تیرۆر ناتوانێت گەلی کورد لە ئازادیی دابڕێنێت

مەجلیسی پژاک، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، یادی ئیقباڵ مورادیی لە سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا بەرز ڕادەگرێت و بەڵێنی درێژەپێدانی ڕێبازی شەهیدانی دووپات کردەووەتەوە، ئاماژەشی بە تیرۆرکردنی چالاکوانی مەدەنی بەهرۆز (ڕێبین) ڕەحیمی کردووە و جەختیکردووەتەوە، تیرۆر ناتوانێت گەلی کورد لە ئازادیی داببڕێت.

ئەمڕۆ١٧/٧/٢٠٢١ مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، بەبۆنەی سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئیقباڵ مورادی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و داوای لە گەلی وڵاتپارێز و تێکۆشەری کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەندەران کردووە، کە دژی ئەو تیرۆرانە بووەستنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پژاک-دا هاتووە: لە سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی چالاکی مافی مرۆڤ، کەسایەتی وڵاتپارێز و لایەنگری پارتیمان شەهید ئیقباڵ مورادی، یادی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی بەرز ڕادەگرین و بەڵێنی درێژەپێدانی رێبازی شەهیدانمان دووپات دەکەینەوە.

هەروەها هاتووە: هێزە تیرۆریست و تاریک پەرستەکانی دەسەڵاتی داگیرکەری ئێران لە ١٧ی تەمموزی ٢٠١٨ـدا، لە ئەنجامی کردەوەیەکی تیرۆریستی بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان هەڤاڵ ئیقباڵ مورادی، و لایەنگری پژاک و وڵاتپارێزی گەلەکەمانیان بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆر کرد، جارێکیتر ئەو کردەوە تیرۆریستیە و کردەوە هاوشێوەکانی بە توندیی شەرمەزار دەکەین.

لەسەر کەسایەتیی شەهید ئیقبالیش هاتووە: شەهید ئیقباڵ سەرجەم تەمەنی لەپێناو ئازادیی گەل و نیشتمان بەخشیی و بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی ماندوونەناسانە لەناو کار و خەباتی نیشتمانی و شۆڕشگێڕیدا بووە، لەدژی زۆڵم و زۆری و داگیرکاریی و فاشیزم-دا، نەبەزانە لە قۆناغە دژوارەکانی ژیان تێکۆشاوە و بۆ ئەوەی لە بزاوتی شۆڕشی کوردستان سەرکەوتن بۆ گەلەکەی مسۆگەر بکات، لە کوردستان بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەری پێگەیاند کە هەرگیز چۆکی لەبەرامبەر دەسەڵاتی داگیرکەری ئێران دانەنواند و رۆڵەیەکی وەک زانیار مورادی پێشکەشی گەلەکەی کرد کە تا دوا چرکە ساتەکانی ژیانی لەخەمی ئازادی گەل و کوردستان بوو.

هەر لە ڕاگەیەندخراوەکەی پژاکدا هاتووە: ئەوەی جێگای داخە کە هێشتا بکوژانی شەهید کەمالە خرەی پێنجوێن و ئیقباڵ مورادی دەستگیر و ڕادەستی یاسا نەکراون، جارێکی دیکە بێهروز ڕەحیمی ناسراو بە (ڕێبین)، چالاکی مەدەنی، کەسایەتی وڵاتپارێز، خەباتگێڕی گەلی کورد لە گوندی ژالەی سەربە پارێزگای سلێمانی لەلایەن کەسانی نەناسراو و هێزە تیرۆریستەکانەوە تیرۆر کرا، ئێمە هەر جۆرە کردەوەیەکی تیرۆریستی بە توندی شەرمەزار دەکەین و داوا لەبەرپرسانی هەرێمی باشووری کوردستان دەکەین کە لەبەرامبەر کردەوە تیرۆریستیەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران و بە کرێگیراوە کوردەکان خاوەن هەڵوێست بن و بکوژانی رۆڵە تێکۆشەرەکانی کورد ڕادەستی یاسا بکرێن، هاوکات پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هاوژین، بنەماڵەی وڵاتپارێزی هەڤاڵ و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین.

لەسەر بەهرۆز ڕەحیمیش پژاک دەڵێت: بێهروز ڕەحیمی وەک کەسایەتیەکی دڵسۆز و چالاکوانێکی مەدەنی و ناڕازیی لەدژی دەسەڵاتی داگیرکەری ئێران، بە ساڵان لەپێناو خزمەت ردن بە گەل و نیشتمان خەباتی ئەنجام داو شوێنپەنجەی کار و خەباتی لەناو ڕای گشتی بەرچاوە، ناوبراو لەبەر زۆلم و زۆر و چەوساندنەوەی دەسەڵاتی داگیرکەری ئێران لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆچبەری باشووری کوردستان بوون و سەرەڕای دۆخی زەحمەت و دژواری ژیان و هەڕەشە و گوڕەشەی دەسەڵات وازی لەخەبات و تێکۆشانی گەلەکەی نەهێنا و وەک چالاکوانێکی مەدەنی و کەسایەتیەکی دڵسۆز و خەمخۆری نیشتمان، ئەرکی سەرشانی ڕادەپەڕاند، بۆیە هەرگیز تیرۆر و تۆقاندن ناتوانێت گەلەکەمان لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان دوور بخاتەوە، چۆن پێداگری گەلەکەمان و هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچانی وڵاتپارێزان ئەو ڕاستیەی سەلماندووە کە ئەو تیرۆرانە ناتوانێت لەورەی ئازادیخوازی یان کەم بکاتەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی پژاک هاتووە: بۆیە هێرش و تیرۆرێکی دیکەی بەو شێوەیە کە وڵاتپارێز و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەباشوور دەبنە ئامانج، جێگای لێکۆڵینەوەی بە پەلەیە و پێویستە ناوەندە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی باشووری کوردستان بە زووترین کات ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو کردەوە تیرۆریستیە بۆ ڕای گشتیی بدەن، هاوکات داوا لە گەلی وڵاتپارێز و تێکۆشەری کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەندەران دەکەین کە بەرپرچی ئەو کردەوە تیرۆریستیانە بدەنەوەو هێرشی تیرۆریستی بۆسەر رۆڵە قارەمانەکانی گەلەکەمان قبوڵ نەکەن و خاوەندارێتی لە ڕۆڵە دڵسۆز و تێکۆشەرەکانی خۆیان بکەن و بە رۆحی یەکێتی نەتەوەیی پیلانی قڕکردن و کۆمەڵکوژکردنی کوردان پوچەڵ بکەنەوە.

هەروەها چێکی بکە

خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان دەستیپێکردەوە

ڕاپەڕین جارێکی دیکە خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى سنوورى ڕانیە دەستیپێکردەوە و داوا دەکەن دەرماڵەیان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *