پێنجەمین کۆنگرەی ڕژاک بۆ نوێبوونەوە بەسترا

لە کۆنگرەی پێنجەمی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستاندا، ٢١ کەس وەک ئەنجومەنی ڕژاک لە سەرجەم هەرێمەکاندا هەڵبژێردران، هەروەها بەشی ڕاگەیاندن، سێکتەری پەروەردە و دەرەوەی وڵات هەڵبژێردران، وەک ئەنداماکانی باسی دەکەن، ئەم کۆبوونەوەیە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی کاری دوو ساڵی داهاتووە.

ناوەندی هەواڵ

ڕۆژی ٢٨ی ئایار لە هۆڵی لاهای لە شاری کەرکوک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، پێنجەمین کۆنگرەی خۆی بە ئامادەبوونی ٢٥٠ ئەندامی ڕێکخراوەکە لە سەرجەم هەرێمەکاندا بەسترا.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دوو ساڵ جارێک کۆنگرەی ڕێکخراو دەبەسترێت، کۆنگرەی ڕابردوو لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدراوە، هەرچەندە ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی پێنجە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ کراوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتایی کۆرۆنا کۆنگرەکە ئەنجام نەدراوە، بۆیە ئەم ساڵ کۆنگرەکە ئەنجام درا.

سەرەتای کۆنگرەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد، دواتر وتاری کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی پێنجەمی ڕژاک لەلایەن سۆما فەرهاد خوێندرایەوە، تێیدا ڕایگەیاند کە پەیڕەوی ناوخۆی نوێ لەپێناو چاککردنی کەموکورتییەکانی ئامادەکراوە، کە لەسەرجەم هەرێمەکاندا لەنێوان ئەندامانی ڕێکخراوەکەدا گفتوگۆی لەسەر کراو

دواتر لەلایەن نەجیبە عومەر، ئەندامی ڕێکخراوەکە وتاری کردنەوەی کۆنگرەکە پێشکەشکرا، کە باسی لەوەکرد، ژنانی کورد بوونەتە پێشەنگ بۆ ژنانی جیهان، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانی بە نمونە هێنایەوە، کە سەلماندیان ژنان خاوەنی چ هێز و توانایەکن، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەستنی کۆنگرە لەم دۆخەدا قورسە، بەڵام ڕێکخراو بە پێی ڕێکارە تەندروستییەکان کۆنگرەی ئەنجامدا، چونکە کۆنگرە بۆ هەموو ژنان و ڕێکخراوەکەش چارەنووسسازە، تا ببنە هێزێکی کاریگەر لە کۆی پڕۆسەی هەرێمی کوردستاندا، ئەوەشی خستەڕوو لە ئێستادا زۆرترین هەوڵ بۆ لاوازکردن و بەکۆیلەکردنی ژناندا لە جیهاندا دەدرێت، هەروەها لە ئێستا یەکڕیزی ژنان زۆر پێویستە، لەبەر ئەوەی ئێستا ژنان لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵکوژ دەکرێن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیشیدا ڕایگەیاند، ئامارەکانی کوشتن و سوتانی ژنان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و جیهان دەبێت سەرەتا کێشەی ژنان چارەسەر بکرێت، چونکە بۆ تێگەیشتن لە کۆی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی دەبێت لە ژن تێبگەین، بۆیە ئەوان وەک ڕێکخراوەکەیان لە چارەسەرکردنی پرسەکانی ژنانەوە کۆی کێشە و پرسەکانی دیکە چارەسەر دەکەن.

لە کۆنگرەکەدا هەریەک لە نوێنەری تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزی و ژنانی عەشتاری مەخمور بەشداربوون، وتارییان پێشکەش کرد، لەسەرەتادا نوێنەری تاژێ، ڕێحان حەسەن وێڕای پیرۆزبایی لە ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەمی ڕژاک، هیوای خواست ئەم کۆنگرەیە ببێتە نوێبوونەوە و جێگایەک بۆ یەکڕیزی ژنان و دەرکردنی کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ بۆ پرسەکانی ژنان لە باشوری کوردستاندا.

دواتر لەلایەن نوێنەری ژنانی عەشتارەوە، فەزیلە حاجی وتاری ژنانی عەشتاری مەخمور پێشکەشکرا، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە ئێستا دەوڵەتانی داگیرکەر دەیانەوێت لە کەسایەتی ژندا داگیرکاری ئەنجام بدەن، دۆخی ژیانی ژنانی کورد زۆر سەختە، بۆیە ئێستا ئەرکی سەر شانی ژنان زۆر قورسە و دەوڵەتانی داگیرکەر لەسەر کەسایەتی ژن داگیرکار ئەنجامدەدەن، بۆیە دەبێت ژنانی کورد هاوشێوەی ژنانی گەریلا و شەڕڤان تێبکۆشێت، ئەم کۆنگرەیەش ببێتە ناوەندێک دەرکردنی چەندین بڕیاری گرنگ بۆ ژنان و هێز و ئیرادەی ژنانی کورد نیشانبدات.

دواتریش بۆ نزیکەی ٢٠ خولەک گوێ لە بۆچوون و ڕێنمایی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ژنان گیرا، کە بەشێوازی دەنگی ئامادەکراو خوێندرایەوە، پاشان لە ڕاپۆرتێکدا وردەکاری سێ ساڵی کاروچالاکییەکانی ڕێکخراوەکە خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرەکەدا، پڕۆژە و پێشنیاری ئەندامانی ڕێکخراوەکە دەربارەی کاری دوو ساڵی داهاتوو وەرگیرا و ئەندامانیش ڕا و پێشنیاری خۆیان خستەڕوو، دواتر پەیڕەوی ناخۆی ڕێکخراوەکە لەلایەن سنور کەریم خوێندرایەوە پاشان جارێکی دیکە ڕای ئەندامان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ وەرگیرا.

دواتر لە هەڵبژاردنێکی شەفافانەدا بە ئامادەبوونی پارێزەری ڕێکخراوەکە ئەندامی ڕێکخراوەکە کە ٢٥٠ ئەندام بوون، لە کۆی ٣٨ ژن کە خۆیان بۆ ئەنجومەنی ڕێکخراوەکە کاندید کردبوو دەنگیاندا، لەو ٣٨ کەسەش ٢١ کەس بوونە ئەندامی ئەنجومەنی ڕێکخراوی ژنانی کوردستان لە سەرجەم هەرێمەکانی سلێمانی، کەرکوک، ڕاپەڕین، بناری قەندیل، کۆیە و گەرمیان هەڵبژێردران.

هەروەها هەریەک لە سۆما فەرهاد وەک بەشی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکە، داستان مەعروف نوێنەری ڕێکخراوەکە لە دەرەوەی وڵات، سنور کەریم لە کۆمیتەی پەروەردە هەڵبژێردران.

بڕیارە پاش کۆنگرەکە لە کۆبوونەوەی ناوخۆیی ئەندامانی ئەنجومەنی ڕێکخراوەکەدا، لیژنەی کۆردیناسیۆن و وتەبێژی لیژنەکە هەڵبژێردرێت.

هەر لە کۆنگرەکەدا ستاندی گۆڤاری تروسکە،  پەرتوکی ژنۆلۆژی و پەرتوکئ سەدەی بیست و یەک سەدەی ژنە نمایشکرابوون.

هەروەها چێکی بکە

ژنانی تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی لەبارەی ٨ی مارسەوە بڵاوکردەوە

هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانی تێكۆشەر و ڕەنجدەر پیڕۆزبێت ‎بە درێژای مێژوویەكی هەزاران ساڵە، ژنان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *