لاهور شێخ جەنگی
کاتێک یادی خیانەتی ٣١ی ئاب دەکەینەوە، بۆچی برادەرانی پارتی ئەوەندە قەڵس دەبن، لەکاتێکدا ئەو رۆژە لە مێژووی کورددا بەخیانەتێکی حاشا هەڵنەگر تۆمارکراوە و کەسیش ناتوانێت نکوڵی لێبکات، باشترە پارتی بزانێت یادکردنەوەی ئێمەش بۆ بریندارکردنی لایەنی بەرامبەر نییە بەو خیانەتە، ئەوەندەی بۆ رێزگرتنە لە خوێنی ئەو شەهیدانەی کە بەناحەق خوێنیان رژاوە و تائێستاش زۆریان تەرمەکانیان نادیارە.
راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئەوە دەردەخات، کە پارتی حکومەتی بەعسی زۆر لە خوێنی شەهیدانی یەکێتی و هاونیشتیمانیانی خۆیان پێ باشترە.
باشترە پارتی و شوێنکەوتەکانیان لەوە تێبگەن یادکردنەوەی خیانەتی ٣١ی ئاب، بۆ بیرهێنانەوە و دەرس وەرگرتنە بۆ نەوەکانی داهاتوو کە ناکرێت و نابێت لە پێناو دەسەڵات و یەکلایکردنەوەی کێشەی حزبی هەرگیز پەنا بەرین بۆ دوژمنانی گەلەکەمان، چونکە ئەوان دوژمنی گەل و خاکی کوردستانن و خۆیان مەڵاسداوە و هەمیشە باوەشیان کراوەیە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە ئامادەن گەلەکەمان بفرۆشن.
لە بیریشمان نەچێت ناوچەکە بەگۆرانکاری گەورەدا تێدەپەرێت و بێباک بوون بەرامبەر ئەوەی دەگوزەرێت مەترسی گەورە لەسەر هەرێمەکەمان و چارەنوسی میللەتەکەمان دروستدەکات.
حەق وایە لە یادی ئەم خیانەتە گەورەیەدا بۆ جارێکیش بێت بەرژەوەندی میللەت بخەینە پێش بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و بنەماڵەوە، ئەگینا خیانەتکردن و نۆکەری بۆ بێگانە دەبێتە نەریت و بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەشەوە ناوەستێتەوە و بەردەوامی دەبێت، کە ئەوەش تەنها لە سوودی ئەو گەلەگورگانەیە کە بە دیارمانەوە وەستاون.
بۆیە تکایە میللەت لەوە زیاتر نیگەران مەکەن، میللەتەکەمان ناچار مەکەن کە بۆ مانەوەی شکۆی خۆی و پاراستنی ئەوەی کە ماوە هەڵوێست وەربگرێت و بە یەکجاری بتانخاتەوە باوەشی گەلەگورگەکان، چونکە هیچ هێز و دەسەڵاتێک ناتوانێت لەبەردەم هێزی گەل خۆی ڕابگرێت.بە هیوای ئەوەی کە خیانەتکاران دەرسیان وەرگرتبێت لەو کارە قێزەونەی کە ئەنجامیانداوە.
دروود بۆ گیانی پاکی ههموو ئەو پێشمهرگه و كادر و هاووڵاتییانهی کە لە ٣١ـی ئابدا به دهستی غهدر شههید و بێسهروشوێن كران، دروود بۆ سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی و ئازادیی کوردستان.