ئێوارەی دوێنێ، بە سەرپەرشتیی ڕۆژنامەنوسان شاتوو محەمەد و سۆما فەرهاد، لە شارەدێی شۆڕش سەر بەقەزای چەمچەماڵ لە ناوەندی وەرزش و لاوان –ی شارە دێکە، سیمینارێک بەناوی “ئازادبوونی ژنان ئازادبونی کۆمەڵگایە”، بەبەشداریی ژمارەیەک لە گەنجان بەڕێوەچوو.
سەرەتای سیمینارەکە ئامادەبووان ساتێک بۆ گیانی پاکی شەهیدان راوەستان و دواتر باس لە گرنگیی رۆڵی ژنان کرا لە تەواوی سێکتەرەکانی کۆمەڵگە و ئەو خزمەتەی ژنان بە خاک و کۆمەڵگای کوردییان کردوە.
لەم سیمینارەدا باسی سیستمی سەرمایەداریی و خێزان و خوێندن کرا، باسی رۆڵی ژنان کرا لە سیاسەت و بەڕێوەبردن و کارکردندا، هەروەها کێشە و گرفتەکان و چارەسەرییەکانی. باس لەوەکرا لە کۆمەڵگەی کوردییدا ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان زۆر بەرز بوەتەوە، بۆیە چەمچەماڵ و دەوروبەریان هەڵبژاردووە، چونکە چەمچەماڵیش هاوشێوەی شارەکانی دیکە کوشتن و خۆکوشتنی ژنانی تێداتۆماردەکرێت.