵگە و گەلەکەی بەم دۆخەی خۆیەوە بەرەو کوێ دەچێت و چی لێبەسەر دێت. هەروەها دەرکنەکردن بە راستینەی ئەو هێز و پۆتانسێڵەی کە وەک دووژمن و دژبەری ئەو کۆمەڵگە و گەلە هەن. تەنانەت دەرکنەکردنە بە رۆڵ و پێگە و پەیام  و ئەرک و مافەکانی خۆی وەک مرۆڤ و توێژێکی نێو کۆمەڵگە، کە دەکرێ بەم دەرککردنە ببنە ویژدانی کۆمەڵگە و بەرجەستەکاری بەها مەعنەویی و فیکریی و جوانناسیی و داهێنانەکان بکەن لەنێو کۆمەڵگەدا. مسۆگەر دەرککردن بۆخۆی ئاستی بەرزی هۆشیاریی دەخاتەڕوو، ئاستێکی زیهنیی باڵای هۆشیارییە، دەرکنەکردنیش گرفتێکی زیهنیی و ئاستی نزمی ناهۆشیارییە. بۆیە غەفڵەت واتا پەتایەکی زیهنیی و دەرکنەکردن و نزمیی ئاستی هۆشیاریی. باشە چۆن دەبێت رۆشنبیر بێت و ئاستی هۆشیاریی و دەرککردنەکەی ئەوەندە نزم بێت تا بکەوێتە غەفڵەتەوە؟. خۆی گرفتە زیهنییە بنچینەییەکە لەم خاڵەدا خۆی شاردۆتەوە، کە هەم رۆشنبیر بیت و هەمیش لە غەفڵەتدا بیت، ئەمە دۆخێکی پارادۆکسیی سەیرە و تەنانەت گەلێک رۆشنبیری وەک عەزراپاوەند و هایدگەریش تێیکەوتوون، کە پشتیوانیان لە فاشیزمکردووە.

رەنگبێ مرۆڤ هەندێک واتا بەوە بدات کە مرۆڤێکی ئاسایی دەرەوەی کایەی رۆشنبیریی دووچاری غەفڵەت ببێت و لەغەفڵەتدا بیربکاتەوە و هەڵسوکەوت بکات، بەڵام ئەمە قورسە و تراژیدی-کۆمیدیایە بۆ رۆشنبیرێک بکەوێتە نێو غەفڵەتەوە و دۆخی غەفڵەتگیریی ببێتە دۆخە ئاساییەکەی ژیانی و بیرکردنەوەی و کارەکانی. چونکە غەفڵەت و رۆشنبیری هەروا بەئاسانی بەیەکەوە ئاوێتە نابن، لەبەرئەوەی عیلە و مەعلولی نەهێشتنی یەکترن، ناکۆکن بەیەکەوە و هەروا بەبێ گرفتێکی زیهنی نابنە دووانەیەکی پارادۆکسی لەیەک زیهن و کەسێتییدا. بۆیە رۆشنبیرێکی غافڵ زیاتر جێی رەخنەیە تا کەسێکی ئاسایی دەرەوەی کایەی رۆشنبیریی.ئەگەر لەم رووەوە هانا بۆ چەمکی نەزانی و پۆلینکارییەکەی سوقرات ببەین باشتر ئەو هەڵوەستەیەمان رووندەبێتەوە. سوقرات نەزانی بۆ دوو دۆخ پۆلین دەکات، کە ئەویش نەزانی سادە(جهل البسيط) و نەزانی تێکچڕژاو(جهل المركب)ە. دۆخی نەزانی سادە مرۆڤەکە دەزانێت کە نازانێت، کە ئەمەش بۆخۆی زانین و دەرککردنێکی زۆر گرنگ و مەزنە. بۆیە بەم هۆیەوە دەتوانێت ئیدی هەوڵبدات و بیزانێت و پلە بەپلە ئاستی زانینەکەی و دەرککردنەکانی بەرز و بەرزتر بکاتەوە. بەڵام لە دۆخی نەزانی تێکچڕژاودا مرۆڤەکە نازانێت کە نازانێت، هەر پێی وایە کە دەزانێت. بۆیە تا دێت ئاستی نەزانییەکەی قووڵتر و فراوانتر دەبێت، ئاستی زانینەکەیشی نزم و نزمتر دەبێتەوە.

بەڵام پێم وایە کە دۆخێکی تری نەزانیش هەیە، کە دەکرێ بە دۆخی سێیەمی نەزانی ناوزەد و پۆلینی بکەین، کە ئەویش دۆخی نەزانیی دۆگمایی(جهل الدوغمائي)ە. ئەم دۆخەش نەک هەر نازانێت کە نایزانێت، نەک هەر کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانینەکەی خۆی و رزگاربوون لەو نەزانییە ناکات، بەڵکو لەرووی بیرکردنەوەوە چەقدەبەستێ و زۆر پێداگرییش لەسەر زانایی خۆی دەکاتەوە و بەشێوەی رەها پەیوەستە بە بۆچوون و راکانییەوە و دەیەوێت بەسەر ئەویتر و ئەوانیتریشدا بیسەپێنێت. جا نەزانیی دۆگماییکوشندەترین جۆری نەزانییە. چونکە پێی وایە هەموو راستییەکان لای ئەوە و نوێنەراتی هەموو راستییەکان دەکات. ئەوەی جێی تێڕامانە؛ نەزانی بەهەر سێ رەهەندەکەیەوە کراوەیە بۆ تووشبوون بە پەتای فۆبیا و فۆبیابوونەوە.

هەروەها ئەگەر ئەو پۆلینکارییەی سوقرات لەگەڵ پۆلینکارییەکی رێبەر ئۆجەلاندا بێنینە لای یەکترەوە ئەوا رەنگبێ وێناکەی زانین و نەزانین(کە غەفڵەت شێوەیەکی نەزانییە) باشتر روون ببێتەوە. رێبەر ئۆجەلان جیاوازیی لەنێوان زانین(معرفة) و تێگەیشتن(فهم) دەکات، بەوەی زانین کەڵەکەبووی رێژەیەکی کەم یان زۆری رووت(مجردزانیارییەکانە و پەیوەست نییە بەوەی چەندە و چۆن کرداری لێدەکەوێتەوە یان نا. هەرچی تێگەیشتنیشە ئەوەیە کە ئەو زانیارییە کەڵەکەبووانە چەندە و چۆن لەرووی کرداریی و بەجێهێنانییەوە لە ژیان و بیرکردنەوە و کار و هەڵسوکەوتدا رەنگدەداتەوە. واتا ئەگەر زانین زانیاریی کەڵەکەبووی رووت بێت ئەوا تێگەیشتن زانیاریی بەکرداریکراو و بەرجەستەکراوە. رادەی تێگەیشتن پەیوەستە بە رادەی زانیاریی بەکرداریکراو. هەر لەم روانگەیەوە “ئازادی”ی هەر تەنیا پەیوەست نییە بە رادەی زانینی رووتەوە، بەڵکو ئازادی، وەک سپینۆزا پێی وایە، راستەوراست پەیوەستە بە تێگەیشتنەوە. واتا ئازادیی؛ تێگەیشتن و بەرپرسیارێتییە. رادەی تێگەیشتن و بەرپرسیارێتییەکانت رادەی ئازادیتە. ئیدی مرۆڤی ئازاد ئەو مرۆڤەیە کە ئاستێک لە تێگەیشتن و بەرپرسیارێتی هەیە، جا ئەو مرۆڤە لە زینداندا بێت یان لەدەرەوەی زیندان، لەهەر کات و سەردەمێکدا بێتو لەهەر پێگەیەکیشدا بێت. مرۆڤی کۆیلەش ئەو مرۆڤەیە کەمترین ئاستی تێگەیشتنی هەیە و کەمترین بەرپرسیارێتیش لەئەستۆ دەگرێت، جا لەهەر کوێیەک و لەهەر کات و سەردەمێکدا بێت و لەهەر پێگەیەکیشدا بێت. لێرەوە دەکرێ چەمکی “ئیرادە” و “ئیرادەبوون”یش پەیوەستبکەین بە چەمکی زانین و تێگەیشتن و ئازادییەوە، کە ئەو وزە و باوەڕیی و هێزەیە کەوا مرۆڤی خاوەن ئیرادە لەپانتاییەکدا ئازادییەکەی بەرجەستە دەکات. مرۆڤی بێ ئیرادەش خاڵییە لە زانین و تێگەیشتن و ئازادییەوە، کە دواجار بەرەو کۆیلەبوونی دەبات…  

جا کاتێک ئەم جۆرە پۆلینکاریی و تێگەیشتنە لە زانین و نەزانی، ئازادیی و کۆیلەییە بێین و دۆخی رۆشنبیری نەزان (غافیل)یپێبێوین رەنگبێ باشتر لە دۆخەکە تێبگەین و کێشە و گرفتەکە روونتر دەستنیشان بکەین.

جا کێشە گەورەکە هەر لەوەدا راناوەستێت، بەردەوامبوون لەغەفڵەت بە ئاقارێکی مەترسیدارتردا دەچێت، کە ئەویش پێی دەڵێن؛ خیانەتی رۆشنبیران. چ پەیوەندییەک لەنێوان غەفڵەت و خیانەتدا هەیە؟ غەفڵەت بۆخۆی دەرگە و دەروازەی چوونە نێو خیانەتەوەیە، پردی دۆزەخ بە بەردەکانی غەفڵەت چنراوە. واتا نانی خیانەت لەهەویری غەفڵەت شێلراوە، نەک هەر خیانەت، وەک ئەفڵاتوون دەڵێت؛ سەرچاوەی هەموو تاوانەکان نەزانییە، هەڵبەتە نەزانیش ئاستێکی غەفڵەتبوونە. من ئەوەشی دەخەمەسەر کە سەرچاوەی نەزانییش لاوازی پەروەردە، دژەپەروەردە و خۆپەروەردە نەکردنە(خۆڕۆشنبیرنەکردن و خۆهۆشیارنەکردنەوەیە)، کە دواجار بەواتای ناهۆشیاریی دێت. ناهۆشیارییش گرفتێکی زیهنیی قووڵە و بەهۆی سرووشتی پێکهاتەیی زیهنییشەوە، هەروا بە ئاسانی و لەخۆیەوە مرۆڤی تووشبوو بەو گرفتەوە لێی رزگار نابێت، رەنگبێ مرۆڤی تووشبووی ئەم گرفتە تا ئاستی فۆبیابوون بەوەی لێی لەغەفڵەت دایە، بچێت. مخابن لاپەڕەکانی مێژوو پڕیەتی لەو رۆشنبیرە غەفڵەتگیر و غافڵ و نەزانانە، جا یان ئەوەتا لە خەوی غەفڵەتدا وەئاگا هاتوونەتەوە و دەرکیان بە دۆخەکەی خۆیان و ئینجا دۆخی کۆمەڵگە و گەلەکەیان و دووژمنەکەیان کردووە و جارێکی تر بوونەتەوە ویژدانی کۆمەڵگە و گەلەکەیان، یانیش هەر لەو خەوە غەفڵەتگیرییەی خۆیانەوە پەڕیونەتەوە نێو زەڵکاوی خیانەتەوە، یاخود نە وەئاگادێتەوە و نە خیانەتیش دەکات بەڵکو هەر لەغەفڵەتدا دەمێنێتەوە و دەژیت. زۆر سەبارەت بە غەفڵەت و خیانەتی رۆشنبیران نووسراوە و بە پێویستیی نازانم لێرە درێژە بەم باسە بدەم. با ئەوەش بڵێم؛ نە غەفڵەت و نە خیانەتیش دوو دەستەواژەی تۆمەتبەخشین یان دەستەواژەی بارگاوی بە جنێوداریی نین، بەڵکو دوو دۆخی کۆمەڵایەتیین، کە دەکرێ رەوتێک، بزووتنەوەیەک و حیزبێک، یان رۆشنبیرێک، سەرکردەیەک و سیاسییەک و هەر کەسێتییەکی تری نێو کۆمەڵگەش تێیبکەوێت.

-٢-

لەم ماوەیەدا و لەیادی قەڵەمبازی ١٥ی ئابی تێکۆشانی گەریلاییتەڤگەری ئازادیی کوردستان، د.بورهان یاسین لەنێو دوو کەوانەدا(توێژینەوە)یەکی بەناوی “بە لوبنانکردنی هەرێمی کوردستان”بڵاوکردۆتەوە. دیارە بڵاوکردنەوەی ئەو (توێژینەوە)یەی لەیادێکی وەهادا مسۆگەر بێ مەبەست نییە، د.بورهان پێشتریش لە ساڵانی رابردوودا لە ساڵوەگەڕەکانی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا زنجیرەیەک سیمینار لەسەر وازهێنانی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دەوڵەتی سەربەخۆ رێکخستووە. کەواتە دەبێت لەبڵاوکردنەوەی وتار و سیمینار و توێژینەوەکانی لەسەر پەکەکە و رێبەر و بیرمەندی تێکۆشانی ئازادیی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا، هیچیان رێکەوت نەبن. ئەوەشمان لەبیرە کاتێک کە پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکەی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ روویدا و لەمیانەیدا رێبەرئۆجەلان رادەستی تورکیا کرایەوە، د. بوڕهان و چەند رۆشنبیرێکی تری باشوور بەیاننامەیەکی توندیان دژ بە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان بڵاوکردەوە .

باشە دەبێت گرفتی د.بورهان یاسین چی بێت ئاوا زیاتر لە ٢٥ ساڵە بێوچان خەریکی سەنگەرگرتن و تیرهاوێشتنە لە تێکۆشانی ئازادیی پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان؟! ئەمە لەکاتێکدا مرۆڤی ئەکادیمی لەڕێگەی میتۆدی ئەکادیمییەوە دەبێت گرفتەکان شیبکاتەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتیانەیان بۆ بکات، رێگە لەبەردەم چارەسەرکردنی گرفتەکان بکاتەوە، کە ئەمە لایەنی کەمی ئەرکی لەپێشینەی ئەکادیمیبوون و میتۆدی ئەکادیمییە. ئەی بۆ د.بورهان پەیوەست نییە بەم پرەنسیپە ئەخلاقی و زانستییەی ئەکادیمیبوونەوە؟! ئەمە پرسە بنچینەییەکەیە کە دەبێت بە وردی قسەی لەسەر بکرێت و بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

لێرەدا؛ دەکرێ ئەو (توێژینەوە)یەی بەناوی “بەلوبنانیکردنی هەرێمی کوردستان” وەک نموونەیەک وەربگرین و وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە د.بورهان بۆ پەیوەست نییە بە پرەنسیپە ئەخلاقی و زانستییەکانی ئەکادیمییبوونەوە؟! با ئەوەش بپرسین؛ ئایا د.بورهان یاسین لەچی و بەچی گرفتارە؟ مسۆگەر بەپێویستی نابینم بچمە نێو بنج و بنەوانی گرفت و مەسەلە کەسییەکانی د.بورهان و هەڵوێستە سیاسییەکانی لە باشووردا، دەمێک لایەنگری دەسەڵاتی باشوور و دەمێکیتر سواربوونی شەپۆڵی ئۆپۆزسیۆن و ناڕەزاییەتییەکانی خەڵکی باشوور… ئەمانە لەم نووسینەدا جێی نابێتەوە و پێویستیش نییە.

ئەو (توێژینەوە)یەی د.بورهان یاسین لە پێشەکییەک و سێ بەش پێکهاتووە. هەوڵدەدەم لەمیانەی هەندێک رەخنە و سەرنجەوە لەسەر ئەو توێژینەوەیەی و هەندێکجاریش دەچمە سەر سیمینارەکەی دانیمارک وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەمەوە.

.سەبارەت بە پێشەکییەکەی د.بورهان

د.بورهان پێشەکییەکی درێژی بۆ (توێژینەوە)کەی نووسیوە کە سێیەکی (توێژینەوە)کەیەتی. باشە، ئەم پێشەکییە درێژە بۆ؟ چونکە خودی پێشەکییەکە ئەسڵ و کرۆکی بابەتەکەی د.بورهانە. گرفتی د.بورهان لە پێشەکییەکەیەوە دەستپێدەکات. دەکرێ ئەو گرفتەی د.بورهان بە گرفتێکی زیهنی-گرێیەکی دەروونی خودی د.بورهان ناوزەدی بکەین. چونکە د.بورهان لە پێشەکییەکەیدا یەکسەر داوامانلێدەکات کە نەکەوینە نێو هەردوو بەرەی “لەگەڵبوون” یان “دژبوون”ی تێکۆشانی پەکەکەوە. کار بە لۆژیکی رەش یان سپی نەکەین. بەڵام گرفت و گرێیەکەی د.بورهان ئەوەیە پێش هەر سیمینار و نووسینێکیدا خۆی یەکلاییکردۆتەوە کە دژ بە رێباز و تێکۆشانی پەکەکە و پارادیگمای نوێی رێبەر ئۆجەلان بێت. پێشتر بڕیاری داوە کە دەرئەنجامی سیمینار و (توێژینەوە)کانی دەبێت دژ بە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان بێت. پەیامی بنچینەیی و کرۆک و ئامانجی هەموو سیمینار و نووسینەکانی د.بورهان لەسەر تێکۆشانی ئازادیی، سەنگەرگرتنە لە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان. ناویشی لەم سەنگەرگرتنەشی ناوە توێژینەوە و رەخنەکردنی ئەکادیمی. باشە د.بورهان بۆ وادەکات؟

1. هەم لە سەرەتای سیمینارەکەیدا و هەمیش لە پێشەکیی ئەم (توێژینەوە)یدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو ئایدیۆلۆژیانە لە مەسەلەکان نزیکنابێتەوە و لێی ناڕوانێت. بەڵام ئەو خۆی لیبرالیستانە و بە ئایدیۆلۆژیای لیبرالیزم دەڕوانێتە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و تێکۆشانەکەی. لەوانەیە بتوانێت خۆی هەڵبخەڵەتێنێت و بڵێت من ئایدیۆلۆژیست نیم، بەڵام ناتوانێت خوێنەری هۆشیار بەوە بخەڵەتێنێت کە بیرکردنەوە و بۆچوونەکانی ئایدیۆلۆژیستانەی لیبراڵیستانە نییە. نەک هەر ئایدیۆلۆژیستێکی لیبراڵە، بەڵکو لەقووڵایی ئەم ئایدیۆلۆژیایەدا غەرق بووە و تێیدا خنکاوە. هەر لە روانگەی ئەو بۆ چەمکی دەوڵەت و دەوڵەت-نەتەوە و چەپ و سۆسیالیزم و ئەنارکیزمەوە تا دەگاتە مەسەلەی خەباتی چەکداریی و گەریلایی و بەرگری رەوا و زۆر چەمک و بابەتی تر کە لە سیمینارەکەی و ئەم (توێژینەوە)یەدا، تەواو ئایدیۆلۆژیستانە و بە ئایدیۆلۆژیای لیبرالیزمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بیردەکاتەوە و لێیان دەڕوانێت. بێگومان، سەنگەرگرتن و هاویشتنی تیرەکانی بۆ تێکۆشانی ئازادییش بەرلەهەمووشتێک سەنگەرگرتنێکی ئایدیۆلۆژیانەیە و ئەمە زۆر بە روونی پێیەوە دیارە. ئەوەی د.بورهان دەیکات، بەر لەوەی سەنگەرگرتن بێت لە پەکەکە، بەرگریکردنییەتی لە ئایدیۆلۆژیاکەی خۆی و ئەو سیستەمەی لەسەر بنەمای ئەو ئایدیۆلۆژیایە بونیادنراوە، کە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. هەڵبەتە لێرەدا مرۆڤ ماف بە خۆی نادات بڵێت؛ د.بورهان بۆ هەڵگری ئەم ئایدیۆلۆژیایەیت؟ بۆ باوەڕت بە لیبراڵیزم هەیە و دڵت بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی خۆشە و بۆی لێدەدات و لیبڕاڵیستانە سەنگەرت لە فیکر و فەلسەفە و تێکۆشانەکەی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە گرتووە. چونکە ئایدیۆلۆژیا و پارادیگمای لیبرالیزم کە د.بورهانیش هەڵگرییەتی- لەگەڵ ئایدیۆلۆژیا و پارادیگمای رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە تەواو و جەوهەرییانە لەیەک جیاوازن و تەنانەت تەواو لەگەڵ یەکتریدا ناکۆکیشن. بەڵام ئەوەی کە دەبێت لێی بپرسرێت و رەخنەی لێبگیردرێت ئەوەیە کە تۆ ئایدیۆلۆژیست بیت و هەڵگری ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزم بیت، کەچی بێیت و بیشاریتەوە و بڵێیت؛ “من ئایدیۆلۆژیست نیم و ئایدیۆلۆژیانە بیر ناکەمەوە و من توێژینەوەی ئەکادیمیی دەکەم”!!. ئەمە خاڵێکی جەوهەریی گرنگە، کە سەنگەرگرتنەکەی د.بورهان هەروا بێلایەنانە و بێ مەبەست و بێ ئامانجیش نییە. جا ئەمە دەرکی پێدەکات یان نا، ئەمە گرفتی خۆیەتی.

2. د.بورهان لە من باشتر دەزانێت کە پرەنسیپێکی بنچینەیی هەر توێژینەوەیەک دەبێت بێلایەنی بێت. هەر بابەتێک بچێتە ژێر شەنوکەوکردن و تاوتوێکردنی ئەکادیمییەوە دەبێت رەخنەکردن “بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنی”یەکانی بابەتە توێژینەوە بۆکراودا تێبپەڕێت. کەچی د.بورهان ئەم پرەنسیپە ئەخلاقی و زانستییەی ئەکادیمیاییبوون و توێژینەوەی زانستی پێشێل دەکات و بە ئێمەی خوێنەر دەڵێت؛ پێویستە لەدەرەوەی ئەم دوو بەرەی “لەگەڵبوون” و “دژبوون”ی پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان بین. بەڵام خۆی وەک پێشداوەرییەک بڕیاری خۆی داوە و لەبەرەی “دژبوون”دا جێی خۆی گرتووە. هەم ئەم توێژینەوەیەی و هەمیش سیمینارەکانی لەسەر پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان گەواهی ئەو خۆیەکلاییکردنەوەیەی د.بورهان دەدەن. کەواتە د.بورهان یەکێک لە پرەنسیپە ئەخلاقی و زانستییەکانی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمییبوونی لەدەستداوە. با هەندێکی تر بە وردی لەسەر پێشێلکردنی ئەو پرەنسیپانە لەلایەن د.بورهانەوە قسە بکەین.

3. پرەنسیپێکی تری توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمییبوون ناوهێنانی هەر شتێکە بەناوی ئەسڵی خۆیەوە. هەرشتێک چ ناوێکی هەبێت، دەبێت بەو ناوە ناوزەد بکرێت. نەک توێژەر خۆی چۆنی دەوێت وەها ناو لە شتەکان و بابەتە توێژینەوە بۆکراوەکەدا بنێت. هەر لە مانشێتەکەوە و لە کۆی (توێژینەوە)کەیدا بە تێکۆشەرانی چەکهەڵگرتووی پەکەکە دەڵێت (چەکداران)، ئەمە لەکاتێکدا ناوی ئەو تێکۆشەرانە گەریلایە. گەریلا لە زانستی سەربازیی و شەڕناسیدا نە پێشمەرگەن، نە هێزی سوپای نیزامیین، نە میلیشیا و چەکدارن. بەڵکو ئەوانە پارتیزانن و ناویان “گەریلا”یە. د.بورهان باش دەزانێت دەستەواژەی “چەکدار” یان “چەکداران” دەکرێ بۆ هەموو کەسێک یان کەسانێک کە چەکیان هەڵگرتووە بگووترێت “چەکدار” یان “چەکداران”، جا چۆن و بۆ هەڵیانگرتووە گرنگ نییە. ئەم دەستەواژەیە دەستەواژەیەکی بێلایەن نییە. ناونانی کەسێک یان کەسانێک کە هیچ ناسنامەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی و رێکخستنییان نەبێت ئاساییە بە چەکدار ناوزدە بکرێن. بەڵام گەریلاکانی پەکەکە خاوەن ناسنامەیەکی ئایدیۆلۆژیی، سیاسی، رێکخستنی و بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی خۆیانن. لەپێناو ئامانجێکی دیاریکراودا کە ئازادیی و بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد و گەلانی خۆرهەڵاتی ناوینە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی خۆیان دەستپێکردووە و دژ بە فاشیزم و داگیرکاریی و سیستەمی ناتۆ لە تێکۆشان و بەرخۆدان دان. گەریلاکان کەسانێک نین بە چەکدار یان چەکداران ناوزەد بکرێن، وەک راگەیاندنەکانی پەدەکە و هەندێک راگەیاندنی تری کوردی وەها ناوزەدیان دەکەن. ئایا توێژینەوەی زانستی رێگە بە د.بورهان دەدات بەو تێکۆشەر و شۆڕشگێڕانە بڵێت چەکدار؟! خۆ د.بورهان باش دەزانێت لە کوردەواریی بە کەسێک یان کەسانێک دەگووترێت چەکدار کە تەنیا چەکهەڵگرن، دەکرێ بە کۆمەڵێک دز و مرۆڤکوژ و چەتە و جاشیش بگووترێت “چەکدار” باشە بۆ د.بورهان گەریلاکانی پەکەکە بەناوی خۆیانەوە ناوزەدیان ناکات و پێیاندەڵێت چەکدار؟ ئەگەر ئەمە سووکایەتی و بێڕێزیکردن نەبێت بە گەریلا چییە؟! ئەگەر ئەمە چوونە بەرەی دژبوون”ی پەکەکە نەبێت چییە؟! د.بورهان خۆ دەزانێت تەنیا راگەیاندنەکانی پارتی(پەدەکە) و هەندێک لە ئیسلامییە ئیخوانییەکان بە گەریلاکانی پەکەکە دەڵێن چەکدارانی پەکەکە. راگەیاندنەکانی تورکیای فاشیستیش دەڵێن: “تیرۆریستان”. کە لەناواخنی هەردوو دەستەواژەدا ناوزڕاندن و لێسەندنەوەی ناسنامە ئایدیۆلۆژیی و سیاسی و رێکخستنییەکەی گەریلایە. جۆرێک لە تەشهیرکردن و سوکایەتیکردنە بە گەریلا. لێرەدا د.بورهان ئەگەر رەخنەی لەسەر گەریلاش هەیە دەتوانێت رەخنەی خۆی بکات و بڵێت؛ فڵان رەخنە و فیسار رەخنەم لەسەر گەریلای پەکەکە و تێکۆشانەکانیان هەیە. بەڵام کەس ئەو مافەی بە د.بورهان نەداوە بە گەریلا بڵێت چەکدار. راستە گەریلاش چەکی هەڵگرتووە، بەڵام ناوێکی لەخۆی ناوە و خۆی پێناسەکردووە و خۆی لەهەموو جۆرە چەکدارییەکی دیکە جیاکردۆتەوە. تەنانەت خۆی لە دەستەواژەی پێشمەرگەش جیاکردۆتەوە کە پێشمەرگایەتی لەرووی پۆلێنکردنەوە دەچێتە نێو لیتەراتۆری “نیمچە پارتیزانی- نیمچە نیزامی”یەوە. بەڵام گەریلایەتی نیمچەیی نییە، بەڵکو دەچێتە نێو لیتەراتۆری “پارتیزانی”یەوە و هەر خودی پارتیزانێتییە. بەڵام د. بورهان وەک راگەیاندنەکانی پەدەکە بە گەریلا دەڵێت؛ چەکدارانی پەکەکە. وەک ئەوەی گەریلا کەسانی چەکداری بێ فیکر و بێ پڕەنسیپ و بێ رێکخستن و بێ سیاسەت و بێ پەروەردە بن!!

4. هەر توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر هەر بابەت و هەر بزووتنەوەیەک بکرێت مەرجێکی بنچینەیی میتۆدی زانستی ئەوەیە کە لە توێژینەوەکەیدا پشت بە سەرچاوەی ئەسڵی ئەو بابەتە و ئەو بزووتنەوە توێژینەوە لەسەرکراوەکە ببەستێت. نەک بۆ ئەوەی تەئیدی ئەو سەرچاوەیە بکات، بەڵکو بۆ ئەوەی کە باسی بزووتنەوەیەک دەکەیت و توێژینەوەی لەسەر دەکەیت ئەو بزووتنەوەیە بۆچوون و فیکری خۆی لەسەر ئەو بابەت و مژارە هەیە کە کەسی توێژەر توێژینەوەکەی لەسەر کردووە. بۆ نموونە؛ چۆن دەکرێ زنجیرەیەک سیمینار لەسەر تێزەکانی ئۆجەلان سەبارەت بە نەتەوە، دەوڵەت-نەتەوە، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی رێبەر ئۆجەلان بکەیت و کەچی یەک سەرچاوەی خودی رێبەر ئۆجەلانیش بەکارنەهێنیت؟! ئایا ئەمە لەکوێی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمییبووندا جێی دەبێتەوە؟ زۆر مەرجە کە توێژەر را و بۆچوون و فیکری ئەو بزووتنەوەیە و خودی ئەو کەسەش دەرهەق بەو بابەتە وەک سەرچاوە بەبنەما وەربگیرێت و توێژینەوەی لەسەر بکرێت جا چ بە رەتکردنەوە و پووچەڵکردنەوەی را و بۆچوون و فیکرەکانی بزووتنەوەکە بێت یان بە تەئیدکردن و راستبینینی. ئەمە مەرجێکی بنچینەیی هەر توێژینەوەیەکی زانستیی بێلایەنە. ئێستا لەوانەیە د.بورهان بڵێت:” جا وەرە ئەو کابرایە من فێری مەرجەکانی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمییبوون دەکات. منێک کە دکتۆرام هەیە و پسپۆڕم، ئەوە کێیە دەیەوێت من فێربکات؟!” من دەزانم کە د.بورهان باش لە مەرجەکانی توێژینەوەی زانستی دەزانێت، بەڵام گرفتەکەی د.بورهان لەوەدا نییە کە نایزانێت، بەڵکو گرفتەکەی لەوەدایە کە دەیزانێت و جێبەجێی ناکات. بۆ؟ ئا ئەمە گرفت و گرێیە زیهنی و دەروونییەکانی د.بورهانە کە ناهێڵێت زانستیانە بیربکاتەوە و زانستیانە توێژینەوە بکات و خۆی لەو فۆبیا و گرفتە زیهنی و گرێ دەروونییەی خۆی لەبەرامبەر بە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان رزگار بکات و بێت زانستیانە رەخنەیان لێبگرێت و بەمەش هەم سوود بە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان و گەلی کورد دەگەیەنێت، هەمیش سەنگ و پێگەی زانستی و ئەکادیمیی خۆی ناخاتە ژێر پرسیار و پاڵەپەستۆی گرێ دەروونیی و گرفتە زهنییەکانی خۆیەوە.

دەکرێ بپرسین لەم (توێژینەوە)یەی د.بورهاندا ئایا یەک سەرچاوەی هەپەگە، پەکەکە، کەجەکە و رێبەر ئۆجەلانی بۆ توێژینەوەکەی بەکارهێناوە سەبارەت بە تێکۆشانی گەریلایی؟ نەخێر. ئایا تەنانەت سوودی لە یەک لێدوان، یەک پەرتووک و نامیلکە تەنانەت یەک رستەی بزووتنەوەی پەکەکە وەرگرتووە بۆ توێژینەوەکەی؟ نەخێر. تەنانەت لەکۆی سیمینارێکی دوو کاتژمێر و نیویی تەنیا بە مووچنگ سێ چوار دێڕی لە یەکێک لە پەرتووکەکانی رێبەر بە زمانی ئینگلیزی وەرگرتووە، کە ئەویشی لە نووسینەکەی جانێت بێل وەرگرتووە، وەک ئەوانەی چۆن ئایەتی (ولاتقربوا الصلاة و وانتم سکارا) دێن ئایەتەکە بەشێکی لادەبەن و دەڵێن ئەی ئەوە نییە خودا لە قورئان دەفەرمووێ: ولا تقربوا الصلاة– توخنی نوێژ نەکەون) ئەمە شێواندن و چەواشەکردن نەبێت چییە؟ لەکۆی زیاتر لە هەزار لاپەڕەی بەرگرینامەکان و نزیکەی  هەزار دەقی چاوپێکەوتنەکانی رێبەر ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرەکانی و خانەوادەکەی، تۆ بێیت و تەنیا سێ چوار رستە و ئەویش لە سیاقی راستەقینەی خۆی دەربخەیت و بڵێیت من توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەر ئۆجەلان دەکەم. یان دوای دوو کاتژمێر و نیو ئینجا بڵێیت؛ ئۆجەلان روون نییە چیدەوێت و دەیەوێت چ بڵێت و ئۆجەلان لە قەزافی دەچێت. ئەمە رێک وەک ئەو کەسانە وایە کەوا حیلەی شەرعی دەکەن و مەسەلە شەرعییەکانبەگوێرەی خۆیان دەشێوێنن و دەگونجێنن. د.بورهانیش هاتووە دەقەکانی رێبەر ئۆجەلان دەشێوێنێت و دەڵێت ئەوە ئۆجەلان وادەڵێت… کەواتە د.بورهان توژێنەوە لەسەر بابەتێک دەکات کە سوودی لەیەک سەرچاوەی خودی ئەم بابەتە وەرنەگرتووە، کە وەریدەگرێت بە هەوەسی خۆی دەیشێوێنت… کە توێژینەوە لەسەر خەباتی گەریلایی پەکەکە دەکات، کەچی لە توێژینەوەکەیدا یەک سەرچاوەی پەکەکەی بەکارنەهێناوە. ئەی کەواتە تۆ چۆن رێگە بە خۆت دەدەیت ئەم هەموو توێژینەوە و سیمینارانە دژ بە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان بکەیت و کەچی یەک سەرچاوەیان بەکارناهێنیت، نەک بۆ تەئید و راستبینینی تێز و بۆچوونەکانیان، بەڵکو هەر بۆ دژایەتیکردنیش ناوی یەک سەرچاوە و یەک دەستەواژە و یەک تێزی پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان بەکارناهێنیت. باشە د.بورهان رێگە بە من یان کەسانێک دەدات بێ ئەوەی هیچ سەرچاوەیەکی نووسین و کتێبەکانی خودی د.بورهان بەکاربێنم و بێم توێژینەوەی لەسەر بکەم؟ نەک هەر توێژینەوە بەڵکو بێم رەخنەی بکەم و هەموو تێز و فیکرەکانی بەهیچ و بێ واتا و هەڵە و دژ بە ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردی لەقەڵەم بدەم؟! ئایا د.بورهان رێگە بە من یان کەسانێکی تر دەدات ئەمە دژ بە ئەو بکەن؟! بێ ئەوەی یەک پەرتووکی یان سیمیناری یان توێژینەوەیەکی بخوێنینەوە و بێین تاوتوێی فیکری د.بورهان بکەین و رەخنەی بکەین و ئینجا بەناوی توێژینەوەی زانستیش پاساو بۆ دژبوون بە د.بورهان بهێنینەوە؟ ئایا ئەمە پەسند دەکات؟ مسۆگەر نەخێر، رێگەمان نادات. ئەی چۆن د.بورهان رێگەی بەخۆی دەدات کەوا سیمینار لەسەر تێزەکانی ئۆجەلان بکات و یەک پەرتووکی ئۆجەلان وەک سەرچاوەش بەکارناهێنێت؟! توێژینەوە لەسەر خەباتی گەریلایی پەکەکە دەکات و یەک سەرچاوەی هەپەگە و پەکەکە و کەجەکەش بەکارناهێنێت…!! ئایا ئەم پەرتووکانەی دەستنەکەوتووە؟ یان تاقەتی خوێندنەوەی هەزاران لاپەرەی بەرگرینامەکانی رێبەر ئۆجەلانی نەبووە و هاتووە لەهەواوە تیرەکانی بەناوی توێژینەوەی زانستی بهاوێژێت.. ئایا ئەمە چەند لەگەڵ پرەنسیپ و مەرجە زانستییەکانی توێژینەوەی ئەکادیمیی دەگونجێن؟! بۆ د.بورهان ئەم پرەنسیپەی توێژینەوەی زانستی ژێرپێ دەخات و بێ گوێدانە ئەو پرەنسیپانە توێژینەوە لەسەر پەکەکە دەکات؟ ئایا توێژینەوەیەکی وەها دەچێتە خانەی توێژینەوەوە یان دەچێتە خانەی قسە هەڵبزڕکاندن و سەلماندنی ئەوەی کەوا چۆتە بەرەی دژ بەپەکەکەوە؟ بۆ دەیەوێت بەناوی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمیبوونەوە تیرە ژەهراوییەکانی بهاوێژێتە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە و بەرخۆدانی پڕ شکۆی گەریلاکانی ئازادییەوە؟ دەبێت بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە لە گرفتە زیهنیی و گرێ دەروونییەکانی د.بورهاندا بۆی بگەڕێین.

بێگومان وەک گریمانەیەک؛ ئەگەر پەکەکە خاوەنی ئەدەبیاتی فیکری و سیاسی و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە نەبووایە، دەکرا بڵێین کە مادام پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان هیچ ئەدەبیاتێکی فیکری و سیاسییان نییە و خاوەنی هیچ توێژینەوە و لێكۆڵینەوەیەک نین، ئەوا دەکرێ بڵێین مافی د.بورهانە کە بەپاساوی نەبوونی ئەو ئەدەبیاتە یان لەبەردەستدا نەبوونی ئەو ئەدەبیاتە قسە و توێژینەوە لەسەر پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان بکات… بەڵام هەم خودی رێبەر ئۆجەلان و هەمیش پەکەکە هەزاران پەرتووکیان لەبواری فیکری و سیاسی و زانستی و هونەری جەنگ و رێبازیی گەریلایەتی و هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان و تێکۆشان هەیە. هەر خودی رێبەر ئۆجەلان لەماوەی نێوان (١٩٩٩-٢٠١١)دا زیاتر لە حەوت هەزار لاپەرەی سەبارەت بە تێزە فیکری و سیاسییەکانی خۆی لەچوارچێوەی بەرگرینامەکانیدا نووسیوە و پارادیمی خۆی زۆر بە قووڵی و فراوانی و لێبڕاوانە و بەروونی خستۆتەڕوو و بە کوردی و گەلێک زمانی دیکەی جیهانیش چاپ و بڵاوکراونەتەوە. د.بورهان پەکەکە وەک بزووتنەوە یان حیزبێکی چەکداریی کلاسیکی هاوشێوەی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی باشوور دەبینێت. ئەمەش گرفتێکی دیکەی زیهنی د.بورهانە کە بەهەڵە زانستی بەراوردکاریی بەکاردێنیت. بەڵام پەکەکە بەرلەوەی بزووتنەوەیەکی گەریلایی(پارتیزانی) بێت، بزووتنەوەیەکی فیکریی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئینجا سیاسی و ئینجاش گەریلاییە. مسۆگەر پەکەکە و رێبەرەکەی لەئاستی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین و تەنانەت جیهانیشدا لە تەمەنی پەنجا ساڵەی خۆیدا خاوەنی زۆرترین ئەدەبیاتی فیکری و سیاسی و کۆمەڵناسی و مێژووناسیین. چۆن دەکرێ توێژینەوە لەسەر تێزەکانی خودی رێبەر ئۆجەلان بکەیت و هیچ یەکێک لە پەرتووکەکانیشی وەک سەرچاوە- جا بۆ دژایەتیکردنی تێزەکانی بێت یان بۆ پشتیوانی لە تێزەکانی بێت- بەکارنەهێنیت؟!

تا چەند پرەنسیپ و مەرجە زانستییەکانی توێژینەوە، رێگە بە توێژەرێک دەدات توێژینەوە لەسەر تێکۆشانی گەریلایی بکات و بێئەوەی یەک پەرتووکی ئەکادیمیا گەریلاییەکانی هەپەگە و کەجەکە و پەکەکە و بەڵگەکانی کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانیان و خودی رێبەرئۆجەلان کە بیرمەند و رێبەری ئەو تێکۆشانەیە وەک سەرچاوە بەکاربێنیت، بێ ئەوەی یەک لێدوان و چاوپێکەوتنی فەرماندەکانی گەریلا وەک سەرچاوە بۆ توێژینەوەکە بەکاربێنیت؟؟ د.بورهان بۆ گرفتی لەگەڵ بەکارنەهێنانی ئەو سەرچاوانەی خودی ئەم بزووتنەوەیە هەیە؟ ئێ توێژینەوە واتا دەستگەیشتن بە سەرچاوە ئەسڵییەکان و راستەوخۆکان و سەلمێنراوەکان. نەک تیۆرییەک و دووان بێنیت و بەسەر پەکەکە و تێکۆشانە گەریلاییەکەیدا بسەپێنیت و بڵێیت؛ ئەوە من توێژینەوە دەکەم. ئەم گرفتە زیهنییەی د.بورهان بۆ وابۆتە گرێیەکی دەروونی ئەوتۆ کە هەرچی پرەنسیپی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمیایی هەیە بیخاتە ژێر ئەو گرفت و گرێوگۆڵانەی خۆیەوە؟!

مسۆگەر نە رێبەر ئۆجەلان و نە خودی پەکەکەش، نە لە زانست و نە لە توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمیبوون و نە لە رەخنەش ترساون و دەترسن. رێک بە پێچەوانەوە پەکەکە وەک بزووتنەوەیەکی رۆشنگەریی کوردستانی و خۆرهەڵاتی ناوینی و جیهانی، خاوەنی پاراداییمێکی فەلسەفی، فیکری و زانستیین. بنەما و بنچینە فەلسەفی و فیکرییەکانی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکەش کە لەسەر ئەو بنەما و بنچینانە تێکۆشانی هەمەلایەنە دەکات، دوای توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی هەزاران لاپەڕە، سەبارەت بە مێژووی مرۆڤایەتی و ناوچەکە و کوردستان، ئینجا بەو تێز و پارادایمە گەیشتوون کە ئێستا جێبەجێی دەکەن. هەر بۆ نموونە با سەیری لیستی ئەو پەرتووکانە بکات کەوا رێبەر ئۆجەلان لەساڵانی نێوان (١٩٩٩-٢٠١٥)دا توانیویەتی بخوێنێتەوە، ببینێت رێبەر ئۆجەلان بۆئەوەی لە مێژوو و ئەمڕۆ و داهاتوو تێبگات و پارادیمی خۆی داڕێژێت چەند پەرتووکی لە خراپترین دۆخی زینداندا خوێندۆتەوە .  نەک هەر ئەمە، تا ئەم ساتەش ئەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەی رێبەرئۆجەلان و ئەکادیمیا و دەزگا فیکرییەکانی پەکەکە و کەجەکە بەردەوامە و تادێت قووڵتر و فراوانتر دەبێت… لەهەمووی گرنگتر ئەو رەخنە و رەخنە لەخۆگرتنانەی رێبەر ئۆجەلان لە خودی خۆی و پەکەکەی گرتووە، تا ئێستا کەس بەو رەنگە قووڵ و فراوانە رەخنەیان لە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە نەگرتووە. کەواتە پەکەکە وەک بزاڤێکی رەخنەیی و رەخنەلەخۆگرتن هیچ کاتێک نەک هەر لە رەخنە نەترساوە، تەنانەت بەبێ رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن ناتوانێت بچووکترین پێشکەوتن و گۆڕانکاریی ئەنجام بدات. بەڵام هەموو ئەمانە بۆ د.بورهان هیچ واتا و گرنگییەکیان نییە، بێ گوێدانە خوێندنەوە و تێگەیشتن لەو تێزە لەمیانەی خودی پەرتووکەکانی خاوەن تێزەکە، وەک کەسێکی تەواو دوور لە پرەنسیپی ئەکادیمیبوون و میتۆدی زانستی دێت بەحیساب توێژینەوە لەسەر تێزەکانی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە دەکات. د.بورهان بۆ وەها سەیری رێبەر ئۆجەلان و بزووتنەوەی پەکەکە دەکات؟ چ گرفتێکی زیهنی و چ گرێیەکی دەروونی لەگەڵیاندا هەیە؟

بێگومان کاتێک دەڵێین؛ گرفتی زیهنی و گرێی دەروونی، هەر توێژەرێک لەسەر هەر بابەتێک بنووسێت و گرفتاریی زیهنی و گرێی دەروونی هەبێت، هەرچی بینووسێت ناچێتە خانەی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمییەوە. لەبەر هۆکارێکی سادە؛ ئەویش گرفتە زیهنی و گرێ دەروونییەکان کەسی توێژەر لە میتۆدی زانستی و ئەکادیمیی دوور دەخاتەوە. چونکە هەبوونی میتۆدی زانستی بۆخۆی بۆئەوەیە کە توێژەر گرفتە زیهنیی و گرێ دەروونییەکانی تێکهەڵکێشی توێژینەوەکانی نەکات. رەق و کینە و هەڵوێستە شەخسییەکانی نەکاتە بنەما و پاڵنەر بۆ توێژینەوە و قسەکردن لەسەر بابەتێک یان بزووتنەوەیەک… ئەگەر ئەمە رەچاو نەکرێت نە توێژینەوە واتای دەمێنیت و نە ئەو دەرئەنجامانەی لە توێژینەوەیەکی بارگاوی بە گرفتە زیهنیی و گرێ دەروونییەکاندا هەڵدەهێنجرێت سوود و کاریگەرییەکی بەرچاویان دەبێت.. لەوانەیە کەسانێک یان خەڵکانێک هەبن بکەونە ژێر کاریگەریی ئەو جۆرە بەناو توێژنەوانەوە، بەڵام ئەمە پێوەر نییە و پێوەر نابێت بۆ زانستیبوون و ئەکادیمییبوونی بەناو توێژینەوەیەک کە هەڵقوڵاوی گرفتە زیهنی و گرێ دەروونییەکان بێت.

ئەگەرنا، میتۆدی زانستی و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوەیە ببێتە هۆی لێگەڕین و گەڕان بەدوای راستیی و حەقیقەتدا، بەتاڵکردنەوەی رەخنە لە رق و کینە و بەرژەوەندیخوازیی و گرفتە زیهنیی و گرێ دەروونییەکان. نەک ببێتە چەکی دژایەتیکردن و بێواتاکردنی تێزە فیکرییەکان و تێکۆشان و بەرخۆدانی بزووتنەوە و بیرمەند و رێبەرێکی ئازادیی. ئەگەر توێژینەوە و رەخنەیەک ئەمە بنەمای نەبێت ئەوا دەچێتە خانەی ناپاکی زانستی و ئەکادیمییەوە.

ئەم هەموو قسە و باسەم لەسەر پێشەکییەکەی د.بورهان لە(تویژینەوە)کەیدا بۆ ئەوەیە کە خودی د.بورهان لەپێشەکەییەکەیدا داوای ئەوەمان لێدەکات زانستیانە بیربکەینەوە و خۆبەدوور بگرین لە هەڵویستی لەگەڵبوون یان دژبوونی خەباتی گەریلایی پەکەکە، کە ناوی لێناوە (خەباتی چەکدارانی پەکەکە)!!. بەڵام خۆی هەر لەناوونیشانی (توێژینەوە)کەی خۆیدا ئەم داوایەی خۆی، خۆی جێبەجێی ناکات و پێچەوانەکەی دەنووسێت.!!

5. هەڵبەتە لێرەدا قسە لەسەر تیۆریی ناوەند-کەنار(رۆخ) ناکەم. چونکە ئەمە تیۆرییەکە و دەکرێ لەتوێژینەوەی زانستیدا و بۆ گەیشتن بە هەندێک راستی و حەقیقەت-نەک هەموو راستیی و حەقیقەتەکان- سوودی لێوەربگیردرێت. بیرمەند سەمیر ئەمینیش گەلێک سوودی لەم تیۆرییە وەرگرتووە. تەنانەت خودی رێبەرئۆجەلان لە بەرگرینامەکانیدا، هەم سوودی لێوەرگرتووە و هەمیش رەخنەی ئەم تیۆری و میتۆدەی کردووە. واتا ئەم تیۆرییە، وەک هەر تیۆرییەکی دیکە تاقانە تیۆریی و تاقانە میتۆدی توێژینەوە و گەیشتن بە راستیی و حەقیقەتەکان نییە و دار عەسا سیحراوییەکەی مووساش نییە، کە پەرجوو بخوڵقێنێت. تیۆرییەکە وەک هەر تیۆرییەکی دیکە کە دەکرێ لەهەندێک رووەوە و بۆ هەندێک توێژینەوە سوودی خۆی هەبێت. بەڵام کەی و چۆن و لەچیدا دەکرێ سوومەند بێت بۆ توێژینەوەی زانستی، ئەمە دەکرێ مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ خودی تیۆرییەکە و ئەو رەخنانەی لەبارەی خودی تیۆرییەکە هەن، دەرک بە چییەتی و رادەی گرنگی بە بنەماوەرگرتنی خودی ئەم تیۆرییە بکات…

6. د.بورهان لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت:” خاڵێکی لێوەدەرچوونی ئەم باسەی بەردەست ئەوەیە کە دۆخەکە تا بڵێی مەترسیدارە نەک هەر بۆ پەکەکە و خەباتە دوور و درێژەکەی، بەڵکو بە رادەی زێدەتر مەترسیدارە بۆ چارەنوسی هەرێمی کوردستان. تەنانەت خەریکە ئەمڕۆ ئەم مەترسیە لەسەر هەرێم لە خاڵی یەکلاکەرەوە نزیک دەبێتەوە، ئەو خاڵە چارەنووسسازەی کە تیایدا تورکیا لە هەمان کاتتدا چۆک بە پەکەکە دابدات و باشووری کوردستانیش شکستێکی کەمەرشکێنی بەر بکەوێ! هەر بە نموونە، دەکرێ لە رێککەوتنێکی گشتگیردا لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا لە هەمان کاتدا، بە شێوەیەکی کەمەر شکێن، پەکەکە و دەسەڵاتی باشووری کوردستان لە رێککەوتنێکی ئەوهادا بە ئامانج بگیرێن! ئەوەی لە ئێستادا سیناریۆیەکی ئەوها دوادەخات ئەم دۆخی پاشاگەردانییەیە کە عێراقی تیایە، چونکە ئەگەر عێراق بیەوێ دەرفەتی رێککەوتنێکی گشتگیری لەگەڵ تورکیادا هەبێ ئەوا دەبێ توانای بڕیاری گەورە و یەکلاکەرەوەی هەبێت، کە هەڵبەتە لە ئێستادا نییەتی.

بەم قسەیەی دەیەوێت پێمان بڵێت کەوا: دۆخی ئێستا بۆ پەکەکە و هەرێمی کوردستان تابڵێی مەترسیدارە و هۆکارەکەش ئەوەیە کە پەکەکە باشووری کوردستانی بە لوبنانی کردووە. ئینجا دەیەوێت بڵێت: هاکا پەکەکە چۆکی شکێنرا و زەبری کەمەرشکێنی بەرکەوت و لەناوبچێت، کە لەئەگەری رێککەوتنی نێوان ئێراق و تورکیا هەم پەکەکە لەناو دەچێت و هەمیش هەرێم زەبری کەمەرشکێنی بەربکەوێت. د.بورهان دەڵێت؛ ئەو توێژینەوەیەشی بۆ ئەوە نووسیوە تا کێشەی نێوان تورکیا و پەکەکە لە دۆخی زیانگەیاندن دەربهێنرێت.!!

هەڵبەتە د.بورهان دۆزی گەلی کورد لەگەڵ رژێمی تورکیا بە کێشەی نێوان تورکیا و پەکەکە لەقەڵەم دەدات، نەک نێوان گەلی کورد و رژێمی تورکیا. ئەمە لەکاتێکدا دەیان ساڵ پێش پەکەکەش کورد خاوەن دۆز بووە لە تورکیا. بەڵام کە پەکەکە لەدایکدەبێت خاوەندارێتی لەو دۆزە دەکات و تێکۆشان بۆ چارەسەری ئەم دۆزە دەکات.

د.بورهان پاساوێکی سەیر بۆ وێناکردنی دۆخەکە بەمشێوە ترسناکە بە ئەگەر و شیمانەیەک دێنێتەوە کە سیناریۆی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی ئێراق و تورکیایە دژ بە پەکەکە و هەرێمی کوردستان. هەر خۆیشی دەڵێت؛ ئەوەی ئەم سیناریۆیە دوادەخات دۆخی پاشاگەردانییەکەی ئێستای ئێراقە. بێگومان د.بورهان شتێکی نوێ لەبارەی رێککەوتنی نێوان دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان کەشف نەکردووە، چونکە دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان، لەم 100 ساڵەی رابردووی دەوڵەت-نەتەوەکانیاندابەدەیان رێککەوتن و پەیماننامە و هاوپەیمانێتییان بەیەکەوە دژ بە کورد واژۆکردووە و جێبەجێکردووە. بەڵام هەمیشە گرنگ ئەو لەهەڤهاتنانەی نێوان ئەو دەوڵەتانە نەبووە، بەڵکو ئەوەی گرنگ بووە هەڵوێست و کاردانەوەی کورد و بزووتنەوەکانیان چیبووە لەبارەی ئەو لەهەڤهاتنانەدا. هەر بۆ نموونە؛ رێککەوتنەکەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥ی نێوان ئێران-ئێراق، بزووتنەوەی ئەوکاتەی کورد بڕیاری ئاشبەتاڵی لە تێکۆشان دا، بۆچی ئەم بڕیارە مەرگەساتبار و تەسلیمکارییەی دا؟ ئایا نەدەتوانرا بەردەوامی بە تێکۆشان بدرێت؟ ئێستاش کە ئەگەر ئەو سیناریۆیەی نێوان تورکیا-ئێراق بە رێککەوتنێک بگاتئەوا ئەگەری زۆرە دیسان دەسەڵاتی هەرێم ئاشبەتاڵێکی دیکە رابگەیەنێت و تەسلیم ببێت. خاڵێکی تر کە گرنگە لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە بەڕاستی ئێراق بەم پێکهاتە و دۆخەی ئێستایەوە، کەی و چۆن دەگاتە ئەو ئاستەی کەوا بچێتە سەر ستراتیژی داگیرکاریی و فاشیستانەی رژێمی تورکیا و  دەست بەو شەش پرۆسەیەی “نکۆڵیکردن، قڕکردن، کۆمەڵکوژی، تواندنەوە و خۆبەخۆتواندنەوە، پارچەکردن و راگواستن”ی گەلی کورد لە باشووری کوردستاندا بکات؟ ئایا بەڕاستی ئێراق ئەو زەمینەیەی تێدا هەیە وەکو تورکیا ئەو شەش پرۆسەیە بەسەریەکەوە جێبەجێ بکات؟ ئایا ئێراق توانست و زەمینەی ئەوەی بۆ رەخساوە یان دەڕەخسێت کەوا لەداهاتوویەکی نزیک یان دووردا، ببێتە پەیڕەوکاریی ستراتیژییە ئەختەبووتئاسا شەش قاچەکەی رژێمی تورکیا؟ بێگومان ئەو پرسیارانە بۆ خودی د.بورهان و خوێنەران و توێژەرانی بەجێدێڵم.

بەڵام ئیدی لەئەگەری جێبەجێکردنی هەمان سیناریۆ دژ بە گەلی کورد لەباشوور و دژ بە پەکەکەدا ئایا گەلی کورد لە باشووردا بێدەنگ و بێهەڵوێست لێیدادەنیشێت؟ بێگومان نەخێر و مافی بەرگری لەخۆکردنی هەیە و مسۆگەر دەیکات. ئەی پەکەکە؟ ئایا پەکەکە ئاشبەتاڵ لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەی خۆی دەکات؟ مسۆگەر نەخێر. نەک ئەم سینایۆیە، بەڵکو سیناریۆی زۆر لەمە مەزنتر و مەترسیدارتریشی لەدژدا بەڕێوەچووە و کۆڵی نەداوە و تەسلیم نەبووە و بەرخۆدان و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی بە بنچینە وەرگرتووە. خۆ هەمان رێککەوتن و سیناریۆی د.بورهان باسی لێیەوە دەکات، لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٧-٢٠١١دا بەڕێوەچوو و لەژێر ناوی کۆردیناسیۆنی سێینەی دژ بە پەکەکە لەنێوان (ئەمریکا-تورکیا-ئێراق) جێبەجێ کرا، لەڕاستیدا کۆردیناسیۆنەکە سێقۆڵی نەبوو، بەڵکو چوارقۆڵی بوو و پەدەکەش بە نوێنەرایەتی کەریم سنجاریی “ئەندامی م.س و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان”بەشداریی ئەو کۆردیناسیۆنەی کردبوو. گەلێک بڕیار و هەنگاویشیان دژ بە پەکەکە هەڵێنا. بەڵام ئاکام چیبوو؟ توانیان چ ئەنجامێک بەدەستبهێنن؟ رەنگبێ هەندێک زیانیان بە پەکەکە گەیاندبێت، بەڵام پەکەکە نەک هەر چۆکی نەشکا و چۆکیدانەدا، بەڵکو ئەو کۆردیناسیۆنە نەزۆک و بێئاکام بوو. رەنگبێ ئێستاش بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەو کۆردیناسیۆنە بەردەوامی هەبێت، بەتایبەتی لەبەرامبەر بە خەڵکی ئازادیخوازی شەنگال و وارگەی پەنابەرانی مەخموور و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگریی نێوانیان هەبێت. بەڵام ئەمانە دووژمنن و لە پیلانگێڕیی و رێککەوتنی نێوانیان دژ بە کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی بەردەوام دەبن. بەڵام گرنگ ئەوەیە کورد و بزاڤەکەی چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆخێکی وەهادا دەکات؟. ئەوەی جێی سەرنجە، د.بورهان پێی وایە کە لەئەگەری جێبەجێبوونی سیناریۆیەکی وەها لەنێوان ئێراق-تورکیادا ئەوا پەکەکە چۆکی دەشکێنرێت و هەرێمیش بەهەمان شێوە زەبری بەردەکەوێت. لەراستیدا ئەوەی لە هەرێم زەبری بەردەکەوێت بە پلەی یەکەم زیاتر توێژە دەسەڵاتدارەکەیەتی. ئەوە دەسەڵاتەکەی باشوورە کە بەهۆی ئەو پەیوەندییە بارمتەگیرییەی دەسەڵاتی هەرێم بۆ تورکیا، زەمینەی هەموو زەبربەرکەوتنێکی خەڵکی باشووریشی رەخساندووە، نەک پەکەکە. بەڵام د.بورهان زۆر بەمەبەست کاغەزەکانی تێکەڵاو کردووە و دەیەوێت هەر زەبربەرکەوتنێک بە خەڵکی باشوور و قەوارەکەی، هەر لە ئێستاوە بیخاتە ئەستۆی پەکەکە. بۆ؟ چونکە گوایە پەکەکە هەرێمی کوردستانی بە لوبنان کردووە.!! بەڵام د.بورهان بەهیچ شێوەیەک باسی دوو خاڵی زۆر ستراتیژیی و چارەنووسساز ناکات:

یەک: پەیوەندی سی و یەک ساڵەی نێوان دەسەڵاتدارانی باشوور، بەتایبەتی پەدەکە، لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی تورکیا لەسەر بنەمای: بەبارمتەگرتنی دەسەڵات و خەڵکی باشوور، تاڵانکردنی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی باشوور، داگیرکردنی سەربازیی، ئەمنی، سیاسی، ئابووری و کولتوورییانەی باشووری کوردستان و زەبروەشاندن لە بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان و زۆر بەتایبەت پەکەکە و تەنانەت زەبروەشاندن لە خەڵکی و بزووتنەوەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانیش، بووە. خۆ هەموو بەچاوی خۆمان دەبینین کە لەجیاتی ئەوەی قەوارەی باشوور رووی لە بەغداد بێت، لەباوەشی ئەنقەرەدا دژ بە بەغداد بووە. کە ئەمە بۆخۆی هۆکارێکی زۆر بەرچاوە لەوەی کە ئەگەر حکومەتی ئێراق بەهێز ببێتەوە، ئەوا مسۆگەر هیچ کات ئەم دۆخی بەبارمتەگرتنەی هەرێمی کوردستان و ئەو تاڵانی و داگیرکارییەی تورکیا پەسند ناکات و هەڵوێست و کرداری دژبەرانەی دژ بە تورکیا و دەسەڵاتی هەرێم دەبێت. ئایا لە دۆخێکی وەهادا حکومەتی ئێراق دژ بە خودی خەڵکی باشووری کوردستانیش هەڵوێست و کرداری دژبەرانەی دەبێت یان نا؟ ئەمە هێشتا روون نییە. د.بورهان دەیەوێت وا نیشان بدات کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خەڵکی باشووری کوردستان و بەرژەوەندییە بنەماڵەیی و حیزبییەکانی دەسەڵاتدارانی باشوور نییە و هەمان شتن. ئەمە لەکاتێکدا ئەمڕۆ و لە 31 ساڵی رابردووشدا بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێم تەواو ناکۆک و دژ بەیەک بوونە و هیچ کات هەمان بەرژەوەندیی نەبووە. بۆیە کاتێک دەڵێت؛ هەرێمی کوردستان زەبری کوشندەی بەردەکەوێت، ئەوە روون ناکاتەوە کێی هەرێمی کوردستان زەبرەکەی بەردەکەوێت؟ خەڵکی باشووری کوردستان یان دەسەڵاتدارەکانی هەرێم؟. ئینجا دەیەوێت لە شاردنەوەی ئەم راستییەدا، پەکەکەش هەر لە ئێستاوە بەوە تۆمەتبار بکات کە زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە و دەگەیەنێت. ئەمە کرۆکی شاراوەی هەموو ئەو (توێژینەوە)یەی د.بورهانە. بۆ ئەوەی ئەم تۆمەتبارکردنەی سەر پەکەکەش بسەلمێنێت هاتووە چەندین شێر و ڕێوی هێناوەتەوە و لەمیانەی خراپ بەکاربردنی “تیۆری ناوەند-رۆخ و میتۆدی بەراوردکارییدا دەیەوێت بیسەلمێنێت کە مادام پەکەکە هەرێمی کوردستانی بەلوبنانی کردووە، ئەوا هەر زەبروەشاندنێک بەر هەرێمی کوردستان بکەوێت ئەوا پەکەکە خەتابارە.  ئیدی د.بورهان بۆ سەلماندنی ئەم خەتابارییەی پەکەکە لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت:” ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ دەرهێنانی کێشەی تورکیا و پەکەکە لە هاوکێشەیەکی زیانبەخش، کە تیایدا زهنیەتی “یان رەش یان سپی” وەیا حوکمی “لەگەڵ یا دژ،” کە لە چوارچێوەیەکی سنوورداری ئایدیۆلۆژی و حیزبیدا باڵادەستە. هەروەها دەڵێت:” پرسیاری سەرەکی ئەم وتارە ئەمەیە: ئایا هەرێمی کوردستان چۆن “بە لوبنانی” کراوە و چ ئاکامێک لەو حاڵەتی بە لوبنانیکردنە چاوەڕوان دەکرێ؟”

لەلایەکەوە دەیەوێت بڵێ؛ هەر کەسێک وەکو من پەکەکە خەتابار نەکات و وانەزانێت کە هەرێمی کوردستانی بە لوبنانی کردووە، ئەوا بەئەقڵییەتی رەش یان سپی و لەگەڵ یان دژ و ئایدیۆلۆژیانە و حیزبیانە بیردەکاتەوە، لەلایەکی تریشەوە دۆزی کورد لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بە کێشەی  تورکیا و پەکەکە لەقەڵەم دەدات. ئەمە ئەو میتۆد و تیۆرییەیە کە د.بورهان دەیەوێت لەو (توێژینەوە)یەدا پێمان بسەلمێنێت. بەڵام خۆیشی لەم (توێژینەوە)یەدا هەر لەسەرەتاوە بە تۆمەتبارکردنی پەکەکە بەوەی هەرێمی کوردستانی بەلوبنانیکردووە، “سەنگەری دژ”ی هەڵبژاردووە و لەروانگەیەکی زۆر بەرتەسک و نا ئەکادیمیانەوە لە دۆخەکە دەڕوانێت.

دوو:  د.بورهان بەهیچ شێوەیەک باسی مەسەلەی ویلایەتی موسڵ و ستراتیژی داگیرکاریی تورکیا بۆ باشووری کوردستان ناکات..!! کە ئەمە کاکڵ و ئەسڵی مەسەلەکەیە و لێی رادەکات و وەک خۆی دەڵێت؛ بە رۆخی رۆخی ئەم بابەتەوە خەریکە واتا وازی لە مەسەلە ستراتیژییەکە هێناوە، کە هەوڵە ستراتیژییەکانی تورکیایە بۆباشووری کوردستان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی عوسمانییەتی نوێیە، باسی هۆکاری هەبوونی دۆزی کورد لە تورکیا و خۆرهەڵاتی ناوین و لەدایکبوونی پەکەکە وەک بەرئەنجامی ئەو دۆزە ناکات، باسی ستراتیژیی تورکیا بۆ باشووری کوردستان و کۆی ویلایەتی کۆنی موسڵ ناکات، باس لە یەکێک لەئاکامەکانی ئەو دۆخە دەکات کە هەبوونی پەکەکەیە لە گۆڕەپانی تێکۆشاندا، لەناو ئەو گۆڕەپانانەشدا وەک هەر بەشێکی تری کوردستان لە باشووری کوردستانیشدا تێدەکۆشێت. باشە بۆ د.بورهان خۆی لەباسکردنی کرۆک و ئەسڵی بابەتەکە دەدزێتەوە و دێت باسی یەکێک لە دەرئەنجامەکانی هەبوونی دۆزی کورد دەکات کە تێکۆشانی گەریلایی پەکەکەیە لە کۆی کوردستان و زۆر بەتایبەتیش باس لەهەبوونی تێکۆشانی گەریلایی لە باشووری کوردستان دەکات و ناوی دەنێت بەلوبنانیکردنی هەرێمی کوردستان؟ ئەمە لەبنچینەدا ئەو گرفتە میتۆدیی و ئەکادیمییەیە کە د.بورهان گیرۆدەی بووە. چونکە د.بورهان هیچ مەبەستی نییە باسی هۆکاری دەستپێکردن و بەردەوامیدانی تێکۆشانی گەریلایی تا ئێستا بکات، کە خودی هەبوونی دۆزی گەلێکە بەناوی دۆزی کورد، هەبوونی ستراتیژییەتێکی داگیرکارییە بەناوی ستراتیژییەتی عوسمانییەتی نوێ. کە تۆ باسی ئەسڵی بابەتەکە ناکەیت و دێیت دەچیتە سەر هەبوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، کە زۆر روونە پەکەکە چۆن و کەی هاتۆتە باشوور و بۆ لە باشوورە و لە باشوور چیکردووە و چیدەکات و چ دەرئەنجامێکی ئەو هەبوونەی لە باشووردا بۆ تێکۆشانەکەی و بۆ گەلەکەی بەدەستهێناوە، بەڵام مەبەستتە لەو خاڵەوە تیرێک لە تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەت بدەیت و هۆکار و دەرئەنجامەکانی هەبوونی پەکەکە لە باشوور و تەنانەت کۆی خەباتە گەریلاییەکەی بشێوێنیت و ئەمەش بەناوی ئەکادیمییبوون و بەڕێگەی هەڵەبەکارهێنانی تیۆریی و میتۆدێکەوە ئەمە دەکەیت، ئەمە بۆخۆی جێی تێڕامان و لێوردبوونەوەیە.

ئەگەر د.بورهان لەگەڵ باسکردنی ئەم دوو خاڵەی سەرەوە باسی هەبوون و ئاکامەکانی تێکۆشانی گەریلایی پەکەکە و دەرئەنجامی هەبوونی ئەم تێکۆشانەیشی لە هەرێمی کوردستاندا بکردبایە ئەوا لەوانەبوو، توێژینەوەکەی کەمێک بە ئاراستەی راست رۆیشتبا و دەرئەنجامی راستی لێوەدەرهاتبا. بەڵام بێیت و هەبوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لەهەموو ئەم مەسەلانە داببڕێنیت و لەمیانەی چەمکی بەلوبنانیکردنەوە لە راستییەکان و ئەسڵی مەسەلەکە رابکەیت و ئینجا پەکەکەش بەوە تۆمەتبار بکەیت کە هەر زیانێک بە هەرێمی کوردستان بکەوێت (لەئەگەری رێککەوتنی نێوان تورکیا-ئێراقدا)، ئەوا بەهۆی بەلوبنانیکردنی هەرێمی کوردستانەوەیە لەلایەن پەکەکەوە. باشە ئەمە لەکوێی توێژینەوەی ئەکادیمیی و تیۆریی رەخنەیی و بەراوردکاریی و زانستیبووندا جێی دەبێتەوە؟! ئەی مەرجی بنەڕەتی هەر توێژینەوەیەکی ئەکادیمی و زانستی ئەوە نییە کە باس لە دیاردەیەک، دۆخێک، کێشە و گرفتێک بکرێت، دەبێت بەر لەهەمووشتێک باس لەو دۆخە بکرێت کە ئەو مەسەلە باسلێکراوە تێیدا دەرکەوتووە و پەیدابووە؟ دەبێت باس لەو هۆکارانە بکرێت کەوا ئەو مەسەلە باسلێکراوە بەهۆیانەوە سەریهەڵداوە؟ ئەگەر ئەمە مەرجێکی بنچینەیی هەر توێژینەوەیەک بێت، ئەی بۆ د.بورهان، ئەم مەرجەی لە (توێژینەوە)کەیدا لەبەرچاو نەگرتووە و پەیڕەوی نەکردووە؟ ئەمە ئەو گرفتە زیهنی و گرێ دەروونییەیە کە بەهۆیەوە د.بورهان هیچ لای مەبەست نەبووە، بەلای ئەسڵی بابەتەکەدا بچێت، بەڵکو ئەوەی بەلایەوە گرنگ بووە تەنیا بیسەلمێنێت کە پەکەکە خەتابارە بەوەی هەرشتێک لەمیانەی رێککەوتنی نێوان تورکیا-ئێراق بەسەر هەرێمی کوردستان و کورد بەگشتیدا بێت. چونکە هەرێمی کوردستانی بە لوبنانیکردووە و دەستبەرداریی کۆی تێکۆشانی گەریلایی نابێت و لاسایی فەلەستینییەکان ناکاتەوە.

7. هەرچەندە لەپێشەکییەکەیدا بەسەرەقەڵەمێک و راگوزەرانە باس لەوە دەکات کە: ” بەهەر حاڵ لەم رووەوە دەتوانین هەرنەبێ بە ئاسانی بڵێین کە لاوازکردن و تەنگپێهەڵچنینی پەکەکە (لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان) ئامانجێکە کە لەوێدا خواست و بەرژەوەندییەکانی تورکیا و پارتی دیمۆکراتی کوردستان “یەکانگیرن.” بەڵام خۆی لە باسکردنی خاڵی یەکەمی سەرەوە لادەدات و بە گرفت و کێشەی نابینێت. باس لە هۆکاری ئەم یەکانگیربوونەیان و دەرئەنجامەکانی ئەو یەکانگیربوونە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی ناکات، بۆ رەنگبێ وەک دەڵێن؛ “زیانی بۆ پەزەکانی هەبێت؟!!. ئەمە لەکاتێکدا هەر ئەم یەکانگیربوونە بۆخۆی یەکێک لەهۆکارە زۆر روونەکانە لەهەبوونی پەکەکە لە باشووردا، نەک هەبوونی پەکەکە لەباشوور بووبێتە هۆی ئەم یەکانگیربوونە و بووبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان زەبری بەربکەوێت. بەڵکو ئەوە ئەو یەکانگیربوونەی نێوان تورکیا-پەدەکەیە کە پەکەکەش لەبەرامبەر بەم یەکانگیربوونەدا بەرگری لەخۆی دەکات و لەکوێ پێویست بێت بەرگری بکات دەیکات.

8. ئینجا د.بورهان هەر لە پێشەکییەکەیدا بۆئەوەی خەباتی گەریلایی تەواو رەش بکات و بەبێ ئەنجام و سەرچاوەی زیانگەیاندن بە گەلی کورد نیشان بدات دەڵێت:” ئەم رەهەندانە هەموویان بەیەکەوە، کورد بە گشتی، وە بە تایبەتی پەکەکە و ئەزمونی باشوری کوردستان لە خاڵی یەکلابوونەوەی مەترسیدار نزیک دەکاتەوە: لە لایەکەوە تا بڵێی دۆخی هەرێمی کوردستان هەستیارە، وە لەولاشەوە بە هەموو پێوەرێک خەباتی چەکداری پەکەکە، هەر نەبێ لە باکوری کوردستان، لە باشترین حاڵەتدا، گەیشتۆتە رادەیەک لە بنبەست و بێ کاریگەر کراوە، ئەوەی ماوەتەوە شەڕی “خۆپارێزییە” لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان. کات نە لە بەرژەوەندی پەکەکەیە وە نەش لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە!

بێگومان دۆخەکە بۆ پەکەکە و تێکۆشانی گەریلایی تەواو پێچەوانەی ئەم بانگەشەیەی د.بورهانە. هەر بۆ نموونە؛ ئەگەر هەر تەنیا ئاکامی شەڕ و بەرخۆدانی گەریلا لە پێنج مانگی رابردوودا بڕوانین دەبینین کەوا ئەو لێکدانەوەیەی د.بورهان چەندە وەهمی و ناڕاستە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی تێکۆشانی گەریلایی و ئەو زیانانەی لە داگیرکاریی تورکیای داوە.

بەڵام کامانەن ئەو پێوەرانەی کەوا وای لە د.بورهان کردووە هەروا بەئاسانی و هەڕەمەکی و بێ توێژینەوە و خستنەڕووی داتاکان بڵێت؛ گەیشتۆتە رادەیەک لە بنبەست و بێکاریگەرکراوە؟ د.بورهان خۆی لەباسکردنی ئەو پێوەرانە دەدزێتەوە و دەڵێت ئەوەی ماوەتەوە شەڕی خۆپارێزییە. ئێ ناوی هێزەکانی گەریلا هەر لە ساڵی ٢٠٠٠وە بووە بە هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە). واتا ئەو شەڕ و بەرگری و بەرخۆدانانەی گەریلا بەڕێوەی دەبات بەرگری رەوایە و خۆپارێزییە، نەک رێگە و رێبازێک بۆ چارەسەری پرسی کورد.

لێرەدا ناچمە سەر ئەو هەموو شرۆڤە و توێژینەوانەی کەوا رێبەرئۆجەلان و پەکەکە و کەجەکە و هەپەگە لەبارەی هۆکاری پێداویستیی هەبوونی هێزەکانی پاراستنی گەل و بەردەوامیدانی بە دۆخی بەرگری رەوا، تەنیا لە پەیماننامەکەی کەجەکەدا لە چەند ماددەیەکدا زۆر بەڕوونی باسی ئەم پێداویستییە دەکات. لە پەیماننامەی کەجەکەدا لە بەشی جاڕنامەی دامەزراندندا رێبەر ئۆجەلان دەڵێت:”کۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی بەبێ پەنابردنە بەر توندوتیژی و زەبروزەنگ بەرێگای ئاشتییانە چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگا بەبنەما وەردەگرێت، واتە پشت بە سیاسەتی ئاشتیخوازانە دەبەستێت. بەرامبەر بەو هێرشانەی كە دەكرێنە سەر وڵات، گەل و ئازادییەكان و پێشێلكارییەكانی ماف و یاسا لە رەوشی بەرگری رەوا(الدفاع المشروع)دا دەبێت.

هەروەها کەجەکە لەماددەی (٤) بڕگەی (ل)دا دەڵێت:” لەدژی هێرشەکانی سەر رێبەرێتی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی، وڵات، گەل و ئازادییەکان و تا دەگاتە کۆمەڵکوژییەکانی سەر چاندەکان و هەموو رەفتارەکانی دەوڵەت-نەتەوەدا، لەسەر بنەمای بەرگری رەوا تێدەکۆشێت.” و لە ماددەی(٦) و بڕگەی (ل)شدا دەڵێت:” مافی گەلان و کۆمەڵگەکان هەیە بە ئازادی چارەنووسی خۆیان دەستنیشان بکەن. لەبەرامبەر بە فشار، تواندنەوە، لەناوبردن و داگیرکارییدا مافی بەرخۆدانی گەلان و کۆمەڵگەکان رەوایە.”

هەروەها سەبارەت بە رەوشی پاراستنی رەوا لە ماددەی(٣٣)دا دەڵێت:ئەگەر لەدژی سیستەمی کۆما جڤاکێن کوردستان و رێبەرەکەی هێرشێکی کرداریی پێکبێت. ئەو داگیرکارییەی بەواتای سیاسی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان خۆی سەپاندووە بەردەوام ببێت، بەواتای ئابووریی؛ برسێتی، بێکاریی، هەژاریی و تاڵانی بەردەوام ببێت، لەڕووی چاندیییەوە؛ تواندنەوە، ژنکوژیی و قڕکردن(ژینۆساید) بەردەوام ببێت و دژ بە دۆخی داگیرکاریی سەربازیی، شەڕی پاراستنی رەوا پێویست دەبێت.

ئەمەو لەچەندین ماددە و بڕگەی تردا کەجەکە وەک سیستەمێکی جڤاکی گەلی کوردستان مەسەلەی بەرگری رەوا و شەڕ و ئاشتی و بەرپرسیارێتییەکانی هێزەکانی بەرگری رەوادا زۆر بە روونی و کۆنکریتی باسی لێیانەوە کردووە. بەڵام د.بورهان بەلایەوە گرنگ نییە کەی پێویست بە بەرگری رەوا هەیە و کەی دەکرێ دەستبەرداریی لێبکرێت؟ کەی و چۆن دۆخی شەڕ یان ئاشتی دێتەدی و چۆن بڕیار لەبارەیەوە وەردەگیردرێت؟ ئەوەی بەلایەوە گرنگە ئەوەیە کە دەبێت پەکەکە دەستبەرداریی خەباتی گەریلایی ببێت و چەکدابنێت و تەواو. دەرئەنجامەکەی ئەمە چیدەبێت و چۆن دەبێت بەلای د.بورهانەوە هیچ گرفت و کێشەیەک نییە.!! ئاخر ئەم جۆرە بیرکردنەوە و بۆچوونە چەندە لەگەڵ لۆژیکدا دەگونجێت؟ دەستبەردان لە خەباتی گەریلایی و چەکدانان چەندە لەگەڵراستینەی دۆزی کوردستان و راستینەی ستراتیژە داگیرکاریی و فاشیستانەکەی تورکیا و رژێمەکانی تری سەر کوردستان و راستینەی چینی بەکرێگیراو و بەبارمەتگیراوی کورد و راستینەی کۆی دۆخی ئاڵۆزی خۆرهەڵاتی ناوین و جیهانی پڕ لە شەڕ و پەلاماردان و خۆپڕچەککردندا یەکانگیر دەبێتەوە؟ ئەمانە بەلای د.بورهانەوە جێی باس و خواس نین و هەردەبێت پەکەکە دەستبەرداریی تێکۆشانی گەریلایی و چەک ببێت و لاسایی ئەزموونە شکستخواردووەکەی فەلەستینییەکان بکات و تەواو.  

9. ئینجا بۆ سەلماندن و بەرەواکردنی ئەم تەرح و داواکارییەی لە پەکەکە، د.بورهان لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت:” هەردوو خەباتی چەکداری فەلەستینییەکان و پەکەکە هیچ جارێک لە ناوەندەوە نەبووە، بەڵکو بەردەوام لە رۆخەوە بووە، بەمەش ئەم شێوازە لە خەبات (لە رۆخ) کۆمەڵێک ئاکامی زیانبەخشی بۆ هەردوو جوڵانەوە چەکدارییەکە و رۆخە جوگرافییەکانیش، وەک ژینگەی ئەم جوڵانەوە چەکدارییانە، هەبووە، ئەو رۆخە جوگرافییە سەرەتا بۆ فەلەستینییەکان کەرتی غەزە و بۆ پەکەکەش باکوری کوردستان بوو. لەوەش زیاتر، ئەو جوڵانەوە چەکدارییانە زیانبەخش بوونە بۆ ئەو وڵاتانەی، کە وەک رۆخی رۆخ، واتە پێگەی جوڵانەوە چەکداریەکە، رۆڵییان بینیوە: هەڵبەتە لە حاڵەتی فەلەستینییەکان ئەو وڵاتە ئوردن و دواتر لوبنانە و لە حاڵەتی پەکەکەشدا هەرێمی کوردستانە. لە هەردوو حاڵەتیشدا رەهەندێکی هاوبەش ئەو راستییەیە کە “ئەگەر خەباتی چەکداری، یا بە مانایەکی تر نەبەردی سەربازیی لە خودی ناوەنددا نەکرێ، ئەوا خەباتە چەکدارییەکە دوور دەمێنێتەوە لە کاریگەرییەکی راستەوخۆ لەسەر بڕیار و هەڵوێستەکانی رژێم یا دەسەڵاتدرانی ناوەند.

جارێ بەرهەموو شتێک ئەزموونی دەستبەرداربوونی بزووتنەوەی فەتح لە تێکۆشانی چەکداریی خۆی ئەزموونێکی تەواو شکستخواردوو و تەسلیمکارانەیە، نەک هەر هی ئەوە نییە لاسایی بکرێتەوە، بەڵکو هی ئەوەیە بەر رەخنەی توند بدرێت، کە چۆن گەلی فەلەستینی گورگانخواردوو کرد و بێ بەرگریی رەوای هێشتەوە و دۆزی فەلەستینییەکانی قووڵتر و ئاڵۆزتر کردەوە. چونکە بزووتنەوەی فەتح لەبەرامبەر بە چەمکی یان دەبێت تەسلیم بیت یان بە تیرۆریزم ناوزەدت دەکەمدا بژاری تەسلیمبوونی پەسند کرد، بۆ ئەوەی سیفەتی تیرۆریزمی لێببێتەوە..!! راستە فەلەستینییەکان دەستبەرداریی تێکۆشانی چەکداریی بوون و چەکەکانیان دانا،بەڵام دوای زیاتر لە 34 ساڵ دۆزی فەلەستینییەکان چی بەسەرهات؟ چارەسەر بوو؟ ئایا خەباتی چەکداریی فەلەستینییەکان کۆتایی هات، یان دیسان سەریهەڵدایەوە؟ ئایا لەوکاتەوە تا ئێستا دۆزی فەلەستینییەکان یەک هەنگاو چۆتە پێشەوە؟ یان بۆتە کارتێک بەدەست تورکیا و هەندێک دەوڵەتی عەرەبی و ئێرانەوە؟ ئایا د.بورهان ئەمەی لە پەکەکە دەوێت؟ بێگومان پەکەکە ئەمەی نەکرد و ناشیکات. نە تەسلیم دەبێت و چەکدادەنێت و نەش پێوەلکاندنی سیفەتی تیرۆریزم لە خەبات و بەرخۆدان ساردی دەکاتەوە. بەڵکو هات رێی سێیەمی هەڵبژارد، کە رۆڵ و پێگەی چەک(تێکۆشانی گەریلایی) گۆڕی، چەک و گەریلای خستە دۆخی بەرگری رەواوە و لەوەی دەرخست ببێتە رێگە و رێبازی سەرەکی چارەسەرکردنی پرسی کورد، لەجیاتی ئەوە، وەک لە پەیماننامەکەی کەجەکەشدا بەڕوونی دیارە، رێگە و رێبازی ئاشتیی و سیاسی کردۆتە رێگە و رێبازی چارەسەرکردنی پرسەکە. لەهەمانکاتیشدا خۆیشی دانەماڵیوە لە چەک. ئەمە ئەو دۆخەیە کە د.بورهان نەیتوانیوە بیبینێتو نایەوێت واتای پێبدات. لەم وتارەی د.بورهاندا ئەوەندەی بە ئەقڵییەتی رەش یان سپی کاردەکات واتا داوا لە پەکەکە دەکات یان لەناودەچێت و چۆکی پێدادەنرێت و هەرگیز سیفەتی تیرۆریزمی لێنابێتەوە یانیش دەبێت چەکدابنێت و خۆی لە چەک داماڵێت. لە راستیدا د.بورهان لەوەش زیاتر دەڕوات و تەنیا یەک رێگە لەبەردەم پەکەکەدا دەمێنێتەوە ئەویش لەناوچوونە…!! چونکە پێی وایە پەکەکە چەکدانەنێت لەناودەچێت، بەڵام ئەوەش باس ناکات کە ئەگەر داواکەی د.بورهان جێبەجێ بکات و چەکیش دابنێت هەر لەناودەچێت.!! ئایا ئەمە ئەقڵییەتی رەش یان سپی یان بڵێین تاکڕەهەند روانین نییە کە د.بورهان بۆ پەکەکەی پێشنیاز دەکات؟یان هەر سەپاندنی قەدەری لەناوچوونە بەسەر پەکەکەدا؟!

.لەپەنا دیواری ئەکادیمیبوون و سێرەگرتن لە تێکۆشانی ئازادییدا

د.بورهان دەیەوێت لەم (توێژینەوە)ی خۆیدا گومان بخاتە سەر هەبوونی پەکەکە لە سوریا و لوبنان و بیخاتە ژێر پرسیارەوە. لەمەش زیاتر دەیەوێت بڵێت؛ (لەگەڵ چوونی رێبەر ئۆجەلان لە تەمموزی ١٩٧٩ بۆ کۆبانێ و لەوێشەوە بۆ لوبنان و پەیوەندیی لەگەڵ رێکخراوە شۆڕشگێڕ و چەپەکانی فەلەستین و بەدوایشیدا پەیوەندی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی سوریا بە زیان بۆ پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان گەڕایەوە و سوریا لەمیانەی رێککەوتنی ئەدەنە لەگەڵ تورکیا رێبەرئۆجەلانی کردە قوربانی بەرژەوەندییەکانی و لە سوریا و لوبنانی دەرکرد و دواجاریش ئۆجەلان بەهۆی ئەم رێککەوتنەوە دەسگیرکرا و زۆری نەمابوو ئاشبەتاڵ بە پەکەکەش بکات، ئەگەر کەناڵی ئاسمانی مێدتیڤی و خەباتی ئەوروپای پەکەکە و سامانە ئابوورییەکەی نەبووایە ئەوا مسۆگەر پەکەکە وەکو بزووتنەوەی ئەیلولی ساڵی ١٩٧٥ئاشبەتاڵی دەکرد). دەیەوێت وابڵێت و لەنێو رستەکانی نێو کۆی (توێژینەوە)کەیشیدا، ئەگەر هەمووی بێنینە لای یەک گوزارشت لەم بۆچوونەی خۆی دەکات. بێگومان ئەم بۆچوونەی د.بورهان سەرلەبەری پێچەوانەی راستییەکانە و لەگەڵ مێژووی ساڵانی نێوان ١٩٧٩ تا ١٩٩٨ و لەم مێژووەش زیاتر تا قۆناخی بەناو بەهاری عەرەبی و بەرپابوونی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ لەو کاتیشەوە تا ئێستا، ناکۆکە و یەکانگیر نابێتەوە و تەواو شێواندنی راستییەکانە و گومانەکانیشی جگە پێشداوەرییەکی دۆگماییانە و بیرکردنەوە بە لۆژیکی باو و وێكچوواندنێکی سەرپێیانەی پەکەکە بە حیزبەکانی باشوور و رۆژهەڵات هیچی تر نییە.

بابێین کورتە باسێک لەسەر قۆناخی چوونی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە بۆ لوبنان و سوریا و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گەلی عەرەب(فەلەستینی، سوریایی و لوبنانی) بکەین و ئینجا هەر بە میتۆدەکەی د.بورهان بەراوردکارییەک بکەین و هەندێک دەرئەنجام هەڵهێنجین و ئەو دەرئەنجامانەش لەگەڵ ئەو دەرئەنجامانەی کەوا د.بورهان بۆخۆی هەڵیهێنجاوە بەراورد بکەین، تا بزانین کامەیان راستی و حەقیقەت یان لە راستییەوە نزیکن و کامەشیان وەهمێکەوە بەناوی راستی و حەقیقەتی زانستی نیشان دەدرێت.

سەرەتا با سەبارەت بە چوونی رێبەر ئۆجەلانپەکەکە بۆ رۆژئاوای کوردستان لە تەممووزی ساڵی ١٩٧٩ و دواتریش بۆ لوبنان و سوریا و کەمپەکانی فەلەستینییەکان، هەندێک خاڵی گرنگ باس بکەین کە بەم کۆچەیان بۆ رۆژئاوای کوردستان و سوریا و لوبنانە چیان بەدەستهێنا؟ توانرا چیبکرێت؟

1. توانرا پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە شۆڕشگێڕەکانی فەلەستینییەکان ببەستێت و لەرووی ماددی و مەعنەویشەوە لێیان سوودمەند ببێت. سوودەکەش ئەوەبوو؛ توانی لە لوبنان لەکەمپێکی مەشقکردنی فیداییە فەلەستینییەکاندا سەرەتا تەنیا شوێنی هۆڵێکی بە جەمەلۆن درووستکراو لەو رێکخراوە فەلەستینییانە وەربگرێت و توانستی ئەوە درووست بکات کەوا کادیرانی پەکەکە مەشق و پەروەردە بکات و سوودێکی زۆر لە ئەزموونە شۆڕشگێڕییەکانی فیدائییەکانی فەلەستینییەکان وەربگرێت. کە توانی لەماوەی نێوان ١٩٧٩تا ١٩٩٨دا زیاتر لە 18000 کادیر پەروەردە بکات.
2. پەکەکە توانی بەهۆی هەبوونی لە لوبنان و لەپاڵ ئەو رێکخراوە فەلەستینییەکانەوە پەیوەندی بە دونیای دەرەوە بکات و پەیوەندییە دیبلۆماسیی و سیاسییەکانی لەگەڵ هێز و رێکخراوە سۆسیالیست و چەپ و کۆمۆنیست و رزگاریخوازەکانی دونیا پێشبخات.
3. هەر لە لوبنان و سوریاوە، پەکەکە توانی پەیوەندی لەگەڵ حیزب و رێکخراوەکانی باشووری کوردستان ببەستێت و بەسوود و قازانجی هەردوولا پەیوەندییەکانی نێوانیان پەرەبسەنێت و فراوان ببێت.
4. هەروەها خۆی بگەیەنێتە کورد لە ئەوروپا و کورد لە لوبنان و ئوردن و لیبیا و میسر و سعودیا و بەڕێکخستنیان بکات و ببنە هێزێکی زۆر مەزنی ماددی و مەعنەوی بۆ شۆڕشی ئازادیی کوردستان.
5. لەهەمووشی گرنگتر؛ پەیوەندی لەگەڵ گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا ببەستێت و خەڵکی کورد لە رۆژئاوا و سوریا هۆشیار ببنەوە و خۆیان رێکبخەن و لەڕووی ماددی و مەعنەویشەوە ببنە هێز و وزە و توانستێکی زۆر مەزن بۆ کۆی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراتی خودی کورد لەو بەشە و بۆ کۆی بەشەکانی تری کوردستان بەڕێی شۆڕشی پەکەکەوە. کە ئەگەر پەکەکە ئەمەی نەکردایە و گەلیش لەو بەشەدا بەوشێوەیە بەشداری شۆڕش و خەبات نەبوونایە ئەوا مسۆگەر ئەوەی ئەمڕۆ ناوی شۆڕشی رۆژئاوا و خۆبەڕێوەبەرێتی دیموکراتییە نەدەبوو.
6. هەر لە لوبنان و سوریا و رۆژئاوای کوردستانەوە، پەکەکە دوای کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەلولی ١٩٨٠ی تورکیا، کە هەزاران کادیر و لایەنگری زیندانیی کرابوون، توانی خۆی کۆبکاتەوە و لەمەش گرنگتر بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵات و دەستکردن بە تێکۆشانی گەریلایی بدات و سەرلەنوێ قەڵەمبازێکی مەزن لە وڵات بهاوێژێت و پەکەکە لە باکوور ببێتە هێزی شۆڕشگێڕیی یەکەم و بنچینەیی. ئەمە نەک هەر لە باکوور، بەڵکو لەکۆی کوردستان و ناوچەکەشدا ئەمڕۆ هێزی هەرە مەزن و کاریگەریی بەشەکانی کوردستان و ناوچەکەیە.ئەمە لەکاتێکدا زۆربەی رێکخراوە چەپ و شۆڕشگێڕەکانی تورکیا و حیزب و رێکخراوە کوردییەکانی باکوور بەهۆی کودەتا سەربازییەکەوە؛ یان بەتەواوی تەسفیە بوون و لەناوچوون، یان تەواو لاواز و پەرێشان و مارژیناڵ کەوت و زۆربەی هەرە زۆریشیان پەڕاگەندەی ئەوروپا بوون و پەرشوبڵاو بوون و توانەوە. بەڵام پەکەکە بە چوونی بۆ لوبنان و سوریا و ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ رێکخراوە فەلەستینییەکان و بە نافەرمی و ناڕاستەوخۆش لەگەڵ دەوڵەتانی سوریا و لوبنان ئەم دەستکەوتانە بەدەستبهێنێت و شۆڕش و خەباتی خۆی مەزن و بەرفراوان بکات.
7.  هەر لە وڵاتی لوبنان و سوریاوە پەکەکە لەوکاتەدا توانی خەباتێکی مەزنی فیکری، سیاسی، راگەیاندنی، کۆمەڵایەتی، کولتووری پێشبخات کە کۆی شۆڕشی پەکەکە لەهەر چوار لای کوردستان و کورد لەدەرەوەی وڵات لێی سوودمەند ببێت. کە مسۆگەر ئەگەر ئەم خەباتە هەمەلایەنە نەبووایە هەرگیز پەکەکە نەیدەتوانی ببێتە ئەو پەکەکەیەی کەوا ئێستا ملیۆنان ئەندام و لایەنگر و هەواداریی هەیە. کە دوای کودەتا سەربازییەکە ئەگەر پەکەکە هەر لە باکوور مابایەوە و خۆی لەوێ قەتیس بکردبایە، یان ئەوکاتە پەڕاگەندەی ئەوروپا ببایە ئەوا مسۆگەر پەکەکەی ئێستا ئەو پەکەکەیە نەبوو. لەوانەبوو پەکەکەیەکی لانەواز و مارژیناڵ و پەرشوبڵاو بمابایەوە.
8. هەموو ئەو پێشکەوتن و پەرەسەندنانە و گەلێک پێشکەوتن و پەرەسەندنی تریش  هەن، کەوا رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە توانیان لەو بیست ساڵەی نێوان ١٩٧٩ -١٩٩٨ بەدەستبهێنن.
9. پێشخستنی هێڵی ئازادیی ژنیش له‌م گۆڕه‌پانەدا‌ په‌ره‌ی پێدرا و ژنان بوونه‌ خاوه‌ن رێکخستن و هێز و ئیراده‌ی راسته‌قینه‌ی خۆیان.

با لێرەدا ئەم قۆناخە زیاتر هەڵسەنگاندن بکەین و وەک د.بورهان بیخەینە ژێر گومان و پرسیارەوە و بپرسین: لەم بیست ساڵەی نێوان ١٩٧٩-١٩٩٨ پەکەکە، گەلی کورد بەگشتی لەناوەوە و دەرەوەی وڵات، گەلی کورد بەتایبەت لە رۆژئاوا و سوریا و لوبنان، حیزب و رێکخراوە کوردییەکانی باشوور و باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کە زۆربەیان لەوێ نووسینگەیان لە سوریا و لوبنان هەبوو، هەروەها لەلایەکی تریشەوە دەوڵەتی سوریا، دەوڵەتی لوبنان، رێکخراوە فەلەستینییەکان هەر هەموویان چ سوود و زیانێکیان لەو هەبوونەی پەکەکە لە لوبنان و سوریا و رۆژئاوا کردووە؟ بەدیوێکی تریش با بپرسین هەر لەو قۆناخەدا؛ هەبوونی پەکەکە لەدەرەوەی تورکیا و باکووری کوردستاندا و ئەو پێشکەوتن و پەرەسەندنانەی لەوێوە بەدەستیهێناون و ئەو هەنگاوانەی هەڵیهێناوە و ئەو سیاسەتەی لەوێ بەڕێوەی بردووە، ئایا چ سوود و زیانێکی بە تورکیا و ناتۆ و سیستەمی سەرمایەداریی جیهان و دەوڵەتانی تری داگیرکاری کوردستان گەیاندووە؟

1. وەک لە خاڵەکانی پێشووشدا ئاماژەم پێیدا؛ پەکەکە و گەلی کورد بەگشتی لەناوەوە و دەرەوەی وڵات، زۆر بەتایبەتیش گەلی کورد لە رۆژئاوا و سوریا سوودێکی زۆر مەزن و مێژووییان لەهەبوونی پەکەکە لە وڵاتانی سوریا و لوبنان وەرگرتووە و مرۆڤ دەتوانێت زۆر بە فراوانی لەئاستی پێشخستنی فیکر و رۆحی نەتەوەیی و نیشتمانی ودیموکراتییەوە، هەروەها لە رەهەندە فیکری و سیاسی و دیبلۆماسی و گەریلایی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابووری و هەموو بوارەکانی تردا بەدەیان و سەدان سوودی هەبوونی پەکەکە لەماوەی نێوان ساڵانی ١٩٧٩-١٩٩٨دا بۆ خودی پەکەکە و تەواوی گەلی کورد و ئازادیخوازانی گەلانی تریش بخاتەڕوو. ئەگەر مرۆڤ بێ ویژدان نەبێت و خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت ئەوا با خودی د.بورهان و ئەوانەی گومان دەخەنە سەر هەبوونی پەیوەندییەکانی پەکەکە لەو قۆناخەدا، با توێژینەوە بکەن کە پەکەکە لەو ماوەیەدا چ زیانێکی بە گەلی کورد بە گشتی و لە رۆژئاوای کوردستان بەتایبەت بخەنەڕوو.
2. رێبەر ئۆجەلان لە گووتەیەکیدا سەبارەت بەو قۆناخە دەڵێت:” 19 ساڵ من لەسەر پشتی شێرێکدا تێکۆشان و سیاسەتم بەڕێوەبرد، پێویستە توێژینەوە لەسەر ئەم قۆناخی تێکۆشان و سیاسەتە بکرێت” بێگومان باوەڕم وایە کە مەبەستی لەو “شێر”ە، هەم سیستەمی دەوڵەتگەرای خۆرهەڵاتی ناوین و بەدەستنیشانکراویش دەوڵەتی سوریا و باڵادەستییەکەی بەسەر لوبنان و رێکخراوە فەلەستینییەکانە لەوکاتەدا، هەمیش مەبەستی خودی حافز ئەسەدە کە نازناوەکەی بەواتای  شێر دێت!!. لەهەردوو حاڵەتەکەدا چوونە سەر پشتی شێر لەهەر ئان و ساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە بیخوات و لەناوی ببات. بەڵام ئەو شێرە بۆ نەیتوانی ئەوی چۆتە سەرپشتییەوە بیخوات؟ ئایا نەیتوانی یان نەیکرد؟ یان لە راستیدا ئەوەی چۆتە سەر پشتی شێرەکە کە خودی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی کوردە، نەیانهێشت شێرەکە بیانخوات؟ ئەمە زۆر گرنگە بزانرێت کە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی کورد بەتایبەتیش خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لەو 19 ساڵەدا چۆن تێکۆشانیان کردوووە و چۆن توانیویانە بێ ئەوەی ببنە قوربانی و بەکاربهێنرین و دواجار شێرەکە بیانخوات، دەستکەوتی زۆر مەزن و مێژوویی بۆ خۆیان بەدەستبهێنن؟!
3. د.بورهان دەبێت بزانێت کەوا لە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنمان بۆ خەبات و تێکۆشانی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی کورددا، ئەوە روونە کە هەروا بەئاسانی و بێ کۆسپ و تەگەرە و ململانێ و ناکۆکی و فشار و گوشار لەو قۆناخەدا و لەو سوریا و لوبنانە بەڕێوە نەچووە و ئێستاش و داهاتووش هەروا بەئاسانی و بێ کۆسپ و تەحەددیاتەکان بەڕێوە ناچێت. ناکرێ هەروا بەئاسانی گومان بخەیتە سەر تێکۆشانێک کە لە سەختترین دۆخی خۆیدا، نەک هەر لەسەر پشتی شێر، بەڵکو لەقورگی شێردا بەڕێوەچووە و بەچەند پێشداوەرییەکی بێبنەما و بە لۆژیکی باو و وێكچواندن و بەراوردکارییەکی رووکەشانەوە بڵێی بەهۆی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا خەباتی پەکەکە خەریکبوو بگاتە ئاشبەتاڵ، بەڵام مێدتیڤی و نازانم چی و چی نەیهێشت ئاشبەتاڵەکە رووبدا. لەمەش سەیرتر ئێستاش د.بورهان پێی وایە وا خەریکە پەکەکە دیسان بەهۆی پێداگرییەکانی لەسەر خەباتی چەکداریی و بەلوبنانیکردنی هەرێمی کوردستانەوە لە ئاشبەتاڵ نزیک دەبێتەوە و ئیدی تورکیا بەڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتە بەهێزەکەی ئێراق کە هێشتا درووست نەبووە، چۆک بە پەکەکە دادەدات و بۆیە هەتا زووە با پەکەکە واز لە خەباتی چەکداریی و چەک بێنێت و چیدی زیان بە هەرێمی کوردستان و کۆی دۆزی کورد و تەنانەت خۆیشی نەگەیەنێت!!!
4. ئایا لەماوەی نێوان ١٩٧٩-١٩٩٨دا بەدەسیسەی دەوڵەتی سوریا هیچ شەڕ و پێکدادانێکی چەکداریی لەنێوان پەکەکە و دژی حیزب و لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان کە ژمارەیان دە تا پازدە حیزب و لایەن بوو، روویدا؟ ئایا پەکەکە جاسوسی بۆ دەوڵەتی سوریا یان لوبنان دژ بە گەلی کورد لە رۆژئاوا و سوریا و لوبنان یان حیزبەکانی ئەوێ یان گەلانی تر کرد؟ ئایا گەلی کوردی لەو دوو وڵاتە هۆشیارکردەوە و بەڕێکخستنی کردن و بوون بە خاوەنی ئیرادە و ئەمڕۆش بوون بە خاوەنی قەوارە و ستاتۆیەکی خۆیان؟. بێگومان هەم پەکەکە و هەمیش حیزبە کوردییەکانی ئەوێ ناکۆکی و ململانێ، تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیی و سیاسییان لەگەڵ یەکتر و بەرامبەر یەکتر هەبووە و ئەمەش دیاردەیەکی ئاسایی و سرووشتییە کە حیزبەکان خاوەن ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی جیاواز بن لەگەڵ یەکتردا لەنێو ناکۆکی و ململانێدا بن و هەریەکەو تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی خۆی بەڕێوە ببات و لەناو گەلدا خەباتی رێکخستنی خۆیان بکەن. ئەوەی ناسرووشتی و نائاساییە ئەوەیە ئەمە بە دەسیسە و پیلانی دەوڵەتی سوریا و خزمەت بە رژێمی سوریا بکەن.. کە پەکەکە بەهیچ شێوەیەک و تەنانەت بچووکترین هەڵوێست و رەفتاری وای نەکردووە و لەهیچ بەشێکی کوردستانیشدا بەهەمانشێوە نەیکردووە و نایکات.
5. ئایا دەوڵەتانی سوریا و لوبنان و رێکخراوە فەلەستینییەکان و گەلانی تری نێو ئەم دوو وڵاتە هیچ زیانێکیان بەهەبوونی پەکەکە و پەیوەندییەکانی لەگەڵیاندا لەو دوو وڵاتە بینیوە؟ بەدیوێکی تردا ئایا هیچ سوودێکیان لەهەبوونی پەکەکە لەو دوو وڵاتە و پەیوەندییەکانی پەکەکە لەگەڵیاندا وەرگرتووە؟ هەرسێ لایەنیان(دەوڵەتانی سوریا و لوبنان و رێکخراوە فەلەستینییەکان) هەم سوودیان لە هەبوونی پەکەکە و پەیوەندییان لەگەڵیدا وەرگرتووە و هەمیش زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام مسۆگەر گەلانی ئەو دوو وڵاتە ئەگەر پەکەکە سوودی پێنەگەیاندبن، کە سوودی زۆری پێگەیاندوون، ئەوا هیچ زیانێکی لەم رووەوە پێنەگەیشتووە. با ئەمە زیاتر روونبکەینەوە؛ دەوڵەتی سوریا سوودی لەهەبوونی پەکەکە و پەیوەندیی لەگەڵیدا، کە زیاتر پەیوەندییەکی نافەرمی و تاکتیکی بوو، وەرگرتووە. سوودەکان چی بوون؟ وەک دەزانرێت سوریا ئەوکاتە لەنێو جەمسەر(بلۆک)ی سۆسیالیستیدا بوو و لایەنگری سۆڤییەت بوو. بەمەش هەم لەگەڵ جەمسەر(بلۆک)ی سەرمایەداریی و ناتۆ و خودی تورکیا لەنێو ناکۆکی و ململانێی سەختدا بوو. هاوکات چەندین کێشەی مێژوویشی لەگەڵ خودی دەوڵەتی تورکیادا هەبوو. بەتایبەتی کێشەی ئەسکەندەروونە کە تورکیا لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوودا بەزۆر داگیری کرد و لەمیانەی ریفراندۆمێکی ساختەوە ئەسکەندەروونەی خستە سەر دەوڵەتەکەی خۆیەوە، هەروەها کێشەی پەیوەندیی ستراتیژی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل و کۆی جەمسەری ناتۆ، کە ئەوکاتە دەوڵەتی سوریا خۆی بە خاوەنی دۆزی فەلەستین و لوبنان دەزانی و داکۆکی لێدەکرد. لەلایەکی دیکەوە کێشەی ئاو لەنێوان هەردووکیاندا. ئەمەو چەندین کێشەی تری نێوانیان. هەموو ئەمانە وایدەکرد کەوا دەوڵەتی سوریا هەر جۆرە دژایەتیکردنێکی تورکیا بەتایبەت و کۆی جەمسەری سەرمایەداریی و ناتۆی بە قازانج و سوودی خۆی دەبینی. بۆیە کاتێک کەوا پەکەکە لەسەرەتای حەفتاکان دەستی بە تێکۆشان کرد و لە کۆتایی حەفتاکانیشدا چووە لوبنان و پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە شۆڕشگێڕ و چەپەکانی فەلەستینییەکان کرد ئەوا بەشێوەیەکی ئۆبژێکتیف ئەو خەباتەی پەکەکە دژ بە تورکیا و وەک بزووتنەوەیەکی چەپ و سۆسیالیستیش دژ بە جەمسەری سەرمایەداریی، لە سوود و قازانجی خۆیدا دەبینی. دەوڵەتی سوریا لەڕێی پەیوەندی و کاریگەرییەکانی بە سەر رێکخراوە فەلەستینییەکانەوە سوودی لە پەیوەندی نێوان پەکەکە و رێکخراوە فەلەستنییەکان وەردەگرت. بەواتایەکی تر هەر پێشکەوتن و پەرەسەندنێکی خەباتی پەکەکە بەشێوەیەکی ئۆبژێکتیڤ بە سوود و قازانجی دەوڵەتی سوریاش بوو. بۆیە پەیوەندی راستەوخۆی نێوان پەکەکە و ئەو رێکخراوە فەلەستینییانە، ناڕاستەوخۆ بەسوود و قازانجی دەوڵەتی سوریا بوو و هەربۆیەش لەسەرەتادا دەوڵەتی سوریا هیچ رێگریی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پەیوەندی و هاوکارییەکانی ئەو رێکخراوانە بۆ پەکەکە نەکرد و دەرنەبڕی. بەڵام هەمیشەش هەوڵیدەدا ئەو پەیوەندیی و هاوکارییانە نەگاتە ئاستێک زیانی ستراتیژیی یان دوور مەودا بە خودی دەوڵەتی سوریا بگەیەنێت. ئەمە هەوڵدانەکانی دەوڵەتی سوریا بوو. بۆیە لەو 19 ساڵەدا دۆخەکە بەبەردەوامی لەنێوان پەیوەندیی-ناکۆکی بەردەوام، هەڵکشان و داکشانی بەردەوام، دەرفەتدان-رێگریکردنی بەردەوام لەنێوان پەیوەندییە راستەوخۆکانی نێوان پەکەکە و رێکخراوە فەلەستینییەکان و ناراستەوخۆش لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی سوریاشدا هەبوو. خەڵکی رۆژئاوای کوردستان شاهێدی ئەو دۆخە پڕ لە ناکۆکی-پەیوەندی، دەرفەت-رێگریی و هەڵکشان و داکشانەکانی ئەو 19 ساڵەن و باش دەزانن چی روویداوە و هەم پەکەکە چۆن تێکۆشان و سیاسەتی بەڕێوەبردووە و هەمیش دەوڵەتی سوریا چی بەرامبەر بە پەکەکە و خەڵکی رۆژئاوا کردووە. کە لێرەدا بە پێویستی نابینم بکەومە نێو وردەکارییەکانی دۆخی ئەو 19ساڵەوە کە پەکەکە و خەڵکی رۆژئاوا چ زۆری و زەحمەتییەکان لە سوریا و لوبنان بینیوە. بەکورتی؛ مرۆڤ دەتوانێ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دەوڵەتی سوریا چ سوود یان زیانێکیان بەهەبوونی پەکەکە لەوێ بینیوە. دەتوانم بڵێم؛ هەبوونی پەکەکە و پەیوەندییەکانی پەکەکە لەگەڵ رێکخراوە فەلەستینییەکان و پەیوەندییە نافەرمی و تاکتیکییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا، لەکورت مەودای ئەو 19 ساڵەدا، سوودی بە سیاسەتی دژە تورکیایی و دژە ئیسرائیلی و دژە جەمسەری سەرمایەداریی دەوڵەتی سوریا گەیاندووە. بەڵام لە دوور مەودادا زیانی گەورەی بە دەوڵەتی سوریا وەک دەوڵەتێکی ناوەندگەرا گەیاندووە. چونکە پەکەکە لەو 19 ساڵەدا هەموو ئەو پێشکەوتن و پەرەسەندنانەی بەخۆیەوە بینی کە باسمان کرد، لەلایەکی دیکەشەوە گەلی کوردی لە رۆژئاوا و سوریا گەیاندە ئاستێکی هەرە بەرزی هۆشیاریی و رێکخستنبوون و بەئیرادەبوون و بەمەش ئەمڕۆ بوونەتە خاوەن ستاتۆیەکی بەهێزی خۆیان و کارەکتەرێکی سەرەکی سیاسەت لە سوریا و ناوچەکەدا. هەروەها هەموو پڕۆژە و پیلان و سیاسەتەکانی دەوڵەتی سوریای لە رۆژئاوای کوردستان هەڵوەشاندەوە کە خۆی لە درووستکردنی پشتێنەی عەرەبی(حزام العربي) و بێ ناسنامەکردنی ژمارەیەکی زۆری کورد لە رۆژئاوا و قەدەخەکردنی زمان و کولتووری کوردی و بی قەوارەیی و بێ ستاتۆیی کورد لە سوریا. بێگومان هەموو ئەمانە لەماوەی ئەو 19 ساڵەدا بناخەکەی داڕێژرا کە پەکەکە  لە سوریا و لوبنان بوو.  
6. بەڵام لەو 19 ساڵە دەوڵەتی لوبنان نە سوودێکی ئەوتۆ و نە زیانێکی ئەوتۆی لە هەبوونی پەکەکە بەرنەکەوت، چونکە دەوڵەتی لوبنان بۆخۆی لەوکاتەدا زیاتر لەژێر هەژموونی دەوڵەتی سوریا و رێکخراوە فەلەستینییەکاندا بوو و خاوەن ئیرادەی سەربەخۆی خۆی نەبوو.
7. ئایا رێکخراوە فەلەستینییەکان چ سوود  یان زیانێکیان لەهەبوونی پەکەکە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵیدا بەرکەوت؟ دەتوانین بەڕوونی بڵێین؛ بەر لەهەموو شتێک تا پێش چوونی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە بۆ لوبنان و درووستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئەو رێکخراوانەدا، هەم ئەو رێکخراوانە و هەمیش بەگشتی گەلی عەرەب و بەتایبەتیش گەلی فەلەستین، بە گومان و ترس و رقێکی زۆرەوە لە بزووتنەوە کوردییەکانیان دەڕوانی. هۆکاری ئەم هەڵوێستەشیان ئەوەبوو کەوا بزووتنەوەی ئەیلول بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا، پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیا و ئێرانی شاهەنشایی و تورکیادا هەبوو، کە هەر هەموویان بە دووژمنی خۆیان دەزانی. ئەمەش وایکردبوو گەلی عەرەب بەتایبەتیش فەلەستنییەکان و رێکخراوە شۆڕشگێڕەکانیان بەچاوێکی زۆر خراپ لە کورد و بزووتنەوەکانیان بڕوانن و وەک دۆست و هاوپەیمانی ئیسرائیل و ئەمریکا و هێزەکانی تری سەرمایەداریی بڕوانن. واتا پەیوەندی بزووتنەوەی ئەیلول و مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا زیانی گەورەی بە پەیوەندی کورد-عەرەب گەیاندبوو. بۆیە کاتێک کە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە چوونە لوبنان و لە هەوڵی پەیوەندی درووستکردن بوون لەگەڵ رێکخراوە فەلەستینییەکاندا، سەرەتا زۆر بە گومان لەو دەستپێشخەرییەی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکەیان دەڕوانی و جۆرێک کەوا تۆمەتبارکردنی گەلی کورد و کۆی بزووتنەوە و رێکخراوەکانی کوردیان بە دۆست و هاوپەیمانی ئیسرائیلی دووژمنە سەرەکی و سەرسەختەکەیان دەزانی. بێگومان هەوڵدانی زۆری ویست تا رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە توانیان ئەو پێشداوەریی و تۆمەتبارکردنەی گەلی  کورد و کۆی بزووتنەوە و رێکخراوەکانی کوردان بە دۆست و نۆکەر و هاوپەیمانی ئیسرائیل و بە دووژمنی عەرەب و بەتایبەت فەلەستینییەکان بڕەوێنێتەوە. ئەم پێشداوەریی و تۆمەتبارکردنە تا ساڵی ١٩٨٢ش بەردەوام بوو، بەڵام کاتێک کەوا ئیسرائیل باشووری لوبنانی داگیرکرد و دژی رێکخراوە فەلەستینییەکان لە لوبنان شەڕی کرد، لەوکاتەدا پەکەکە، وەک تاکە هێزی ناعەرەب و نافەلەستینیی، کە لێبڕاوانە و بەخوێنی خۆی بەرگریی لە گەلی فەلەستین و لوبنان و رێکخراوە فەلەستینییەکان کرد، ئینجا تێگەیشتن کە هەموو کورد و هەموو بزووتنەوە و رێکخراوە کوردییەکان دۆست و نۆکەر و هاوپەیمانی دەوڵەتی ئیسرائیل نیین و پشتیوانی لە ستەم و زوڵمەکانی سەر فەلەستینییەکان ناکەن، بەڵکو ئەوە تەنیا بزووتنەوەی ئەیلول و سەرکردایەتییەکەین کەوا پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە. بۆیە ئەمە وایکرد بۆ جاری یەکەم وێنای کورد و رێکخراو و بزووتنەوە کوردییەکان لە دۆست و نۆکەر و هاوپەیمانی ئیسرائیل و دووژمنی عەرەب و فەلەستینییەکان بگۆڕێ بۆ وێنایەکی راستەقینە کەوا گەلی کورد و گەلی عەرەب و بەتایبەتیش فەلەستینییەکان نەک هەر دووژمنی یەکتر نین،بەڵکو دۆست و هاوپەیمانی یەکترن و ئەگەر بیانەوێت ئەوا دەتوانن ببنە هاوچارەنووسی یەکتریش و پشتیوانی لەیەکتریش بکەن. ئەمە وەرچەرخانێکی زۆر گرنگ و مێژوویی بوو کەوا پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان هەر لەو قۆناخی 19 ساڵەدا لەپەیوەندی نێوان گەلانی کورد-عەرەبدا بەدیانهێنا، کە بزووتنەوەی ئەیلول بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا تێکیدابوو و وێنایەکی زۆر ناشیرینی بۆ گەلی کورد و بزووتنەوە و رێکخراوە کوردییەکان درووستکردبوو. باسکردنی ئەم بابەتەم بەگرنگ بینی تا لەوە تێبگەین کە لەلایەک ئەو قۆناخی 19 ساڵەیەی ١٩٧٩-١٩٩٨ چۆن تێپەڕیی و چی بۆ کورد و پەکەکە و تەنانەت گەلی فەلەستین و عەرەب بەگشتی بەدیهێنا و چیشی بەلاوەنا. لەلایەکی تریشەوە هەبوونی پەکەکە لە وڵاتی سوریا و لوبنان و پەیوەندییەکانی چی بوون و چۆن بوو. هەروا سادە و ساکار و بێگوێدانە ئەو راستیانە و بە پێشداوەرییەکی ئامادە و وێکچواندنی پەیوەندی پەکەکە بە پەیوەندی حیزبەکانی تری کوردستان ناتوانین بە راستییەکانی ئەو قۆناخە بگەین.
8. بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم مۆدێلەی تێکۆشان و سیاسەت و پەیوەندییانەی پەکەکە با چەند  نموونەی تری حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان لەبەشەکانی تری کوردستان هی هەمان قۆناخی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، کە قۆناخی ١٩٧٩-١٩٩٨یش لەخۆوە دەگرێت، بە نموونە بهێنینەوە، ئینجا دەتوانین باشتر لە دۆخەکە تێبگەین، باشتریش لەو پێشداوەریی و وێکچواندن و بەراوردکارییەی د.بورهان تێبگەین بزانین لەکوێدا بەهەڵەداچووە و چۆن راستییەکانی شێواندووە؟

نموونەی یەکەم؛ پەیوەندییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، هەم لە قۆناخی شاهەنشاهیدا و هەمیش لە قۆناخی کۆماری ئیسلامی ئێراندا چۆن بوو؟ ئایا لەو پەیوەندییە پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران لەو دوو قۆناخەدا چۆن بوو؟ ئایا پەدەکە، گەلی کورد بەگشتی، گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەوڵەتی ئێران چ سوود یان زیانێکیان لەو پەیوەندییە بینی؟

لە سەردەمی شاهەنشاهیدا؛ پەیوەندییەکی زۆر توندوتۆڵ و راستەوخۆی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی ئێراندا هەبوو. لە ئاکامی ئەو پەیوەندییەدا، راستە بزووتنەوەی ئەیلول یارمەتی و هاوکارییەکی زۆری ماددی(هەم پارە و هەمیش چەک و داودەرمان)ی لە دەوڵەتی ئێران وەرگرت، پەدەکە توانی لە رێگەی ئەم پەیوەندییەوە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیا و دەوڵەتانی تری ناتۆ بەتورکیاشەوە درووست بکات و بەهێز بکات. بەڵام لەبەرامبەر بەمەدا دەوڵەتی ئێرانی شاهەنشایی دۆزی کورد لە باشووری وەک کارتێکی دەستی خۆی و بزووتنەوەی ئەیلولیش بە بارمتە بگرێت و کەی و چۆنی بوێت وەها سەودا و مامەڵە بە دۆزی کورد و بزووتنەوەی ئەیلولەوە بکات، کە دەرئەنجام لەمیانەی رێكکەوتنی جەزائیری ١٩٧٥دا شکست بە بزووتنەوە گەورەکەی ئەیلول بهێنێت و وەک خەڵک ئەوکاتە بە ئاشبەتاڵ ناوزەدیان کرد، ئاشبەتاڵێکی زۆر گەورە بە گەورەترین بزووتنەوەی سیاسی و چەکداریی بکات و کورد بەگشتی و گەلی کورد لە باشوور لەوکاتەدا زیانێکی زۆر و زەبرێکی کوشندەی بەرکەوت، کە تا ئێستاش کورد لە باشووردا لەژێر باری ئەو شکست و ئاشبەتاڵەدا دەرنەکەوتووە و بەشێکی زۆری بێئومێدی و بێباوەڕیی و ترسی کورد لە تێکۆشان و شۆڕش بۆ ئەوکاتە دەگەڕێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە؛ بەهۆی ئەو پەیوەندییەی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی شاهەنشاهی ئێرانەوە، لەسەر داوای ئەو دەوڵەتە چەندین سەرکردەی رۆژهەڵات وەک سلێمانی موعینی و مەلا ئاوارە و خەلیل شەوباش لەلایەن سەرکردایەتی پەدەکەوە بکوژرێن. هەروەها ئەو پەیوەندییەی نێوان پەدەکە و تورکیاش چەندین سەرکردەی وەک سەعید ئەڵچی و سەعید قرمزی تۆپراغ بە پیلان بکوژرێن.   لەدیوێکی دیکەدا بەهۆی ئەو پەیوەندییەی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی ئێراندا، چەندین دەرفەتی زێڕین و رەخساو لە ئێراقدا بۆ کورد و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باشوور و ئێراقدا لەدەستدران. بەتایبەتی لە قۆناخی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم و رێککەوتننانەمەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، کە دوو دەرفەتی زۆر مێژوویی و گرنگ بوون کە دەتوانرا کێشەی کورد لە باشوور و ئێراقدا چارەسەر بکرێن. هەڵبەتە لێرەدا بۆئەوەی ئەم باسە بەهەڵەدا نەبردرێت و چەواشە نەکرێت، دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە حکومەتی قاسم و بەعسیش بەهۆی هەڵە کوشندەکانیان و نەبوونی ئەقڵییەتێکی دیموکراتی و زاڵبوونی ناوەندگەرایی، بەتایبەتی ئەقڵییەتی شۆڤێنیستی بەعسەوە، رۆڵیان لە لەدەستدانی ئەو دوو دەرفەتەدا هەبوو، ناکرێ ئۆباڵی لەدەستدانی ئەم دوو دەرفەتە هەمووی بخەینە ئەستۆی بزووتنەوەی ئەیلول و سەرکردایەتییەکەوە. بەڵام بەکارتکردنی دۆزی کورد لەباشوور و بە بارمتەگرتنی بزووتنەوەی ئەیلول لەلایەن ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکاوە، رۆڵێکی سەرەکیان بینی لە لەدەستدانی ئەو دوو دەرفەتە و چەندین دەرفەتی تر. تەنانەت بەشێکی ئینشیقاقەکەی ساڵانی شەستەکانی نێو بزووتنەوەی ئەیلولیش هەر بۆ ئەو پەیوەندییە و ئەو سیاسەتە وابەستییەی کەوا لەوکاتەدا بزووتنەوەی ئەیلول لە پەیوەندییەکانیدا و لە چۆنییەتی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ دۆزی کورد و حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی ئێراقدا بەڕێوەی دەبرد، دەگەڕێتەوە. لێرەدا با بپرسین؛ ئایا لەو پەیوەندییەی نێوان پەدەکە، کە داینەمۆی بزووتنەوەی ئەیلول بوو، لەگەڵ دەوڵەتی شاهەنشای ئێراندا هەیبوو، خودی پەدەکە و سەرکردایەتییەکەی، گەلی کورد بەگشتی، گەلی کورد و بزووتنەوەکەی لە رۆژهەڵاتی بندەستی دەوڵەتی ئێران، کێ سوودی لێبینی و کێ زیانی بەرکەوت؟ ئایاهەر دەوڵەتی ئەوکاتی ئێران نا، بەڵکو ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیا و تورکیا، چەندە سوودمەند یان زیانمەند بوون لە پەیوەندییان لەگەڵ خودی پەدەکە و کۆی بزووتنەوەی ئەیلول؟ لەمەش گرنگتر لێرەدا ئەوەیە با د.بورهان و کۆی خوێنەرانی ئەم بابەتە و بابەتەکەی د.بورهان بەراوردێک لەنێوان مۆدێلی پەکەکە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆدێلی پەدەکە و پەیوەندییەکان بکەن و خۆیان دەرئەنجامی پێویستی لێوە هەڵبهێنجن.

بابچینە قۆناخێکی تری پەیوەندییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، لە قۆناخی کۆماری ئیسلامیدا. لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێراندا، رەوتی شیعەگەرێتی بە رابەریی خومێنی ئەو شۆڕشەی گەلانی ئێرانیان قۆستەوە و کۆمارێکی ئیسلامیی شیعەگەراییان دامەزراند. گەلی کوردیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەشێک لە گەلانی سنووری دەوڵەتی ئێراندا راپەڕین و ناوچەیەکی بەرفراوانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەڕێوەبرد. لەوکاتەدا کە گەلی کورد و حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان-بەتایبەتی کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات- لەمیانەی شەڕ و دانوستاندنەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی تازەپێگەیشتووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەیانخواست زۆرترین مافەکانیان بەدەستبێنن و بیخەنە ژێر گەرەنتییەوە. رێک لەوکاتەدا پەدەکە- کە ئەوکاتە سەرکردایەتی کاتیی(قیادەی موەقەتە) بەڕێوەی دەبرد، پەیوەندی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی کۆماری ئیسلامیدا بەست و چووە سەنگەریی کۆماری ئیسلامییەوە دژ بە کورد و کۆمەڵە و دیموکرات لە رۆهەڵاتی کوردستاندا. تەنانەت بەگوێرەی هەندێک لێکۆڵینەوە و بیرەوەریی نووسراو و چاپکراوی ئەوکاتەدا، قیادەی موەقەتە رۆڵێکی گرنگی لە سەرکوتکردنی خەڵکی راپەڕیوی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بینی و لە شارەکانی بۆکان و شنۆشدا کوشتاری خەڵکی کردووە. هەر لەو قۆناخەدا، پەدەکە بەهۆی ئەو پەیوەندییەیەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا، لایەنگریی ئێرانی کردووە لە کاتی شەڕی ئێران-ئێراقدا و بەشدارییشی کردووە. تەنانەت بۆچوون و رایەکیش هەیە دەڵێن هەر بەهۆی ئەم لایەنگریی و بەشدارییەی پەدەکە لە ئێران و شەڕەکەدا، رژێمی بەعسی فاشیستی ئێراق کۆمەڵکوژییەکی مەزنی بارزانییەکان لە 31.7.1983 خورشیدی، مزوری، ئەرگوشی، بەڕۆژی، دۆڵەمەڕیی کرد. هەڵبەتە نابێت ئەم لایەنگریی و بەشدارییەی پەدەکە بکرێتە پاساو یان بیانووێک بۆ رەوایەتیدان بەو تاوانە گەورە و کۆمەڵکوژییەی بارزانییەکان. بەڵام دیسانیش ئەگەر هۆکاری سەرەکیش نەبێت ئەوا تارادەیەک رۆڵی خۆی بینیوە.

ئێستا با دیسان بپرسینەوە؛ ئایا لەو پەیوەندییەی نێوان پەدەکە، کە دوای  شکستی بزووتنەوەی ئەیلول، بەناوی قیادەی موەقەت بەڕێوەدەچوو، لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی ئێراندا هەیبوو، خودی پەدەکە و سەرکردایەتییەکەی، گەلی کورد بەگشتی، گەلی کورد و بزووتنەوەکەی لە رۆژهەڵاتی بندەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، کێ سوودی لێبینی و کێ زیانی بەرکەوت؟ با دیسانەوە د.بورهان و کۆی خوێنەرانی ئەم بابەتە و بابەتەکەی د.بورهان بەراوردێک لەنێوان مۆدێلی پەیوەندییەکانی پەکەکە، لەگەڵ مۆدێلی پەیوەندییەکانی پەدەکە بکەن و خۆیان دەرئەنجامی پێویستی لێوە هەڵبهێنجن.

هەروەها دەکرێ نموونەی دووەمی ئەو پەیوەندییانەش لە ئەزموونی یەنەکەدا، لە سەردەمی شا، سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران، سەردەمی باڵادەستبوونی کۆماری ئیسلامیباس بکرێت و پەیوەندیی-ناکۆکییەکانی یەنەکە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران لەهەر سێ سەردەمەکەدا چۆن بووە و چی بووە و کێ لێی سوودمەند یان زیانمەند بووە. کە بە بۆچوونی من لەهەردوو سەردەمی شا و سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا هەم بە سوودی یەنەکە و هەمیش بە سوودی هێز و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکەکەی بووە، بەڵام لەسەردەمی باڵادەستیی رژێمی کۆماری ئیسلامیدا  بە زیانی یەنەکە خۆی و هەردوو خەڵکی باشوور و رۆژهەڵاتیش بووە. دەکرێ نموونەی سێیەمیش باس بکرێ و باس لە ئەزموونەکانی پەیوەندییەکانی هەردوو لایەنی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆمەڵە و دیموکرات)یش لەگەڵ رژێمی ئێراق بکرێ کە بە بۆچوونی من ئەزموونێک بووە کە خەڵکی باشوور بەهۆی ئەم پەیوەندییەوە هیچ زیانێکی بەرچاوی بەرنەکەوتووە، ئەگەر نەڵێم سوودی بۆ حیزب و لایەنەکانی باشووریش هەبوو و گەلێک هاوکارییان کردوون. هەر بۆ نموونە؛ئاگربه‌ست و دانوستانی ١٩٨٣ی یه‌نه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێراق به‌یارمه‌تی راسته‌وخۆی د.قاسملو بووه‌.

هەروەها دەکرێ باس لە ئەزموونی پەیوەندییەکانی یەنەکە لەگەڵ رژێمی سوریا لە حەفتاکان و هەشتاکاندا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ و هەمەلایەنە دەرئەنجامی لێهەڵبهێنجرێت.  

ئەگەر هەر لەسەر ئەم مەسەلەی پەیوەندیی حیزب و لایەنە کوردییەکان– بە باشوور و رۆژهەڵاتییەوە، لەگەڵ رژێمەکانی تری کوردستان بڕۆین و باسی پەیوەندییەکانیان لە ساڵانی نەوەدەکان بکەین، هەم لە باشوور و هەمیش لە رۆژهەڵات ئەوا دەکرێ زۆر بە ڕوونی باسی ئەزموونە نێگەتیڤ و زیانبارەکەی پەیوەندییەکانی حیزبەکانی باشوور لەگەڵ تورکیا و ئێرانبکەین، کە چ زیانێک و ماڵوێرانییەکی بە خەڵک و حیزب و لایەنەکانی باشوور و باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە. بەڵام حیزب و لایەنەکانی رۆژهەڵات پەیوەندییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ تورکیا نەبوو و لەگەڵ ئێراقیش بەرادەیەک نەبوو کە زیان بە خۆیان و خەڵک و حیزب و لایەنەکانی تر بگەیەنن.  

بەڵام ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە بۆ قۆناخی سێیەمی پەیوەندییەکانی حیزب و لایەنە کوردییەکان  (لەساڵانی نێوان ٢٠٠٣تا ئێستا) لەگەڵ رژێمەکانی سەر کوردستان بکەین، ئەوا دەکرێ زۆر دەرئەنجامی گرنگ و مەترسیدار بخەینەڕوو. بەتایبەتی پەیوەندییەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێراندا. کە دەکرێ لە توێژینەوەی تردا بە فراوانی باسی لێوەبکرێت

4. سەبارەت بە تێکۆشانی گەلی فەلەستین و ئەزموونە شکستخواردووەکەی فەتح

لەبەشی یەکەمی وتارەکەیدا؛ د.بورهان کڕۆنۆلۆژیایەک سەبارەت بە قۆناخەکانی شوێنگۆڕکێی خەباتی چەکداریی فەلەستینییەکان دەکات، لە غەززەوە بۆ ئوردن و لە ئوردنیشەوە بۆ لوبنان. لەمیانەی ئەو بەشەی وتارەکەیدا دەیەوێت بڵێت فەلەستینییەکان نەچوون لەناو دەوڵەتی ئیسرائیلدا خەباتی چەکداریی بکەن، بەڵکو سەرەتا لە غەززە دەستیان بە خەباتی چەکداریی کردووە، کە بەگوێرەی بۆچوونەکانی د.بورهان ئەمە رۆخی ناوەندە، دەبووایە فەلەستینییەکان لەناوەندەوە واتا لە ئیسرائیلەوە دەستیان بە خەباتی چەکداریی بکردبا نەک لە وڵاتی خۆیان کە غەززە بەشێکی وڵاتەکەیانە. هەر لەو کڕۆنۆلۆژیای جێگۆڕکێیەکەی خەباتی چەکداریی فەلەستینییەکاندا د.بورهان دەڵێت ئەمجارەیان جێگۆڕکێیان بە خەباتەکەیان کردووە و لە غەززەوە بەرەو ئوردن رۆیشتوون، لەوێش ناچار دەبن بیگوازنەوە بۆ لوبنان… د.بورهان هەموو ئەو حیکایەتە بۆ ئەوە باس دەکات کەوا فەلەستینییەکان لەبەرئەوەی لە ناوەندەوە (لەناو ئیسرائیلەوە) خەباتی چەکدارییان نەکردووە و چوونە لە غەززە(لە وڵاتی خۆیانەوە) ئەو خەباتەیان دەستپێکردووە بۆیە کاریگەری لەسەر ناوەندی بڕیاری ئیسرائیل نەکردووە و، کە تەنگیان پێهەڵچنراوە ناچار خەباتەکەیان لە رۆخەوە(واتا لە غەززەوە) گواستۆتەوە بۆ رۆخی رۆخ (واتا بۆ ئوردن و لوبنان)، هەر لەدرێژەی کڕۆلۆنۆژیاکەیدا هاتووە کەوا کە لە رۆخی رۆخیشەوە (واتا لە ئوردن و لوبنانەوە) تەنگیانپێهەڵچنراوە ئیدی دەستبەرداریی خەباتی چەکداریی دەبن. بێگومان د.بورهان زۆر ستایشی ئەو دەستبەردانە لە چەک و خەباتی چەکدارییەی فەلەستینییەکان دەکات و پێی وایە رێگە راستەکەیان دۆزیوەتەوە. لەمەشدا دەگاتە ئەو قەناعەتەی کەوا دەبێت پەکەکەش وەک فەلەستینییەکان ئەوها دەستبەرداریی لە چەک و خەباتی چەکداریی بکات و ئاو بێنەو دەستتان بشۆ!! ئەمە هەموو تیۆریی و تێز و پێشنیازەکەی د.بورهانە. هێنانەوەی ئەم هەموو شێر و رێویە بۆ ئەزموونی فەلەستینییەکان و گێڕانەوە و کۆڕنۆلۆژیایەکی هاوشێوەش بۆ خەباتی گەریلایی پەکەکە دەکات لەئاکامدا دەگاتە ئەو باوەڕییەی کە پەکەکەش نەچووە لە ناوەندەوە (واتا ناو خاکی تورکیا بێجگە لە باکووری کوردستان) دەست بە خەباتی چەکداریی بکات، بەڵکو هەڵەی کردووە و چووە لە رۆخەوە (واتا لە باکووری کوردستان)دا دەستی بە خەباتی چەکداریی کردووە و پاشان لە باکووریش تەنگی پێهەڵچنراوە و ئیدی پەکەکە ناچاربووە ئەو خەباتە چەکدارییەی خۆی لە رۆخەوە( لە باکووری کوردستان) بگوازێتەوە بۆ رۆخی رۆخ (واتا هەرێمی کوردستان) بەمەش خەباتە چەکدارییەکەی پەکەکە هاوشێوەی خەباتە چەکدارییەکەی فەلەستینییەکان تەنیا زیانی بە باکوور و هەرێمی کوردستان گەیاندووە و هیچ کاریگەری لەسەر رژێمی تورکیا نەکردووە. بۆیە دەبێت پەکەکەش چاو لە فەلەستینییەکان بکات و چەک دابنێت و ئیعلانی دەستبەردان لە چەک و خەباتی چەکداریی خۆی بکات و دەست بە خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی بکات و چیدی هەرێمی کوردستان نەکاتە لوبنان و بەلوبنانیکردن…!! ئەمە هەموو حیکایەتەکەی نێو توێژینەوە و وتارەکەی د.بورهانە..

لێرەوە دەکرێ بەچەند خاڵێک ئەو بۆچوون و خەیاڵەی د.بورهان بەر رەخنە بدەین:

1. سەرەتا، دەبێت ئەو خاڵە بخەینەڕوو کە د.بورهان بۆ ئەم وتارەی پشتی بە تیۆری “ناوەند- رۆخ، ناوەند- رۆخی رۆخ” و میتۆدی بەراوردکاریی بەستووە. واتا هەم تیۆرییەکە و هەمیش میتۆدەکە هی خۆی نین و وەریگرتووە، ئەمەش ئاساییە، بەڵام ئەو هاتووە بەزۆری زۆردارەکی بەسەر پرۆسەی خەباتی چەکداریی فەلەستینییەکان و گەلی کورد(پەکەکە)ی داسەپاندووە. بەمەش هەم تیۆرییەکە و هەمیش میتۆدەکەی تەنگەتاو کردووە و شێواندووە و لەشوێنی خۆی و بۆ گرفتێکی شیاوی توێژینەوە کە ناوەند- رۆخ(کەنار) پەیوەستدار دەکات و رێگە بە بەراوردکردن دەدات، بەکارنەهێناوە، بەڵکو وەک قاڵبێکی ئامادە وەریگرتوون و دەیەوێت لەڕێی ئەم تیۆریی و میتۆدەوە، ئەوەی لە مێشک و خەیاڵی خۆیدایە بیسەپێنێت و راستی بۆچوون و خەیاڵەکانی خۆی وەک حەقیقەتێک دەرخواردی پەکەکە و خوێنەرانی بدات. بەم تیۆرییە بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت بەشێک لە تێکۆشانی گەلێک- کە تێکۆشانی چەکداریی یان گەریلاییە لە بەشەکانی تری تێکۆشان کە “تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیی، سیاسی، دیبلۆماسی، رێکخستنی و کولتووری” دایببڕیت. هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە خەباتی هەردوو گەل بەو رادەیەی وێکچوونیان هەیە،دوو ئەوەندە جیاوازیی جەوهەرییان لەگەڵ یەکتردا هەیە و ناکرێ تەنیا خاڵە وێکچووەکان کە زیاتر رووکەشی و کرۆنۆلۆژیکن، باس بکەیت و خاڵە جیاوازە زۆر جەوهەرییەکانیش پشتگوێ بخەیت، هەر تەنیا بۆئەوەی بۆچوون و وەهمەکانت بە حەقیقەت نیشان بدەیت. مەگەر میتۆدی بەراوردکاریی بۆ خستنەڕووی هەردوولای وێکچوون و جیاوازییەکانی نێوان دوو رووداو، یان دوو دیاردە، یاخود دوو بزاوت نییە؟ ئەی بۆچی د.بورهان خۆی لە بەراوردکارییەکەیدا خۆی لە خستنەڕووی خاڵە جیاوازەکانی نێوان خەباتی چەکداریی هەردوو گەل دەدزێتەوە و خۆی لێ نەبان دەکات. مەگەر ئەمە جۆرێک نییە لە چوونە “بەرەی دژ” و راکردن لە حەقیقەتی جیاوازیی خەباتی چەکداریی هەردوو گەل؟! لەکامە رێباز و کامە قوتابخانەی میتۆدی بەراوردکارییدا رێگەت پێدەدات کەوا تەنیا بە خستنەڕووی رووکاری وێکچووی هەندێک رووداوی کرۆنۆلۆژیکی نێوان خەباتی چەکداریی هەردوو گەل بڵێی وەڵڵا من میتۆدی بەراوردکارییم کردووە و بەو ئەنجامەش گەیشتووم کە دەبێت پەکەکە و گەلی کوردیش وەک فەلەستینییەکان و فەتح بکەن و مەحکومن بەوەی یان دەبێت چەک دابنێن و تەسلیم ببن، یانیش لەناودەچن و تا هەن هەر بە تیرۆریست ناوزەد دەکرێن… ئەگەر توێژەرێک دەست بۆ تیۆرییەک و میتۆدێک ببات، جا هەر تیۆر و میتۆدێک بێت، دەبێت بەر لەهەموو شتێک هەموو بنچینە و پرەنسیپەکانی ئەو تیۆری و میتۆدە بەکاربێنێت و بەگوێرەی خۆی کەلەپاچەی نەکات. لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئایا ئەم تیۆری و میتۆدە چەندە لەگەڵ بابەتی توێژینەوەلیکراودا دەگونجێت و چەندە دەتوانێت بمانگەیەنێتە کۆمەڵێک دەرئەنجامی راست یان نزیک لە راستی؟! بەڵام د.بورهان گوێی بەم راستیانە نەداوە و هاتووە پێشێلی بنچینە و بنەماکانی ئەو تیۆری و میتۆدەی کردووە و لەگەڵ ئەقڵ و خەیاڵی خۆیدا گونجادوویەتی و پەڕوباڵی کردوون. چونکە لەئاکامی خوێندنەوەی (توێژینەوە)کەیدا مرۆڤ دەپرسێت کوا ناوەند؟ کوا رۆخ و رۆخی رۆخ؟ لەکوێ باکوور و باشووری کوردستان بۆ خەباتی گەلی کورد دەبێتە رۆخ و رۆخی رۆخی خەبات؟ ئیسرائیل و تورکیا وەک دوو ناوەندی داگیرکاریی چەندە لەیەک دەچن و چەندەش لەیەک جیاوازن؟ دۆزەکانی هەردوو گەلی کورد و گەلی عەرەبی فەلەستینی چەندە لەیەک دەچن و چەندەش لەیەک جیاوازن؟ پەکەکە و رێکخراوی فەتح چەندە لەیەک دەچن و چەندەش لەیەک جیاوازن؟ د.بورهان ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری تری هاوشێوەی تووڕهەڵداوە و خۆی لێدزیوەتەوە و تەنیا ئەوەی بەلاوە مەبەستە بیسلەمێنێت کە پەکەکە هەرێمی کوردستانی بەلوبنانیکردووە و زیانی لەباکووریش و باشووریش و کۆی دۆزی گەلەکەیشی داوە و بۆیە دەبێت ئیللا و بیللا خۆی لەچەکداماڵێت و واز لە خەباتی چەکداریی بێنێت و بچێت بەدەوری تەنیا خەباتی سیاسی و دیبلۆماسیدا بیخولێنێتەوە. ئەمە هەموو گریمانە و بۆچوون و خەیاڵەکەی د.بورهانە. باشە هەر بەڕاست د.بورهان تیۆرییەکان و میتۆدەکان بە چی تێگەیشتووە و چۆن لە تیۆرییەکان دەڕوانێت؟ ئایا بە “کلیلی جۆکەر” تێگەیشتووە تا چۆنی بوێت و کەی بیەوێت چ دەرگایەک هەبێت بیەوێت دەتوانێت بیکاتەوە؟. هەر تیۆرییەک وەک کلیلێک وایە هەموو دەرگایەکی پێناکرێتەوە و توێژینەوەی بۆ هەموو بابەتێک پێناکرێت، هەر دەرگایەک بە کلیلێک دەکرێتەوە و هەر کلیلێکیش بۆ دەرگایەک درووست کراوە. مەگەر ئەو کلیلە “جۆکەرکلیل” بێت کە ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوە لەدەستی دەزگا هەواڵگریی و پۆلیسەکان و تەنانەت دزەکانیش دایە و چ دەرگایەک بیانەوێت و کەی بیانەوێت دەتوانن بچن بیکەنەوە و کامیرای شاراوە یان ئامێری تۆمار لە ماڵەکە بەشاراوەیی دابنێن یان دزەکان کە جۆکەرکلیلیان هەیە و دەچن دەرگای ماڵەکە دەکەنەوە و چییان بوێت دەیدزن. ئێ خۆ تیۆریی و میتۆدەکان جۆکەرکلیل نین تا بەهەوەسی خۆت چۆنت بوێت و کەی بتەوێت لەدەرگای هەر بابەتێک بدەیت و بەگوێرەی خۆت تیۆرییە دڵخوازەکەی خۆتی لەسەر جێبەجێ بکەیت. مرۆڤی پسپۆڕ و ئەهلی زانست بە ئەقڵییەتی “جۆکەرکلیل” کار ناکات، بەڵکو بە کلیلی گونجاو دەرگای گونجاو لەسەر بابەتێک یان گرفتێک دەکاتەوە و توێژینەوەی خۆی پێدەکات و بە دەرئەنجامی گرنگیش دەگات. ئەگەر وانەکات ئەوا ئەو توێژەرە مسۆگەر گرفتی میتۆدی و تیۆریی هەیە، کە لەهەمانکاتدا دەبێت بە گرفتی زیهنییش…    
2. هەر بۆ نموونە هێناوەی ئەم گرفتە میتۆدی و تیۆریی و زیهنییە، با بپرسین؛ ئایا د.بورهان دەتوانێت لەمێژوو و ئێستای تەواوی خەباتی رزگاریخوازی هەموو گەلانی جیهاندا؛ هەر لە چین و ڤێتنام و ئەنگۆلا و نیکاراگوا و ئەریتریا و جەزائیر و کوبا و تەیموری خۆرهەڵات و تامیلەوە بیگرە تا دەگاتە وڵاتانی تری ئاسیا و بەڵکان و ئەوروپا و ئەمریکای لاتین و ئەفریقیادا، تەنیا یەک نموونە، دووبارەی دەکەمەوە تەنیا یەک نموونە، بێنێتەوە کە بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی یەکێک لەو گەلانە نەک لە وڵاتی خۆیان-کە د.بورهان بەهەڵە بە رۆخ و رۆخی رۆخ ناوزەدی دەکات- بەڵکو لەناوەندی دەوڵەتی داگیرکەردا دەستیان بە خەباتی چەکداریی کردبێت و بەئامانجەکانیشی گەیشتبێت. کوا با یەک نموونە بێنێتەوە ئەوکاتە دەتوانین بە د.بورهان بڵێین ئافەرین بۆ کەشفە نوێیەکەت و ئیدی قەیچیەکات با گەلی کوردیش ئەزموون بکات و ببێتە گەلی دووەم لە جیهاندا کە نەک لە وڵاتی خۆی بەڵکو سەرەتا دەچێت لە وڵاتی داگیرکاردا دەست بەخەباتی چەکداریی بکات و لەوێوە وڵات و گەلەکەی رزگار دەکات.. بەڵام مسۆگەر ناتوانێت یەک نموونە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلێک لەم جیهانەدا بێنێتەوە کەوا سەرەتا خەباتە چەکدارییەکەی نەک لەنێو وڵات و گەلەکەی خۆیدا، بەڵکو چووە لەنێو وڵاتی داگیرکار و گەلە سەردەستەکەدا دەستی بەخەباتی چەکداریی کردبێت. هەڵبەتە لێرەدا مەبەستی د.بورهان خەباتی چەکدارییە نەک شێوازەکانی تری خەبات، ئەگەرنا پەکەکە سەرەتای خەباتی شۆڕشگێرانەی خۆی لە ناوەندی داگیرکارییدا و لە زانکۆکانی ئەنقەرەدا دەستپێکردووە و تا ئێستاش لەئەنقەرە و شارە گەورە و بچووکەکانی تورکیادا شێوازە جیاوازەکانی تری خەباتی بەردەوامی پێداوە و کاریگەریی گرنگیشی نەک هەر لە باکوور و بەشەکانی تری کوردستان، بەڵکو کاریگەرییەکەی لەسەر کۆی تورکیا و تارادەیەکی بەرچاویش لەسەر دەوڵەتانی تری داگیرکەریشدا هەیە و زیاتریش دەبێت. ئیدی کە دەڵێین د.بورهان بە زۆری زۆردارەکی دۆزی هەردوو گەلی فەلەستین و گەلی کورد و خەباتە چەکداریی و گەریلاییەکانیانی پەستاوەتە نێو تیۆرییەک و میتۆدێکەوە کە لە نە لەدوور و نە لە نزیکەوە ناتوانرێت لەڕێگەیەوە خەباتی چەکداریی گەلان و دۆزە رەواکەیان پێ هەڵسەنگێنێت و شیبکاتەوە و بەراوردی پێبکات، ئەمە نموونە بەرچاوەکەیەتی. ئەگەر بەکارهێنانی تیۆریی و میتۆدێک-جا هەر تیۆریی و میتۆدێک بێت- بۆ هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە و رەخنە و بەراوردکاریی و دواجار لێوەهەڵهێنجانی دەرئەنجامێکی راست یان نزیک لە راستی بێت و کەچی پێچەوانەکەی دەربچێت، ئەوا یان تیۆرییەکە و میتۆدەکە هەر لەبنچینەوە هەڵەن، یان ئەوەی بەکاریانیهێناوە بەهەڵە و شێوێنراوی و بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بەکاریانیهێناوە. لەوەی د.بورهاندا ئەگەری دووەم راستە. چونکە بۆ نموونە ئەم تیۆریی(ناوەند-رۆخ، ناوەند- رۆخی رۆخ)ە سەرەڕای لایەنی کەموکوڕیشی، بەڵام دیسان دەکرێ توێژەرێک لێی سوودمەند ببێت و وەک ئامرازێک بۆ توێژینەوەی زانستی بەهەندێک دەرئەنجامی گرنگ بگات، بەتایبەتی توێژینەوە لە ناوەندەکانی شارستانییەت و کەنار و رۆخەکانی شارستانییەتدا، یان سیستەم و رۆخ و کەنارەکانی دەکرێ زۆر سوودمەند بێت. ئەی کەواتە د.بورهان خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت یان دەیەوێت پەکەکە و خوێنەران هەڵبخەڵەتێنێت و دێت تیۆرییەک و میتۆدێک کە بەهیچ شێوەیەک نابێت و ناگونجێن بۆ هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە و دەرئەنجام وەرگرتن لە خەباتی چەکداریی گەلان لەبەرامبەر بە داگیرکارییدا، کەچی بێ گوێدانە ئەم پرەنسیپە هەر بەکاریاندێنێت.

مسۆگەر هەر گەلێک کە چەوسابێتەوە و وڵاتەکەی داگیرکرابێت، ئەوا سەرەتا هەر لە وڵاتەکەی خۆیدا دەستی بە خەباتی چەکداریی کردووە نەک لە وڵاتی داگیرکاردا، ئەگەر دواتر بۆی رەخاسبیت ئەوا خەباتە چەکدارییەکەی بەشێوازی جیاواز گەیاندۆتە ناو خودی وڵاتی داگیرکاریش، بەڵام مسۆگەر ناوەندی خەباتە چەکدارییەکەی وڵات و گەلەکەی خۆیەتی. ئەگەر وابێت دەبووایە ڤێتنامییەکان بەگوێی د.بورهانیان بکردایە و بچووبانەیە سەرەتا لە فەڕەنسا و دواتریش لە ئەمریکا دەست بە خەباتی چەکداریی بکەن، نەک لە وڵاتەکەی خۆیان، بۆئەوەی وڵاتەکەیان زیانی پێنەگات و گوندەکانی وێران نەبن. گەلی جەزائیریش دەبووایە بچن لە فەڕەنسا دەست بەخەباتی چەکداریی بکەن نە لە وڵاتەکەی خۆیان. ئیدی گەلانی تریش دەبووایە بەگوێی د.بورهانیان بکردایە و زیانیان بە وڵاتەکەی خۆیان نەگەیاندبایە و چووبان لە وڵاتی داگیرکاردا دەستیان بە خەباتی چەکداریی بکردبا. حەیف، هەرچەندە ئەو گەلانە لەدەست داگیرکارییش رزگاریان بوو، بەڵام دیسان حەیف و سەد حەیف و مخابن کە بەگوێی دەرئەنجامە گرنگەکانی د.بورهانیان نەکردووە، د.بورهانیش درەنگکەوتووە دەبووایە هەر لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا ئەم توێژینەوەیەی بکردبا تا گەلی کورد و گەلانی تر کە زۆربەیان ئێستا رزگاریان بووە لە داگیرکاریی سەربازیی، سوودیان لەم کەشفەی وەربگرتبا. ئەگەر ئەمە بۆ بەشێکی تێۆرییەکە کە ناوەند- رۆخە راست دەرنەچێت چۆن بەشەکەی تری کە رۆخی رۆخە راست دەردەچێت؟! ئاخر چۆن دەکرێ وڵاتی خۆت بۆ خەباتی خۆت بە رۆخ و رۆخی رۆخ دابنێیت؟! ئەمە چ لۆژیک و ئەقڵێک دەتوانێت باوەڕیی بەم بۆچوونەی د.بورهان بکات؟ هەڵبەتە تیۆرییەکە و بۆچوونەکەی د.بورهان سەبارەت بە بابەتی خەباتی چەکداریی لەهیچ کات و شوێنێکدا یەکانگیر نابنەوە و هەر یەکەو لە دۆڵێکدان. چونکە تۆرییەکە و پڕەنسیپ و بنەماکانی، هەروەها میتۆدە بەراوردکارییەکەیشی، لەم بابەتە توێژینەوەلێکراوەدا تەواو لەگەڵ شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن و دەرئەنجام و بەراوردکارییەکانی د.بورهاندا ناکۆکن. ئەمەش جۆرێکە لە دەستدرێژیکردنە سەر تیۆریی و میتۆدێک و دەچێتە خانەی شێواندنی تیۆریی و خراپ بەکارهێنانی تیۆریی و میتۆدییەوە. ئەمەش بۆخۆی گرفتێکی زیهنییە.

3. لەم دۆخەی ئێستادا؛ کە لەجیهاندا “لۆژیکی هێز” بەهەموو واتا و رەهەندەکانییەوە- بەتایبەتیش هێزی چەک و چەکداریی- باڵادەستە و رێک لەناو جەنگێکی جیهانیی باڵادەستبوون و پاوانخوازیی داین بەزەبری هێز، لەدۆخێکی وەهادا کامە دەوڵەت؟ کامە هێز؟ کامە گروپ و کامە کۆمەڵگە خۆیان لە چەک داماڵیوە و خۆیان بێ پاراستن و بێ بەرگری هێشتۆتەوە، تا پەکەکە و گەلی کورد خۆیان بێچەک بکەن و خۆ بێ پاراستن و بێ بەرگری بهێڵێنەوە؟ کامەیان ئەمەی کردووە و دەرفەت و شانسی مانەوەی هەبووە و هەیە؟ دەستەیەک لە کەس و لایەنەکان دەڵێن؛ باوی چەک و خەباتی چەکداریی نەماوە. بێگومان ئەوانەی وادەڵێن خۆیان لەهەموو کەس و لایەنێک زیاتر خۆیان پڕچەک کردووە. تەنانەت هەندێک هێز و لایەن لە باشووری کوردستان ئەمە دەڵێن لەکاتێکدا تەنیا ژمارەی پاسەوانە شەخسی و بنەماڵەییەکەیان ئەگەر زیاتر نەبێت لە ژمارەی هێزەکانی هەپەگە ئەوا مسۆگەر کەمتر نییە. کەچی رۆژانە و بەردەوام لە لێدوان و لە کەناڵە راستەوخۆ و ناراستەوخۆکانی راگەندنییەکانی خۆیاندا دەڵێن؛ باوی چەک نەماوە و دەبێت پەکەکە چەک لەخۆی داماڵێت و واز لەخەباتی چەکداریی بێنێت!! دەستەیەکی تریش زۆر لەوەش زیاتر دەڕۆن و دەڵێن نەک هەر باوی چەک و خەباتی چەکداریی نەماوە، بەڵکو باوی ئایدیۆلۆژیا و تێکۆشانی فیکرییش نەماوە. کەچی خۆیان بە ئایدیۆلۆژیای لیبرالیزم دەهزرن و دەنووسن و خیتاب دەدەن و بانگەشە و پڕوپاگەندە بۆ لیبرالیزم دەکەن. د.بورهانیش هەم داوای چەکداماڵین و وازهێنان لە خەباتی چەکداریی لەپەکەکە دەکات و هەمیش دەڵێت پێویست ناکات ئایدیۆلۆژیانە لە مەسەلەی خەباتی چەکداریی بڕوانین. بە واتایەکی دیکە نە پەکەکە نەکەسیش پێویستیی بە ئایدیۆلۆژیاش نییە تا لەمەسەلەیەکی چارەنووسسازی وەک خۆلەچەکداماڵین و وازهێنان لە خەباتی گەریلایی بێنێت. سیستەمی باڵادەستی جیهانی و تورکیا و داگیرکارانی کوردستان و هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشوور راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پێداگیریی لەسەر ئەمە دەکەن کە دەبێت پەکەکە خۆی لەچەکداماڵێت و واز لەخەباتی چەکداریی بهێنێت. د.بورهانیش لەکۆی توێژینەوەکەیدا زۆر بە ڕوونی و کۆنکریتی هەمان پێشنیاز و هەمان داوا دووبارە دەکاتەوە و تەنانەت دەڵێت ئەگەر پەکەکە ئەمە نەکات ئەوا نزیکە لە لەناوچوون و چۆکپێدادان و هەر بە سیفەتی تیرۆریزم ناوزەد دەکرێت. مرۆڤ دەتوانێت لەوە تێبگات کە ئەو سیستەمە باڵادەستەی جیهان و تورکیا و دەوڵەتانیتر و هێزەکانی تر کە بۆچی بەپێداگرییەوە ئەم داوایە لە پەکەکە دەکەن و لەچوارچێوەی شەڕێکی تایبەتیدا فشار و گوشار بۆ سەر پەکەکە و گەلی کورد دەهێنن. زۆر بەسادەیی دەتوانین بڵێین چونکە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان لەوە دایە کە پەکەکە و گەلی کورد بێهێز بن و نەتوانن خۆیان بپارێزن و بەرگری لەخۆیان بکەن و تاچۆنیان بوێت وەها نکۆڵی و کۆمەڵکوژ و بێ ناسنامە و بێ ئیرادەیان بکەن و بیکەنە قۆچی قوربانی خۆیان و بەرژەوەندەییەکانیان. مرۆڤ لەمە تێدەگات. بەڵام چ بەرژەوەندییەکی د.بورهان و ئەو ڕۆشنبیر و نووسەرانەی تری کورد کە بەهەمان ئەقڵییەت بیردەکەنەوە، لەپشت ئەم داوا و پێشنیازە بەردەوامەیان هەیە؟ ئایا لەبەر ئەوەی بەهەمان ئەقڵییەتی لیبرالیستی سیستەمی سەرمایەداریی بیردەکەنەوە بۆیە بەهەمان ئەقڵییەتەوە هەر دەبێت وابیربکەنەوە و پێشنیاز و داوای وەها بکەن؟ یان لەدۆخەکە تێناگەن و سەریان لەوە دەرناچێت کە دونیا بە چ لۆژیکێکی هێزگەرایی و هێزسەپێنەرییدا بەڕێوە دەچێت و چۆن لۆژیکی”مانەوە و سەرکەوتن بۆ بەهێزەکانە” بۆتە لۆژیکی هەرەباڵادەست لەم دونیایەدا. یاخود ئەمە رقوکینەیەکی تایبەتی خۆیانە بەرامبەر بە پەکەکە هەڵدەڕژن و دەیانەوێت لەڕێگەی داماڵینی چەکەوە پەکەکەش کەمپنشین بکەن، یان بیکەن بەهێزێکی پەنابەر و ئاوارە و بێکاریگەری و بێڕۆڵ و مارژیناڵ؟ یان لەدڵسۆزی و هاوسۆزیانە بۆ تێکۆشانی گەلەکەیان و هیچ رق و کینەیەکیشیان لە پەکەکە نییە و بەس لەبەرئەوەی خۆ بە ئاشتیخواز دەبینن و ئەزموونی چەکداریی شکستخواردووی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیشیان بینیوە بۆیە حەزناکەن پەکەکەش بەم دەردە بچێت. بۆیە پێیان باشە کە پەکەکە خۆ لەچەک داماڵێت و چیدی خەباتی چەکداریی نەکات. لەم چوار ئەگەرانە د.بورهان و ئەوانەی وەک ئەو بیردەکەنەوە، لەکامە ئەگەردا پۆلینبەندیان بکەین؟ لێرەدا من د.بورهان پۆلیبەندی ناکەم و هیچ تۆمەت و پێشداوەرییەکیش لەم بارەیەوە ناکەم، با د.بورهان خۆی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە و خۆی خۆی پۆلینبەند بکات. ئەگەر پۆلێنیکیتر لەدەوەرەی ئەم ئەگەر و شیمانانەی تر هەیە دیسان د.بورهان دەتوانێت بڵێت لە چ روانگەیەکەوە ئەم داوایە و ئەم پێشنیازە نالۆژیکی و ناواقیعییە و پڕ مەترسیدارە لە گەلەکەی خۆی و لە پەکەکە دەکات.
4. ئەگەر هەر بە لۆژیکەکەی ناوەند-رۆخی د.بورهان ئەو پرسیارە بکەین: ئایا بۆ گەلی کورد لەهەر بەشێکی وڵاتەکەیدا قووڵایی ستراتیژیان کوێیە؟ ئەنقەرە و تاران و شام و بەغدادە یان قووڵایی ستراتیژی هەر بەشێکی کوردستان بەشەکانی تری کوردستانە؟ بێگومان تێکۆشانی هەر بەشێکی کوردستان قووڵاییە ستراتیژییەکەی بەشەکانی تری کوردستانە نەک ناوەندی وڵاتە داگیرکارەکان. واتە ئەگەر تێکۆشانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەوا دەبێت قووڵایی ستراتیژی تێکۆشانەکەی خۆی لە بەشەکانی تری کوردستاندا بێت، کە د.بورهان بە رۆخی رۆخ لەقەڵەمیان دەدات!!. کە ئەمە تێنەگەیشتنە لە راستینەی دۆزی کورد لە کۆی کوردستاندا. بەواتایەکی دیکە دۆزی کورد یەک دۆزە، بەڵام بە ئەقڵییەتی لۆزانی کراوەتە چوار بەشە دۆز. بۆیە هەر بەشێکی کوردستان کاتێک کە تێکۆشان بەڕێوە دەبات، دەبێت چاوی لە قووڵایی ستراتیژیی خۆی لە بەشەکانی تری وڵاتەکەی بێت، نەک لە ناوەندەکانی دەوڵەتە داگیرکارەکان. بەڵام د.بورهان بەشەکانی کوردستان بە رۆخی رۆخ بۆیەکتری لەقەڵەم دەدات و ناوەندەکانی داگیرکارانیش بە ناوەندی تێکۆشانی گەلی کورد دەبینێت. ئەمە دەبێت چ ئەقڵییەتێکی لۆزانی لە پشت ئەم جۆرە تێگەیشتنەوە هەبێت؟!.

5.سەبارەت بە ئەزموونی تێکۆشانی گەریلایی پەکەکە

ئەزموونی تێکۆشانی گەریلایی پەکەکە تا ئێستا بە دوو قۆناخی ستراتیژی و یەک قۆناخی راگوزەردا تێپەڕیوە.

قۆناخی یەکەم:

لەساڵی ١٩٧٧ لە شارۆچکەکانی حیلوان و سیڤەرەک وەک ئەزموونیکی سەرەتایی ئەزموون دەکرێت. بەڵام لە کۆنفڕانسی یەکەمی ساڵی ١٩٨١ و لە کۆنگرەی دووەمی ١٩٨٢دا بڕیاڕ لەسەر تێکۆشانی گەریلایی دەدرێت و لە ١٥ ئابی ١٩٨٤دا وەک قەڵەمبازێکی نوێ، کە پەکەکە وەک دەستپێکی بەرپابوونی شۆڕشی ژیانەوەی دەبینێت، تا ساڵی ٢٠٠٠ بەردەوام دەبێت. بەڵام لە ساڵانی نێوان ١٩٩١تا ساڵی ٢٠٠٠دا قۆناخێکی راگوزەریش هەیە کە رێبەر ئۆجەلان هەوڵدەدات تێکۆشانی گەریلایی بچێتە قۆناخێکی ترەوە و زیاتر دەرفەت بۆ بەسیاسی و ئاشتی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا بڕەخسێنێت. لەم چوارچێوەیەدا رێبەر ئۆجەلان لەسەرەتای نەوەدەکان گووتی:”شۆڕشی ژیانەوە سەرکەوت، نۆرەی شۆڕشی دیموکراتییە” یان گووتی:” شۆڕشی ژیانەوە سەرکەوت، نۆرەی چارەسەریی سیاسییە” لەم روانگەیەوە لە١٧ی ئاداری ساڵی ١٩٩٣دا ئاگربەستی یەکلایەنەی راگەیاند و بۆیەکەمجار دەروازەی لەبەردەم دیالۆگ و بەئاشتی و سیاسی چارەسەرکردنی پرسی کوردی لە باکوور و تورکیا کردەوە. بەڵام ئەم دەستپێشخەریی و پڕۆژەیەی چارەسەری بە کوشتنی تۆرگۆت ئۆزال و چەند ژەنڕاڵێکی سوپای تورکیا لەلایەن ئەرگەنەکۆن (دەوڵەتی قووڵی تورکیا کە گرێدراوی گلادیۆی ناتۆیە) ئەو هەوڵەی رێبەر ئۆجەلان ئەنجامی نەگرت. بەڵام دەستبەرداری هەوڵەکانیشی نەبوو. ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٩٦ و پاشانیش لە ساڵی ١٩٩٨دا ئاگربەستی یەکلایەنەی راگەیاند. ئەم هەوڵانەشی بێ ئەنجام بوو. تەنانەت پێش دەستگیرکردنی لەکۆتایی ساڵی ١٩٩٨دا، هێشتا لە ئەوروپا بوو، پاکێچێکی حەوت خاڵی بۆ چارەسەری سیاسی و ئاشتیانەی پرسی کوردی راگەیاند. بۆ ئەم پاکێچە داوای رۆڵبینینی وڵاتانی رۆژئاوایشی کرد کە لەم پرۆسەیەی چارەسەرییەدا رۆڵ و ئەرکی خۆیان بەجێبێنن. بەڵام ئەم پاکێچە ئاشتیخوازانەیەی بە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ وەڵامدرایەوە.

پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکە خۆی لەخۆیدا ئەوەی دەسەلماند کە چارەسەری پرسی کورد هەر تەنیا لەدەست تورکیا نییە، بەڵکو لەدەست هێزەکانی ناتۆ دایە و ئەوانیش چارەسەری ئاشتیی و سیاسییانەی پرسی کورد لە بەرژەوەندی خۆیاندا نابینن. بۆیە لەدوای هەر دەستپێشخەرییەکی ئاشتیخوازانە و سیاسیانەی رێبەرئۆجەلان و پەکەکە بە پیلانگێڕییەک وەڵامدراوەتەوە و بەدوایدا هێرش و پەلاماردان و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەهاوکاریی و پشتیوانی ناتۆ دەستیپێکردووە. تەنانەت خودی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکە بۆ ئەوەبوو کە ئاستی شەڕی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا لە ئاستی نزم و مامناوەنددا- بچێتە قۆناخێکی بەرزتر و بەگوڕتر و خوێناویتر و وێرانکارییتر ببێت. شەڕەکە لە شەڕی کورد- دەوڵەتی فاشیستی تورکیاوە ببێتە شەڕی کورد-تورک. بەمەش شەڕێکی بێکۆتایی و تادواڕادە خوێناوی و وێرانکار پەرەبسەنێت و لەئەنجامیشدا هەم تورکیا زیاتر رادەست و تەسلیمیان دەبێت و سازشی زیاتری بەسەردا دەسەپێنن، هەمیش پەکەکە لاواز و لەکۆتاییشدا تەسفیە بکرێت… ئەمە مەزەندە و ئامانجی پیلانگێڕانی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکە بوو. کاتێک لەم پیلانگێڕییەدا کوشتن یان دەستگیرکردنی رێبەر ئۆجەلانیان بە ئامانجگرتبوو، پێیان وابوو کە بە کوشتنی رێبەر ئۆجەلان هەموو ئەو ئامانجانەیان دێتەدی و شەڕەکە وەردەچەرخێتە شەڕێکی بێکۆتایی نێوان کورد-تورک. لە دۆخی دەستگیرکردنیشدا رێبەر ئۆجەلان یان تەسلیم دەبێت و ئاڵای تەسلیمییەت بەرزدەکاتەوە و دواجار رادەستیان دەبێت و ئەوانیش وەک پیۆنێک چۆنیان بوێت بەکاری بێنن. ئەگەر تەسلیمیش نەبێت ئەوا هەر لە زینداندا دۆخی وەهای بۆ درووست دەکەین، بەشێوەیەکی قەبا بەرخۆدان دەکات و خۆی دەکوژێت. لەهەردوو دۆخەکەدا هەر لەبەرژەوەندی دەوڵەتانی پیلانگێڕ دایە و بە ئامانجەکانیان دەگەیەنێت. بەڵام رێبەر ئۆجەلان تەواو دەرکی بە ئامانجە شاراوە و دوورمەوداکانی پیلانگێڕییەکە کرد. نە تەسلیمی تورکیا و پیلانگێڕەکان بوو و نە خۆی کوشت. بەڵکو رێی سێیەمی هەڵبژارد. ئەویش بەرخۆدانێکی درێژمەودا بوو لە زینداندا، بۆئەوەی هەم دیوە شاراوەکانی پیلانگێڕییەکە ئاشکرا بکات و هەمیش بە قەڵەمبازێکی ستراتیژیی و پارادایمیی قۆناخێکی نوێ و لەدایکبوونێکی نوێ دەستپێبکات. زۆرێک لەو نووسەرانەی وەکو د.بورهان ئەوکاتە بە وتار و زنجیرە وتار دەیاننووسی، جگە لەهەردوو بژاردەکانی کەوا پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکە خستبوویانە بەردەم پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان -کە یان تەسلیمبوون و یان خۆکوشتن بوو- پێشبینی هیچ بژاردەیەکی تریان نەدەکرد. بۆ؟ چونکە نە لە حەقیقەتی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە تێگەیشتبوون، کە هیچ کاتێک رادەست و تەسلیم نابێت و هیچ کاتێکیش ئینتحاریانە و بێگوێدانە ئەرک و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکان کۆتایی بەخۆی ناهێنێت. هیچیان ئەقڵیان بۆ بژاردەیەکەی تر نەدەچوو. هەمیش ئەو نووسەرانە لە قووڵایی ئامانجە شاراوەکانی پیلانگێڕییەکە تێنەگەیشتبوون. هەندێک لە نووسەرە رێبەرەکانی تریش، بە هۆنینەوەی شیعر و وتاری حەماسی و کڕوزانەوە بە لۆژیکی “دیسان فرۆشراین و کۆتایی بە تێکۆشانەکەمان هات و دیسان سەرکردەیەکی تری کورد زیندانکرا و لەسێدارە دەدرێت. بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوسۆزیی و خەمگینییەکانی خۆیان دەربڕی بێ ئەوەی بچنە قووڵایی پیلانگێڕییەکە و بێ ئەوەی لە راستینەی پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان تێبگەن، جۆرێک لە ڕەشبینی و بێئومێدیی خۆیان دەردەبڕیی.. ئەم هەڵوێستە هەرچەندە بەدوورییش بێت لە قووڵایی و ئاسۆبینی، بەڵام جێی رێز و ستایشن. چونکە هەر هیچ نەبێت وەک ئەو نووسەرانە نەبوون قۆڵ و باسکی خۆیان هەڵماڵن و سەنگەرێکی هێرشبردن و تۆمەتبارکردن و تاوانبارکردنی پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان دابمەزرێنن…

د.بورهان داخی ئەوەی هەیە کە پیلانگێڕییەکەی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ سەریگرت و کەچی پەکەکە هەر ئاشبەتاڵی نەکرد کە پێشبینی بۆی کردبوو، وەک بزووتنەوە کلاسیکییەکەی باشوور لە ساڵی ١٩٧٥ لەئەنجامی پیلانگێڕیی و رێککەوتنی جەزائیری نێوان ئێراق-ئێران روویدا و ئاشبەتاڵیان کرد.

د.بورهان دەیەوێت وانیشان بدات کە پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکەی ساڵی ١٩٩٩ پێلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی نەبووە و ئەوە تەنیا تورکیا خۆی بوو پیلانی دانا و لەگەڵ سوریا رێککەوت و ئۆجەلانی دەستگیرکرد. ئەمە شێواندنی راستینەی رووداوێکە کە 24 ساڵ پێش ئێستا روویداوە و زۆر نییە رویداوە و هێندە دوور و کۆن نییە و تەنانەت هێشتاش ئەو پیلانگێڕییە بەشێوە و فۆرمی جیاوازترەوە بەردەوامە.

بوڵەند ئەجەوید کە ئەوکاتەی کە پیلانگێڕییەکە بە گرتن ورادەستکردنی رێبەر ئۆجەلان ئەنجامگیربوو، سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو، لە لێدوانێکیدا گووتی:” ئێمە نازانین بۆچی ئۆجەلانیان رادەست کردووینەتەوە.؟!”

د.بورهان لەبەر ئەوەی نایەوێت دان بەو راستییەدا بنێت کە ئەوەی پیلانگێڕییەکەی داڕشت و جێبەجێی کرد خودی گلادیۆی ناتۆ و هەر 30 دەوڵەتەکەی ناتۆ بوو. لەنێو ناتۆشدا ئەمریکا، بریتانیا، یۆنان، ئەڵمانیا، رۆڵی سەرەکیان تێدا بینی. لەدەرەوەی دەوڵەتانی ناتۆش هەر یەک لە ئیسرائیل، رووسیا، میسر، کینیا، رۆڵی سەرەکییان لە قۆناخەکانی جێبەجێکردنی پیلانگێڕییەکەدا بینی. لەوەش گرنگتر رێککەوتنی واشنتۆنی ساڵی ١٩٩٨ ی نێوان پەدەکە و یەنەکە و بەسەرپەرشتی ئەمریکا و بە چاودێری تورکیا و بریتانیا سەرەتا و ئەڵقەیەکی بنچینەیی پیلانگێرییە نێودەوڵەتییەکە بوو. باشە پیلانگێڕییەک ئەم هەموو دەوڵەت و هێزانە بەشداریی تێدا بکەن و هەریەکەیان بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی رۆڵ لە داڕشتن و جێبەجێکردن و بەئەنجامگەیاندنیدا ببینن نێودەوڵەتی نەبێت چییە؟ د.بورهان لەم حەقیقەتە ناگات و نایزانێت یان خۆی لەگێلی دەدات؟ پەرتۆڵد برێختی نووسەری ئەڵمان گووتەنی:”ئەوەی لە حەقیقەت تێناگات گێلە، ئەوەی لێی تێدەگات و خۆی لەگێلی دەدات ئەوا تاوانبارە”  

کاتێک کە رێبەر ئۆجەلان دەبرێتە زیندانی ئیمڕاڵی هەم بەرپرسی سەربازی گلادیۆ و هەمیش نوێنەری کۆنسەی ئەوروپا سەردانی دەکەن لەم بارەیەوە رێبەر ئۆجەلان دەڵێت:” هەوڵیاندا گرنگترین بەشی پیلانگێڕییە گەورەکەی گلادیۆ لە ئیمڕالی جێبەجێ بکەن‌. تەنها ئەرکی ژەنڕاڵ ئەنگین ئاڵانی سەرۆکی ئەو یەکینەیەی منی هێنایە دو‌ورگەکە، بەسە بۆ ڕ‌وونکردنەوەی ئەو واقیعە. ئەنگین ئاڵان فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی ئەو قۆناغە بوو، واتە بەرپرسە فەرمییەکەی گلادیۆی تورک بوو. هەرچی هەڵوێستی کاربەدەستەکەی کۆنسەی یەکێتیی ئەوروپایە کە لە د‌وورگەكه‌ پێشوازیی لێ کردم، باشتر ڕەهەندی یەکێتیی ئەوروپای دەرهەق بە پیلانگێڕیەکە ڕ‌وون دەکردەوە. بەم جۆرەش، ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا، ئەوروپا و بەڕێوەبەرانی تورکیا ئاشکرا دەبوو. بەڵگەیەکی ڕ‌وونتر لەو سێ هێمایە (لێدوانەکانی ڕاوێژکاری تایبەتی کلینتۆنی سەرۆکی ئەمریکا ژەنڕاڵ گالیتاری، هەڵوێستی ژنە کاربەدەستەکەی کۆمیسیاری سیاسیی یەکێتیی ئەوروپا و ڕۆڵی بەرپرسی فەرماندارێتیی هێزی تایبەتی تورک ئەنگین ئاڵان) نییه‌ کە ئۆپەراسیۆنەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی لەژێر بەرپرسیارێتیی سیاسییئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و لە لایەن تۆڕی گلادیۆی ناتۆ‌وە بە ڕێوە چووە. بەر لە ئاشکرابوونی ئەو حەقیقەتانەش هیچ گومانێکم لەوەدا نەبوو کە ئەو هێزەی منی بێکاریگەر کردووە، هێزە ئاسایشیەکانی حکومەتی تورک نین، بەڵام تەواو لە میکانیزمی ئۆپەراسیۆنەکە تێ نەگەیشتبووم. ئۆپەراسیۆنەکە زۆر جیاوازتر لەواقیعەکەی خۆی پیشان دەدرا. بە ئەنقەست و پێداگریەوە کەشێکی لەو جۆرە در‌وست دەکرا کە گوایە حکومەتی تورکیا فشار دێنێت و ئەنجام بە دەست دێنێت. تەنانەت کاتێک سەرەتا بڵند ئەجەویدی سەرۆکوەزیریش بێئاگایی خۆی لە هۆکاری دەستگیرکردن و ڕادەستکردنم بە تورکیا ڕاگەیاند، بووە بەڵگەیەکی گرنگ‌ و سەلمێنەری ئەو بانگەشەیەم. چەندەی ئەو بوویەرانە شیکاری و یەکلاییبکرێنەوە، ئەوا ئیدیعا و بانگەشەکەم بە شێوەیەکی باشتر دەسەلمێت.

یەکەم کەس که ‌لە د‌وورگەی ئیمڕالی پێشوازیی لێ کردم، ئەفسەرێک بوو بە پلەی عەقید، جلی فەرمی پۆشیبوو و خۆی وەک نوێنەری سوپاسالار ناساند. لە دانیشتنێکدا کە جەختی لەسەر نهێنییەکەی کردەوە، ئاخافتنگەلێکی گرنگی کرد. د‌واتر کاتێک لێکۆڵینەوە بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێکرد، هەمان کاربەدەست ئاخافتنی جیاواز‌ و گرنگی کرد. لێکۆڵینەوە ڕاست و چەپەکەی ئەو گرووپەی لە چوار یەکینەی ئاسایش پێکهاتبوو (سوپاسالار، جەندرمە، ئاسایش و هەواڵگریی میللی)، دە ڕۆژ بەردەوام بوو. لەو ناوەدا کاسێتێکم تۆمار کرد کە ئاخافتنەکانم ڕوو لە فەرماندەی هێزەکان بوو. هەروەها دواتریش بە درێژایی چەندین مانگ بە شێوەی گفتوگۆ ئاخافتنمان هەبوو. ناو بە ناو کەسانی دیکەش دەهاتن، هەندێک جاریش شاند لە ئەوروپاوە دەهات.

پەکەکە لەسەر پێشنیاز و داوای رێبەر ئۆجەلان، لەساڵی ٢٠٠٠دا کۆنگرە ئاوارتەی حەوتەمی بەست و لە کۆنگرەکەدا بڕیاری گۆڕانکاریی ستراتیژیی وەرگرت و بەپێی ئەو بڕیارەش رۆڵ و پێگەی هێزی گەریلا تەواو گۆڕدرا. هەر بۆیەش هێزی گەریلا لە ئەرتەشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان (ARGK) گۆڕدرا و بووە هێزەکانی پاراستنی گەل(HPG).  هەر بەدوایدا بڕیاری کشاندنەوەی سەرجەم هێزەکانی گەریلا لە تورکیا و باکووری کوردستان بۆ ئەودیو سنوور-واتا باشووری کوردستان- درا. دوو گروپ یەکیان لە گەریلاکان و ئەوەیتریان لە ئەروپاوە وەک شاندی نیازمەندی ئاشتی گەڕانەوە تورکیا و گەل پێشوازییەکی مەزنی لێیان کرد.

کاتێک کە پەکەکە ستراتیژی خۆی گۆڕیی و رۆڵ و پێگە(مسیۆن)ی تێکۆشانی گەریلایی لە ستراتیژی نوێی پەکەکەدا دەستنیشانکرد کە تەنیا لەچوارچێوەی بەرگری رەوادا (بەهەر سێ ئاستەکەیدا؛ پاسیڤ، کارا، شەڕی گشتگیر شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی) رۆڵ و ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات. ئەوکاتە زۆرێک لەوانەی پێش ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە پەکەکەیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە شەڕی هەڵگیرساندووە و ئەم شەڕەش ماڵوێرانی لەگەڵ خۆیدا دێنێت، هەر دوای ئەو گۆڕانکارییە ستراتیژییە ئەمجارە پەکەکەیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە وازی لە شەڕ و تێکۆشان هێناوە و خۆی رادەستی تورکیا کردووە و تەواو ئیدی پەکەکە ئاشبەتاڵی کردووە!! ئەوکاتە خودی د.بورهانیش لەو کەسانە بوو کە پێی وابوو ئیدی پەکەکە کۆتایی هات و ئاشبەتاڵی کردووە و تەواو. تەنانەت رۆشنبیرێکی تری باشوور و نیشتەجیی ئەڵمانیا، نامەیەکی ئاراستەی تاڵەبانی و بارزانی کردبوو و داوای لێکردبوون کە ئیدی پەکەکە کۆتایی بە تێکۆشانی خۆی هێناوە، ئێوەش بتوانن سەرکردەکانی پەکەکە ببەنە وڵاتی سێیەم و گەریلاکانیش لە باشوور کەمپنشین بکەن و چەکەکانیان لێوەربگرنەوە با پەرێشان نەبن!! هەروەها جگە لەو چەند رۆشنبیرەی کەوا لەگەڵ د.بورهان یاسین بەیاننامەیەکیان لەسەر پیلانگێڕییەکە نووسیبوو و خودی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکەیان تۆمەتبار کردبوو و ئۆباڵی هەموو شکستەکان و پیلانگێڕییەکانیان خستبووە ئەستۆی پەکەکە و رێبەر ئۆجەلانەوە، جگە لەمانە بەدەیان نووسەر لە رۆژنامەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەوکاتەی باشووردا سەدان وتاریان دژ بە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان نووسی و هەر هەموویان تیۆرییزەی ئاشبەتاڵی و کۆتاییهاتنی پەکەکە و تەنانەت تۆمەتی رادەستبوون و خیانەتیشیان دایە پاڵ پەکەکە و خودی رێبەرئۆجەلان. خۆ هەموو ئەو وتار و نووسینانە لە ئەرشیفەکانی ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە و کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکاندا ماون و نەفەوتاون. تەنانەت دەوڵەتانی پیلانگێڕ و هەندێک سەرکردەی حیزبی باشوور دوا تەمەنی پەکەکەیان لە سێ مانگ بۆ شەش مانگ مەزەندە کردبوو، کە ئیدی کۆتایی بە پەکەکە دێت و لەکۆڵیان دەبێتەوە…!! هەموو گرفتەکەشیان ئەوکاتە ئەوەبوو چۆن بتوانن میراتی ئەم هەموو خەبات و تێکۆشانەی پەکەکە بۆخۆیان ببەن و بەشبکەن.

بەڵام هەموو ئەو تۆمەتبەخشین و تاوانبارکردنە، هەموو ئەو مەزەندە و خەیاڵپڵاوییە، لەئاست تێکۆشان و بەرخۆدانی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و گەریلا و گەلی کورددا بوونە بڵقی سەرئاو و هیچ یەکێک لەو تۆمەت و تاوانبارکردن و هەموو پێشبینی و فاڵگرتنەوەکانی ئەو نووسەر و سەرکردە و حیزبانە کە پێیانوابوو ئیدی پەکەکە و ئۆجەلان تەواو بوون و کۆتاییان هات نەسەلمێنرا و راست دەرنەچوون. بۆ؟ چونکە کۆی ئەو نووسین و مەزەندانە بەدووربوون لە حەقیقەت و راستینەی بزووتنەوەی پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان… ئێستا دوای ٢٤ ساڵ د.بورهان دێت و ئەمجارەیان بەناوی توێژینەوەی زانستی هەمان قەوانی ئەو کاتانەمان بۆ دووبارە دەکاتەوە.

د.بورهان لەوە تێناگات کەوا بەدەستپێکردنی تێکۆشانی گەریلایی پەکەکە لەگەڵ خۆیدا هاوسەنگییەکی زاڵی تێکدا و هاوسەنگییەکی تری لەبەرژەوەندی تێکۆشانی بزووتنەوەکەی و گەلی کورددا درووستکرد و ژیاندییەوە و ئیدی کورد بوو بە خاوەنی هێز و کارەکتەرێکی گرنگ لە کوردستان و تورکیا و وڵاتانی تری داگیرکاردا. ئەم هاوسەنگییە توانی رۆڵی خۆی لەبەهێزکردنی پێگەی بزووتنەوەی پەکەکە و گەلی کورد لە هاوکێشەی ناکۆکی و ململانێی سیاسی کوردستان و تورکیا و ناوچەکەدا ببینێت. کاتێکیش ئەم رۆڵەی بینی و پێویستبوو کەوا شەڕ و تێکۆشانی گەریلایی هاوسەنگییەکی تر درووست بکات لەبەرژەوەندی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی، ئەوا پێویستی بەوە بوو کە رۆڵ و پێگەیەکی تر وەربگرێت. بۆئەمەش پەکەکە لە حەوتەمین کۆنگرەی ئاوارتەی خۆیدا ستراتیژی خۆی گۆڕی و شەڕیشی راوەستاند و رۆڵ و پێگەیەکی تری بە تێکۆشانی گەریلایی و  بەچەک و توندوتیژی بەخشی و لەم چوارچێوەیەدا ستراتیژی “بەرگری رەوا”ی وەک ستراتیژێکی نوێ پەسند کرد و لەساڵی ٢٠٠٠ تا ئێستا پەکەکە لەسەر ئەو ستراتیژە دەڕوات. هەرکاتێک پێویستی بە گۆڕینی ئاستەکانی بەرگری رەوا هەبێت، ئەوا یەکێک لەو سێ ئاست و رەهەندانەی بەرگری رەوا بەبنەما وەردەگرێت. هەر بۆ نموونە؛ لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٠تاحوزەیرانی٢٠٠٤دا ئاستی بەرگری رەوا پاسیڤ بوو. بەڵام کە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا گوێی بە دەستپێشخەریی و پڕۆژەکانی ئاشتی و چارەسەریی کورد نەدا، پەکەکە لەحوزەیرانی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٢ ئاستی بەرگری رەواکەی بۆ دۆخی “کارا– ئاکتیڤ“بوونی بەرگری رەوا گۆڕی. ئەمەش تورکیای ناچاری دانوستاندن و دیالۆگ لەگەڵ کورد (رێبەر ئۆجەلان، کەجەکە، هەدەپە) کرد. ئەم قۆناخە تا ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٥ بەردەوام بوو، کە تێیدا پرۆسەی ئاشتی و چارەسەر گەلێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی و تا “لەیەکتێگەیشتنی دۆڵمەباخچە” رۆیشت کە لەسەر سێ پرۆتۆکۆڵ(سیاسی، ئیداریی، ئەمنی) لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و نوێنەرانی کورد راگەیەنرا. ئێستا تێکۆشانی گەریلایی لەدوای ٣٥ی تەممووزی ٢٠١٥وە چۆتە قۆناخی تری بەرگری رەوا کە شەڕی سەرتاپاگیریی(شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی)ە …

لەبەر ئەوەی د.بورهان نەشارەزایە لە پەکەکە و بێ ئاگایە کە چی گوزەراوە لەم هەموو ماوەیەدا. بۆیە هەروا بە ئاسانی پێشنیاریی چەکدانان بۆ پەکەکە دەکات!! یان ئەوەتا هیچ لە ئەدەبیاتی بزووتنەوەی پەکەکەی نەخوێندۆتەوە، یان خوێندوویەتییەوە و بەهۆی ئەو گرفتە زیهنی و گرێ دەروونییانیەوە ناتوانێت راستییەکان ببینێت و دەڵێت؛ بشفڕێ هەر بزنە. بۆیە پێی وایە ئەوە پەکەکەیە کەللەڕەقە و لەکەلی عینادی خۆی نایەتەخوارەوە و پێداگریی لەسەر تێکۆشانی چەکداریی دەکات…

بە پێچەوانەی بۆچوون و پێشداوەرییەکانی د.بورهان، پەکەکە نەک هەر هەرێمی کوردستانی بە لوبنانی کردووە و لە رۆخ و رۆخی رۆخەوە خەباتی چەکداریی کردووە، بەڵکو بۆ ئەوەی دۆزی کورد و خەباتی گەریلایی خۆی و گەلەکەی بەدەردی دۆزی فەلەستین و خەباتە چەکدارییەکەیان نەچێت. کە بنبەستبوون و شکستی گەورەی لێکەوتەوە و دەوڵەتی ئیسرائیلی بەهێزتر کرد رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی کورد هەرچی پێویست بووە کروودیانە و لەمەودواش دەیکەن. بۆ ئەوەی کەرکوک بە قودس نەکرێ و کوردستان بە فەلەستین نەکرێ بەدەیان هەنگاوی گەورە و زۆر مەترسیدارییان هاوێشتووە. کەچی د.بورهان دەڵێت؛ پەکەکە هەرێمی کوردستانی بە لوبنانی کردووە!! ئەمە لەکاتێکدا لوبنان و هەرێمی کوردستان ئەرز و ئاسمانیان فەرقە. لەهیچدا ناتوانن لەیەکبچن مەگەر تەنیا لە جۆری دەستتیوەردانی دەرەکی و هەبوونی هێزی بەکرێگیراوی دەوڵەتان و گەندەڵی دەستەبژێریی حوکمڕان نەبێت. هەروەها لەلایەکی دیکەوە لەم سی ساڵەی چەکدانانی رێکخراوە فەلەستینییەکاندا تاکو ئێستای، دیارە کە هەم ئەزموونی تێکۆشانە چەکدارییەکەی فەلەستینییەکان و هەمیش پڕۆسەی چەکدانان و وازهێنانیان لە خەباتی چەکداریی ئەزموونێکی شکستخواردوو بوو. سەرەتا تێکۆشان و بەرخۆدانیان بە بنەما وەرگرت ئەم راست و لەشوێنی خۆیدابوو. بەڵام دواتر لەنێوان بەردەوامبوون یان وازهێنان لە خەباتی چەکدارییدا وازهێنانیان هەڵبژارد. وەک رەشوسپییەکەی د.بورهان، باشە ئایا لەنێوان بەردەوامبوون لەسەر شێوە کلاسیکییەکەی خەباتی چەکداری و بە تاکە رێگای گەیشتن بە ئامانج و ئەنجامدا، لەگەڵ وازهێنان لە چەک و خەباتی چەکدارییدا هیچ رێگەیەکی تر نەبوو؟ تەنیا مەحکومی ئەم دوو بژاردەیە بوون و بژاری سێیەم نەبوو؟ بۆ خۆیان مەحکومی تەنیا ئەو دوو بژاردەیە کرد؟ ئایا نەیاندەتوانی وەک پەکەکە نە ئەمیان هەڵبژێرێت و نە ئەوەیتر، بەڵکو رێگەی سێیەم هەڵبژێرن کە نە پێداگریی لەسەر شێوەی کلاسیکی خەباتی چەکداریی و بینینی وەک تاکە رێگەی چارەسەری و گەیشتن بە ئامانج و ئەنجام، نەش خۆداماڵین لە چەک و وازهێنان لە خەباتی چەکداریی. بەڵکو رێگەی سێیەم هەڵبژێرێت کە هەم هێزی چەکداریی خۆی بهێڵێتەوە و بیخاتە چوارچێوەی بەرگری رەوادا و خۆیشی بێهێز و بێ چەک نەکات و بیکاتە هێزێک بۆ کردنەوە و درووستکردنی دەرفەت بۆ چارەسەری سیاسی و دیموکراتیانە و بەدیهێنانی ئاشتی، هەمیش تەسلیم نەبێت و دۆزەکە بە بنبەستی نەهێڵێتەوە و هەوڵی درووستکردنی دەرفەت بۆ چارەسەری و ئاشتی بدات و ئەو هێزە چەکدارییەی هەیەتی بیخاتە خزمەت ئەمەوە…. ئێستا پەکەکە دوای ئەم هەموو هەنگاونانە بۆ ئاشتی و چارەسەرییە، ناتوانین وەک د.بورهان پەکەکە بە بنبەستبوون تۆمەتبار بکەین، بەڵکو ئەوەی بنبەستیی چارەسەری دۆزی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیای بە بنبەست گەیاندووە خودی تورکیا و ناتۆ و ئەو هێزە کوردیانەن کە پشتیوانی لە ستراتیژی بنبەستکردن و لەناوبردنی کورد دەکەن، نەک پەکەکە و گەلی کورد. بێگومان لەو باوەڕییە دام کەوا رێکخراوە فەلەستینییەکان زۆر خراپیان کردووە کەوا بەهەمان ئەقڵییەتی د.بورهان بیریان کردۆتەوە. چونکە بزووتنەوەی فەتح کەوتە نێو تەڵەزگەی سیستەمی باڵادەستی سەرمایەدارییەوە و خۆیانی رادەست کرد. بێ ئەوەی هیچ سوودێک بە دۆزی رەوای فەلەستینییەکان بگەیەنێت.  

تۆبڵێی رێکخراوە فەلەستینییەکانیش د.بورهانەکانیان هەبووبێت و بە ئەقڵییەتی خۆیان بەو دۆخەیان گەیاندبن؟؟ بێگومان هەموومان ئەمڕۆ دۆخی بەبنبەستبوونی دۆزی فەلەستین و لاوازبوونی رێکخراوی فەتح و تراژیدیاکانی گەلی فەلەستین بەچاوی خۆمان دەبینین کە چیان لێبەسەرهاتووە…. چۆن دەوڵەتانی عەرەبی و تورکیا و ئێران بەهەوەس و بۆ بەرژەوەندی خۆیان دۆزی فەلەستینییەکان و رێکخراوەکانیان هەڵدەسووڕێنن و بەکاریان دێنن؟؟ ئەی نابێت ئێمە ئەو تراژیدیا مەزنەی کەوا ئەمڕۆ بەهۆی ئەو ئەقڵییەتەوە دووچاری هاتوون ببینین و راست توێژینەوەی لەسەر بکەین و دەرئەنجامی راستی لێهەڵبهێنجین؟؟ ئەگەر نابێت سوود لە هەڵە و کەموکوڕییەکانی ئەو هەنگاوانەی چەک لەخۆداماڵین و وازهێنانی تەواو لە خەباتی چەکداریی فەلەستنییەکان وەربگرین؟ یان وەک د.بورهان داوا و پێشنیازی دەکات با ئێمەش وەکو ئەوان بەهەمان ئەزمووندا بڕۆین و تاقیبکەنەوە و خۆمان بدەینە دەستی قەدەری بێ چەکی و بێ خەبات و بەرخۆدانی گەریلایی و ئینجا بۆ ژێر رەحمی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و سیستەمی باڵادەستی جیهانی کە هێشتا نەک هەر مافی کورد بەڵکو بوونی کوردیش پەسند ناکەن و هێشتا پێداگریی لەسەر ستراتیژی فاشیستی داگیرکارانەی خۆی کە “نکۆڵی قڕکردن، توانەوە (ئاسمیلاسیۆن) و خۆبەخۆتوانەوە (ئۆتۆئەسمیلاسیۆن) کۆمەڵکوژی، پارچەکردن، راگواستن و گۆڕینی دیمۆگرافی” تەنانەت وەک بەختیار عەلی لە رۆمانی داگیرکردنی تاریکیدا دەڵێت؛ تەنانەت حیسابی قەلەپاچکەیەکیش بۆ کورد ناکەن کە چۆن قەلەپاچکە بە زمانی خۆی دەخوێنێت کوردیش بە زمانی خۆی بخوێنێت. لەگەڵ ئەو ئەقڵییەتەدا چیدەکرێت؟ دیالۆگ؟ ئاشتی؟ چارەسەری؟ پەکەکە و ئۆجەلان هەموو ئەوانەشیان دەیانجار تاقیکردەوە ئەنجام چیبوو؟ جا نەخاسمە واز لە چەکیش بێنێت و خۆت بێ پاراستن و بێ بەرگری بهێڵیتەوە و بڵێیت دەبێت مافی کوردان بدەیت…؟ ئایا ئەمە دەکرێت چ ئەنجامێک لەگەڵ خۆیدا بهێنێت؟

تورکیا دەڵێت لەو سەری دونیا و تەنانەت ئەگەر لەسەر رووی مانگیش هەبوونی کورد یان قەوارەیەکی کورد هەبێت من دژی دەوەستمەوە. ئایا ئیسرائیل بەو هەموو ستەمکاریی و فاشیستییەی خۆیەوە دان بە زمان و کولتوور و هەبوونی عەرەبیدا نەهێناوە؟ تەنانەت بە جۆرێک دان بە چارەسەری دوو دەوڵەتی (ئیسرائیلی-فەلەستینی) یان دەوڵەتی هاوبەشدا نەهێناوە؟ ئەمە لەکاتێکدا رێکخراوە فەلەستینییەکان بە چارێگی پەکەکە هەنگاویان بۆ ئاشتی نەناوە و بڕوایان بە ئاشتی و چارەسەری سیاسی و دیموکراتیانە نییە، بەڵام ئیسرائیل ئامادەیە ئەو هەنگاوانە بنێت. کەچی ئەو رێکخراوانە لەوپەڕی توندڕەوی و زەبروزەنگی خەباتی چەکدارییاندا بۆ ئەوپەڕی تەسلییمییەت و چەک لەخۆداماڵیندا چوون.. لەوپەڕی چەپڕەوێتییەوە بۆ ئەوپەڕیی راستڕەوێتی، مەگەر لەنێوان ئەو دوو ئەوپەڕگەرییەدا هیچ رێگە و ئاراستە و پنتێکی دیکە نەبوو هەنگاوی بۆ بهاوێژن؟؟؟ لەکاتێکدا هیچ هەنگاوێکیان بۆ ئاشتی و چارەسەری سیاسی نەنا یەکسەر وازیان لە خەباتی چەکداریی هێنا و لەئەنجامیشدا هەم هێزی خۆیان لەدەست دا و بێ هێزی بەرگری و پاراستن مانەوە و لەو چەکدانان و وازهێنانەشیان لە خەباتی چەکدارییدا هیچیان دەستنەکەوت و ئێستا لەو دۆخە تراژیدیایەدا دەژین کە رۆژانە دەیبینین…

ئەمە لەکاتێکدا رێبەر ئۆجەلان لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە تا ئێستا هەنگاو بەهەنگاو، لەهەوڵی گۆڕینی رۆڵ و پێگەی تێکۆشانی گەریلاییدا بووە، لەوەی لەجیاتی ئەوەی ببێتە هۆی بنبەستبوون و شکست ببێتە هۆی درووستکردنی زەمینەی چارەسەرکردنی پرسی کورد و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی. لەم پێناوەشدا ستراتیژی تێکۆشانی گۆڕی و ستراتیژێکی نوێی گرتەبەر، دە جار ئاگربەستی یەکلایەنە و دۆخی بێچالاکی راگەیاندووە، سێ گرووپی ئاشتی لەنێو گەریلا، لە ئەوروپا، لە مەخموور وەک شاند و نیازباشی بۆ ئاشتی، رەوانەی تورکیا کردەوە. ناوی هێزی گەریلای لە (ئارتەشی رزگاریخوازی گەلی کوردستانARGK) گۆڕی بۆ (هێزەکانی پاراستنی گەل-HPG) زیاتر لە حەوت هەزار لاپەڕەی بەناوی بەرگرینامەکانەوە نووسی، نەخشەڕێیەکی بۆ چارەسەری دیموکراتیی پرسی کورد و دیموکراتیزکردنی تورکیا و خۆرهەڵاتی ناوین نووسی، چەندین پڕۆژە و پاکێچ و دەستپێشخەری تری بۆ بە ئاشتی و دیموکراتی چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا پێشکەش کرد، لە نەورۆزی ٢٠١٣دا زۆر بەروونی و لێبڕاوانەوە پڕۆژەیەکی بۆ ئاشتی خستەڕوو و لەنەورۆزی ئامەد لەپێش ملیۆنان کەس خوێندرایەوە و بۆ هەموو دونیا لە کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکاندا گواسترایەوە، لە ساڵانی ١٩٩٣، ١٩٩٦، ١٩٩٨، ٢٠٠٨تا٢٠١١، ٢٠١٢تا ٢٠١٥ چووە نێو دیالۆگ و دانوستانی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەت و دەوڵەتی تورکیاوە. پەکەکە و گەلی کورد و دۆستانی گەلی کوردیش لەهەموو ئەو هەنگاوانەدا پشتیوانیان لە رێبەر ئۆجەلان کردووە و بە کرداریی کاریان بۆ کردووە. دوای ئەم هەموو هەنگاوانە د.بورهان خەتی راست و چەپ بەسەر هەموویاندا دێنێت و ئەمانە هەمووی بەس نابینێت و دڵی ئاو ناخواتەوە و دەڵێت هەر دەبێت پەکەکە چەک دابنێت و واز لە خەباتی چەکداریی بێنێت. هەروەها دەڵێت؛ پەکەکە دەترسێت واز لە خەباتی چەکداریی و چەکداماڵین بێنێت چونکە نەوەک گرووپێکی دژبەری لێ جیاببێتەوە و ….. بەڕاستی د.بورهان بۆ ئەم هەموو هەنگاو و راستیانەی پێ هیج نییە و هەر پێداگریی لەسەر چەکداماڵین و وازهێنانی پەکەکە لە خەباتی چەکداریی دەکات…؟! دەبێ چ حیکمەتێکی ئیلاهی و داناییەکی بەشەریی و نهێنییەکی ستراتیژی لەو پێداگرییەی د.بورهاندا هەبێت؟!

پەکەکە نەک هەر ستراتیژی تێکۆشانی خۆی گۆڕی، بەڵکو پارادیگمای خۆیشی پەرەپێدا و دەستبەرداری ئەقڵییەتی دەوڵەتگەرایی و دەسەڵاتگەراییش بوو، بۆیەش دەستبەرداری ئامانجی گەیشتن بە دەوڵەت-نەتەوەش بوو. کە ئەمە وەرچەرخانێکی هێجگار مەزن و مێژوویی بوو بۆ کورد و ناوچەکە و جیهان. لەجیاتی ئەمە سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتی و مۆدێلی خۆبەڕێوەبەرێتی دیموکراتی کردە ئامانجی تێکۆشانی خۆی. ئەمەش گەورەترین وەرچەرخانە بۆئەوەی دۆزی کورد لە تورکیا و تەواوی خۆرهەڵاتی ناویندا بە رێگەی دیموکراتی چارەسەر ببێت و ئاشتی و بەیەکەوەژیانی گەلان بێتەدی، بۆئەوەی دۆزی کورد چیتر وەک دۆزی فەلەستین بە بنبەستی نەمێنێتەوە و توندوتیژی و چەک نەبێتە رێگە و زمانی گوزارشتکردن لەو دۆزە. هەم کورد و هەمیش دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی تری داگیرکار بەتەواوی دەستبەرداریی توندوتیژی و یەکتر لەناوبردن ببن، کۆتایی بە خەباتی چەکداریی کورد و هێرش و ئۆپەراسیۆنە شەڕانگێزییەکانی دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی تری داگیرکار بهێنرێت، پەکەکە لەلای خۆیەوە؛ لەڕووی زیهنیی و چەمک و پارادییمەوە دەستبەرداریی دەوڵەتگەرایی، دەسەڵاتگەرایی و لۆژیک و رێبازی شەڕ و توندوتیژی بوو. ئەگەر ئەمە بوێرترین هەنگاو و مەزنترین وەرچەرخانی زیهنی و پارادایمی و رێبازی تێکۆشان نەبێت ئەمە چییە؟ ئەگەر دەوڵەتی تورکیا ئامادەبێت بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی سیستەمی تورکیا، کۆتاییهێنان بە شەڕ چییە، لەماوەی بیستوچوار کاتژمێردا رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی کورد ئەم بڕیارە دەدەن. بەڵام دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەمە ئامادە بێت، ئەگەرنا چۆن پەکەکە و گەلی کورد خۆیان بەبێ هێزی بەرگری و خۆپاراستن دەهێڵنەوە؟ بۆ فشار و گوشار بۆسەر تورکیا ناهێنرێت تا ناچاری هەنگاونان بۆ چارەسەری دیموکراتیانە بکرێت و دان بە هەبوون و ماف و ئازادی گەلی کورد و گەلانی دیکە بنێت؟پرسیارگەلێکن با د.بورهان وەلامیان بداتەوە.

.سەبارەت بە چەمکی لوبنانیکردن

سەبارەت بە چەمکی بە لوبنانیکردن و چەواشەکارییەکانی د.بورهان

با سەرەتا ئەوەبڵێم؛ هەر لەسەر وەزنی بەلوبنانیکردنەکەی د.بورهاندا، ئێستا پەدەکە نەک بۆ یەکێتی نەتەوەیی و هاوپشتی نیشتمانی، بەڵکو بۆ ئامانجی حزبی و بنەماڵەیی خۆی دەستوەردان لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەکات و هاوکاریی جێبەجێکردنی پیلانەکانی دووژمن دەکات. هەر بۆ نموونە؛ بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدات تا دۆخی رۆژئاوا وەکو باشووری لێبێت و تەگەرە بۆ بونیادنانی سیستەمێکی دیموکراتی و بەیەکەوەژیانی گەلان درووست دەکات، واتا هەوڵی “بە باشوورکردنی رۆژئاوا” دەدات، بۆ ئەمەش لەڕووی چەکدارییەوە “هێزی چەکدارانی رۆژ”ی درووستکردووە، لەڕووی سیاسی و دیبلۆماسی و رێکخستنییەوە ئەنەکەسەشی درووستکردووە. لەولاشەوە ئابڵۆقەی خستووەتە سەر رۆژئاوا و خەندەقی لەنێوان باشوور و رۆژئاوا درووستکردووە. هەر بەهەمان شێوە هەوڵی بە باشوورکردنی باکووری کوردستانیش دەدات. چەندین حیزبی لەوێش درووستکردووە و دەزگای راگەیاندنی و دەیان رێکخراوی تری درووستکردووە. لە رۆژهەڵاتیش لەهەوڵی بە باشوورکردنی رۆژهەڵاتیشە. بە باشوورکردنی ئەو بەشانەی تری کوردستان بە چ واتایەک دێت؟ بەواتای شەڕی ناوخۆی دەیان ساڵەی هێزەکانی ئەو بەشانە دێت لەنێوان خۆیاندا. بەواتای دووئیدارەیی و پەنجا پەنجای دابەشکردنی دەسەڵات دێت، بەواتای پشتیوانیکردن لەهەموو لەشکرکێشیی و داگیرکارییەک دێت. رێگەکردنەوە لەبەردەم دەیان دەزگای سیخوڕی و هەواڵگریی تا بەهەوەسی خۆیان تەڕاتێن بکەن و شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازن بکوژن. بەواتای بەسیستەمکردنی تاڵانی و گەندەڵی و ژنکوژیی و بێ یاسایی و بێدەستووری و پاشاگەردانی دێت، بەواتای نەبوونی ئاوی پاک و کارەبا و سیستەمێکی گونجاوی تەندرووستی و رێگاوبان و پەروەردەیی دێت… بەواتای گواستنەوەی ئەو تراژیدیایەی باشوور دێت بۆ بەشەکانی تری کوردستان، جا چ ئێستا بتوانێت یان لە داهاتوودا دۆخەکەی بۆ بگونجێت ئەمە بکات… ئەگەر ریزی بکەین بەواتای چیدێت دەبێت چەندین بەرگە کتێب بنووسینەوە… باشە د.بورهان بۆ لەسەر ئەم بەباشوورکردنەی بەشەکانی کوردستان لەلایەن پەدەکەوە بەقووڵی توێژینەوە ناکات و بە یەک دوو دێر لە توێژینەوەکەیدا بەسەریدا بەراگوزاریی تێدەپەڕێت؟! بۆ باس لەکاریگەریی نەرێنی ئەو ئەزموونە خراپەی دەسەڵاتدارێتی باشوور بۆ سەر بەشەکانی تری کوردستان ناکات؟! کەچی هاتووە یەخەی پەکەکەی گرتووە و تۆمەتباری دەکات بە بەلوبنانیکردنی هەرێمی کوردستان؟!

هەروەها د.بورهان، خۆی لەستراتیژیی داگیراکارانەی تورکیا و پڕۆژەی عوسمانییەتی نوێی دەدزێتەوە و باسی ناکات، کە ئەمە ئەسڵی مەسەلەکەیە، باشە بۆچی باسی بەتورکیاکردنی باشووری کوردستان (ویلایەتی موسڵ) و پڕۆژەی عوسمانییەتی نوێیەکەی ناکات؟ ئەمە جێی پرسیار و تێڕامانە.

د.بورهان بۆ ئەوەی خۆی لە حەقیقەتی دۆزی کورد و رژێمی تورکیا بدزێتەوە بەسەر پڕۆژی عوسمانیەتی نوێ بازدەدات، بەسەر ستراتیژی داگیرکاریی تورکیا بازدەدات. بەسەر هەموو ئەو پشتیوانی و هاوکارییەی ناتۆ بۆ شەڕی تورکیا دژ بە کورد بازدەدات. دەیەوێت وا نیشان بدات تورکیا کێشەی لەگەڵ پەکەکە هەیە نەک لەگەڵ گەلی کورد، ئەگەر هەشیبێت ئەوا هەر تەنیا لەگەڵ کوردی باکوور هەیەتی نەک کۆی کورد لەهەموو کوردستان و لەهەموو جیهان. تورکیا دژایەتی خۆی بۆ کۆی کورد ناشارێتەوە،بەڵام د.بورهان هەم ئەم راستییە دەشارێتەوە و هەمیش بەناوی ئەکادیمیبوونەوە رەوایەتی بە داگیرکاریی تورکیا دەدات لە باشووری کوردستان و کۆی کوردستان.  

7.دەرئەنجامەکەی د.بورهان

لەسەرەتای بەشی گفتوگۆ و دەرئەنجامەکەیدا، د.بورهان باسی کات و شوێنی دەستبەردانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستینییەکان لە خەباتی چەکداریی و گرتنەبەری تەنیا رێگای خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی دەکات و باس لە پێشوازیی ئەمریکا و داننان بە بزووتنەوەکە و دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵیدا لەلایەن ئەمریکاوە دەکات.

د.بورهان لە دەرئەنجامەکەیدا دەڵێت: (ئەگەرچی چەند جارێک پەکەکە، هەر ئەوکاتەی کە ئۆجەلان لە ئیتاڵیا بوو وە چاوەڕوانی چارەنووسی خۆی ئەکرد، ڕایگەیاندووە کە ئیتر ئامادەیە واز لە خەباتی چەکداری بهێنێت، بەڵام هەموو جارێکیش ئەم هەوڵانە بە پاشگەزبوونەوە/پاشگەزکردنەوە کۆتاییهاتوون. لە دیمەنێکی گشتیدا، هەموو بڕیارەکانی وازهێنان لە خەباتی چەکداری لە لایەن پەکەکەوە خۆیان لە قاڵبێکی تاکتیکیدا دەبینییەوە.)

جارێ بەر لەهەموو شتێک، وەک پێشتریش باسم کرد؛ هەوڵەکانی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٨ لە ئیتاڵیا دەستیپێنەکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی، بەڵکو لەسەرەتای نەوەدەکان و بە کۆنکریتیش لە ئاداری ١٩٩٣دا ئاگربەستی یەکلایەنەی راگەیاند، لە ساڵی ١٩٩٦، ١٩٩٨یشدا بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆهەمان مەبەست لەگەڵ حکومەت و دەوڵەتی تورکیادا لەنێو دیالۆگ و دانوستاندا بوو و هەر سێ جاریش ئاگربەستی یەکلایەنەی وەک نیازمەندی ئاشتی و دیالۆگ راگەیاندووە. لە ساڵی ٢٠٠٠یش بەدواوە، هەم ستراتیژی تێکۆشانی خۆی گۆڕی و هەمیش چەندین ئاگربەست و چەند جەولەی دیالۆگ و دانوستانلەنێوان رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە لەگەڵ حکومەت و دەوڵەتی تورکیا لەئارادابووە. هەموو جارەکانیش لەلایەن خودی حکومەت و دەوڵەتی تورکیاوە کۆتایی بە دیالۆگ و دانوستانەکان هاتووە و لێی پاشگەزبوونەتەوە، نەک رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە پاشگەز بووبنەوە یان پاشگەزکرابنەوە. باشە چ لایەن و کەسێک هەن ئەوەندە کاریگەرییان لەسەر رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە هەبووبێت، تا بتوانن لەمەسەلەیەکی وەها چارەنووسسازدا پاشگەزیان بکەنەوە لە هەنگاونان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتیی؟! باشە، د.بورهان  ئەم وەهمە و مەزەندە بێ بنەما و بێ بەڵگانەی لەکوێ هێناوە؟! تا هەروا لەخۆیەوە و ئەڵڵا قۆیسەن، تۆمەتی کۆتاییهاتنی هەموو ئاگربەستەکانی خودی پەکەکە و دەستپێکردنەوەی شەڕ و کۆتاییهێنان بە دیالۆگەکان بەسەر پەکەکە و رێبەر ئۆجەلاندا ساخبکاتەوە و بەرگی رەوایەتی و ئاشتیخوازیی بەبەر تورکیادا بپۆشێت و پێی وایە:” کە ئەوە تورکیایە دەیەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و ئاشتی سەقامگیر بکات، بەڵام ئەوە پەکەکەیە هەموو جار پاشگەز دەبێتەوە یان پاشگەز دەکرێتەوە؟!“.

د.بورهان نایەوێت دان بەو راستییەدا بنێت کە دۆزی کورد نە بەچەکهەڵگرتنی پەکەکە دەستیپێکردووە و نە بە چەکدانانیشی کۆتایی دێت. لەراستیدا چەکهەڵگرتن و وازهێنان لە خەباتی گەریلایی پەکەکەش تەنیا و تەنیا یەک هۆکاری هەیە، ئەویش بوونی پرسی کوردە بە پلەی یەکەم، کە خۆی لە شەش پرۆسەکەی ستراتیژیی داگیرکاریی دەبینێتەوە” نکۆڵی، قڕکردن، کۆمەڵکوژی، تواندنەوە و خۆتواندنەوە، پارچەکردن، راگواستن.” تا ئەم ستراتیژییەتە تێکنەشکێنرێت و هەڵنەوەشێتەوە، شەڕ لە تورکیا و باکوور و بەشەکانی تری کوردستان و کۆی خۆرهەڵاتی ناوین کۆتاییان پێنایەت. پەکەکەش بۆ تێکشاندن و هەڵوەشاندنەوەی ئەم ستراتیژەی داگیرکاریی لەدایکبووە و تێکۆشاوە و لەمەودواش هەر بەو ئامانجە تێدەکۆشێت، جا چ بە شەڕ و شەڕی بەرگری رەوا بێت(وەک لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەدەکان بەڕێوەچوو)، یان بە پرۆسەی دیالۆگ و دانوستان و ئاشتی بێتەدی، یاخود هەردووک پرۆسەکە (بەرگری رەوا دیالۆگ و دانوستان) بەیەکەوە و لەناویەکدا بەڕێوە دەچن، وەک چۆن لەماوەی بیستوچوار ساڵی رابردوودا لەهەندێک قۆناخدا بەڕێوەچووە. بەڵام تۆ بێیت و تەنیا داوا لە پەکەکە بکەیت چەکدابنێت و دەستبەرداریی یەکجاریی تێکۆشانی گەریلایی ببێت و ئەمە بە مەرجی کۆتاییهاتنی شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی و چارەسەری دابنێیت، ئەمە جۆرێک لە لایەنگیرکردن و سەپاندنی داواکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانییەتیبەسەر پەکەکە و گەلی کورددا. ئەمەش بەگوێرەی ئەزموونی دەیان ساڵەی پەکەکە، پەکەکە نەک هەر بیر لە بەجێهێنانی ئەم جۆرە تێگەیشتن و داوایانە ناکاتەوە، تەنانەت ئەمە بۆخۆی بە تەسلیمبوون و ئاشبەتاڵیی دادەنێت ئەگەر بەبێ مەرجی ئاشتی و چارەسەری،کۆتایی بە بەرگری رەوای خۆی بهێنێت.

هەڵبەتە، جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان “کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی” و بەدیهێنانی ئاشتی لەگەڵ “چەکدانان و دەستبەردان لە تێکۆشانی گەریلایی”، ئینجا دوای ئەوە بۆ ئاشتی هەوڵبدەیت. د.بورهان ئەم جیاوازییانە نابینێت و تێکەڵاویان دەکات. بۆئەوەی روونتر ئەمە باس بکەین دەکرێ بڵێین؛ هەموو کۆتاییهاتنێک بە شەڕ و توندوتیژی بە هەردوو لایەنی شەڕکەر دەکرێت، کە ئەمە بۆخۆی دەبێتە مایەی ئاشتی و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی بەهۆیەوە هەردوولا کەوتوونەتە نێو شەڕ و توندوتیژییەوە. بەڵام چەکدانانی لایەنێک هیچ مەرج نییە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی،ئینجا بەدیهێنانی ئاشتی و چارەسەری ئەو پرسەی لەپێناویدا چەکی بۆ هەڵگیراوە و شەڕی بۆ دەکرێت. دەکرێ چەکدانان و دەستبەردان لە تێکۆشانی چەکداریی، وەک لە نموونەکەی بزووتنەوەی ئەیلولی باشوور و لە نموونەی بزووتنەوەی فەتحی فەلەستینییەکاندا بینیمان، نە کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژی هات و نە ئاشتی و نە چارەسەری پرسەکەش بەدیهات.. کەواتە کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی بە واتای چەکدانان نایەت و رێک ناکۆکن لەگەڵ یەکتری. تەنانەت دەکرێ کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژیش بێت و هیچ لایەکیان چەکیش دانەنێن، بەڵکو تەنیا رۆڵ و پێگەی چەک و چەکدارەکان دەگۆڕێت. وەک لە نموونەکەی باشووری کوردستان و ئێراقدا، ئێستا لە ئارادایە، کە بەدەستوور تاڕادەیەک، ئەگەر زۆر بنەڕەتیش نەبێت و هێشتا هاوسەنگییەک لەنێوان دەسەڵات و دەستڕۆییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ئێراق درووست نەبووە و گرفت و کێشە هەن،هێشتا نیوەی باشووری کوردستان نەکەوتۆتە نیو قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام چارەسەری پرسی کورد لەڕووی دەستوورییەوە کراوە و دان بە هەبوون و ناسنامەی گەلی کورد و ماف و ئازادییەکانی نراوە و قەوارەیەک بەناوی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، تەنانەت هێزە کوردییەکان لە دامودەزگاکانی ئێراقدا پێگەیەکی گرنگیان لەرووی دەستوورییەوە هەیە و بودجەی ٪١٧یان بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە، کەچی نە کورد دەستبەرداریی چەک بووە و ئێستاش هێزی پێشمەرگەی خۆی هەیە، پێشتر لە شاخ بوون ئێستاش لە شارن، نە ئێراقیش سوپاکەی هەڵوەشاندۆتەوە. چەندین نموونەی تری جیهانیش هەمان ئەو راستیانە دووپات دەکەنەوە. بۆیە بەپێچەوانەی بۆچوونەکەی د.بورهان، چەکدانان و دەستبەردانی پەکەکە لە تێکۆشانی گەریلایی، نە کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژی دەهێنێت، نە ئاشتی و چارەسەریش مسۆگەر دەبێت. بەڵام کاتێک تورکیا و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان لەسەر بنەمای ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا، کۆتایی بە شەڕ و هەموو جۆرە توندوتیژییەک بهێنن، ئەوا ئەو کاتە پێویست ناکات پەکەکە چەکەکانی دابنێت، بەڵکو دەکرێ لەهەمان جوگرافیای باکووری کوردستاندا رۆڵ و پێگەی چەک و گەریلاکان دەگۆڕێت و لەشاخەکانەوە بۆ ناو شار و گوندەکان دەچن و گەریلا دەچێتە دۆخی بەرگری رەوای خەڵک و وەک بەشێک لە دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەرێتی هەرێمەکانی باکووری کوردستان، رۆڵی پاراستنی خەڵک ببینن و فەرمی ببن. هیچ پێویست بە چەکدانان ناکات و تورکیاش کە پەکەکەی وەک نوێنەری باکوور پێ پەسند بێت و بەفەرمی بیناسێت، نە پەکەکە و نە هێزەکانی گەریلا بە مەترسی نازانێت و کێشەی لەگەڵ هەبوونی هێزێکی وەک گەریلا کە کاتی شەڕ و پێش ئاشتی لە شاخەکاندا بووە، ئێستا لە گوند و شارەکاندان، لە دامودەزگا فەرمییەکانی ئاسایش و پاراستنی گوند و شارەکان و سنوورەکاندا رۆڵی خۆیان دەبینن و تەنانەت دەتوانن ببنە هێزێکی مەزنی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی گوند و وارە وێرانکراوەکان. بەڵام کەی ئەمە بە واقیع دێتەدی؟ کاتێک کە تورکیا هەبوون و ناسنامە و ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردستانی بە دەستوور و کردار پەسندکردبێت و سیستەمی خۆی دیموکراتیزەکردبێت، ئەو کاتە خۆ گەریلاکانی ئازادیی، ئەشقیا نین هەر بەو شاخانەوە بن.

لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان زیاتر لە دە جار ئاگربەستی یەکلایەنە رابگەیەنن، ئەو هەموو دەستپێشخەریی و پڕۆژە ئاشتیخوازانەیە بخەنەڕوو، ئینجا ستراتیژی تێکۆشانی خۆی بگۆڕێت و بیخاتە پلە دووی تێکۆشانەوە و گەریلا بخاتە دۆخی بەرگری رەواوە، چەندین هەنگاوی تری بوێر و پڕ لە ریسک و مەترسی بنێت، هەموو ئەوانە تاکتیکن!! ئینجا پێت وابێت کە “دەوڵەتی تورکیا ئاشتیخواز و چارەسەریخوازە و پەکەکەششەڕانگێزە و چارەسەری ناخوازێت؟!” ئایا ئەم بۆچوونەی د.بورهان، کە هیچ بەڵگە و داتایەک ناخاتەڕوو و دێت هەموو ئۆباڵەکە دەخاتە ئەستۆی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکەوە و تورکیا ئەستۆپاک دەردەخات…هتد ئەمە لەکوێی لۆژیک و واقیع و راستییەکاندا جێی دەبێتەوە؟! مەگەر خودی ئەردۆغان نەبوو لە ساڵی ٢٠١٥دا گووتی:” من مێزی دانوستاندن قڵپ دەکەمەوە و ئەو لەیەک تێگەیشتنەی “دۆڵمەباخچە” پەسند ناکەم” و دەستی بە شاڵاوە سەربازییەکان کرد و تائیستاش بەردەوامە، هەروەها دەیان هەزاریان لە خەڵکی سیاسی و مەدەنی بەگشتی و هی هەدەپە بەتایبەتی خستە کونجی زیندانەکانەوە؟ ئەمە چی بوو و چی روویدابوو تا ئەردۆغان کۆتایی بەو لەیەکتێگەیشتنە بهێنێت کە نزیک بە سێ ساڵ(٢٠١٢-٢٠١٥) بە رەنجی زۆر و پشوودرێژیی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و هەدەپە و گەلی کورد بەدیهاتبوون؟! د.بورهان چ وەڵامێکی بۆ ئەمە هەیە؟!

د.بورهان وەک خۆی دەڵێت؛ ساڵی ٢٠٠٠ وتارێکی لەم بارەیەوە نووسیوە، لەو (توێژینەوە)یەشیدا جارێکی دیکە (رێک وەک خۆیان و بێ دەسکاری) جەختی لەسەر دەکاتەوە و بۆچوونەکانی ٢٢ ساڵ پێش ئێستای بەراست دەزانێت، کە دواتر باسی ئەو بۆچوونانەشی دەکەم. بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان و بیرکردنەوەیە، مرۆڤێکی ئەکادیمیی کە ٢٢ ساڵ هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر بیر و بۆچوونەکانی نەهاتبێت و هەمان شت بڵێتەوە کە گووتوویەتی، ئەمە بۆخۆی کارەساتێکی جەرگبڕە و جۆرێکە لە کڵۆڵیی و وەستان لە بیرکردنەوە و تێڕامان. ئێ خۆ لەم ٢٢ ساڵەی باسی دەکات. پەکەکە ستراتیژی تێکۆشانی گۆڕی، بەدەیان هەنگاو و پڕۆژە و دەستپێشخەریی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی هاویشت و خستەڕوو. چەندین ئاگربەست و دیالۆگ و دانوستان بەڕێوەچوون، رێبەر ئۆجەلان زیاتر لە حەوت هەزار لاپەڕەی لەمبارەیەوە نووسی، دەیان و سەدان رووداوی گرنگ لەدەوری پەکەکە و تورکیا و گەلی کورد روویاندا، کەچی د.بورهان بە لۆژیکی “بشفڕێ هەر بزنە” یەک گەرد پێشووەچوون و گۆڕانکاریی لە بیرکردنەوە تێڕامانی رووینەداوە و هەر جەخت لەسەر ئەو پێشبینی و پێشنیاز و بۆچوونانەی خۆی دەکاتەوە، کە دوای ٢٢ ساڵ هیچیان راست دەرنەچوون و دەستی لەبنی هەمانەکە دەرچوو. ئاخر ماڵتئاوا د.بورهان، چۆن دەبێت دوای ٢٢ ساڵ هیچ گۆڕانکاریی و پێشووەچوونێک لە بیرکردنەوە تێرامانەکانت سەبارەت بە پەکەکە رووینەدابێت، هەر بەلایەنی کەمەوە  دەبووا، رەخنەکانت کەمێک بابەتیتر و واقیعیتر بوونایە و هەمان شتی ٢٢ ساڵ پێش ئێستات بۆ دووبارە نەکردینایەتەوە…!! ئەمە بەڕاستی گرفتێکی زیهنیی و گرێیەکی زۆر قووڵ و ئاڵۆزە، مرۆڤێکی ئەکادیمیی دوای ٢٢ ساڵی رەبەق، هیچ ئیزافەیەکی بۆ قسە و بیرکردنەوەکانی نەبێت بەهەمان پاساو و مەزەندە و پێشبینییە بێ بنەماکان بێتەوە و توێژینەوە لەسەر چارەنووسسازترین و هەستیارترین مەسەلە بکات، کە ئەویش مەسەلەی شەڕ و ئاشتی و رێگاچارەی دۆزی گەلێک و تەنانەت پەیوەستە بە چارەنووسی هەموو گەلانی خۆرهەڵاتی ناوینیشەوە.!!زۆر گرنگە لەوە تێبگەین کە نووسەر و ئەکادیمیسێنێک، ئەو هەموو ئامرازانەی راگەیاندن و گەیاندنی لەبەردەست بێت و تۆڕەکانی ئەنتەرنێت پەیدابووبێتن و دەستی بەهەموو سەرچاوەیەک رابگات و ئینجا هەر وەک ٢٢ ساڵ پێش ئێستا بیربکاتەوە و دەقی نووسینێکی رێک وەک خۆی و بێ دەسکاریی بە بەڵگە بێنێتەوە کە هیچیان بەدینەهاتوون و رێک پێچەوانەکەی روویانداوە!!

لەلایەکی دیکەوە؛ لە ساڵی ٢٠٠٠دا، لەحەوتەمین کۆنگرەی ئاوارتەی خۆیدا پەکەکە بڕیاری گۆڕینی ستراتیژیی دا و بەمەش تێکۆشانی چەکداریی خستە پێگەی بەرگری(پاراستنی) رەواوە و تێکۆشانی فیکری، سیاسی، رێکخستنی و دیبلۆماسی و بوارەکانی تری خستە پێگەی یەکەم و بنەڕەتییەوە. ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا و تورکیا و چەندین دەوڵەتی تر و تەنانەت هێزە کوردییەکانیش بەهیچ شێوەیەک چاوەڕوانکراو نەبوو و تووشی هێدمەی کردن، کەچی هەر دووساڵ دوای ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە، پەکەکە خرایە لیستی تیرۆری ئەمریکا و ئەوروپاوە. کە تا ئەوکاتە تەنیا چەند دەوڵەتێکی کەمی وەک سوێد و ئەڵمانیا لە ئەوروپا پەکەکەیان خستبووە ئەو لیستەوە. کە ئەمە رێک پێچەوانەی دۆخی دەستبەردانی بزووتنەوەی فەتحە کە کاتێک دەستبەرداری چەک و خەباتی چەکداریی دەبێت ئەمریکا و ئەوروپا پێشوازیی لێدەکەن.!! کەواتە ئەو بەراوردکارییەی کە د.بورهان دەیەوێت بیکات ئەم راستییە نابینێت و هەر باسیشی ناکات. ئاگای لەم راستییە نییە یان نایەوێت خۆی لەقەرەی بدات، نەوەک گریمانە و مەزەندە و شرۆڤەکانی بۆ خەباتی گەریلایی پەکەکە و ئەگەر و دەرەنجامەکانی دەستبەردانی پەکەکە لەو خەباتە پێچەوانە بکەوێتەوە؟!

ئەو گۆڕانکارییە ستراتیژییەی پەکەکە و دانانی تێکۆشانی گەریلایی لە پێگەی بەرگری رەوادا، سەرەتا لە ساڵانی نێوان (٢٠٠٠ تا حوزەیرانی ٢٠٠٤) پێگە بەرگری رەواکەی لە دۆخی ناکاریگەر (پاسیڤ) دابوو. بەڵام کاتێک دوای چوار ساڵ لەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە، حکومەتی ئاکەپە هیچ هەنگاوێکی کرداریی نەنا بۆ چارەسەری پرسی کورد بەڕێگەی ئاشتیانە، سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە و ئەو هەموو پڕۆژە و دەستپێشخەرییسیاسی و ئاشتیخوازانەی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و کورد، سەرەڕای ئەوەی کۆی هێزەکانی گەریلای لە باکووری کوردستانەوە کشاندەوە باشووری کوردستان و دوو گرووپی پەیامبەری ئاشتی رەوانەی تورکیا کردەوە و چەندین هەنگاوی تری بە مەبەستی درووستکردنی کەشی ئاشتی و سیاسی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هەڵهێنا، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە کاتێک کە فشار و گوشارەکان و گۆشەگیرییە توندەکانیش لەسەر رێبەر ئۆجەلان لە زینداندا و لەسەر گەل و رێکخستنە دیموکراتی و مەدەنییەکانی کورد و گەلی کورد زیاتر بوون، پەکەکە بڕیاری هەڵمەتێکی تری لەبواری بەرگری رەوا دا و لە پێگەی پاسیڤەوە چووە پێگەی کارا و چالاک(ئاکتیڤ)ەوە و ئەمە تا ساڵی ٢٠١٢ بەردەوام بوو.

د.بورهان بۆ ئەوەی پاساو بۆ ئەوەی بێنێتەوە کە پەکەکە دەترسێت دەستبەرداری تێکۆشانی گەریلایی ببێت و روو لە تێکۆشانی ئاشتیانە بکات چەند خاڵێک باس دەکات؛

یەک: دەڵێت؛ (دانانی چەک خۆئامادەکردنێکی دەروونی-سیاسی پێویستە و پرۆسەی پەروەردەکردنی کادر و چەکهەڵگرەکان و دەخوازێ، وەک ئامادەکارییەک بۆ دانانی چەک. چەک بۆ زۆر کەس فەلسەفە و قەناعەت و ناسنامەیە، هەڵگەڕانەوەی ئەم هاوکێشەیە مەسەلەیەکی قورسە و کاتی دەوێت.)

وەکو باسم کرد، رێبەر ئۆجەلان لە سەرەتای ساڵی نەوەدەکاندا، باس لە گرتنەبەری رێگەی سیاسی و ئاشتیانە بۆ چارەسەری پرسی کورد دەکات، باس لەوە دەکات تێکۆشانی گەریلایی رۆڵی خۆی لە ژیانەوەی گەلی کورددا بینیوە و نۆرەی تێکۆشانی سیاسی و رێگەچارەی ئاشتیانەی پرسی کورد دەکات و ئەوەی بە تێکۆشانی گەریلایی بەدەستهاتووە دەبێت بە رێگەی سیاسیانە بەئەنجام بگات. بۆ ئەمەش چەندین جار ئاگربەستی یەکلانەی راگەیاندووە و لەگەڵ حکومەتەکانی تورکیا لەنێوان ساڵانی (١٩٩٣-١٩٩٨) لەنێو دانوستاندن و دیالۆگ دابووە. لە ساڵانی نێوان (٢٠٠٠تا ئێستا)ش چەندین هەنگاوی تری ستراتیژیی بەمەبەستی ئاشتی و چارەسەری سیاسییانەی پرسی کورد هاویشتووە و پڕۆژەی ستراتیژیی ئاشتخوازانەی خستۆتەڕوو. ئایا ئەم هەموو هەنگاونانە خۆئامادەکردن نییە بۆئەوەی کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژی بهێنرێت و رێگەی ئاشتی و سیاسی بۆ چارەسەری پرسی کورد بگرێتەبەر؟!

دوو: دەڵێت: (ژەنراڵەکان و هێزە شەڕخوازەکان دەخوازن شەڕ بەردەوام بێ. بۆ فاشیزم شەڕێکی سنووردار زەروورە.) پەکەکە هەر بۆئەوەی ژەنراڵەکان و شەڕخوازان و فاشیزمی دەوڵەتی تورک بازرگانی بە شەڕ دژ بە گەلی کورد و بزووتنەوەکەی نەکەن، ئەم هەموو هەنگاوە بوێر و ستراتیژییەی هاویشتووە و زۆرترین ریسک و مەترسی لەبەرچاوگرتووە، کە یەکێک لەوانە؛ گۆڕینی ستراتیژیی تێکۆشان بووە لە گەریلاییەوە بۆ تێکۆشانی ئاشتی و سیاسی و دیموکراتیانە، کشاندنەوەی سەرجەم هێزەکانی گەریلا بۆ ئەودیو سنووری باکوور و تورکیا، ناردنەوەی چەندین گروپی نیازمەندی ئاشتی…هتد. بەڵام مەسەلەکە تەنیا ژەنڕاڵەکان و شەڕخوازنی نێو تورکیا و فاشیستیبوونی سیستەمی تورکیا نییە، کە ناخوازن شەڕ رابوەستێت و ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد بێتەدی. بەڵکو کرۆکی مەسەلەکە ئەوەیە کە هێزەکانی ناتۆ، کە لەرێگەی ئەرگەنەکۆن(دەوڵەتی قووڵ کە لەپشت پەردەوە تورکیا بەڕێوەدەبەن و باڵادەستن بەسەر هەموو کایە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەکانی تورکیاوە) هەم تورکیا دادەدۆشن و هەمیش ناهێڵن پرسی کورد بەئاراستەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی هەنگاو بنێت. ئەوە هەر ژەنڕاڵ و شەڕخوازەکان و ئەقڵییەتی فاشیستی تورکیا نیینکە پێداگریی لەسەر بەردەوامکردنی شەڕ و مەیلی شەڕخوازیی دژ بە گەلی کورد دەکەن، بەڵکو ئەوە رێکخستنی گلادیۆی نێو ناتۆیە کە بەهیچ شێوەیەک رێگە بە کۆتاییهاتنی شەڕ دژ بە گەلی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی نادەن. ئایا دەکرێ د.بورهان پێمانبڵێ کێ تۆرگوت ئۆزال و ژەنڕاڵ ئەشرەف بتلیسی و بەختیار ئایدنیان کوشت؟ بۆ ئەوانەیان کوشت کە خوازیاربوون لەگەڵ پەکەکە لەڕێگەی ئاشتی و دیالۆگەوە چارەسەری پرسی کورد بکەن؟ دەتوانێت وەڵامی ئەوەمان بداتەوە کە بۆچی هێزە کۆنتراگەریلاکانی سەر بە ئەرگەنەکۆن لە ساڵانی نەوەدەکان حەڤدەهەزار کەسی چالاکوانی مەدەنی و ئاکتیڤیست و نووسەر و هونەرمەند و سیاسەتمەدار و رۆشنبیر و رۆژنامەوانی کوردیان لەمیانەی “پرۆسەی بکەری نادیار” کوشت، کە هیچیان چەکهەڵگر و گەریلاش نەبوون؟! ئەگەر د.بورهان و ئەوانەی وەک ئەویش بیردەکەنەوە وەڵامێکی راست و درووستی ئەمە نەدەنەوە کەواتە نایانەوێت راستینەی داگیرکاریی نێودەوڵەتیانەی کوردستان و راستینەی شەڕی ناتۆ و سیستەمی سەرمایەداریی دژ بە گەلی کورد و پەکەکە ببینن. سەقامگیرکردنی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی پرسی کورد پێویستی بە ئەقڵییەتێکی دیموکراتی دژە فاشیستیانە و ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز هەیە. تورکیا وەک دەوڵەت و حکومەتە یەکلەدوایەکەکان تا ئێستا خاوەنی ئەم دوو تایبەتمەندێتی و مەرجە نین بۆ هەنگاونان بەرەو کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا. فەرموو با د.بورهان پێمانبڵێ کامە حیزبی دەسەڵاتداریی تورکیا و کامە حکومەتیان خاوەنی ئەم دوو تایبەتمەندییە بوون؟ کامەیان پڕۆژەیان بۆ چارەسەری پرسی کورد هەیە و بەکرداریی هەنگاوی بۆ دەنێت؟ بێگومان هیچ یەکێک لە حکومەتەکان و حیزبە دەسەڵاتدارەکان و تەنانەت حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش جگە لە هەدەپە-  لە سەد ساڵی رابردووی تورکیادا، خاوەنی ئەم دوو تایبەتمەندییە نیین، نە ئەقڵییەتێکی دیموکراتی و دژە فاشیستیانەیان هەیە و نە ئیرادەیەکی سیاسی سەربەخۆیان هەیە، نە باوەڕیان بە بەیەکەوەژیانی گەلانی تورکیا هەیە و نە دانیان بە هەبوون و ناسنامە و ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد و گەلانی تورکیا ناوە، بە چەپ و راستییانەوە، بە لیبڕاڵ و ئیسلامی سیاسیانەوە، هیچ یەکێک لەو حیزبە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنانە بەقەد یەک گەرد خاوەنی ئەم دوو تایبەتمەندێتییە نین و هیچ باوەڕییان بە بەیەکەوەژیانی گەلان و هەبوون و ناسنامەی گەلی کورد و ماف و ئازادییەکانی نییە. تەنانەت هەندێک لە ژەنڕاڵانی وەک ئەشرەف بتلیسی و بەختیار ئایدن و دواتریش یەشار بیوکئانت و چەندینی تر، کە زۆرترین ماوە ژەنڕاڵی باڵای شەڕ بوون دژ بە پەکەکە، زۆر بوێرتر و کراوەتر بوون لە حیزبەکان و حکومەتەکان و خوازیاریی کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی و چارەسەری سیاسیانەی پرسی کورد بوون، تەنانەت ئەگەر بە تاکتیکیشیان بووبێت و لەم رووەوە خاوەنی ستراتیژیی ئاشتیش نەبووبن. بەڵام لەلایەن ئەرگەنەکۆنەوە لەناوبردران یان خرانە دەرەوەی سوپاوە و بێکاریگەر کران. بێگومان ئەوەی شەڕی کردبێت و لەناو شەڕدا بووبێت لەهەر کەس زیاتر سوود و واتا و تامی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ دەزانێت. ئەگەر دۆخەکە لە تورکیا تا ئێستا بەم جۆرەیە، چۆن دەتوانرێت گەلی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی بەیەکجاریی و کوتوپڕ- بزووتنەوەی فەتحئاسا- دەستبەرداریی چەک و خەباتی گەریلایی ببێت؟

سێ: د.بورهان دەڵێت: (هێزە ئیقلیمییەکان، بەتایبەت ئێران، رۆڵێکی خراپیان دەبێ و حەزدەکەن شەڕ و سەرئێشەیەک هەبێ بۆ تورکیا. ئەم ئەگەرە، لە حاڵەتی ئێران، لەگەڵ بەهێزبوونی توندڕەوەکان لەبازنەی دەسەڵاتی ئێراندا بەهێزتر دەبێ.) بێگومان هەر دەوڵەتێکی داگیرکاری کوردستان سەرەڕای ئەوەی بەیەکەوە چەندین رێککەوتن و هاوپەیمانێتی و پەیماننامەی هاوبەشیان دژ گەلی کورد و بزووتنەوەکانی هەبووە و ئێستاش هەیە، بەڵام هەمیشە لەلایەکی دیکەوە هەوڵی دژ بەیەکیان هەبووە و کارتی کوردیان لەڕێگەی وابەستەبوونی حیزب و بزووتنەوە کوردییەکانیان دژ بەیەکتر بەکارهێناوە. نموونە هەرە بەرچاوەکەیشی رژێمی ئێران لەهەردوو قۆناخی شاهەنشایی و کۆماری ئیسلامییداحیزب و بزووتنەوە کوردییەکانی باشووریان دژ بە رژێمی ئێراق بەکارهێناوە و لەهەندێک قۆناخدا ناچاری سازشکردنی کردووە، ئەمە لەساڵانی شەستەکان، حەفتاکان و هەشتاکاندا زۆر بە زەقی ئەم راستییە دەبینین. بەڵام ئەمە لەهیچ قۆناخ و کاتێکدا بۆ پەکەکە راست نییە. کاتێک کە پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٠ و لە حەوتەمین کۆنگرەی ئاوارتەی خۆیدا، بڕیاری گۆڕینی ستراتیژی تێکۆشانی دا و تێکۆشانی گەریلایی خستە پێگەی دووەم و دۆخی بەرگری رەواوە، رێک کۆنگرەکەی لەسەر سنووری نێوان ئێراق-ئێران(باشوور-رۆژهەڵات) لە قەندیل بەڕێوەبرد، کە کۆی هێزەکانیشی لە باکوورەوە بۆ باشوور کشاندەوە زۆرینەی هێزەکەی هێنابووە سەر سنوووری ئێران-ئێراقەوە. ئەمە ئەگەر واتایەکی هەبێت ئەوا بەواتای ئەوە دێت کە پەکەکە کە بڕیاری گۆڕینی ستراتیژیی خۆی دا و هەموو هێزەکانی لەباکوورەوە کشاندەوە بەوپەڕی ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەوە، ئەم بڕیارەی دا و ئەو هەنگاوانەی ناوە. لەبیرمان نەچێت کە چەندین رێککەوتن و هاوپەیمانێتی و پەیماننامە لەنێوان ئێران-تورکیا دژ بە پەکەکە و دواتریش پژاک هەبووە و تائێستاش بەردەوامە. نموونەی هەرە بەرچاویش چەندین کادیر و گەریلای پەکەکە لەلایەن ئێرانەوە رادەستی تورکیا کراونەتەوە، لە ساڵی ٢٠١١دا بە کرداریی بەیەکەوە رێککەوتن و شەڕی پەکەکە و پژاکیان لە قەندیل کرد. کەواتە نەک هەر ئێران، بەڵکو هیچ دەوڵەت و هێزێک تا ئێستا نەیتوانیوە بچووکترین کاریگەریی لەسەر بڕیار و هەنگاوەکانی پەکەکە هەبێت. چونکە پەکەکە، خاوەنی فیکر و ئیرادەی سیاسی و ئابووری و رێکخستنی سەربەخۆی خۆیەتی. بۆیە ئەگەر ئەو گریمانەیەی د.بورهان بۆ هێز و لایەنە سیاسییەکانی تر بەتایبەتی هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشوور راستبێت، ئەوا بۆ پەکەکە سەداسەد هەڵەیە. گرفتێکی بنچینەیی د.بورهان ئەوەیە کە چۆن ئەو هێزانە دەپێوێت وەهاش پەکەکە دەپێوێت. چۆن سەیری ئەو هێزانە دەکات بەهەمان چاو و پێودانگەوە سەیری پەکەکەش دەکات. کە ئەمە بەهەڵەداچوونێکی زۆر گەورەیە. بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کەوا د.بورهان یان راستینەی پەکەکە ناناسێت، یان دەیناسێت و بەهۆی گرفتە زیهنیی و گرێ دەروونییەکانییەوە نایەوێت جیاوازیی جەوهەریی، نێوان پەکەکە لەگەڵ حیزب و بزووتنەوە کوردییەکانی تر، لە ئاستی زیهنی، فیکری، سیاسی، دیبلۆماسی، ژیانی و کردارییەوە ببینێت. بۆیە لێکدانەوەکانی بۆ تێکۆشانی گەریلایی پەکەکە و چۆنێتی هەڵسوکەوتکردنی پەکەکە لەگەڵ تێکۆشانی گەریلایی و دۆخی شەڕ و ئاشتی و رێگاکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد تەواو هەڵەن و پێچەوانەی راستییەکانن.

چوار: د.بورهان دەڵێت: (نەفەسکورتی پەکەکە و بەتایبەت هی سەرۆکەکەی، کە دەخوازن بەرهەمی دانانی چەک دەمودەست ببینن.) ئەمەش بۆچوونێکی تەواو چەواشەکارانە و زۆر بێویژدانانەی د.بورهانە. سەرۆکێک زیاتر لە 20 ساڵە بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ تێکۆشاوە، لەو 30 ساڵەدا؛ بیستوچوار ساڵی لە دژوارترین دۆخی گۆشەگیریی زینداندا بەوپەڕیی پشوودرێژی و ئارامی و سەبرەوە، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی هەوڵ و کۆششی کردووە، بەهەزاران لاپەڕەی بەم ئامانجە نووسیوە. لەم پێناوەدا؛ هەموو مەترسی و ریسکەکانی لەبەرچاوگرتووە، تۆ بێیت و بەوپەڕی بێویژدانییەوە بڵێیت سەرۆکی پەکەکە نەفەسکورتە و دەیەوێت دەمودەست بەرهەمی چەکدانان ببینێت.!! بەڕاستی ئەمە ئەگەر بێ ئینسافی و بێ ویژدانی نەبێت چییە؟! هەرچی رێبەر ئۆجەلان سەبارەت بە تێکۆشانی گەریلایی و کۆی سیاسەتی دیموکراتی نووسیوە و پێشنیاری کردووە، پەکەکە هیچیانی رەتنەکردۆتەوە و هەموو هەوڵێکی ئەوەبووە کە چۆن ئەمانە لەبواری کردارییدا جێبەجێ بکات. لەوانەیە کەموکورتی لە جێبەجێکردندا هەبووبێت، کە ئەمەش ئاساییە. بەڵام مسۆگەر پەکەکە وەک رێبەر ئۆجەلان لەپێناو کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی و بەدیهێنانی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد تا ئێستا چی لەدەستهاتبێت، بێ دوودڵی و رارایی، لەهەوڵی جێبەجێکردنی دابووە. دەبێت ئەوەش بڵێین کە یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی پەکەکە ئەوەبووە کە نەک هەر دەستبەرداریی رێبەرەکەی لە زینداندا نەبوو، بەڵکو هەموو هەوڵێکیشی ئەوەبووە کە چۆن دەستی رێبەر ئۆجەلان لە زینداندا بەهێز بکات و بەپێی رێنمایی و پێشنیاز و پڕۆژەکانی رێبەرئۆجەلان هەڵسوکەوت بکات و لەرووی کرداریی و ژیانییەوە جێبەجێیان بکات. کەواتە ئەو نەفەسکورتییەی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە لەکوێ دایە؟ ئایا لەوەدایە کە بەگوێی د.بورهان و ناتۆ و تورکیا و هێزە کوردییە وابەستەکانی ناکات و بێ هیچ هەنگاونانێکی تورکیا و ناتۆ، کوتوپڕ دەستبەرداریی چەک و تێکۆشانی گەریلایی نەبووە و تا ئێستا ئاشبەتاڵی بە شۆڕشەکەی نەکردووە؟! رێبەرئۆجەلان و پەکەکەیەک کەوا رێک پەنجا ساڵە، بەوپەڕیی لەخۆبوردوویی و فیداکاریی و پشوودرێژییەوە، بەوپەڕیی خۆبواردن لەهەموو جۆرە ژیانێکی شەخسی و موڵکییەت و خۆدەوڵەمەندکردن و کەیف و سەفاوە، بێ ئەوەی وەک یاسر عەرەفات و سەرکردەکانی تری بزوتنەوەی فەتح، لەگەندەڵییەوە بگلێن و لەسەر حیسابی تێکۆشانە سیاسی و چەکدارییەکەی خەڵکی فەلەستین ببنە خاوەن ملیارەها دۆلار و پاشانیش وەک بزووتنەوەکەی ئەیلولی کوردان، بێن ئاشبەتاڵ بکەن و دەستبەرداریی لە تێکۆشانی چەکداریی ببن و گەلی فەلەستین و دۆزە رەواکەی بخەنە نێو دۆخی گێژاوێکی بێبنبێ کۆتاییەوە و وەک بەرزەکی بانان بۆ دەربچن، رێبەر ئۆجەلان و پەکەکەییەکان هەم دەیان ساڵە تێکۆشانی گەریلاییان بەڕێوەبردووە و هەمیش سی ساڵە بەوپەڕیی هۆشیاریی و فیداکاریی و دان بەخۆداگرتن و پشوودرێژییەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی هەوڵدەدەن و بەگیان و ژیانی خۆیان قوربانی دەبەخشن. تۆبێیت و بڵێی نەفەسیان کورتە و هەڵپەی زوو بەدەستهێنانی ئاشتیین. ئەمە لەکاتێکدا خودی د.بورهان نەک ئامادە نییە پەنجا ساڵ بەڵکو ئامادە نییە تەنانەت پەنجا رۆژیش وەکو رێبەر ئۆجەلان و پەکەکەییەکان بۆ گەلەکەی بژیت و خەبات بکات. هەروەها کاتێک بچووکترین رەخنە لە د.بورهان دەگیردرێت، وەک شیری سەر ئاگر زوو هەڵدەچێت و دەڵێت:” تۆ ئیرهابی فیکری دژی من دەکەیت!!

رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە باش لەو راستییە تێگەیشتوون کە بەدیهێنانی ئاشتی زۆر لە دەستپێکردنی شەڕ و بەردەوامیدان بە شەڕ قورستر و گرانترە و پشوودرێژیی زیاتری دەوێت. ئەوان دەزانن کە پرۆسەی ئاشتی زۆر لە پرۆسەی شەڕ دژوارتر و سەختترە. بۆیە هەر دەبێت پشوودرێژتر و فیداکارانەتر لەوەی بۆ شەڕیان کردووە، کار بۆ ئاشتی بکەن. بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئەم راستییەش دەزانن، ئەوەش دەزانن کە بۆئەوەی کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژی بێت و ئاشتی بەدیبێت، دەبێت خاوەن هێزی بەرگری لەخۆکردن و ئیرادەی سیاسی سەربەخۆی خۆت بێت. دەبێت سەرجەم کادیر و خەباتکار و گەلەکەت وەک چۆن بۆ شەڕ و تێکۆشانی گەریلایی پەروەردە و ئامادەیان دەکەیت، بەهەمان شێوە و بە پشوودرێژیی زیاتریشەوە بۆ دۆخی کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژیی و بەدیهێنانی ئاشتیش پەروەردە و ئامادەیان بکەیت. ئەوەی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە، بەتایبەتی لەم سی ساڵەی رابردوودابەڕێوەیان بردووە و هەوڵیان بۆ داوە و رەنجیان لەگەڵ کێشاوە ئەمە بووە. بەتایبەتی لە ساڵانی نێوان (٢٠٠٠ تا ئێستا) سەرجەم کادیر و گەریلا و خەباتکاران و گەلی وڵاتپارێزی رێکخستەبوو، لەسەر ئەم بنەمایە پەروەردەکراون و ئامادەکراون، کە هەم بۆ شەڕێکی سەرتاسەری و هەمیش بۆ ئاشتییەکی بنەڕەتیی خۆ ئامادە بکەن. ئێستا پەکەکەییەکان و گەلی وڵاتپارێزییش ئەم راستییە باش دەرکی پێدەکەن کە نە شەڕ و بەرگری رەوا تیرۆریزمە و نە ئاشتییەکی راستەقینەش تەسلیمبوون و ئاشبەتاڵییە. نە چەکدانان و دەستبەردان لە تێکۆشانی گەریلایی بەبێ چارەسەری ریشەییانەی پرسی کورد ئاشتیخوازییە، نە بەردەوامبوون لە بەرگری رەواشبێهودە و بێئامانجە. گرفتی د.بورهان تێنەگەیشتنە لەم راستیانە و پێی وایە هەر چەکدانان و دەستبەردان لە تێکۆشانێکی چەکداریی؛ بەبێ ئەوەی زەمینەی کۆتاییهێنان بە دۆخی شەڕ و هێنانە ئارای دۆخی دیالۆگ و ئاشتی هاتبێتە ئاراوە، بەبێ ئەوەی لەلایەن تورکیا و ناتۆوە هیچ هەنگاوێکی کرداریی هاویشترابێت بۆ چارەسەری پرسی کورد هەنگاوێکی ئاشتیخوازانە و حەکیمانەیە.!! کە هیچ وانییە و رێک بە پێچەوانەوە، ئەمە تەسلیمبوون و ئاشبەتاڵێتییە و هیچیتر. باشە  کە د.بورهان ئەو داواکارییەی چەکدانان و دەستبەردان لە تێکۆشانی چەکداریی لە پەکەکە دەکات، بۆچی هەمان داواکاریی لە خودی تورکیا ناکات؟!. ئەوەی هۆکاری دەستپێکردنی شەڕ و تێکۆشانی گەریلایی پەکەکە و سەرهەڵدانی سەرجەم راپەڕین و سەرهەڵدانەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمی کوردان بووە، ئەقڵییەتی نکۆڵیکارانە و قڕکارانەی رژێمی فاشیستی تورکیا بووە دژ بە کورد، نەک کورد و بزووتنەوە کلاسیکییەکان و پەکەکە. کەواتە ئەگەر هەر بە لۆژیکیش بێت دەبێت داوا لەو لایەنە بکرێت کە کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژی بهێنێت کە بۆتە هۆکاریی پەیدابوونی دۆزێک بەناوی دۆزی کورد و سەرهەڵدانی زیاتر لە بیستوهەشت راپەڕین و بزووتنەوە و، پەکەکەش بیستونۆیەمی ئەو بزووتنەوە ئازادیخوازانەی کوردە دژ بەو رژێمەی کە نەک هەر ماف و ئازادییەکانی کورد پەسند ناکات، بەڵکو دان بە هەبوون و ناسنامەی کوردیش نانێت. ئەی مەگەر(والبادىء أظلم) چییە و چۆنە د.بورهان؟! لەبری ئەوەی ئەم داوایە لە پەکەکە بکات، د.بورهان وەک ئەکادیمیسێن و رۆشنبیرێکی کورد دەیتوانی پێشەنگایەتی کەمپین و هەڵمەتێکی گەورە لە ئاستی نێودەوڵەتی بکات بۆ ئەوەی فشار بۆ سەر تورکیا و ناتۆ بهێنن تا وەڵامی ئەرێنیانەی ئەم هەموو بانگەوازیی و دەستپێشخەریی و پڕۆژانەی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی کورد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی و بەدیهێنانی ئاشتی و چارەسەرکردنی دیموکراتیانەی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا بدەنەوە. دەکرا د،بورهان و سەرجەم رۆشنبیرانی کورد و جیهان، هەوڵ و کۆششێکی ئاشتیخوازانەی وەهایان لەبەرامبەر بە تورکیا و ناتۆ بدایە. ئەوکاتە دەیانتوانی بەهەمانشێوە داوا لە پەکەکەش بکەن کە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پەرەدان بە دیالۆگ و بەدیهێنانی ئاشتی و چارەسەریی زیاتر بکەن، ئەگەر نەیانکرد و لەم رووەوە کەمتەرخەمییان نواند ئەوا دەتوانن فشاری زیاتر بۆ سەر پەکەکە بهێنن و بڵێن:” نابێت چیتر بەردەوامی بە شەڕ و بەرگری رەوا بدەن، ئەوەتا تورکیا و ناتۆ ئامادەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی و دیالۆگ و ئاشتیی و چارەسەری پرسی کورد و کەچی ئێوە ئامادە نین”. بەڵام د.بورهان و ئەوانەی وەک ئەو بیردەکەنەوە، رێک بەپێچەوانەوە، دەنگیان لە تێری دێت و خەنجەریان لە کایە، پەکەکە تۆمەتبار دەکەن کە درێژەپێدەریی شەڕ و چارەسەرنەکردنی دۆزی کورد و بەدینەهێنانی ئاشتییە. بەڕاستی ئەمە بێ ئینسافی و بێ ویژادنییە، دەرکنەکردنە بە راستینەی رەهەندی نێودەوڵەتیانەی دۆزی کورد و تێنەگەیشتنە لە دۆخی ئێستای تورکیا و گەلی کورد و پەکەکە و ناوچەکە و جیهان.

پێنج: د.بورهان دەڵێت: (لەوانەیە ترسی پەکەکە، لەوەی گروپێکی لێ جیا ببێتەوە و (هەر ئەو گروپەش) بگەڕێتەوە سەر خەباتیچەکداریی، وا بکا کە ئیتر تەواوی پەکەکە لە بڕیاری خۆی پاشگەز بێتەوە، چونکە هەر گروپێکی تر جیا بێتەوە لە پەکەکە و بەردەوامی بدات بە خەباتی چەکداری و پشتگیری جەماوەریش بەدەست بهێنێ، ئەوا پەکەکە رەوایی سیاسی لەدەست دەدا. دیارە پەکەکە لەبەر سروشتە ئایدیۆلۆژییەکەی و کولتوورە سیاسی و رێکخراوەییەکەی رێگە بە پێشووەچوونێکی ئاوها نادا!)

ئەم خاڵەی د.بورهان تەواو ئەوە رووندەکاتەوە، کەوا زۆر بەشێواوی و لەدوورەوە پەکەکە دەناسێت، هیچ ناسین و تێگەیشتنێکی راستەقینەی بۆ پەکەکە نییە. ئەوە دووپات دەکەمەوە کە پەکەکە بزووتنەوەیەکی چەکداریی رووت نییە، بەڵکو بزووتنەوەیەکی فیکری، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئینجا سیاسی و دواتر گەریلاییە، خاوەنی یەک سیستەمی پەروەردەییە. وەک دەزگاکانی شەڕی تایبەت بانگەشەی درۆیینە دەکەن؛ بەپێچەوانەوە لەهیچ گۆڕەپان و بوارێکی خەباتی پەکەکە و کۆی کەجەکەشدا کوتلەبازیی و باڵباڵێنی تێدا نییە، کەس لەناو پەکەکە نییە باڵی کۆتر و ئەوەیتریش باڵی هەڵۆ بێت، زۆر بە تەحەداوە ئەوە بۆ د.بورهان دەخەمەڕوو کە ئێستا هیچ مەیل و رەوتێک لەناو پەکەکە نییە کە دژ بە کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی و گرتنەبەری دیالۆگ و رێگای ئاشتی و چارەسەریی دیموکراتیانەی پرسی کورد بێت. نەک هەر لەناو پەکەکە، بەڵکو لەناو رێکخستنەکانی گەل و کۆی گەلی وڵاتپارێزیشدا هیچ مەیل و رەوتێکی بەم شێوەیە نییە. کێ هەیە لە پەکەکە زیاتر بتوانێت شەڕ بکات و تێکۆشانی گەریلایی بەڕێوە ببات، تا لە پەکەکە رشتتر و پێداگرتر و بەهێزتر بێت و بڵێت:” نا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی و نا بۆ دیالۆگ و ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد؟!” ئەم گریمانە و مەزەندە بێسەروبەرانەی د.بورهان وەک ژماردنی گوێز وایە لەگیرفانی خۆیدا. ئەگەرنا لەناو پەکەکە یەک ئاراستە و یەک فیکر و یەک بۆچوون هەیە سەبارەت بە مەسەلە بنچینەیی و چارەنووسسازەکانی بزووتنەوەکە و دۆزی گەلەکەمان. دەکرێ زۆر بۆچوونی جیاواز لەسەر چۆنێتی بەجێهێنانی فیکر و فەلسەفە و بەڕێوەبردنی سیاسەت و بوارەکانی دیکەی تێکۆشان لەڕووی کردارییەوە هەبێت و هەیە و ئەمەش زۆر ئاساییە و هەر دەبێت هەبێت، ئەگەر نەبێت گرفتێکی گەورەیە. بەڵام پەکەکە هیچترسێکی وەهای نییە کە گروپێک لێی جیا ببنەوە لەبەر ئەوەی خەبات بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دەکات و بە ئاراستەی دیالۆگ و ئاشتیی و دیموکراتی هەناگاو دەنێت. ئەمە وەهمێکە مەگەر تەنیا لە قووڵایی گرفتە زیهنی و دەروونییەکانی د.بورهاندا مرۆڤ بیدۆزێتەوە.

کەواتە، ئەو پێنچ خاڵەی کەوا د.بورهان زۆر لێبڕاوانە جەختی لەسەر دەکاتەوە، بێ بنەمان و جۆرێک لە هەلوەسە و وەهمێکن دووچاری ئەو جۆرە کەسانە دەبێتەوە کە راستینەی دیالیکتیک و فەلەسەفەی پەکەکە ناناسن و لێی تێناگەن. بۆیە وەک چۆن لە بزووتنەوە و حیزبەکانی تر دەڕوانن وەهاش لە پەکەکە دەڕوانن. کە ئەمە بۆخۆی گرفتێکی زیهنیی-دەروونییە و زۆر کات یان لەژێر کاریگەرییەکانی بانگەشە درۆیینەکانی شەڕی تایبەت دان، یاخود خۆیان گرفتارن بە نەخۆشییە زیهنی و دەروونییەکانیانەوە و لە زیهن و دەروونی خۆیاندا وێنای پەکەکەیەکیان نەخشاندووە و پێیان وایە ئەوە ئەو پەکەکەیەیە کە قسەی لەبارەوە دەکەن. بێگومان بۆ رزگاربوون لەموەهمە کوشندەیە باشترین شت ئەوەیە ئەو پەکەکەیەی خۆیان لە خەیاڵی خۆیان درووستیان کردووە هەڵوەشێننەوە و بێن لە نزیکەوە حقیقەتی پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان لەهەموو رووێکەوە بناسن و لێی تێبگەن. جا ئەوکاتە رەخنە دەگرن، دژایەتی دەکەن، چیدەکەن با بیکەن، گرفت نابێت و تەنانەت دەبنە جێی رێز و ستایشیش. ئەمە پێشنیارێکە بۆ چارەسەری ئەوانەی فۆبیای پەکەکە و رێبەرئۆجەلانیان هەیە و وەک گای ئیسپانی هەرکە پەڕۆیەکی سوور ببینێت هێرش و پەلاماری پەڕۆیە سووردەکە دەدات، ئەوانەی ئەو فۆبیایەیان هەیە، بەشێوەیەکی رەها پەکەکە رەتدەکەنەوە، دژایەتی دەکەن. هەریەکەیان بە جۆرێک و بەشێوەیەک دەیانەوێت ئەو فۆبیایەیان بڕەوێننەوە. بەڵام دەبێت ئەو راستییە بزانن، کە هەر فۆبیایەک تەنیا بە ناسین و تێگەیشتن لە خودی بەفۆبیاکراوەکە دەتوانرێت بڕەوێنرێتەوە. مسۆگەر دەردی فۆبیابوون دەردێکی گەلەک گرانە و بێ دەرمانە.

بەکورتی و پووختی د.بورهان لەم (توێژینەوە)یەدا جەخت لەسەر چەند خاڵێک و چەند داوایەک دەکاتەوە:

١. باشووری کوردستان گۆڕەپانی خەباتی پەکەکە نییە و نابێت بە لوبنانی بکات.

٢. خەباتی چەکداریی پەکەکە جگە لە زیان هیچ سوودێکی بۆ گەلی کورد بە گشتی و باکوور و باشوور بەتایبەتی نییە.

٣. خەباتی چەکداریی پەکەکە مەحکومە بە شکست و یان دەوڵەتی تورکیا کۆتایی بە پەکەکە و خەباتەکەی دێنێت، یان دەبێت پەکەکە خۆی لە چەک دابماڵێت و واز لە خەباتی جەکداریی بێنێت.

٤. کورد پێویستی بە بەرگری لەخۆکردنی رەوا (بەچەک) نییە و تەنیا سیاسەت و دیبلۆماسی بەسە بۆی.

هەموو ئەو بۆچوون و دەرئەنجامانەی د.بورهان بێ کەموزیاد ئەقڵییەت و داواکانی خودی تورکیا و ناتۆ و هێزە کوردییە وابەستەکانە بە تورکیا. ئایا ئەقڵییەت و بۆچوونی د.بورهان چ وەک مرۆڤێک، چ وەک کوردێک و چ وەک نووسەر و رۆشبیر و ئەکادیمیسێنێک چ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەقڵییەت و بۆچوون و داواکانی خودی ناتۆ و دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە و هێز و لایەنەکانی تر و نووسەرەکانی شەڕی تایبەت هەیە سەبارەت بە تێکۆشانی بەرگری رەوای گەلی کورد و پەکەکە؟! ئایا د.بورهان بۆ ناتوانێت لەدەرەوەی ئەو ئەقڵییەت و داوایانەی ئەوانە لەسەر پەکەکە بەگشتی و خەباتە گەریلاییەکەی بەتایبەت، بنووسێت و بە ئەقڵییەت و بۆچوونێکی دیکە کە جیاواز لە ئەقڵییەتی تورکیا تەنانەت با جیاوازیش بێت لە ئەقڵییەتی پەکەکەش.؟

8.دەرئەنجام

١. لەئاکامی ئەم وتارەدا دەردەکەوێت کە د.بورهان یاسین لە بۆچوونەکانی بۆ رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە کۆمەڵێک گرفتی زیهنی- دەروونی هەیە و تووشی دەردە فۆبیای پەکەکە و رێبەرئۆجەلان بووە. ئەمەش وایلێکردووە کەوا ئەو تیۆریی و میتۆدانەی بەکاریدەبات بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە رێبەرئۆجەلان و پەکەکە، لە بنچینەدا بۆ شاردنەوەی ئەو فۆبیا و گرفتە زیهنی و دەروونیانەیەتی لەبەرامبەر بە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان. بۆیە هەم ئەو تیۆری و میتۆدەی بەکاریاندەبات دەشێوێنیت و خراپ بەکاریاندەهێنیت، هەمیش بەپێچەوانەی راستینەی خودی گرفت و بابەتی توێژینەوەکراو بەزۆر بەسەریدا دەسەپێنێت و بەگوێرەی هەوەسی خۆی دەرئەنجامی لێدەردەهێنێت.

٢. بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئەدەبیاتی فیکری-سیاسی-گەریلایی پەکەکە قسە لەسەر گرنگترین خەباتی پەکەکە کە تێکۆشانی گەریلاییە دەکات. وەکو دیارە؛ شارەزاییەکی ئەوتۆی سەبارەت بە زانست و هونەری جەنگ و ستراتیژیی سەربازی، ستراتیژی شەڕی گەریلایی و شەڕی گەلی شۆڕشگێڕانە و تاکتیکەکانیان نییە. لەبەر ئەوەی شەڕ و تێکۆشانی چەکداریی و گەریلایی بواری پسپۆڕیی د.بورهان نییە و خۆی لە بابەتێک هەڵقورتاندووە کە شارەزایی لێی نییە، کەوتۆتە ناو کۆمەڵێک هەڵەی میتۆدیی و بەمەش گرفتی زیهنیی لێکەوتۆتەوە، ئەمە سەرباریی گرفتە زیهنییەکانی و گرێ دەروونییەکانی تری خۆی، لەدەرەوەی ئەو توێژینەوەیدا سەبارەت بە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە.

٣. سەرجەم ئەو بۆچوون و داواکارییانەی لەسەر پەکەکە و خەباتیگەریلایی پەکەکە هەر هەمان بۆچوون و داواکاریی دەوڵەتی تورکیا، ناتۆ و پەدەکە و ئەو کەسانەن کە بە ئاگا یان بێ ئاگا، راستەوخۆی یان ناڕاستەوخۆ خزمەت بە دەزگاکانی شەڕی تایبەت دەکەن.

٤. بۆئەوەی چەمک و ستراتیژیی عوسمانییەتی نوێی تورکیا بۆ بە ئەسکەندەروونەکردن و بە قوبرسکردنی باشووری کوردستان بشارێتەوە و رەوایەتیان پێبدات، دێت چەمکی بەلوبنانیکردنی هەرێمی کوردستان دەکاتە رۆژەڤ و بەسەر خەباتی پەکەکە لە باشووری کوردستاندا دەیسەپێنێت. بەمەش رووداوەکان راست هەڵناسەنگێنێت، بەڵکو چەواشەیان دەکات.

٥. د.بورهان زۆر بەروونی سێ داوای لە پەکەکە هەیە: چەکدانان،وازهێنان لە خەباتی گەریلایی، و لە باشوور نەمێنێت.

٦. د.بورهان دوو رێگە و چارەنووسی حەتمی لەپێش پەکەکە دادەنێت: یان دەبێت چەک لەخۆی داماڵێت و تەسلیم بە داواکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی ببێت، یان تورکیا و هاوپەیمانەکانی لەناوی دەبەن و چۆکی دەشکێنن. واتا بەگوێرەی د.بورهان هیچ رێگایەکی تر لەدەرەوەی ئەم دوو رێگا و چارەنووسە لەبەردەم پەکەکەدا نەماوە و نییە.

٧. بەڵام پەکەکە ئەم دوو رێگە و چارەنووسە داسەپێنراوە، نەک هەر بە حەتمی نازانێت و پەسندی ناکات و دژ بە هەردووکیانە، بەڵکو رێگای سێیەمی هەڵبژاردووە کە بریتییە لە بەرگری رەوا(بەهەر سێ ئاستەکانییەوە) تا کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژیی بهێنرێت و چارەسەری دۆزی کورد و دیموکراتیزەبوونی تورکیا بەرێگەی چارەسەری دیموکراتی و سیاسیانە بێتەدی و ئاشتی و ئارامی لە تورکیا و کوردستان و خۆرهەڵاتی ناویندا دەچەسپێت. چەک و خەباتی بەرگری رەوا دەبێت تەنیا رۆڵی لەکردنەوەی ئەم رێگە دیموکراتی و ئاشتیانەیە هەبێت. بۆ ئەمەش گەریلا تەنیا ئەرکی بەرگریکردنە لە گەلی کوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی خۆی.

لەکۆتاییدا؛ دەمەوێ بڵێم، ئەم وەڵامدانەوەیەم وەک را و بۆچوونی خۆم دەیخەمەڕوو، پێم وایە نە ئیرهابی فیکرییم دژ بە د.بورهان کردووە و نە سوکایەتییم پێیکردووە. بەڵام لەبەر ئەوەی زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە بەردەوام سەنگەری لە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە گرتووە و هەمیشە هەر ئەو بۆچوون و بیرکردنەوانەی خۆی وەک قەوان دووبارە دەکاتەوە، بە پێویستم بینی لەسەر ئەو (توێژینەوە)ی،وەڵامی کۆی بیر و بۆچوونەکانی بدەمەوە و وەک جۆرێک لە دیالۆگ لەگەڵیدا و دەربڕینی بیر و رای جیاواز نووسیومە. د.بورهانیش سەربەست و ئازادە لەوەی ئەم وەڵامنامەیە بەهەند وەردەگرێت یان نا، وەڵامی وەڵامنامەکەم دەداتەوە یان نا. ئەمە دەگەڕێتەوە سەر خودی د.بورهان خۆی. لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمدا.

هەروەها چێکی بکە

ژنێکی عەدالەتخواز

کەمال چۆمانی ژنێکی عەدالەتخواز توڕەیییەکانی خۆی دژ بە مەسرور بارزانی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی لە رووداوی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *